سەماو نوێژ لەیەک شوێندا: دیموکراسی لە پانتایی گشتی نێو شارەکانەوە

نەوزاد جەمال
  2021-05-04     804
 دیموکراسی کولتورە پێش ئەوەی لە لوتکەی دەسەڵاتدا ڕەنگبداتەوە. کە کرانەوەی کۆمەڵگا لە پانتایی گشتییدا ڕەنگیدایەوە، کولتوری دیموکراسیش پەرەدەسەنێت. ئەگەر بمانەوێت دیموکراسی لە کوردستاندا جێبکەوێت، دەبێت لە هەناوی کۆمەڵگاوە هەڵبقوڵێت و لەبنکە جەماوەرییە کۆمەڵایەتیەکەوە بگاتە لوتکەی دەسەڵات. وەکچۆن حکومەتی دیموکراتی ناتوانێ فەرمانڕەوایەتی کۆمەڵگایەکی نادیموکرات بکات، ئاوەهاش گەلێکی دیموکراسیخواز دەسەڵاتیکی سەرکوتکەر قبوڵناکات.
مادام ، ئەزموونی هەرێم دەریخست دیموکراسی لەسەرەوەڕا بەرەو خوارێ داناکەوێ، پێویستدەکات لە پانتایی گشتییەوە بەرەو سەرەوەی دەسەڵات گەشەی پێبدرێت. لەبەرئەوە، دەبێت 'پانتایی گشتی' فراوان و کراوەبێت. مەبەست لە پانتایی گشتی(Public Space) ئەو ڕووبەرە کراوەیەیە کە هەمووان بەبێ گوێدانە ڕەگەزو نەژادو ئاستی کۆمەڵایەتی-ئابووری دەستیبگاتێ. واتە، شوێنی بەیەکگەیشتنی هاوڵاتیانە لەسەر ڕێگە شوێستەو شەقام و گۆڕەپانەکان و باخچەکان. بۆیە، نابێت بەپاساوی ئایین، ڕەگەزو نەژادو باوەڕ هیچ کەسێکی لێ بێبەشبکرێت. ئیدی 'گشتی' سیفەتێکی لەخۆگرە کە هەموو یەکێک لەخۆدەگرێت و دەشگرێتەوە.  
ئەگەرچی، هەندێ توێژەر پێیوایە تۆڕەکان، بەتایبەت پانتایی بینراوەکی (virtual) دیجیتاڵ فۆرمێکی نوێی 'پانتایی گشتی'یە لەم سەدەیەدا. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە 'جۆن پارکنسن'(J.R. Parkinson) لەو باوەڕەدایە هێشتا دیموکراسی پێویستی بە پانتاییەکی گشتی فیزیکییە لەنێو شارەکاندا. شوێنێک کە لەنێو شارەکاندابێت و خەڵکی ڕاستەوخۆ لەناویدابن نەک تەنها لەنێو تۆڕەکاندا هەبێت.
پانتایی گشتی لای فەیلەسوفی ئەڵمانی 'هابەرماس' جێ ژیانی کۆمەڵایەتییە کە 'رای گشتی' تێیدا بەرجەستەدەبێت و هەموو هاونیشتمانییەکیش دەستی پێڕادەگات. هەروەها لەو پانتاییەدا وتووێژێکی ڕەخنەگرانە ئەنجام دەدرێت. بۆیە، دەبێت، هەمووان دەستیان پێ بگات و مافی گردبوونەوە و وتوێژ لەبارەی رێسا گشتییەکانی فەرمانڕەوایەتی بەبێ سانسۆر بکرێت. بۆیە، نابێت دەسەڵات خۆی بخزێنێتە ناوییەوە.
 لێرەوە، پانتایی گشتی 'سی هەناسەدانی' دیموکراسی و بەرجەستەبوونی فیزیکییەتی لەشارەکاندا. ڕووبەرێکی هەمووانە و بۆ هەمووانیشە. هێزی پانتایی گشتیش  لەوەدایە هاونیشتمانیان و شارەکان بەیەکتردەگەیەنێت. بۆیە، ناکرێت ئەو پانتاییە لەو هێزو دەسەڵاتەی کە لەژیانی دیموکراسیدا هەیەتی، ڕووتبکرێتەوە. چونکە، وەک ناسنامەی شار، یەکەم شوێنە لە سەردانیکردنیدا دێتەبەرچاو.
پانتایی گشتی مێژوویەکی دێرینی هەیە وەک ئاگۆرا(Agora) لە شاری ئەتینا کە هەموو ئەتیناییەکان چالاکی کۆمەڵایەتی و بازرگانیان لەوێدا دەکرد. جگەلەوەش بەبنەڕەتی دەوڵەتشاری ئەسینا دادەنرێت و شوێن سیاسی و فەیلەسوف و وتاربێژو وەرزشوان و هونەرکارەکان بووە. هەروەها، بازاری عوکاز-بازاڕێکی دێرینی پێش ئیسلامە لە مەکەو شوێنی کۆبوونەوەی شاعیرو بازرگان و سوارچاک و هتد... بووە. تەنانە دەوترێت 'پێغەمبەری ئیسلام' سەرەتا لەوێ بانگەوازی ئایینەکەی بەگوێی هۆزەکاندا داوە.
لە بەرشەلۆنا 'لاڕامبلا' کە ناوەڕاستەکە لەجیاتی شەقام بی، پارک و شوێستەی پیادەڕەوە. لە نیگارکێش، کۆمیدیان و سیرک و هتد... جمەی دێ. جگەلەوەش، هاید پارک(Hyde Park)ی لەندەن لەسەدەی نۆزدەوە بەشوێنی ئازادی دەربڕین و خۆنیشاندان داەنرێت. لە مەلا، قەشەو باوەڕداو بێباوەڕەوە تاهونەرمەند و شاعیر و گۆرانبێژ و نووسەرو سیاسی خۆیانی لێ نمایشدەکەن. بازارێکی ئازاد بەواتای ووشەیەکی کولتوری نەک(تەنها بازرگانی و ئابوری).
بەڵام، شار وەک دیاردەیەکی مۆدێرن لە مێژووی کوردستاندا دەرکەوتێکی تازەیە. هەر ئەمەش وایکردووە زۆربەمان بە پیکهێنەرەکانی وەک پانتایی گشتییە نامۆ بین. تەنانەو واچاوەڕوان دەکرێت کە هەموو بەیەکجۆر و بەیەک خوونەریت و پێوەر ڕەفتاربکەن. هەمان کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی گوندنشین بەسەر گۆڕەپان و گەڕەکانی شاردا بسەپێنن و جیاوازی و ئازادی و هەر مافێکی تاکەکەسی بسڕنەوە.
 لێرەوە، ڕەتکردنەوەی نمایشی باوەشپێداکردن و سەمایەک گەڕانەوەیەکە بۆ پێوەرەکانی گوندنشینی. جگەلەوەش، کاردانەوەکان لەهەمبەر دوو نمایشی جیا لە پانتایی گشتی 'سەهۆڵەکە' و پارکی بەردەم قەڵای-هەولێردا چەندە ناشارستانی بن، ئەوەندەش ژێدەرێکی ڕوونە کە دیموکراسی نەک هەر لە دامەزراوەکانماندا لاوازە، بەڵکو لە 'پانتایی گشتی'شدا نا ئامادەیە.
  تێنەگەیتشتن لەوەی لاوێک بۆ ڤیدۆلۆگێک(vlog) بێتە هەولێر یان سلێمانی و وەک چالێنجێک-بەربەرەکانی- شتێکی ناباو نمایشبکات بۆئەوەی لەتۆڕەکاندا هەوادارو شوێنکەوتووانی زیاتر بێت، پێشهاتێکی چاوەڕوانکراوە. ئاخر باوەشێک، سەمایەک کە پێناسەکەی جگەلە کردەوەکە خۆی هیچتر هەڵناگرێت، بۆ دەبێ لێکدانەوەی خەیاڵی کە لەمێشکی خۆتدایە بۆ بکرێت؟ ئیتر هەرشتێک لەگەڵ تێگەیشتنی زۆرینەدا نەگونجێت، بە بێڕەوشتی دابنرێت؟   یان بە پاساوی بێڕێزیکردن بە ئاکاری گشتی، بابەتەکە بۆ مەبەستیتر هەڵگێڕنەوە؟
بەکامە پێوەر، ڕێز- وەک بنەمایەکی گشتی- دەکرێتە بەهانەی سنووردارکردنی ئازادی کەسەکان؟ بەپێچەوانەی یاساوە هەرگیز رێزگرتن ناسەپێنرێت. چونکە، خۆویستانەیە و سزاو لێپرسینەوەی لەسەر نییە. رێزگرتن ئەوەش نییە باوەڕو بۆچوونی خۆت کە بە باش دەزانی، بەمەرجی رێزلێگرتن زۆرینە بەسەر ئەویتردا بسەپێنیت. ڕێز بە زۆرینەوە کەمینە نییە. وەکچۆن مەرج نییە سەرخستنی ڕای زۆرینە لەدەنگدانی پەرلەمان دادوەری بەدیبهێنێت.
سەرنجبدە، پەرلەمانی کوردستان خێرا خاڵێکی بۆ كارنامەى دانیشتنی ژماره‌ (10)ى ئاساییی رۆژی سێشه‌ممه‌(2021/4/27) بەناوی "پاراستنی ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێزگرتن له‌به‌ها پیرۆزه‌ ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ" زیادكرد! دواتر سەرۆكایەتی پەرلەمان‌ لیژنەكیان بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت راسپارد. هەر به‌پێی مادده‌ی (9) بڕگه‌ی دووه‌م‌: "ده‌كرێت دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواى سه‌رۆك یان یه‌ك له‌سه‌ر چوارى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان به‌نهێنی به‌ڕێوه‌بچێ". له‌به‌ر گرنگیی بابه‌ته‌كه‌و پیرۆزیى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان و گفتوگۆیه‌كی ئارام و به‌رهه‌مدار...‌ پێشنیازكرا گفتوگۆكردنی بابه‌تەکە‌ به‌داخراوی بێت! پێشنیازەکە‌ش به‌ده‌نگی (70) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا! ئایا پرسێکی لەوجۆرە، لەسنووری زانین و توانای لیژنەکاریدایە؟
ئەوانەی باسی ڕەوشتی کۆمەڵاتەی دەکەن لە تونێلەکانی سیاسەت و سەروبەندی  هەڵبژاردنێک کە لەڕێیە بابەتی هەستیار لەپێناو دەنگ کۆکردنەوەدا دەوروژێنن. ناتوانم گوێ لە پەرلەمانتار و سیاسی-لەگەڵ رێز- یەک بگرم.  هەر نیازێک و چەندە دڵسۆزیش دەرکەون، وروژاندنی پرسەکە لە دەرەوەی ئەجێنداو پرۆژەیەکی سیاسی نییە. کەسانێکیش بیرۆکەی "پۆلیسی ڕەوشتی" کە لە نەریتی عەرەبیدا 'الحسبة'یە، لەژێر ناوێکیتردا دەوروێژننەوە.  پۆپولیزمێکی ئایینی گەمە بە هەستی ئایینی و 'ویژدانی ڕەوشتی' جەماوەر دەکات. ئەمەش دیماگۆجیەتێکی سیاسییە لەبەرگی ئاییندارییدا و ڕەوشت دەکەنە چەکی لێدان لەوانەی جیاواز بیردەکەنەوەو باوەڕێکیتریان هەیە.
 گوتاری 'پاسەوانی رەوشتبەرزی" کورتکردنەوەی پێوەرو بەهاڕەوشتییەکانە لە فەرمانە ئایینیەکاندا و تێکەڵکردنی ئایین و رەوشتە بەیەکتر. لەکاتێکدا ئامانجی ئایین پابەندبوونی ڕەهایە بەفەرمانە ئایینیەکان نەک بەهاو پێوەرە ئاکارییەکان. وەکچۆن مەرج نییە بێ-ئاینێک بەدڕەوشت بێت، ئاوەهاش ئایندارێکی عەیارە بیستوچوار ڕەوشتبەرزبێت. کەسێکی تەواو ئاییندار دەتوانێ بەپشتبەستن بەدەق، بکوژێ و ببڕێت. لەکاتێکدا تا خوا حەزکات ئەوە پێچەوانەی پێوەرە ڕەوشتییە گەردوونیەکانە.
لێرەوە، دژایەتیکردنی دیاردەی بەناو "بەدڕەوشت"ی، هەڵمەتێکە بەرامبەر هەرشتێک کە لەگەڵ بۆچوونی ئاییندارەکاندا یەکنەگرێتەوە و جۆریکیتریشە لەئەقڵیەتی "تەکفیرکردن". تەکفیری ڕەوشت دەکاتە پاساوێکی ئامادەی تەکفیرکردن. ئەوەی تەکفیر دەکرێت، هەمیشە وێنەیەکی شەیتانئاسا'ی لە بێڕەوشتیەوە تا بێباوەڕی بەسەردا ساخدەکرێتەوە.
 ناکرێت پانتایی گشتی بەو جۆرە گوتارە نادیموکراسییە بتەنرێت. وەکچۆن بە سەماو باوەشێک شارێک نابێتە تیاترۆخانە، بەنوێژێکی بەکۆمەڵیش نابێتە شامی شەریف. هەردوو نماییشەکە وەک یەک، مافی خۆیانە بەئازادی لە پانتای گشتییدا تواناکان و باوەڕیان ئەنجامبدەن.
پانتایی گشتی پەرلەمانێکی کۆمەڵایەتی هاونیشتمانیانە کە بتوانن تێیدا خۆیان بن نەک ڕێکارو ڕێسایان بەسەردا بسەپێنرێت. لەو باوەڕەدا نیم هیج دەسەڵاتێک لەناخەوە دیموکراسی بێت و بەدابەشکردن و هاوبەشیکردنی هێزو دسەڵاتەکەی لەگەڵ ئەوانیتردا قایلبێت. هەر دەسەڵاتێکیش بخەیتە بەردەم بژاردەیەک لە نێوان هێزێکی ڕەهاو دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە، هێزی ڕەها هەڵدەبژێرێت. ئەوەی پارسەنگی دەسەڵاتخوازی نادیموکراسییە، پانتاییەکی گشتی ئازادو سەربەخۆیە.



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×