دەستور

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
  2021-05-18     1597
دەستور بە ئەنجوومەنی دامەزرێنەر دادەنرێت نەك لەڕێگەی پەرلەمانەوە ، پرسی دەستور یەكێكە لەو پرسانەی زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان بۆچوون و دیدی خۆیانیان لە سەری هەبووە و هەیە، بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری كۆك بوونە بریتی بووە لە كۆدەنگی، واتە كۆدەنگی لە پەرلەمان، ئەو پەرلەمانەشی کە هەمووان دەزانین بەشێک لە دەنگەکانی هی ئەوانە بووە کە لە ژیاندا نەمابوون..!!

دەستور پێویستە پرۆسەیەكی سەرتاسەری و جەماوەری بێت نەك كاری دامەزراوەی پەرلەمان كە ئەركی دەرچواندنی یاسایە نەك دەستور.  

ناكرێت، نابێت و ناشێت دەستورێك كە ئایندەی نەوەكانی ئێستا و داهاتووی پێوە پەیوەست بێت لە ژوورە تاریكەكاندا بڕیاری لەبارەوە بدرێت، چونكە دەستور ڕێكەوتنێكی سیاسی چەند لایەنێك نیە کە بڕازێنرێتەوە بە میوەجات و لوقمەقازی و دەستەواژەی باق و بریقی سیاسی، بەڵكو دەبێت گەل و میللەت خاوەنی (سەرەتا و كۆتا)  گوتە و گفت بن تێیدا. 
گەل و میللەتە كە دەبێت بڵێت چۆن و بەچ میكانیزمێك دەسەڵات دەبەخشێت بە دەسەڵاتداران و چۆن لادەبرێن و چۆن متمانەیان لێ‌ دەسەندرێتەوە…!!

 لە دواجاردا دەستور كارنامەی وەزاری هێزێكی سیاسی دیاری كراو نیە بۆ خولێکی پەرلەمان و وەزارەتە چوارساڵیەکەی..!! دەستور دۆكیۆمنتێكی هەمیشەیی و باڵایە كە زامنی ئازادی و مافی مرۆڤە و پارێزگاری لەسەروەری و مانەوەمان دەكات وەك گەلێك لە بەرامبەر دۆست و دوژمندا.   

 ئاخر کەی ویژدانە و چۆن ڕەوایە، میللەتێك لە دوای ئەو هەموو خوێن و فرمێسک ڕشتنە پاش ئەو هەموو نەهامەتیانەی وەك (ئەنفال وهەڵەبجە و جینۆساید) و  شەهید بوونی هەزاران رۆڵەی لە پێناو ئازادی و دیموكراسیدا، دەستورەكەی كە پیرۆزترین گرێبەستە بەم شێوەیە بەسەریدا بسەپێنرێت..!!

 دیموكراتیەت و دەستوور سەرەتا لە ویژدانی هەر تاكێك دا دروست دەبێت پاشان لە دەوڵەت و قەوارەی سیاسی دا رەنگ ئەداتەوە. بۆیە تێپەربوونی دەستورێك بە بێ‌ بەشداری ئەم میللەتە ستەم دیدەیە ناكرێت ناوی لێ بنرێت دەستور. 

ئاشكرایە کە كاری پەرلەمان و دەنگدان بۆ پەرلەمان بۆ كاری حكومی و سیاسی و كابینەی وەزارییە نەك بۆ نوسینەوەی دەستوور چونكە دەستوور هەر سێ‌ دەسەڵاتی ئەم میللەتە ڕێك دەخات نەک بە پێچەوانەوە، بۆیە ناکرێت پەرلەمان خۆی دەستوور دانێ‌ و خۆشی لەسایەی ئەو دەستورەدا جارێكی تر لە دایك ببێتەوە و شەرعیەت بۆ خۆی بەرهەم بهێنێت..!!  
هەرگیز خەباتی سیاسی یەكێتی بۆ ئەوە نەبووە کە دەستور بە ڕێگایەكی نادیموكراتی بەسەر گەلدا بسەپێنرێت، بۆیە هیوادارم کە یەکێتی نەبێتە کارکتەرێکی ئەو سیناریۆیە…!!

بۆ بوون بە خاوەن دەستورێکی بە تەواوی مانا دەستور پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن .. یەکەم، پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو کە وەک ئەنجومەنی  دامەزرێنەر یان بنیات نەر دەسەڵاتی نوسینەوە و دارشتنەوەی دەستوری پێ بسپێردرێت.. دووم ئەو ئەنجومەنە دوای راوێژكردن بە سەرجەم چین و توێژی ئەم نیشتمانە رەشنووسی دەستور ئامادە بکات، سێهەم، ئەو ڕەشنوسە بخاتە روو بۆ هەمووان و لە کۆتاییشدا ریفراندۆم یان راپرسی لەسەر ئەنجام بدرێت. ئەوەی پێویستە هەموومان دژی بین ئەویە کە نابێت دەستوور وەک سەفقەیەکی سیاسی یان بازرگانی لە حوجرەی حزبەکاندا دابرێژرێت و بە ئیتیفاقی نێوان زۆرینە و كەمینە یان دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن مۆری لێبدرێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
١٨-٥-٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×