تیرۆری سیاسی و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، وتەیەك بۆ ‌یانزەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسماندا

دەشتی جەمال
  2021-05-02     638
هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، ناوزڕاندن، شکاندنی کەسایەتی تا گرتن و ڕاونان و زیندانیکردن، تا کوشتن و ڕفاندن و تیرۆری سیاسی.. هەوڵێکی نەبڕاوەی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالستی کورد و حزبە ئیسلامییەکان بووە. ئەم شێوازە قیزەون و سەرکوتگەرانەیە وەك بەشێك لە ماهییەت و سوننەتی سیاسیی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی مێژوو پەیڕەوی لێکراوە، بە دیاریکراویش لەو کاتەوەی کە حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە دەسەڵات گەیشتوون تیرۆری سیاسییان وەکو ڕێگایەك بۆ دەمکوتکردنی ڕەخنەگران و سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات، بەدەستەوە گرتووە. بەم هۆیەشەوە تا ئێستا سەدان کەسی لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و ئازادیخوازان کردۆتە قوربانی. لەلایەکی ترەوە تیرۆری سیاسی وەك نەریتێکی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر ڕەوتی مەدەنیەت و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی و سیکۆلاریزمدا بووە، ئەمەش بۆئەوەی هەم کۆمەڵگە بێدەنگ بکا و هەم چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوخوارەوە داشکێنێ و سەرکوتیان بکا و ترس و تۆقاندن بەسەریاندا بسەپێنێت. بێگومان ئامانجی کۆتاییش لەم کارە ڕاگرتنی دەسەڵات و سیستمە میلیشیا و عەشیرەتییەکەیانە.
لە یەك وتەدا دەکرێ بڵێین کە تیرۆر بەشێکی تەواوکەری دەزگا سەرکوتگەرییەکان و هێزە میلیشیا و نهێنییەکانی ئەم حزبانەیە وەکو ڕێگایەك بۆ دەمکوت و خنکاندنی ئازادی.
پارتی و یەکێتی وەك دوو حزبی بۆرژوازی کورد لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستاندا وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی چینی بۆرژوازی کوردن و بەو مانایە بۆ پاراستنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و بزووتنەوەکەیان و شەڕی دەسەڵاتی سیاسی لە هەموو مەیدانە فکری و ئایدیۆلۆجی و سیاسی و هونەری و فەرهەنگی و مەیدانە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن لەدژی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و باڵادەستی خۆیان و تەواوی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری و زێرەڤانی و لیوای پێشمەرگە و میدیای سێبەر بەدەستەوە دەگرن لەپێناو مانەوە و فکر و ئایدیا و ڕەمزەکانی خۆیان کە لە کۆمەڵگادا بەرجەستەی دەکەن وە دەیکەنە فەرهەنگی زۆرایەتی وە کۆمەڵگای پێ زنجیر دەکەن. بۆهێشتنەوەی ئەو نایەکسانییە ئابوورییەی لە کۆمەڵگادا هەیە کۆمەڵێك سەرمایەدار و بەرپرس و خاوەن کۆمپانیا، خاوەن دەیان ڤیلا و کۆشك و تەلار و کۆمپانیا بن و زۆرایەتی خەڵك کە لەسەر ڕەنجی ڕۆژانەی فرۆشتنی هێزی کاریان شەوانە سەر دەنێنەوە لە مەینەتی و کوێرەوەری و ژیانێکی مەمرە و مەژیدا ژیان بەسەر بەرن. لە واقعیەتێکی ئاوادا، تیرۆری سیاسی تەنها کردەیەك نیە بۆ تەسفیەی جەسەدی هەڵسووڕاوانێکی نەیار بە دەسەڵات، بەڵکو بۆ سەرکوتی سەراپای کۆمەڵگا و نەهێشتنی ئازادییەکانە، بۆ ڕاگرتنی ئەو هەلومەرجە نایەکسانی و چینایەتیەیە تا سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا و دەسەڵاتداران لە بێدەنگیدا سەرمایەکانیان کەڵەکە بکەن. هەربۆیە تیرۆری سیاسی بە ژیانی هەموو کۆمەڵگاوە پەیوەندی هەیە.
نوسین و پەیامی سەردەشت عوسمان ناڕەزایەتییە بەم نایەکسانی و ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگای کوردستان بەڕێوە دەچێت، سەردەشت لێرەوە سەرهەڵدەدات و بەستەڵەکی بێدەنگی دەشکێنێت بە قەڵەمە تیژ و بوێرەکەی پەلاماری ڕەمز و موقەدەساتەکانی دەسەڵاتێك دەدات بە جەسارەتەوە ڕەخنەی لێدەگرێت لە فۆرمی ڕۆژنامەنووسیدا، چونکە ئەو وەك لاوێك لە خێزانێکی کرێکار و زەحمەتکێش بە شەونخونی قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت. لەولاوە هاوپیشەکانی دەبینێت دوای هەوڵ و تەقەلا و ماندووبوونی چەند ساڵە هێشتا بەدیاری ئەوەوە دانیشتوون بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بچننەوە دابمەزرێن، سەردەشت ئەو ژیانە نایەکسانەی پێ قبووڵ ناکرێت و تەحەدایەکی ئاشکرای دەسەڵاتدارێتی عەشیرەتی کورد دەکات. پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تا جیاوازی چینایەتی هەبێت لەنێو ئینسانەکان، تا ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە هەبێت ئەوا ڕووبەڕوو بووونەوەش مانایەکی بڵند و باڵای هەیە. هەربۆیە بەخۆیەوە شەپۆلێکی گەورەی لە ناڕەزایەتی بەرهەم هێنا کە تائیستا بەردەوامە لە کوردستاندا. سەردەشت بۆتە ڕەمزێك بۆ بەرگری لە ئازادی و یەکسانی.
 تیرۆری سەردەشت عوسمان کەیسی ئازادی و تیرۆری سیاسییە. کەیسێکە بۆ بیرهێنانەوەی تەواوی ئەو تیرۆرە سیاسی و تاوانانەی کە دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی لە شاخ و لە شار لە شیوەی تەسفیەی جەسەدی فەردی وەیان بەشێوەی کۆمەڵ بەرامبەر بە نەیارانی سیاسی خۆیان ئەنجامیان داوە. هەربۆیە وەرگرتنەوەی مافی زەوتکردنی ئەو تاوانە و بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی تەنها و تەنها لەگرەوی هەڵگێڕانەوەی ئەم شێوازە لە حکومڕانی بنەماڵەی عەشیرەتی و سیستەمە میلیشاییەی دەسەڵاتە دژە ئازادییەدا بەدەست دەهێنرێت.
لێرەوە با ١١هەمین ساڵیادی سەردەشت عوسمان‌ و سەرجەم گیانبەختکردوانی تیرۆر و هەموو قوربانیانی دەستی ئەو حزبانەی کوردستان کە لەپێناو ئازادی ‌و ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستاندا ژیانیان سپارد، بکەینە ڕۆژی هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕووی ئەم تاوانانەدا، پێکەوە بەڕێگای دەربڕینی ناڕەزایەتی سنوورێك بۆ ملهوڕی و تیرۆر و کوشتار و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دابنێین. با یادی سەردەشت عوسمان بکەینە ڕۆژی بەرەنگار بوونەوه‌ی تیرۆر و سەرکوت و زیندانیكردنی هەڵسووڕاوان و ئازادیخوان و داکۆکی لە ئازادی لە کوردستان، با بەرامبەر بە دادگای هەولێر کە لەسەر ڕێنوێنی حکومەتەکەی کابینەی نۆدا و بەدیاریکراوی لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بەرزانی و بنه‌ماڵەکەیدایه‌، سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر ژمارەیەك لە ‌ڕۆژنامه‌نووس و هەڵسووڕاوانی مەدەنیدا سه‌پاند ڕابوەستین، وە بۆ ئەمەش دەسەڵاتداران بەرپرسیار بکەین و ڕێگا نەدەین کەیسی تیرۆر و هەڵسووڕانی سیاسی لە کوردستان لە بێدەنگیدا بخەوێنن. یادی سەردەشت عوسمانی ئازیز بەرزوبەڕێز ڕابگرین و بە هەوڵ و خەباتی ڕێکخراوەیی و یەکگرتوویمان خەبات بەدژی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە تووند بکەینەوە.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×