داعش بەزۆر مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوای دەكردە موسڵمان

سەرتیپ جەوهەر
  2021-05-27     558

لەسەرەتای كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ و هەندێ ناوچەی دەوروبەریی، گروپی تیرۆرستیی داعش، لەناو خەڵك بانگەوازیان كرد كە هەركەس بچێتەوە سەركاری خۆی و ئەوەیشی وەزیفەی هەیە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كارەكەی. ئەوان پەیوەندیان بەژیانی خەڵكەوە نییە. دوای ماوەیەك و جێگیربونیان لەناوچەكانی كۆنترۆڵیان كردبوون، دەستیانكرد بەجموجۆڵ و جێبەجێكردنی ئەجێنداو بیروباوەڕەكانیان كە وەك خۆیان دەیانگوت؛ جێبەجێكردنی بنەماو شەریعەتی ئیسلام بوو بەسەر خەڵك.
سەبارەت بە مەسیحییەكانی موسڵ، تیرۆرستانی داعش بانگەوازیانكرد كە ئەوان بەپێی شەریعەتی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن و رێز لەئەهلی كیتاب دەگرن و جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.
ئەبو عەلی ئەنباریی كە ناوە راستەقینەكەی (عەبدورەحمان شێخ لارە)و بەڕەچەڵەك خەڵكی تەلەعفەری باكوری موسڵە، موفتی دەوڵەتی ئیسلامیی بوو. سەبارەت بەشێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو گروپە جیاوازەكانی موسڵ وەك مەسیحی و ئیزدیی و شیعەو گروپەكانی دیكە فەتوای داو دەستوریدا كە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
بەپێی ئەو دەستورەی (شێخ لار)ی تیرۆریست دەریكردبوو، لەبەرئەوەی مەسیحییەكان خاوەنی كتێبی ئاسمانین (ئەهلی كیتاب)ن بۆیە دەتوانن لەشوێنی خۆیان بمێننەوەو بەپێی شەریعەتی ئیسلامیی لەبەرامبەر پاراستنی سەرو ماڵیان و بەشداریكردنیان لەجیهاد، پێویستە بڕێك پارە واتە سەرانە یان (جزیە) بدەنە دەوڵەتی ئیسلامیی.
دوو مانگی یەكەمی دوای داگیركردنی موسڵ، بەشێك لە مەسیحییەكانی موسڵ سەرانەیان دایە داعش، واتە جزیەیان دایە داعش لەبەرامبەر مانەوەیان لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام دوای نزیكەی دوو مانگ، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی دەستیانكرد بەفراوانكردنی دەوڵەتەكەیان و ژمارەیەكی زۆر ناوچەیان لەباكورو باشوری موسڵ كۆنترۆڵكرد، بڕیارەكانیان گۆڕی بۆ یان موسڵمان بوون، یان كوشتن!
لەسەرەتای ئابی 2014 دەستیان بەپەلاماردانی دەوروبەری موسڵ كرد، سەرەتا لە 3ی مانگ پەلاماری شنگال و تەلەعفەریان دا كە دەكەونە باكوری موسڵ. دواتر لە 5ی مانگەوە پەلاماری ناوچەكانی خوار موسڵ واتە دەشتی نەینەوا-یاندا.
دەستورو فەتوای دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) لەناوچەكانی شنگال و دەوروبەری لەگەڵ دەشتی نەینەوا جیاواز بوو. سەرەتا لەشنگال و دەوروبەری وتیان هاوشێوەی مەسیحییەكان مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەكان دەكەین، ئەوەیان بۆ ئەوەبوو هێورببنەوەو خەڵكی ناوچەكە رانەكەن و بمێننەوە. دواتر بڕیارەكەیان گۆڕیی و فەرمان و فەتوای تایبەتیان بۆ چارەنوسی ئێزدییەكان دەركرد.
دوای هەفتەیەك لەداگیركردنی ناوچەكانیان، خەڵكی شنگال و ناوچەكانیان لەچەندە شوێنێك كۆدەكردەوەو فەتواو بڕیاری دەوڵەتی ئیسلامییان پێ رادەگەیاندن كە بریتی بوو لە "یان دەبنە موسڵمان، یاخود لەناودەبرێن. ئەگەر ببنە موسڵمان سەروماڵیان پارێزراو دەبێت و دەبنە بەشێك لەدەوڵەتی ئیسلامیی، ئەگەر نەبنە موسڵمان، ئەوا پیاوەكان لەناودەبرێن و ژنەكان دەكرێنە كەنیزەك بۆ ئەمیرو بەرپرسانی موسڵمانان و منداڵەكانیشان دەكرێنە بەندەی لێپرسراوانی دەوڵەتی ئیسلامیی".
لەشنگال و دەوروبەری، واتە ئەو شارۆچكەو كۆمەڵگا ئێزدی نشینانەی دەورەبەری، بەهۆی رەتكردنەوەی موسڵمانبوون لەلایەن كوردانی ئێزدی، كۆمەڵكوژیی و تاوانی ئێجگار گەورە لەسەر دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی كرا! دەیان هەزار هاوڵاتیی كورد (ئێزدی) لەوناوچانە كۆمەڵكوژو زیندەبەچاڵ كران. هەزاران كچ و ژن بۆ ئەمیرو لێپرسراوانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی وەك خۆیان دەیانگوت بەپێی شەریعەتی ئیسلام، بەكەنیزەك كران! تاوانی ئێجگار گەورەی دژ بەمرۆڤایەتی لەوێ‌ كرا. دوای رزگاركردنی ناوچەكان، دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرانەوە! تائێستاش سەدان كچ و ژن و منداڵی ئێزدی سۆراخیان نییەو سەروشوێنیان دیارنییە.
سەبارەت بە مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا، كاتێك گروپی داعش دەستیانكرد بە پەلاماردانی ناوچەكانیان، زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكان بەوانەیشی پێشتر واتە ئەوانەی لەسەرەتای مانگی 6ی 2014 لەناو شاری موسڵ ئاوارەی دەشتی نەینەوا ببوون و لای خزم و كەسیان بوون. وەك باشیك، بەرتلە، قەرەقۆش، تەلەسقۆف..تد بەرەو ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان رایانكرد. كە هاتنە هەرێمی كوردستان، زۆرترینیان هاتنە هەولێرو لەشارۆچكەی عینكاوە كە زۆربەی دانیشتوانەكەی مەسیحین نیشتەجێكران، ئەوانی دیكەش بەرەو شاری دهۆك و ناوچە جیاوازەكان رایانكرد.
لەترسی مەرگەسات، دەیان هەزار مەسیحی روویان لەهەرێمی كوردستان كرد. بەهۆی نەبوونی شوێنی مانەوەو بارودۆخی لەناكاو، زۆربەیان لەشوێنە گشتییەكانی وەك فەرمانگەكانی حكومەت و كڵێساو رێكخراو باڵەخانە تەواونەكراوەكان نیشتەجێكران. بارودۆخێكی زۆر نالەبارو خراپ رووی لەكوردستان و ناوچەكە كرد. سەرەتای ئەو مەرگەساتە، حكومەت و خەڵك و حزبە سیاسیەكانی كوردستان جیاوازیی بیركردنەوەو ناكۆكییەكانیان وەلانا، بەیەكەوە هاوكاریان پێشكەشی ئاوارەو لێقەوماوانی ئێزدی و مەسیحیی و كوردانی دەوروبەری موسڵ و ناوچەكانی دیكە كرد.
لەسەرەتای مانگی ئاب، واتە لە5ی ئاب تیرۆرستانی داعش روویان لەدەشتی نەینەوا كرد، زۆرینەی دانیشتوانەكانیان، ناوچەكانیان بەجێهێشت. ژمارەیەكی زۆر خێزانی مەسیحیی خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی ئەو دەشتە مانەوە، بەشێكیان فریای راكردن نەكەوتن و بەشێكیشیان ناوچەكانیان جێنەهێشت پێیانوابوو دەتوانن بمێننەوە! خۆیان رادەستی قەدەر كرد.
لەدرێژەی بەدواداچوون و بینینی خەڵكێكی زۆری مەسیحیی، توانیم ژمارەیەك لەوانە بدوێنم كە مابوونەوەو شایەتی دۆخی دوای هاتنی داعش بوون. هەریەكەیان چیرۆكێكی تایبەت و رووداوی جیاوازی بینیبوو.
خالد سەمعان كونا هاوڵاتییەكی خەڵكی بەرتلە بوو، تەمەنی 30 ساڵ بوو كاتێك داعش موسڵی داگیركرد. وتی رۆژی 8ی ئابی 2014 ئێمە لەسەر بان خەوتبووین، بەیانی هەستاین دەبینین شارەكە بەتەواوی بێدەنگەو كەسی لێ‌ نەماوە. تێگەیشتین كە داعش ناوچەكەی داگیركردووە بێ‌ ئەوەی تەقەیەك بكەن! بەپەلە لەگەڵ دایك و باوك و دوو براكەی خۆیان ئامادەكردو بەرەو هەولێر هاتوون، بەڵام لەڕێگە لەلایەن چەند چەكدارێكی داعش رێگریان لێكراوەو پێیان وتون بگەڕێنەوە ماڵەوە.
خالید وتی كاتێك گەڕاینەوە ماڵەوە ماڵەوە ئەمجارە لەلایەن چەند چەكدارێكی دیكەوە كە دوانیان لەوە دەچوو ئەفغانی بن بردراین بۆ بازگەی بەرتلە. بینیمان ژمارەیەك خێزانی دیكەی مەسیحی لەوێ‌ گلدرابونەوە كە دووانمان لێ‌ دەناسین.
وتی چەكدارەكان لەژێر هەڕەشەی توند داوایان لەخێزانەكان كرد ببنە موسڵمان و دەستبەرداری ئاینی مەسیحیی بن. ئەو رونیكردەوە كە زۆربەی ئەو مەسیحیانەی ئاینی خۆیان گۆڕی لەژێر هەڕەشەی كوشتن رازیبوون ببنە موسڵمان. وتی لەو شوێنەی ئێمەیان بۆ گواستەوە لەبەردەم مەلایەكی موسڵمان كە پێدەچوو خەڵكی ناوچەكە بێت داوایان لەخەڵكەكە كرد بەیەكەوە شایەتمان بێنین. هەر لەوێ‌ ئەوانەی موسڵمانبوونی خۆیان راگەیاند ئەوانە ئازادكران و رێگەی گەڕانەوەیان دان بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەوانەی ئامادەنەبوون ببنە موسڵمان لەوێ‌ مانەوە.
بەقسەی ئەو خالید بەشێك لەوانەی كەلەلایەن داعشەوە دەستگیركران و ئامادەنەبوون ئاینی خۆیان بگۆڕن شوێنبزر كران و تائێستا شوێنەوارو سۆراخیان نییە!
بەقسەی ئەم شایەتحاڵە، دوای گەڕانەوەی خێزانەكان بەچەند رۆژێك. چەكدارانی داعش سەردانی خێزانەكانیان كردو داوایانكرد ئەوەی دەتوانێت چەك هەڵگرێت بێتە ریزی چەكدارانی داعش وەك واجبێكی ئاینیی و جیهاد كردن.
بەقسەی ئەوكەسە، ئەوان نزیكەی مانگێك لەژیانێكی زۆر خراپ لە بەرتلە مانەوە. دواتر لەڕێی كەسێكەوە بەناوی رەبیع مەنۆ كە ئەویش مەسیحی بوو، توانیان بەپارە بچنە موسڵ و لەوێشەوە بەقاچاخ بەرەو كەركوك و دواتر چوونەتە هەولێرو لەوێ‌ نیشتەجێ بوون.
ئەبو یەشوع بەرسوم هاوڵاتییەكی دیكەی مەسیحی بوو كە ماوەیەكی درێژ لەبەندیخانەی داعش مابۆوەو لەژێر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی ناچاریانكردبوو ببێتە موسڵمان.
بەقسەی شایەتحاڵەكان، ئەوانەی موسڵمانبوون هەندێكیان دەیانبردنە دادگای شەرعیی و لەبەردەم حاكمی داعش موسڵمانبونی خۆیان رادەگەیاندو هەندێكیشیان كە دەیانبردنە بارەگاو حەشارگەكانی داعش و لەبەردەم ئەمیرو لێپرسراوانی داعش موسڵمانبوونی خۆیان رادەگەیاند.
ئەبو یەشوع وتی بەرەبەیانی 7ی ئابی 2014 دەنگی هەندێك تەقەمان بیست لەناو قەرەقۆش، چەكدارانی داعش بەچەند ئۆتۆمبێلێك بەناو شاردا دەسوڕانەوەو تەقەیان بەئاسمانەوە دەنا، هێزەكانی لەو ناوچانە بوون رۆیشتبوون و هیچ بەرگرییەكیان نەكرد.
ئەو وتی رۆژانی سەرەتا چەكدارانی داعش لەناو قەرەقۆش هیچ قسەیەكیان لەگەڵ ئەو كەسانە نەدەكرد كە مابوونەوەو رایاننەكردبوو، بەڵكو دەیانویست بزانن كێ‌ ماوەو كێ رۆیشتووە. دواتر كەوتنە گیانی خەڵك و دەستیانكرد بەئازاردانی دانیشتوانی ناوچەكان.
بەقسەی ئەبو یەشوع كە تەمەنی 58 ساڵێك بوو، ئەو لەگەڵ خێزانەكەی 10 رۆژێك لەلایەن چەكدارانی داعش لەماڵێك لەنزیك نەخۆشخانەی گشتیی قەرەقۆش بەندكرابوون. دوای فشارێكی زۆری دەروونیی و ئەشكەنجەدان، لەترسی لەدەستدانی خێزانەكەی ناچار موسڵمانبونی خۆی راگەیاندبوو. لەماوەی بەندكردنی چەكدارانی داعش پەلاماری خێزانەكەیاندا بوو، ئەو دیمەنە زۆر كاریگەری خراپی لەسەر دروستكردبوو.
بەهنان ئیبراهیم مەتی یەكێكی دیكە بوو لەو گەنجانەی رۆژی 8ی ئابی 2014 لە بەرتلە مابۆوەو چۆنیەتی هاتنی داعشی بینیبوو. بەهنان خۆی و دایكی مابوونەوە. دوای چەند رۆژێك لەلایەن چەكدارانی داعش دەستگیركرابوو، لەژێر فشارو ئەشكەنجە، خۆی و دایكی ناچاركرابوون ئاینی خۆیان بگۆڕن.
ئەوكاتەی داعش هاتبوو بەهنان تەمەنی 15 ساڵێك بوو، وتی ئێمە ناچار بەگۆڕینی ئاینەكەمان كراین. خراپتر لەوە ناچاركراین بەشداری لە خولی فێربوونی ئاینی ئیسلام بكەین و هەموو خواستەكانیان جێبەجێ بكەین. وتی ئەوانەی مابوونەوە، زۆربەیان لەژێر فشاری ئەشكەنجەدان و هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی ناچار بەموسڵمانبوون كران. وتیشی ژمارەیەك لەگەنجانی مەسیحیی كە ناچار بەگۆڕینی ئاینەكەیان كرابوون، چەكداركران و بردرانە موسڵ بۆ ئەوەی دوای تەواوكردنی خولی فێربوونی ئاینی ئیسلام، بیانبەنە بەرەكانی شەڕكردن لەخزمەت گروپی تیرۆرستی داعش.
بەپێی قسەی شایەتحاڵەكانی بەرتلەو حەمدانیە، رۆژانی یەكەم چەكدارانی داعش قسەیان لەگەڵ خەڵك نەكردبوو، بەڵام دوای چەند رۆژێك ئەو خێزانانەی مابوونەوە بەدویاندا دەچوون و دەیانهێنانە بارەگاكانی خۆیان و بڕیاری دەوڵەتی ئیسلامیی-یان پێ رادەگەیاندن كە ئەویش یان موسڵمان بن یاخود جزیە بدەن! هەندێك لەوانە كە ژن و منداڵیان لەگەڵ بووە هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی و كاری خراپیان لەگەڵ كراوە، بۆیە ناچاربوون موسڵمانبوونی خۆیان رابگەینن. دوای ماوەیەكی كورت هەموو ئاكارو فەریزەو و سوننەتی ئیاینی ئیسلامیان بەزۆر بەسەردا جێبەجێكراوە. بۆنمونە ریشدانان، سونەتكردنی پیاوان، باڵاپۆشكردنی ژنان..تد جگە لەناچاركردنیان بەموسڵمانبوون، ناچاریان كردن ناوی خۆیان لەناوی كلدۆ ئاشور سریانەوە بگۆڕن بۆ ناوی ئیسلامیی. بۆنمونە ناوەكانی (ئیسحاق، مەتی، یەشوع، تۆما، تونی..تد) بۆ ناوی ئیسلامیی وەكو (محەمەد، عەبدوڵلا، سەعد، بیلال، عوسمان، ئەبوبكر، علی، ابو علی..تد).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×