رۆڵی دەزگا هەواڵگرییەکان لە شۆڕشەکانی ئەمریکا و روسیادا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2021-05-11     697

لەوانەبێت ئەم ناونیشانەی سەرەوە بۆ زۆرکەس مایەی سەرنج و تێڕامان بێت، چونکە هەموو کاتێک شۆڕشگێڕان و دەزگا ئەمنییەکان دوژمنی یەکترن. بەش بەحاڵی خۆم مێژووی زۆرێک لە شۆڕشەکانی جیهانم خوێندۆتەوە و ئەوەشم بۆ دەرکەوتووە لە زۆربەی شۆڕشەکانی جیهاندا، دەزگا هەواڵگرییەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ رۆڵی گەورەیان گێڕاوە. لێرەدا پێمخۆشە باسی دوو شۆڕشی گەورەی جیهان بکەم، کە رۆڵی گەورەیان لە مێژووی تەواوی جیهاندا گێڕاوە ئەوانیش شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیا و شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکایە.
لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک هۆکاری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسی رۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە هەردوو شۆڕشەکەدا، بەڵام لەپەنا ئەوەشدا لە شۆڕشی ئەمریکادا دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا رۆڵی گەورەی گێڕاوە و لە شۆڕشی روسیاشدا دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا رۆڵی هەبووە. لێرەدا هەوڵدەدەم بە کورتی حیکایەتی ئەم دوو شۆڕشە گەورەیە بگێڕمەوە:


تۆڵەسەندنەوە لە نەیارێکی دێرین
جەنگی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا مێژووییەکی ئێجگار کۆن و خوێناویی هەیە، سەدان ساڵ بوو ئەم دوو دەوڵەتە لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون بەتایبەتی  ئەوەی کە پێی دەڵێن جەنگی کۆڵۆنیاکان لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا زۆر بەهێز بوو، ئەم جەنگەش نەوە دوای نەوە رادەستی یەکتریان دەکرد، هەتاوەکو ئەمڕۆش کاریگەریی بەسەر هەردوو ئەم دەوڵەتەوە هەیە.
لە ساڵی 1763 فەرەنسا بە خراپی جەنگی بە بەریتانیا دۆڕاند و بەم شێوەیەش فەرەنسا تەواوی کۆڵۆنیاکانی لە ئەمریکای باکوور  بە بەریتانیا دۆڕاند، بە ناوچەی کیوبیکی کەنەداشەوە. ئەمەش کاریگەریی  قووڵی بەسەر ناخی هەموو فەرەنسییەکەوە بەجێهێشت، هەربۆیە فەرەنسییەکان بەدوای هەلێکدا دەگەڕان تا تۆڵەی ئەو دۆڕاندنەیان لە بەریتانیا بکەنەوە، ئەم دەرفەتەش ئەمریکییەکان دایان بە دەستی فەرەنسییەکانەوە.


میوزیکژەنێک عەرشی بەریتانیا لە ئەمریکا دەڕوخێنێت
Pierre-Augustin Caron de Beaumarchais   پیێر ئۆگوستین کارون دو بومارشیێ لە ساڵی 1732  لە پاریس لەدایک بووە و لە ساڵی 1799 کۆچی دواییکردووە، ئەو لەیەک کاتدا شانۆنووس، میوزیکژەن، نووسەر رووناکبیر، لەهەمانکاتیشدا بازرگانی چەک و تەقەمەنی و سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی فەرەنساییش بوو. دو بومارشیێ لە رووی نووسینەوە خاوەنی کۆمەڵێک دەقی شانۆیی زۆر بەهێزە کە کاریگەریی بەسەر میوزیکژەنان و شاعیرانی گەورەی ئەوروپاوە هەبووە، بەتایبەتی شانۆ « سەرتاشی ئیشبیلی» کە دواتر  جۆکینی رۆسینی میوزیکژەنی ناوداری ئیتالی دەیکاتە ئۆپرایەکی موزیکی جوان، هەروەها «زەماوەندی فیگارۆ»  کە دواتر ڤۆلڤگان مۆتسارت دەیکاتە ئۆپێرایەکی میوزیکی جوان، شاعیری ناسراوی ئەڵمانیش «گۆتە» لەژێر کاریگەریی درامای «ئۆجین» دا لە نووسینی دو بومارشیێ توانی شانۆی تراژیدی  « کلاڤیگۆ» بنووسێت.
بەڵام ئەوەی لێرەدا بەلای ئێمەوە گرنگە،  رۆڵی ئەدەبی نییە، بەڵکو رۆڵی گرنگی ئەم پیاوەیە لە شۆڕشی ئەمریکادا، چونکە هەرلە سەرەتای بەرپابوونی ناڕەزاییەکان لە کۆڵۆنیاکانی ئەمریکادا، دو بومارشیێ  دەستیکرد بە نامە نووسین بۆ فیرجین وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و داوای لێکرد کە هاوکاریی راپەڕییوەکان بە چەک و پارە بکات، ئەمیش وەکو هەموو فەرەنسییەکان ئازاری شکستی 1763 ی جەشتبوو، دەیویست تۆڵە لە بەریتانیا بکاتەوە. دواجار لە ساڵی 1776 حکومەتی فەرەنسی رازی دەبێت و  بڕێک پارەی دەدەنێ و کۆمپانیایەکی گواستنەوەی دەریایی  دروست دەکات، بەرووکەش کۆمپانیاکە بەناوی کۆمەڵێک ئیسپانیی بوو، بەڵام لە واقعیدا هی دو بومارشیێ، هەر لە رێگەی ئەم کۆمپانیاییەش هاوکارییە لۆجیستیکی و سەربازیی و  داراییەکانی فەرەنسا دەگاتە دەست راپەڕیوە ئەمریکییەکان.
لە نامەیەکیدا دو بومارشیێ کە بۆ سەرانی شۆڕشەکەی نووسیوە، باسی هاوکارییەکان دەکات کە ئەوانیش بەمشێوەیە:
 بەڕێزان دەمەوێت ئاگادارتان بکەمەوە کە کەشتی « ئەمفیتریت ترسو» ئێستا گەیشتۆتە بەندەرەکە و لەگەڵ خۆیدا چوار سەد تۆن باری هەڵگرتووە کە پێکهاتووە:  لە 4 هەزار چەک،   80 بەرمیل پڕکراوە لە ماددەی تەقینەوە، 8 هەزار جووت پێڵاو 3 هەزار لەفافی برینپێچی.


فرانکلین لە پاریس
هاوکارییەکان بەمەش نەوەستان  لە ساڵی 1777  بنیامین فرانکلین کە یەکێک بوو  لە سەرکردەکانی شۆڕشەکە، هاتە پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی کۆشكی شاهانە و حکومەتی فەرەنسی کرد و لێرەشەوە هاوکارییەکانی فەرەنسا بۆ شۆڕشگێڕە ئەمریکییەکان زیاتری کرد. فەرەنسا تەنها هاوکاری سەربازیی و لۆجستیکی نەنارد، بەڵکو دەستیکرد بە مەشق و راهێنانکردن بە سوپای شۆڕشگێرە ئەمریکییەکان کە ئەوکاتە جۆرج واشنتۆن سەرکردایەتی دەکرد. دیارە لەوکاتەدا سوپای ئەمریکاییەکان، تەنها بریتی بوو لە کۆمەڵێک کەسانی چەکداری ناڕازیی، هیچ مەشق و راهێنانێکی سەربازییان نەکردبوو، لەچاو سوپای مۆدێرنی بەریتانیدا، زۆر لاواز بوون. بەڵام  فەرەنسا لە رێگەی دەزگای هەواڵگریی خۆیەوە، کۆمەڵێک ئەفسەر و جەنەراڵی سەربازی ناردە ئەمریکا تاوەکو مەشق و راهێنانیان بە ئەمریکییەکان بکەن. دواتریش لە ساڵی 1778 چیتر پەیوەندییەکە بە نهێنی نەمایەوە، فەرەنسا سوپایەکی  بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ  «روشامبۆ» دروستکرد کە پێکهاتبوو لە 6 هەزار سەربازو شانبەشانی سوپای ئەمریکییەکان دژی بەریتانیا دەجەنگان، ئەم سوپایەش رۆڵی گەورەی گێڕا لە سەرکەوتنی ئەمریکییەکان و شکستپێهێنانی بەریتانییەکان.
دیارە لەپەنا کۆمەڵێک فاکتەری  ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تردا،  کە رۆڵی گەورەیان لە سەرکەوتنی شۆڕشەکدا گێڕا، ئەو هاوکارییە زۆرەی فەرەنسییەکانیش بۆ ئەمریکییەکان، رۆڵی گەورەی هەبوو لە سەرکەوتنی شۆڕشەکەدا. هەربۆیە هەتاوەکو ئەمڕۆش زۆربەی سیاسەتمەدارو مێژوونووسانی ئەمریکی، ستایشی ئەم رۆڵەی فەرەنسا دەکەن لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکادا.  هۆکاری سەرەکی لەم هاوکارییەی فەرەنساش لەبەرچاوی شین و جوانی ئەمریکییەکان نەبوو، بەڵکو زیاتر تۆڵسەندنەوە و جەنگی نهێنی خۆیان بوو لەگەڵ بەریتانییەکان.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەم پەیوەندییە نهێنییەی شۆڕشگێڕانی ئەمریکا لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکیدا، هیچ لە مەزنیی و گرنگی ئەم شۆڕشە بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان کەم ناکاتەوە.



شۆڕشێکی سۆسیالیستی بە پارەی هێزێکی ئیمپریالیستی
یەکێک لە شۆڕشە گەورەکانی جیهان شۆڕشی سۆسیالیستی روسیایە لە ساڵی 1917، کە لە جیهاندا زیاتر بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەناسرێت.  ئەم شۆڕشە کاریگەریی گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەبوو، تەنانەت تا ئەمڕۆش قسەوباسی زۆر لەبارەی ئەم شۆڕشەوە دەکرێت.
نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە روسیا و ئەڵمانیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە زۆر شوێندا دژی یەکتر دەوەستانەوە. روسیای تزاری لە خۆرهەڵاتدا، بە گەورەترین دوژمنی ئەڵمانیا دەژمێردرا. لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهانیشدا لوولەی تفەنگیان رووبەڕووی یەکتریی کردەوە. دیارە ئەڵمانەکان تەنها بە لوولەی تفەنگەکانیان جەنگیان نەکرد، بەڵکو لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانیشەوە، جەنگێکی شاراوە و گەورەیان لە دژی روسیا کرد، بگرە ئەم جەنگە نهێنییە زۆر لە جەنگی تفەنگەکان سەرکەوتووتر و کاریگەرتر بوو، چونکە ئەڵمانیا توانی لە ناوەوە روسیا بڕوخێنێت و حکومەتێکی دۆستی خۆی بکاتە سەرەوەری ئەو وڵاتەی کە هەمیشە ببووە دێوەزمە بۆی. هەروەها رێکەوتنێکی پڕ شەرمەزاریشی بەسەردا بسەپێنێت کە لە خزمەتی ئەڵمانیادا بوو، مەبەست لێی « رێکەوتنی بریست لیتۆڤیسک»ـە

 

26  ملیۆن مارکی ئەڵمانی بۆ بەلشەفییەکان
پێش چەند ساڵێک گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانی، ژمارەیەکی تایبەتی لە بارەی شۆڕشی روسیاوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا پەیوەندیی نهێنی نێوان لینین و دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای باسکردووە، دیارە ئەمەش بەپشت بەستن بە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا، کە بەڵگە نهێنیەکانیان داوەتە ئەو گۆڤارە و باس لە وردەکارییەکانی پەیوەندیی نێوان لینین و ئەڵمانیا دەکات.
لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە کە دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا لە ساڵی 1914 وە و تا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە 1917زیاتر لە 26 ملیۆن مارکی ئەو کاتەی بە بۆلشەفییەکان داوە. کە ئەمەش بڕێکی پارەی زۆر بووە.

 

سەرەتای پەیوەندیی لینین‌ و ئەڵمانیا
یەکەمین ئەڵقەی پەیوەندی نێوان لینین و دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا، بۆلشەفییەکی روسی بەرەگەز ئیستلاندی ناوی «ئەلکسەندەر کێسکولاسە› کە لە سویسرا ژیاوە و خەریکی بازرگانی بووە. لە ساڵی 1914 دا 250 هەزار مارک لە ئەڵمانیا دەسەنێت، بەڵام پاشتر دەردەکەوێت کە تەنها نیوەی ئەم پارەیەی داوە بە بۆلشەفییەکان. لینینیش زۆر کەم باوەڕی بەم پیاوە هەبووە.

 

پردی پەیوەندیی لینین ‌و ئەڵمانیا
پاشتر دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا کەسێکی نزیکی لینین و بۆلشەفییەکان دەدۆزنەوە کە ئەویش «ئەلکسەندەر هێلڤاند»ە. ئەم پیاوە لە ساڵی 1867 لەشاری مینسکی بێلاروسی لەدایکبووە. ماوەیەکی زۆر لەشاری قوستەنتینۆپڵ(ئیستانبوڵی ئێستا) خەریکی بارزگانی دەبێت و لە دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانیشەوە نزیکە.
ئەم پیاوە لە چەندین شوێنی ئەوروپا ئۆفیسی بازرگانی هەبووە بەتایبەتی لە ئەڵمانیا و سویسرا و فەرەنساو دانیمارک و روسیا. هێلڤاند هەرچەندە کەسێکی بازرگان بووە، بەڵام پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بزووتنەوە چەپ و کۆمونیستەکانی روسیا و ئەڵمانیا هەبووە. لە ساڵی 1891ەوە دەبێتە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، لەهەمان کاتیشدا پەیوەندییەکی گەورەی بە سەرکردە بۆلشەفییەکانەوە دەبێت لە سەروو هەمووشیانەوە لینین و ترۆتسکی.
سەرەتای پەیوەندیی نێوان هێلڤاند لەگەڵ لینین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900 کاتێک لە ماڵی رۆزا لۆکسمبورگدا یەکتری دەناسن و ئەمەش دەبێتە سەرەتای پەیوەندیان.
لە کۆتایی مانگی ئایاری 1915 لینین و هێڵڤاند لە ریستۆرانتێکی روسیادا لە شاری بێرنی سویسرا کۆدەبنەوە. هێلڤاند داوا لە لینین دەکات، هەتا زووە هەوڵی شۆڕش بدات لە روسیا، چونکە هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکە لەبارە بۆ ئەو شۆڕشە، لەهەمانکاتیشدا بەڵێن بە لینین دەدات، کە یارمەتی مادی و لۆجستیکی لە ئەڵمانیا بۆ وەربگرێت. لینیش رازی دەبێت.
لە ساڵی 1915ەوە هەموو نامە و ئاگاداری و بەیانەکانی بۆلشەفییەکان لە رێگەی ئۆفیسە بازرگانییەکەی هێلڤاندەوە لە دانیمارکەوە بە نهێنی دەگەیەنرایە روسیا. لینین لە رێگەی هێلڤاندەوە پەیامێک بۆ حکومەتی ئەڵمانی دەنێرێت و دەڵێت: دەتوانین لە ماوەی 24  سەعاتدا 100 هەزار کرێکار بهێنینە سەرشەقام و دژی دەسەڵاتی قەیسەر بوەستنەوە، لەبەرامبەر سەرهەڵدانی شۆڕشدا، لینین داوای 20 ملیۆن مارکی کردووە.
هەرچەندە ئەم قسەیە لەوکاتەدا کەمێک موبالەغەی پێوە دیار بووە، چونکە بۆلشەفییەکان ئەو توانا گەورەیان نەبووە.
لەوکاتەدا حکومەتی ئەڵمانیا یەکسەر یەک ملیۆن مارکی بۆ دەنێرن، ئەویش دەیخاتە سەر ژمارەیەکی بانکی تایبەت لە دانیمارک. دیارە لەوکاتەدا هەریەک لە دانیمارک و سوید وەک دەوڵەتی بێلایەن خۆیان لە قەڵەم دەدا، زۆربەی یارمەتیەکانی ئەڵمانیاش بۆ بۆلشەفیەکان لە رێگەی ئۆفیسە بازرگانییەکەی هێلڤاندەوە بوو، کە جگە لە پارە و گەیاندنی بەیاننامە، چەک و تەقەمەنیش نێراوە بۆ بۆلشەفییەکانی لە روسیا.

 

رۆژنامەی پراڤدا بە پارەی ئەڵمانی دەردەچێت
رۆژنامەتی براڤدا زمانحاڵی حزبی بۆلشەفی روسی بوو، یەکێکیش بوو لە باشترین ئامڕازەکانی راگەیاندنی ئەم حزبە و ژمایەکی ئێجگار زۆری لێ چاپ دەکرا. ئەوەی جێگەی سەرنجە  لە ساڵی 1917 دا پاش شۆڕشەکە ریچارد ڤۆن کۆهلمان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت:  رۆژنامەی براڤدا لە رێگەی هاوکارییە داراییەکانی ئەڵمانیاوە چاپ دەکرا.  بۆلشەفییەکانیش لە رێگەی چاپکردنی ئەم رۆژنامەیە بە تیراژێکی زۆر ، وایکرد  کە بتوانن رای گشتی بۆ لای خۆیان رابکێشن و خەڵکی زیاتریش ببێتە ئەندامیان.  


گەڕانەوەی لینین بە شەمەندۆفێری ئەڵمانی
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڤێبریوەردا بەشێکی زۆری سەرکردەکانی بۆلشەفییەکان لە دەرەوەی وڵات بوون، ترۆتسکی لە ئەمریکا بوو، لینین و کۆمەڵێک سەرکردەی تر لە سویسرا بوون. بەڵام پاشان لە رێگەی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانییەوە رێگە بە لینین و هاوڕێکانی دەدرێت کە بە ئەڵمانیادا بگەڕێنەوە بۆ روسیا. پاشتر ئەمەش دەبێتە خاڵێکی خراپ و نەیارانی لینین لە دژی بەکاریدەهێنن و تۆمەتی سیخوڕیی بۆ دروست دەکەن، بەڵام لەراستیدا لینین وەکو سەرکردەیەکی پراگماتی، توانی سوود لەم دەزگای هەواڵگرییەی ئەڵمانیا ببینێت بۆ خزمەتی شۆڕشەکەی.



رێککەوتنی بریست لیتۆڤیسک
دیارە لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکومەتە کاتییەکەی کیرنسکی، هەوڵیدا لەگەڵ ئەڵمانەکان رێککەوتنی ئاشتی مۆر بکات، بەڵام چ ئەڵمانەکان و چ لایەنە راستڕەوەکانی روسیا یارمەتی کیرنسکیان نەدا. بەڵام پاشتر هەر کە لینین دێتە سەر حوکم، یەکەم کاری رێککەوتنی ئاشتی دەبێت لەگەڵ ئەڵمـانیا و کۆتایی هێنان بە جەنگ دەبێت، ئەمەش بە رێککەوتنی «بریست لیتۆڤیسک» دەناسرێت، کە روسیا بەشێکی زۆری خاکی روسیای لە دەست دەچێت و کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئەڵمانەکان دەهێنن.
بەپێی ئەم رێکەوتنە، روسیا لە ٪35 زەوی کشتوکاڵی، ٪54 ی ناوچە پیشەشازییە گرنگەکانی لەدەست دەدات، هەروەها لە رووی دانیشتووانیشەوە 55 ملیۆن کەسی لەدەستداوە.
لینین لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە دەڵێت: ئەمە وەکو ئەوە وایە، چەتەیەک رێگەم لێبگرێت و منیش پاڵتۆکەمی بدەمێ بۆئەوەی نەمکوژێت و وازم لێبهێنت تا بڕۆم.
هەرچەندە نەیارانی لینین دەڵێن: رێکەوتنی بریست لیتۆڤیسک دیاری لینین بوو بۆ ئەڵمانییەکان، لە بەرامبەر ئەو هاوکارییە دارایی و لۆجستییە گەورانەی کە پێشکەشیان کرد. هەتا ئەمڕۆش  ئەو پەیوەندییە نهێنییەی لینین و ئەڵمانییەکان، جێگەی رەخنەی گەورەیە کە لە رابەری شۆڕشی روسیا ڤلادیمیر لینین دەگیرێت.
دیارە لەپەنا ئەمەشدا کۆمەڵێک فاکتەری ئابووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆڵی گەورەیان لە سەرکەوتنی شۆڕشی روسیادا هەبوو، بەتایبەتی بوونی پارتێکی شۆڕشگێڕی بۆلشەفیی و بوونی سەرکردەیەکی  پراگماتی وەکو لینین. 
لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەم پەیوەندییە نهێنییە و رۆڵی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانی، هیچ لە گەورەیی و مەزنی پەیامە گەورەکانی ئەم شۆڕشە کەم ناکاتەوە.

دوا قسە
بەداخەوە لە زۆربەی شۆڕشەکانی جیهاندا، رۆڵێکی ناشیرینی دەزگا هەواڵگرییەکان دەبینین، هەر دەوڵەتە و هەوڵیداوە سوود لە پشێویی و نا ئارامی دوژمنەکەی وەربگرێت. زۆرجاریش شۆڕشگێڕان کەوتوونەتە داوی ئەم یارییە نەگریسەوە. ئێستاش رۆڵی بەرچاوی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان دەبینین لەو شتەی کە بە «بەهاری عەرەبی» ناسرا، بەتایبەتی لە سوریادا، رۆڵی نەگریسی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا و هەندێک میرنشینی کەنداو، هەموو جوانیی و مەزنیی پەیامەکانی شۆڕشی گەلی سوریایان لەناوبرد. 

سەرچاوە:
1/ Manfred Flugge: Figaros Schicksal. Das Leben des Pierre-Augustin Caron de Beaumarchais. Deutscher Taschenbuch Verlag, Munchen 2001
2. Gerd Koene .Deutschland und die Russische Revolution1917-1924.Frink verlag.1998.
.3..Spiegel Special. Die russische Revolution und Ihre Erben
4. وولفغانغ  کریغر. تاریخ المخابرات، من الفراعنة حتی وکالة الامن القومي الامریکیة (NSA) ترجمة : عدنان عباس علي. الطبعة الاولی. عالم المعرفة. الکویت. رجب 1439ه.-أبریل2018


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×