بۆرسەو کۆمپانیای هاوپشک سیمبولی پێشکەوتنی وڵاتن‌

بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
  2021-05-24     356
بۆرسه‌ی هه‌ولێر (esx) یه‌كه‌مین ئه‌زمونی گه‌وره‌ی بواری بۆرسه‌ بو له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ بازاڕێکی کاغەزی دارایی هاوپشك بو له‌نێوان حكومه‌ت‌و كه‌رتی تایبه‌ت به‌رێژه‌ی 20% بۆ حكومه‌ت‌و 80% بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌م بۆرسه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ بوه‌ ئه‌ندام له‌یه‌كێتی بۆرسه‌ عه‌ره‌بیه‌كان‌و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بۆرسه‌ی ئه‌مریكی (ناسداك) هه‌بوو، به‌ڵام نه‌بوه‌ دیارده‌و ئێستا كاره‌كانی راگیراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە مەرجێکی پێشکەوتن‌و بەهێز بوونی ئابوری‌و دەرفەت رەخساندن بۆ بەشداری خەڵکی بەبێ جیاوازی لەپرۆسەی بەرهەمهێنان‌و وەبەرهێنان لەكوردستاندا، دامەزراندنی کۆمپانیای هاوپشکە، کە بەبێ بوونی بۆرسە بەدینایە.


 گرنگترین ئامانج کە هەموو وڵاتان‌و كۆمەڵگەكان لەجیهاندا هەوڵی بۆ ئەدەن، پێشخستن‌و گەورەکردن‌و گەشەی ئابوری‌و دابین كردنی ژیانێكی خۆشگوزەاران‌و رەخساندنی هەلی کارە بۆ هەموو هاوڵاتیان، ئەم ئامانجە ئەلەویەتی پلان‌و بەرنامەی بەڕێوەبەرانی هەر وڵاتێکی دنیایە، چونکە ئابوری بەرەگەزی هێز دادەنرێت لەدنیای ئەمڕۆدا، چەند وڵاتێک لەڕووی ئابورییەوە بەهێز بێت، بەهەمان ئەندازەش سەنگ‌و قورسایی‌و پێگەی لەهاوکێشەکاندا بەهێزتر دەبێت، وڵاتانی قەتەرو ئیمارات بەنمونە، کە بەهۆی زۆریی سەرمایەو سیستەمی بەهێزی ئابورییانەوە، رۆڵێکی زۆر گەورەتر لەقەبارەی بچوکی وڵاتەکانیان دەبینن.


عێراق لەسەردەمی پاشایەتییەوە هەوڵی داوە لەڕووی ئابورییەوە بە‌هێز بێت، یەکێک لەو بوارانەی بیریان لێکردوەتەوە دامەزراندنی كۆمپانیای هاوپشك بووە، بەو پێیەی ئابوری پێشدەخات‌و توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاد دەكات، خۆشگوزەرانی دەستەبەر دەکات، پارەو سەرمایەی بچوک‌و مام ناوەندی هاوڵاتیان لەپڕۆسەی ئابوریدا دەخاتە گەڕو گەشەی ئابوری مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن، هەرچەندە لەدوای ڕوخانی رژێمی سەدامەوە، دامەزاراندنی بازاڕی کاغەزە داراییەکان لەبەغدا لەساڵی 2004دا، هەنگاوێکی گرنگ بوو روەو ئەو ئاڕاستەیە.


ئێمە لەكوردستاندا، لەم بوارەشدا وەكو زۆر بواری تر دواكەوتوین، لەکاتێکدا ئێمە دەمانتواوانی پێش روخانی سەدامیش بازاڕی کاغەزە داراییەکان "بۆرسە" دابمەزرێنین، بەڵام دوای ١٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا لەبەغدا، بیری لێكرایەوەو ساڵی ٢٠١٤ بازاڕی كاغەزە داراییەكان لەهەولێر دامەزرا. ئێمەش وەكو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی بەشدار بووین لەدامەزراندنەكەیداو بەتەواوی پشتگیریمان کرد، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەم بازاڕە چالاك‌و كارا نەكراوە، بۆچی نەكراوە؟ ئەمە جێی سەرسوڕمانە! بەمەرجێك یەكێك لەبنەما سەرەكیەكانی پێشخستنی ئابوری‌و بازاڕی ئازادو رێگرتن لەقۆرغکاریی، بۆرسەیەو ناكرێت گرنگی‌و بایەخی نادیدە بگیرێت، بەتایبەتی کە کە لەگەڵ کۆمپانیای هاوپشک وەک دوانەی لێکدانەبڕاون.


دروستكردنی كۆمپانیای هاوپشك، لەزۆربەی وڵاتاندا كۆڵەكەیەكە ئابوری وڵاتان رادەگرێ‌، دەروازەیەكە بۆ بەشداری هەمووان لەپرۆسەی بازرگانی‌و ئابوریدا، ئەمەش هەرچی زیاتر ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و خۆشەویستی‌و دڵسۆزی تاک بۆ وڵات‌و دامەزراوەكان بەهێزتر دەکات، لەبەرئەوەی هاوڵاتی خۆی بەخاوەنی کۆمپانیاکانی دەزانێ‌و دەرفەتی بەشدار بوونی بۆ دەڕەخسێنرێ لەپرۆسەی ئابوریدا، بەهۆی بەگەڕخستنی پاشکەوتەکانی‌و کردنی بەپشک‌و سوودمەند بوونی لێی.


پاشەکەوتکردنی پارەی کەم‌و مام ناوەند، خۆی لەخۆیداو بەتەنها مەرج نیە بەسوود بێت‌و ببێتە مایەی گەشەکردنی ئابوری وڵاتێک، بەتایبەتی پاشەکەوتێك کە لەناو پریاسکەو قوتوودا بشاردرێتەوە بەسوود نابێت‌و سیستەمی ئابوری لێی بێبەش دەبێت. بەهەمانشێوە پاشەکەوتێك کە بکرێتە زێڕو زیوو بۆ خۆڕازاندنەوە بەکاربهێنرێت، یاخود بدرێن بەئوتومبێلی کەشخەی گرانبەهاو مۆبیلیاتی بریقەو باق‌و کەمالیاتی ناپێویست‌و باخ‌و مەزرعەو تەلبەند بکرێن‌! بۆئەوەی پاشەکەوت بەسوود بێت لەڕووی ئابورییەوە پێویستە لەکارو پرۆژەدا بەکاربهێنرێت، دامەزراندنی بۆرسەو کۆمپانیا هاوپشکەکان دەتوانن ئەو رۆڵە گرنگە ببینن، لەڕێگەی کۆکردنەوەی ئەو پاشەکەوتە کەمانەوە لەقەوارەیەکی گەورەتردا کە بەکەڵکی بەکارهێنانی گەورە بێت‌و لەپرۆژەدا وەبەربهێنرێن. 


باشترین نمونە کە ئاماژەی پێبکرێ لەمبارەیەوەو دەشێ چاوی لێبکرێ، شێوەی کارکردنی خەڵکی كەلارە، کە بەهۆی دوربینییانەوە شارەکەیان دەوڵەمەند کردوە، هاوڵاتیانی کەلار لەهەشتاكانی سەدەی رابردوەوە بیریان لەوە کردوەتەوە لەڕێگەی کۆکردنەوەی سەرمایەکەیانەوە بە 8 كەس‌ یان 10 كەس ببن بەخاوەنی ئوتومبێلێكی بارهەڵگر، یاخود بە 16 کەس پێکەوە كارگەیەكی بلۆك دابمەزرێنن، لەکاتێکدا پارەی کەسیان بەتەنها هیچی ئەوتۆی پێنەدەکراو پارەکەشیان لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا پێنەدەما، بەڵام کە سەرمایە بچوکەکانیان دەخەنە سەر یەک، دەتوانن پرۆژەیەکی پێ دروست بکەن‌و لێی سوودمەند بن‌و پارەکەشیان بپارێزن‌و زیاتریشی بکەن. 


ئەمە فەلسەفەی دامەزراندنی بۆرسەو کۆمپانیا هاوپشکەکانە، کە زەمینەسازی دەکات بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەگشتی بەشدار‌و سوودمەند بن لەپرۆسەی ئابوریدا. بۆرسەو کۆمپانیا هاوپشکەکان دەتوانن خزمەتێکی زیاتر بگەیەننە ئەوانەی پارەکانیان پاشەکەوت دەکەن‌و بەشێوەیەکی شەفاف‌و یاسایی‌ دەیخەینە پرۆسەی وەبەرهێنانەوەو پارەکانیان دەپارێزن، ئەمەش مایەی گەشە کردنی ئابورییە. 


 لەدوای روخانی سەدامەوە کە پارەیەکی زۆر رژایە کوردستانەوە، بەداخەوە لەبەرنەبونی بۆرسەو کۆمپانیا هاوپشکەکان، زۆربەی خەڵک پارەکانیان یان لەزیادە مەسرەفدا بەهەدەر دا یان لەماڵدا شاردیانەوەو ئابوری وڵات لێی سوودمەند نەبوو، بەڵکو کۆمپانیاکانی وڵاتانی تر سوودیان لێبینی. بەمەرجێک وەک لەئەزمونێکدا دەرکەوت، خەڵک ئامادە بوون پاشەکەوتەکانیان لەو جۆرە پڕۆژەو کۆمپانیا هاوپشکانەدا بەگەڕ بخەن‌و بەگەرمی پێشوازییان لێکرد، بەتایبەتی ئەگەر لەچوارچێوەیەکی شەفاف‌و یاساییدا بێت‌. 


سەرمایە، بنەمای سەرەكی‌و بنەڕەتی هەر چالاکییەکی ئابورییە، هەموو کۆمپانیاو پڕۆژە ئابورییەکان لەسەر بنەمای سەرمایە دادەمەزرێن، کاتێک سەرمایەی کۆمپانیاکان دەبن بەپشك‌، دەرفەتی كۆكردنەوەی سەرمایەی زیاتریان بۆ دەڕەخسێ‌ بۆ ئەنجامدانی چالاكی زیاتری ئابوری‌و ئەمەش سەرەنجام بەرزكردنەوەی داهات‌و كوالێتی ژیانی یەك بەیەكی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی داهات‌و پاشەکەوتیان سنوردارە. بۆرسەو کۆمپانیا هاوپشکەکان سەرمایە بچوكەکانیان کۆدەکاتەوەو پڕۆژەی گەورەیان پێئەنجام ئەدات، لەبەرئەوە لەهەموو وڵاتاندا کۆمپانیا گەورە هاوپشکەکان متمانەپێکراوترین کۆمپانیان‌‌و بەكۆڵەكەی ئابوری وڵاتان دادەنرێن، کە دەرگا بەڕووی پێشکەوتن‌و زیادبوونی چالاكی ئابوری‌و بەدیهێنانی هەلی كار‌و بوژانەوەی  بازاڕ‌و كەمكردنەوەی رێژەی هاوردەو زیادكردنی هەناردەدا دەکاتەوە.


کەواتە بۆرسەو کۆمپانیای هاوپشک پێویستییەكی مێژوویین بۆ پێشكەوتنی ئابوری كوردستان، هۆكارێكن بۆ ئەوەی سەرمایەی كەم‌و بچووكی هاوڵاتیان بەگەڕ بخرێت، سەرجەم وڵاتانی جیهان بۆرسەو کۆمپانیای هاوبەشیان هەیه، هەرێمی کوردستان نەبێ، ئێمە زۆر دواكەوتوین لەم بوارەدا.


بۆرسە بەیەكێك لەهۆكارەكانی بەرز كردنەوەی هوشیاری ئابوری‌و بازرگانی دادەنرێت، کە خەڵک بەهۆی بۆرسەوە زیاتر بەدواداچوونی بازارو جۆڵەی سەرمایە ئەكات، لەبەرئەوەی خۆیان بەهاوبەش ئەزانن لەپرۆسەی وەبەرهێنانداو بایەخی خەڵك لەزۆر بوارەوە دەگوازرێتەوە بۆ بوارێک کە كرۆكی ژیانی خەڵكە.


گرنگییەکی دیکەی بۆرسە ئەوەیە کە دەبێتە هۆی بەستنەوەی بازاڕی هه‌رێمی كوردستان به‌بازاڕی جیهانه‌وه‌، زۆر وڵاتی تر هه‌ن له‌هه‌رێم هه‌ژارترن به‌ڵام به‌هۆی بونی بۆرسه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ جیهانیه‌كانیان لەڕووی ئابورییەوە پته‌و كردوه‌. بەهەمانشێوە کاراکردنی بۆرسەی کاغەزە داراییەكان پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان كوردستان‌و وڵاتانی جیهان دروست ئەكات، بەهۆی تۆڕی نێودەولەتی بۆرسەوە پێگەی ئابوری كوردستان لەئاستی ناوچەکەو جیهانیدا بەرز ئەبێتەوە.


لەم روانگەوەیە پێویستە پەلە بكرێت لەکاراکردنی بۆرسەو دروستكردنی كۆمپانیای هاوپشکدا بەجۆرێك کە زۆرترین هاوڵاتی بەشدار بێت، چونكە چەندە هاوڵاتییان زیاتر بەشداری لەبۆرسە بكەن، بەهەمان ئەندازە پارەی خەوێندراوی هاوڵاتیان دەكەوێتە گەڕو قەبارەی كڕین‌و فرۆشتنی پشك‌و بەڵگە داراییەكان بەرزتر ئەبێت، ئەمەش وا دەكات وەبەرهێنەرانی بیانیش هانبدات بەشداربن لەبۆرسەی كوردستان، كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان پێویستییەتی. 


هەربۆیە ئێمە خوازیارین بۆرسە چالاک بکرێ‌و کۆمپانیا هاوپشکەکانیش بكرێنەوەو ببنە هێماو سیمبۆڵی پێشكەوتنی ئابوری كوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×