چیتر ماڵ ژینگەیەکی ئارام نەما

هێمن ئەحمەد
  2021-05-26     654
ڕاستە بە پێی گێڕانەوەی قورئان، یەکەم تاوانی خوێن ڕشتن و کوشتن لە مێژوی مرۆڤایەتیدا،لەناو خێزاندا لە نێوان نەوەکانی ئادەم دا ڕویداوە.ئەویش کوژرانی هابیل بوە بەدەستی قابیلی برای. 
دەتوانین بڵێین ڕوداوە دڵتەزێن و نامرۆڤانەکانی ئەمساڵ،تایبەتیش ئەم دواییانە،لە کوشتن و خنکاندن و سوتاندن و توندوتیژی ناو ماڵ،ئەوە دەردەخەن کە چیتر ناکرێت ماڵەوە وەک ئەو ژینگە ئارام و پارێزراوە سەیر بکرێت کە مرۆڤەکان تێیدا هەست بەئارامی دەرونی و پارێزراویی بکەن.ڕۆژانە دەبیسترێت هاوژینێک هاوژینەکەی،برایەک براکەی یان خوشکەکەی،کوڕێک باوک و دایکی یان بە پێچەوانەوە دەکوژێت.هەمیشە مرۆڤەکان وەک تاکە ژینگەیەکی سەلامەت و ئارام  سەیری ماڵیان کردووە،گەر لە دەرەوەی ماڵ هەستیان بە نیگەرانی و ترس و ماندوێتی کردبێت،هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە بۆ ژینگە پارێزراو و ئارامەکەیان کە ماڵەکەیان بووە.بەڵام پێدەچێت جیتر ئەم تێڕوانینە وەک پێشان ڕاست نەبێت.
ئینگلیز دەڵێت"East or west
home is the best"
واتە؛ماڵ باشترین شوێنە ئیتر گرنگ نیە لە هەر کوێ بێت.یان گرنگ نیە گەشتەکەم چەندێک خۆشی بەخش بێت،تەنها گەڕانەوەم بۆ ماڵ دڵخۆشم دەکات.تەنانەت ئەم گرفتە گەورەیە کۆمەڵگە جیاوازەکان و وڵاتانی تریشی گرتۆتەوە.زۆربەمان بیستمان لەم ڕۆژانەی دوایدا،کە چۆن دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی(بابک خرمدین)زۆر دڕندانە،بەدەستی دایک و باوکی دەکوژرێت و لاشەکەی لەت و پەت دەکرێت.هەرچەند ئەم خۆشەویستیەکی لە ڕادەبەدەری هەبوە بۆیان.بابک بەهۆی بەناوبانگیەوە زوو هەواڵی کوشتنەکەی بڵاو بۆوە و سنوری وڵاتەکەشی تێپەڕاند.زۆرن هاوشێوەی کەیسەکەی بابک خرمدین و ئەم جۆرە تاوانانە،کە ڕۆژانە لێرە و لەوێ لە ماڵەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕودەدەن،بەڵام بە ئاسانی نابیسترێن یان دەنگدانەوەیەکی کەمیان هەیە و ڕاگەیاندنەکانیش گرنگیەکی ئەوتۆی پێنادەن.هەندێک کەیسیش بە مەبەست زوو دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و کپ دەکرێت.لە هەموی سەیرتر ئەوەیە کاتێک چاوپێکەوتن لە گەڵ تاوانباردا دەکرێت،زۆر بێ شەرمانە سەراپا وردەکاری ڕوداوەکە دەگێڕێتەوە و بێ ئەوەی هەستی پەشیمانی دەربڕێت.وەک ئەوەی ئەرک و کارێکی زۆر ڕۆتینی و ڕۆژانەی ئەنجام دابێت.دەبێت چی وای لەم مرۆڤە کردبێت کە هەموو سیفاتەکانی دڕندەی تیا بەرجەستە بووە؟
دەتوانین بڵێین زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و جەنجاڵی و بەرکەوتنی زۆری خەڵک لەگەڵ یەکتر و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و لاوازی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و تەکنەلۆجیاو و شاشەی تیڤیەکان و پەروەردەی ناتەندروستی منداڵان و بێ کاری و بەتاڵیەکی لە ڕادەبەدەر و ناهەمواری و ئاستەنگی ژیان و ناسەقامگیری باری دەرونی و بێباکی دەسەڵات بەرانبەر بە پەروەردە و کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی بە شێوازێکی ناتەندروست،
لەهەرە هۆکارە دیار و بەرچاوەکانی ئەم توندوتیژی و کوشتنانەن.
دەکرێت دەسەڵات و خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگەش خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرانبەر زیادبونی ئەم دیاردە قێزەون و دڕندانەیە و هەوڵی دروستکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دروست و ژینگەیەکی ئارام بۆ خێزانەکان بڕەخسێنن،بە پەروەردەیەکی دروستی منداڵ و زو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە خێزانیەکان و گرنگی دانیش بەلایەنی دەرونی و توێژینەوە لە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان و پاشان هەوڵی باشترکردنی ژیانی تاک و خێزانەکان. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×