هۆشمەندیی شێواوی کوردان، لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییان

ئالان م. نوری
  2021-05-28     988
پاش‌11 رۆژ لە سووڕێکی نوێێ  مووشەکبارانی فەلەستیینییەکان و بۆردومانی ئاسمانی و زەمینیی  ئیسرائیلییەکان بۆ کەرتی غەززەی فەلەستین و بە فشارێکی نێودەوڵەتی و بە ئاگربەستێکی دوو لایەنە و بێ مەرج، توانرا رۆژی  هەینی 5/21 شەڕ رابگیرێت. لەو ماوەیەدا، خولەک بە خولەک، لە میدیاکاندا کاری وەحشیگەریی بۆردومان و بۆردومانی سەد ئەوەندە بەرامبەری خەڵکی سیڤیل لە هەردوولاوە نمایش کرا.  کوردانیش لە سۆسیال میدیای کوردیدا لەو کاتەوە بە ئایدیۆلۆژیای جیاجیای دژە فەلەستین و دژە ئیسرائیل یەکتر بۆردومان دەکەن و تا نووسینی ئەم بابەتەش ئەو مووشەکبارانە مەعنەوییە بەردەوامە.
لە لایەکەوە بەناوی ڤێرژنێک لە کوردایەتییەوە پیمان دەگوترێت: "عەرەب چیی بۆ کورد کردووە تا ئێمە خەم بۆ منداڵانی غەززە بخۆین؟" یان "فڵانی پێشمەرگەی کورد چوو لە فەلەستین شەڕی کرد، کەچی فەلەستینییەکان وەفایان بۆ کورد نەبوو!” یان "کاتێک عەرەب بێدەنگ بوون لە ئاستی قەتل و عامی کورد، ئیسرائیل لەسەرمان هاتە وەڵام"….تاد.
ڤێرژێکی دیکەش لە رێگەی دوانەی دێمۆکراسی/ستەمکاری و پێشکەوتن/دواکەوتن و لیبرالیزم/هەژموونی رێگرییەکانی ئایین، پیمان دەڵێت کە ئیسرائیل، هەموو ئیسرائیل، دێمۆکراسی و پێشکەوتوو و لیبراڵە و فەلەستینییەکان و عەرەبیش، هەموو فەلەستینییەکان و عەرەب، ستەمکار و دواکەوتوو و ملکەچی هەژموونە کۆمەڵخنکێنەکانی ئایینن.
لە بەرامبەر بەمەش ئیسلامی سیاسی پێمان دەڵێت: “ئەمە شەڕی موسوڵمانانە بۆ رزگار کردنی قودسی اولی القبلتین و ثالث الحرمین" یان "پاکتاوکردنی خاکی پیرۆزی موسوڵمانان لە یەهود و کافران ئەرکی موسوڵمانی کوردی ئەمڕۆیە، وەک چۆن ئەرکی صەڵاحەددینی باپیرەگەورەمان بوو"...تاد. بەو پێیەش هەوڵ دەدات  بۆ بە موقەددەس و بە ئاینی کردنی کێشەی فەلەستین-ئیسرائیل.
بە داخەوە، نەوەی کوردانی پێگەیشتووی دوای کۆتایی سەدەی بیست دابڕاون لە مێژووی 80 ساڵەی ئەم کێشەیە. لەبەر ئەوە بە ئاسانی هۆشمەندییان شێواوە و خۆیان لە یەکێک لەو دوو بەرەیەدا دەبیننەوە.
پێش ئەوەی هەوڵی شیکاریی مێژووی سەرهەڵدانی رووداوەکان و جیهانبینییە جیاجیاکان بدەین، دەبێت بەشی ئەوەندە هۆشیار بین کە ببینین دوای ئەم چەند رۆژە لە دۆزەخی کوشتار، لایەنەکانی شەڕ چ ئامانجێکیان هەبوو و چییان بە سەرکەوتن دادەنا و چییان بەدەستهێنا؟
نەتانیاهۆ پشیلە حەوت رۆحەکە!
(بێنیامین نەتانیاهۆ) سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیلە. واتە دوای دوا هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیلدا، سەرەڕای ئەوەی حیزبەکەی زۆرینەی نیسبیی بەدەستهێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی حیزبە سیاسییەکانی ئیسرائیل متمانەیان پێی نییە و نەیانویست لەگەڵی بچنە حکومەتەوە، لە ماوەی دەستووریی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی کابینەی وەزاری و سەرۆکی وڵات نەیارێکی ئەوی دەستنیشان کرد بۆ هەوڵی دروستکردنی حکومەت.
نەتانیاهۆ پێویستی بەوەیە لە دەسەڵاتی سیاسی دوور نەبێت چونکە دۆسێیەکی گەورەی گەندەڵیی هەیە و ئێستە لەژێر لێکۆڵینەوەی یاساییە کە ئەگەر بتوانرێت بسەلمێنرێت، ئەوا وەکو ئەیهود ئۆلمەرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و هاوجیهانبینیی خۆی، دەبێتە میوانی بەندیخانە.
وەلانانی نەتانیاهۆ، دەکرێت ببێتە سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنی وەلانانی دەسەڵاتی راستڕەوە کۆلۆنیالیستە دەمارگیرەکانی ئیسرائیل و تەنانەت هیوابەخشی ئەوەیە کە عەرەبەکانی ناو لیستی هاوپەیمانی دێمۆکراسیی عەرەب-ئیسرائیلی، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئیسرائیلدا، لە حکومەتدا بەشدار بن.
 بەڵام لەو ساتەوە کە بزوتنەوەی حەماس بڕیاریدا لە پێناوی "رزگارکردن"ی قودس، ریزێک مووشەک بکێشێت بە قودسدا!!! ژیاێکی نوێ کرایەوە بە بەری نەتانیاهۆدا، بەوەی کە بە بۆنەی مووشەکبارانەکەوە، خولێکی نوێی جەنگ دەست پێبکات بە هیوای ئەوەی بە ناوی پتەوکردنی بەرەی ناوخۆییەوە هەموو ئەو راستڕەوانەی کە قێزیان لێی دەکردەوە ناچار بکات لە پشتیەوە رابوەستن و نەهێڵن بەبێ سەرکۆکایەتی ئەو حکومەت پێک بێت. بەمەش لە چواردیواری بەندیخانە و بیرچوونەوەی سیاسی خۆی بەدوور بگرێت.
هەواڵەکان وا رادەگەیەنن کە تا ئێستا، ئەمە بۆ نەتانیاهۆ چۆتەسەر. بەڵام لەگەڵ‌ناچاربوون بە راگرتنی شەڕ رەنگە نەخشەی سیاسیی ئیسرائیل بە دژی خواستی ئەو بگۆڕێت. جیهانیش شوێنێکی باشترە گەر ئەم شەڕە کۆتایی بە ژیانی سیاسیی نەتانیاهۆ بێنێت.
بازرگانیی مەرگ لە ناو دەریایەکی بێکاریدا
هەروەک ئەزموونی ئیسلامییەکانی جەزائیر و ئیخوانی میسر، بزوتنەوەی حەماس لە پێگەی سوودمەند بوونەوە لە پرۆسەیەکی سیاسی بێ ئەوەی پابەند بێت بە رێساکانی، ساڵی 2005 لە هەڵبژاردنەکانی دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی غەززە و جوگرافیایەکی پچڕ پچڕی بەری رۆژئاوادا زۆرینەی دەسەڵاتی یاسادانانی بەدەست هێنا و بەو پێیە دەبوا ببوایە بە حموکڕانی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی ئۆسلۆدا کە ئیسرائیل تەرەفی دووەمی بوو.
زۆر خێرا باری سیاسیی ناوچەکانی ژێر نیمچە دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە دەبوا حەماسی تا سەر ئێسقان بڕوا نەکردوو بە ئیمکانی ئاشتی، لەگەڵ‌ئیسرائیلدا، بەڕێوەی بەرێت، دووچاری فشار و گەمارۆیەکی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی بوو کە لە ئاکامدا لە ساڵی 2007 شەڕی ناوخۆی فەتح و حەماسی لێکەوتەوە و حەماس فەتحی دەرپەڕاند لە غەززە و فەتحیش حەماسی لە بەری خۆرئاوای روباری ئوردون دەرکرد. لە 2007 ەوە تا ئەمڕۆ هەموو دەزگاکانی "دەسەڵات" لە کەرتی غەززە بە شیوەیەکی تاکڕەوانە لەلایەن حەماس ەوە قۆرغ کراوە.
کەرتی غەززە، کە چڕترین رێژەی دانیشتوانی تێدایە لە هەموو دونیادا، سێ نەوەی جیاوازی شەپۆلی ئاوارەبوونی تێدا نیشتەجێیە. گەمارۆیەکی توندی ئیسرائیل و میسر کردوویەتی بە بەندیخانەیەکی گەورە. بەهۆی عەقیدەی سیاسیی حەماسەوە بۆتە سەربازگەی هەموو ئەو رێکخراوانەی دیکە کە وەک حەماس هێشتا بە جیهانبینیی "جوولەکەکان فڕی دەدەینە دەریاوە و فەلەستین ،هەموو فەلەستین، رزگار دەکەین" کار دەکەن. حەماس و هاوبیرەکانی لە جیهانی ئەمڕۆدا هەڕەشە لە جوولەکە، هەموو جوولەکە، دەکەن کە (خەیبەر)تان بیر بێت و سوپای موحەممەد وا دەگەڕێتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ شەڕی خەیبەر کە لە ساڵی 7 هیجری دا سوپای موسوڵمانان قەڵاکانی خەیبەری جوولەکەنشین دەگرن و بەپێی نەریتی باوی ئەو سەردەمە ژن و منداڵی شەڕکەرانی جوولەکە بە کۆیلە دەگرن و یەکێک لە کۆیلەکان دەبێت بە خێزانی پێغەمبەر کە مارەییەکەی بریتی دەبێت لە ئازاد کردنی. حەماسیش دەیەوێت بە ئیسرائیل و هەموو جوولەکەکانی دونیا بڵێت چاوەڕوانی خەیبەرێکی دیکە بن. بێگومان ئاشکرایە کە ئەو جۆرە لە جیهانبینی ناتوانێت چاوەڕوانی ئەوە بێت کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک شەریکێک لە هیچ‌پرۆسەیەکی نێودەوڵەتیدا بۆ بەدیهێنانی مافەکانی فەلەستینییەکان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بەشدارپێبکات.
حەماس لە 13 ساڵی دەسەڵاتی تاکلایەنەی لە غەززەدا، لە بارودۆخێکی زۆر دژواری گەمارۆی ئابووریدا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە ئیدارەی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دانیشتوانی قەرەباڵغترین ناوچەی دونیا بکات. بەشی هەرە زۆری ئابووری و بژێوی خەڵکی غەززە بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەچێت بەڕێوە. ئەو پارانەش کە حەماس و رێکخراوە هاوشیوەکانی لە لایەن گەلێک وڵات و دەزگای سیاسیی جیهانەوە پێیان دەگات، بۆ دروستکردن و مۆڵدانی مووشەک و درووستکردنی تۆڕی ژێر زەمینی مووشەک، نەک درووستکردنی حەشارگەی مەدەنی بۆ خۆپارێزیی هاووڵاتییان لە بۆردومانی وەحشیی ئیسرائیل، بەکاردەهێنن.
لەم شەڕە نوێەدا سەرەڕای پەرەسەندنی بەرچاوی توانا سەربازییەکانی حەماس و هاوشێوەکانی ، هاوڵاتیانی غەززە وەکو هەموو جارێک پەنیان بردە بەر قوتابخانەکانی دەزگای فریاگوزاریی نێودەوڵەتی، چونکە شوێنی دیکە نییە پەنای بۆ بەرن. هەروەها وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان ئاکامی قۆرغکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە زۆنی سەوزستان و زەردستان دەبینین، لە غەززەی حەماسستانیشدا، هەروەک فەتح لە فەتحستان، زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکان قۆرغکراوە لەلایەن حەماس و بازرگانانی خێزانە دەسەڵاتدارەکانی حەماسەوە...ئاکامەکەشی بە زەقی لە هەموو جەولەیەکی نوێی شەڕدا دەبینین کە هاووڵاتیانی غەززە یەکێکن لە نەخۆشترین، هەژارترین، بێکارترین، بێ هیواترین لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەمەدا لە حەماس تاوانبارتر هەڵوێستی وەحشیگەریی ئیسرائیلە، بەڵام لە رووی ئیدارەدانی غەززەوە، حەماس هیچ کات ناچار نەبووە مشووری چاککردنی حاڵی هاووڵاتیان بخوات، چونکە تا کڵۆڵتر بن تاکە رێگەی بژێوییان هەر حەماس و دەزگا سەربازییەکانی حەماس ە، و لە ئاسۆشدا هیچ دێمۆکراسییەک و هەڵبژاردنی راستەقینە لە ئارادا نییە تا هاووڵاتییان بتوانن رایان بەرامبەر ئیدارەی حەماس دەربڕن. کەواتە تاکە رێگەی بژێوی بۆ نزیکەی نیوەی هێزی کار کە بێکارن لە غەززەدا، پیشەسازی مەرگە و تاکە رێگەش بۆ لە بیرنەچوونەوەی سیاسیی لەلای حەماس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەر مووشەکەکانێتی. بێگومان پاش ئەم کاولکارییەی کە ئیسرائیل کردی پارەیەکی زۆری خێرخوازان بەرەو غەززە دەچیت، ئەوەی راستەوخۆ دەگات بە حەماس بۆ مووشەکە و ئەوەی بۆ ئاوەدانکردنەوە دەچیت هەر بۆ کۆمپانیاکانی حەماس دەبێت بە خێر… لەبەر ئەوە بیرکردنەوەی زاڵی سەرکردایەتیی حەماس، وەک چۆن لە ماوەی 13 ساڵی دەسەڵاتیاندا بریتی بووە لە  هەر چەند ساڵێک ریزێک مووشەک و "گرتی حەج . نەیگرت، هەر ئەوەم یاری" ئەوا لەمەودواش هەر وا دەبێت.
بەڵام، لەگەڵ راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان، حەماس ناچارە بگەڕێتەوە سەر ئەرزی ئەو واقیعەی پێی دەڵێت لە دەرەوەی بازرگانیی مەرگ، ئایدیا و بیروبۆچوونی ئێستای بەکەڵکی دەوڵەتداری نایەت و لە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بازرگانی مەرگ بەولاوە چ پێناسەیەکی دیکەی نییە.
بە کورتی و کوردی نەتانیاهۆ و حەماس خۆیان بە سوودمەندی سەرەکی  لە جەنگی وەحشیگەرانەی کوشتاری خەڵکی مەدەنی دەبینن و هەر لەرێی کوشتار و کاولکارییەوە چاوەڕیی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بوون. بەڵام پێناچیت ئەوی چاوەڕوانی بوون بەدەستی بێنن.
جا ئەمە بە ئێمەی کورد چی؟
پرسیاری بەردەم کوردان ئەوەیە ئەم دوو هەفتەیە بە ئیمە چی؟ پاشەڕۆژی منداڵانی فەلەستین و ئیسرائیلییەکان،بە ئێمە چی؟
ئەکێک لەو دەنگانەی کە دەربڕیکی راستگۆی شێواویی هۆشمەندیی ئینسانی کورد بوو ئەو بەڕێزە بوو کە لە لاپەڕەکانی سۆسیاڵ میدیادا رایگەیاند ئەو وەکو کوردێک فرمێسکی پێ نەماوە بیڕێژێت بۆ فەلەستینییەکان. مەبەستیشی ئەوەبوو کە باڵای ئازار و خەمەکانی کورد زۆر لە باڵای ئازار و خەمەکانی فەلەستینییەکان بەرزترە. هەروەها فەلەستینییەکانی کە ئەو ناسیونی و مامڵەی لەگەڵ‌کردوون باڵای خەمەکان و ئازارەکانی کوردیان نەبینیوە و نکۆڵییان لێکردووە، بۆیە ئەویش لە پەرچەکرداری ئەوەدا فرمێسکی پێنەماوە بۆ ئەوان بیڕێژێت.
دەمەوێت لە خاڵی سەرەتای رێزگرتنەوە لەو هەستە دەست پێبکەم و باسی ئازار و خەمەکانی فەلەستینییان بۆ کوردێکی دڵشکاو نەکەم. واتە گریمان لە روانگەی هاوسۆزیی ئینسانییەوە، لەبەر هەر هۆیەک بێت، فرمێسکمان پێ نەماوە بۆ فەلەستینییەکانی بڕژین...ئەوجا با بپرسین بە ئێمەی کورد چی؟ بۆ دەبێت خەمی فەلەستینییان بخۆین؟ لەم ململانێ 80 ساڵەیەدا، بەرژەوەندیی ئێمە وەک ئینسانی کورد، بەدەر لە داوای هاوسۆزیی ئینسانی لێمان، چییە؟ جگە لەوە، کوا ئەو هاوسۆزییە نێودوڵەتییە بۆ ئێمەی کورد؟ مەگەر دۆزی ئێمە و فەلەستینییان لە ناوەڕۆکدا وەک یەک نییە؟
کێشەی جیهانبینیمان:‌گەشتێکی خێرا بە مێژوودا
زۆر بە داخەوە شێوازی تێگەیشتنی کوردان، تەنانەت نوخبەی سیاسسیشیان، لە تێڕوانینی جیهانی بۆ کێشەکەیان، تێگەیشتنێکە کە لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم و ساڵانی دوای ئەو جەنگەوە چەقی خواردووە. هێشتا کوردان بە شێوازێک جیهان دەبینن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتەکان کە تێیدا نەخشەی سنووری وڵاتان تەنها ئیسراحەتێکی کاتی بوو و لە هەر ئان و ساتێکی لواودا، ئەو نەخشەیە هەڵدەوشێنرا و سەرلەنوێ دەکێشرایەوە.
لە دەرەوەی ئەو زەمەنە چەقبەستووەی کوردان، زەمنی راستەقینە نەوەستا. جیهان سەرهەڵدانی فاشیزم و جەنگێکی جیهانیی دوەەمی گەلێک ترسناکتری بەخۆوە دی. بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەموو مرۆڤایەتیی لەو حەقیقەتە گەیاند، کە  گەر جەنگی جیهایی سێیەم رووبدات، ئەوا ئاستی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای جەنگ هەموو گۆی زەمین دەخاتە مەترسیی تەفروتوونابوونەوە. زلهێزە براوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم ناچار بوون سیستەمێکی جیهانی دابڕێژن کە چانسی بەریەککەوتن و شەڕ لە نێوانیاندا کەم بکاتەوە. ئەمەش لە سەروو هەمووەوە بریتی بوو لە چەسپاندنی سنوورە نێودوڵەتییەکان و وەلانانی داگیرکاریی کۆلۆنیالیی راستەوخۆ لە لایەن هەموو بەشداربووانی سیستەمە نوێیەکەوە. هەر بەو پێیە، گۆڕینی سنوورەکان لە دونیادا بووە پرۆسەیەک کە تەنها لە ناو خودی وڵاتاندا بێتە دی و ئەویش لە حاڵەتی دەگمەنی تەوافقی هەموو یان زۆرینەی زلهێزەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لەسەری.
دابەشبوونی کوردان بەسەر وڵاتانی تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق و هەندێکیش لە سۆڤێتی جاراندا رووداوی زەمەنی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە و لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بە سنووری چەسپاوی ئەم وڵاتانە چەسپێندرا. ئەمە بەو مانایەی کە، بەدەر لە خواستی کوردان، خەباتی سیاسی و دێمۆکراسییان، تەنانەت هیوای سەربەخۆییشیان، بەندە بە بەشدارییان لە بەدیهێنانی دێمۆکراسی بۆ مەرکەزی ئەو وڵاتانەی پێوەی لکێنراون.
بەڵام فەلەستین تا سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەم یەک نیشتمانی ژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانی بوو. لە ئەنجامی سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەوروپا سەدان هەزار جوولەکەی ئەوروپای رۆژهەڵات لە ماڵ و ژیان و گوزەرانیان هەڵکەنران و بە یاریدەی بزوتنەوەی زایۆنیستی لە گەشتێکی دەریایی پڕ لە ناسۆری رەوانەی کەنارەکانی فەلەستین دەکران. سەرەڕای ئەوەی ئەمە لانی کەم سێیەمین لێشاوی دەرپەڕاندنی جوولەکەی ئەوروپایە بەرەو ناوچە ئیسلامییەکانی دونیا، بەڵام ئەم جارە بە هیوا و پەیمانی دروستکردنی دەوڵەتێکی نیشتمانی بۆ جوولەکە گەیشتنە فەلەستین. لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی سێقۆڵیی نێوان دانیشتوانی  فەلەستین و جوولەکە پەنابەرە هاوردەکان و دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانی لەگەڵ یەکتردا، کە تا دوای جەنگی جیهانیی دووەمی خایاند، بەریتانیا رووی کردە نەتەوە یەکگرتووەکانی تازە دامەزراو و داوای کرد کە ئەوان چۆنێتی کۆتایی هێنان بە ئینتیداب بنەخشێنن. ئەوانیش دوای سەرنەکەوتنی پرۆژەی "یەک دەوڵەت بۆ دوو گەل" و "ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ جوولەکە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی فەلەستینیدا" لەبەر ناڕەزایی جوولەکە و فەلەستینییەکان، بڕیاریان دا دوو دەوڵەت دروست بکرێت، یەکێکیان ئیسرائیل و ئەوەی دی فەلەستین کە قودسیش بەشێک بوو لە دەوڵەتە فەلەستینییەکە. ئیسرائیل دامەزرێنرا و راگەیەنرا و ئیعترافی جیهانیی وەدەستهێنا، بەڵام دەوڵەتی فەلەستین تەنها چەند مانگێک عومری بوو و وڵاتە عەرەبییەکان پەلاماری ئەوان و ئیسرائیلیان دا و یەکەمین شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل هەڵگیرسا.
پادشای ئوردون سەر بە بنەماڵەی ئەشرافی هاشمییەکان بوو. پێش ئەوەی وەهابییە سعودییەکان مەککە و مەدینەیان لێ بسەنن، ئەو دوو شارە موقددەسەی ئیسلامیان لە ژێر دەستدا بوو. کاتێک لەگەڵ‌ بەریتانیا رێککەوتن شۆڕش لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بکەن و بەریتانیا دەوڵەتیان بۆ دروست بکات، لە خەیاڵیاندا نەبوو کە هەر بەریتانیا رێگە بە هاوپەیمانە وەهابییەکانی دەدات مەککە و مەدینەیان لە چینگ دەربێنن، هەر بۆیە کە دەرفەتیان بۆ رەخسا بە ناوی رزگارکرن، پەلاماری ناوچە فەلەستینییەکانینان دا و کەناری رۆژئاوای روباری ئوردونیان داگیر کرد و دەسەڵاتیان بەسەر شاری قودس دا سەپاند. بەناوی کۆنگرەی خەڵکی کەناری رۆژئاوا لە ساڵی 1950 ەوە ئەو بەشەی فەلەستینیان لکاند بە ئوردونەوە.
داگیرکردنی ئیسرائیل بۆ قودسی مێژوویی، کە پێی دەگوترێت رۆژهەڵاتی قودس، لە ئەکامی شەڕی سێیەمی نێوان وڵاتە عەرەبەکان و ئیسرائیل رووی دا. کە ساڵی 1967 بوو. "دەستکەوت"ی ئیسرائیل لەو شەڕەدا، جگە لە قودس،هەموو ئەو جوگرافیایەی کە بەپێی بڕیاری دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل ناونرا فەلەستین، لەگەڵ‌ جوگرافیایەکی فراوانی نوێی وڵاتە عەرەبییەکان بوو. لە 1967 ەوە تا ئەمڕۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەموو زلهێزەکانی نێو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، کەناری رۆژئاوا (بە قودس ەوە) و کەرتی غەززە بە خاکی داگیرکراو دادەنێن و بەو شوێنەی دەناسن کە بەپێێ بڕیارەکەی ساڵی 1948 پێی دەگوترێت فەلەستین. هەرچی بەشەکەی دیکەی فەلەستینی مێژووییە بە ئیسرائیل دەناسن. بەو پێیەش، هەموو یەکە نیشتەجێییەکانی ئیسرائیل کە دوای 1967 لە ناوچە داگیرکراوەکان دروستی کردوون،  بە ئیستیعماری کۆلۆنیالیستی دادەنێن و گوتاری ئیسرائیلی رەت دەکەنەوە کە گوایە ئەو یەکە نیشتەجێییانە بە ئیسرائیل و ناوچە فەلەستینییەکانی دیکە (کە زۆری نەماوەتەوە) تەنها ئەوانە بە ناوچەی داگیرکراو دەناسێت.
فەلەستینییانی نێو ئیسرائیل کە ئێستە زیاد لە 20% ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەن، سەرەڕای سووکایەتی پێکردنی وڵاتە عەرەبییەکان و هاندانیان بۆ چوونە دەرەوە لە ئیسرائیل و سەرەڕای فشاری دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەریان، لە پێناوی مانەوەیان لە زێدی باوباپیریان، بە پێی خۆیان چوون بۆ داواکردنی جنسییەی ئیسرائیلی و بە یاریدە و گرتنەخۆی بزوتنەوەی چەپی ئیسرائیل خەباتیان لە پێناوی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بەردەوام کرد. گەلێک لەو ناوە ناسراوانەی کولتووری رۆشنبیریی فەلەستینی کە کوردان دەیانناسن ئیسرائیلین و هەڵقوڵاوی خەباتی رۆژانەی ئەو کۆمەڵگایەن، هەر لە تۆفیق زیاد و ئیمیل تۆما و ئیمیل حەبیبی ەوە تا مەحموود دەرویش و سەمیح القاسم...تاد.
واتە دوو فەلەستینی هەن، یەکێکیان لە ژێر دەسەڵاتی عەسکەریی داگیرکاریدا و هەموو جیهان جوگرافیاکەی بە داگیرکراو دادەنێت و ئەوی دییان هاووڵاتیی وڵاتێکی دیکەیە کە لە ناوخۆی ئەو ئەو وڵاتەدا تێدەکۆشێت بۆ یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. واتە، دوو ئینسانی فەلەستینی و دوو جۆر تێڕوانینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دوو شێوازی جیاوازی خەبات و دوو چارەنووسی جیا هەن. لە هەمان کاتیشدا هەستێکی یەکێتی و یەکنەتەوەیی کۆیان دەکاتەوە کە هیچ‌ بەندێکی یاسای نێودەوڵەتی ناتوانێت لێیان بسەنێتەوە.
ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی هەموو جیهان دەبینێت کە دەوڵەتێکی داگیرکارو ئەپارتهایدە لە فەلەستیندا و، لە ناو خۆشیدا دەوڵەتێکی بە رواڵەت لیبرال و دێمۆکراسییە بەڵام هەڵوێستی یاسایی و کرداریی  رەگەزپەرستانە و خەفەکارە بەرامبەر زیاد لە 20% هاووڵاتیانی، کەچی تا ئێستە پارێزراوە لە سزای راستەقینەی نێودەوڵەتی چونکە هەمیشە لای زۆربەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک دەوڵەتێکی مۆدێرنی هەڕەشەلێکراو بە تەفروتونا کردن لەلایەن دراوسێکانییەوە خۆی پیشان داوە و بە ئاماژە بە هاوارهاواری قەومیی ناسری و ئیسلامی سیاسیی ئەم زەمانە دەکات، کە گوایە گەر لەدەستیان بێت، هەموو ئیسرائیل فڕێ دەدەنە دەریاوە و هەموو جوولەکە دووچاری خەیبەرێکی دیکە دەکەن، بە ئاماژە بەمانە، توانیویانە شوورایەکی قایمی رای گشتی جیهانی لە دەوری خۆیان دروست بکەن و لای زۆربەی دونیا داگیرکار و داگیرکەر، ستەمکار و ستەملێکراو یەکسان بکەن بە یەکتر.
کێشەی کوردان و فەلەستینییان لە کوێ لە یەک دەچن و لە کوێ جودان؟
ئەم ئاڵۆزییەی دۆزی فەلەستینییان، لای زۆر لە کوردان نامۆ یە. بۆیە بەلایانەوە سەیرە کە جیهان لە ئاستی خەم و ئازار و هیواکانی فەلەستینییاندا، هاوسۆزییەکی گەلێک زیاتریان هەیە بە بەراورد بە خەم و ئازار و هیواکانی کورد. کێشەی کوردان لە زۆربەی لایەنەکانییەوە، لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، هاوشێوەی کێشەی فەلەستینییانی ناو خودی ئیسرائیل خۆیەتی، نەک فەلەستینییانی ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ پێیان دەگوترێت فەلەستین. ئەم مەسەلەیەش بە خواستی کەس و لایەنێک نییە. چەندین ساڵ‌لە ئەدەبییاتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا بە رژێمی عیراقییان دەگوت ئیستیعماری ئیستیطانی، یان بە کوردستانی تورکیا دەوترا کۆلۆنیی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمە لە چاوی یاسای نێودەوڵەتیدا تەنها مەجازی شیعری بوو و کاری پێ نەدەکرا.
جا ئەگەر کەسێک بە تایبەت ئاگاداری وەزعی فەلەستینییانی ناو ئیسرائیل نەبیت، ئەوا زۆر بە دەگمەن کۆمەڵکوژی و زەود کردنی خاکی بابوباپیران و چەوساندنەوەی ئابووری و جیاکاریی رەگەزپەرستانەی ئیسرائیل بەرامبەر بە هاووڵاتییە عەرەبەکانی ناو ئیسرائیل خۆی دەبیستیت. واتە ئەوانیش وەکو کوردان بەدەست فەرامۆش کردنی جیهانەوە دەناڵێنن.
لە هەمان کاتیشدا کوردانی دیکەش هەن وەکو فەلەستینی ئیستا لە ژێر چەپۆکی داگیرکاریدا (بە پێوەری یاسای نێودەوڵەتی، نەک هەست و سۆزی کوردان) دەناڵێنن. ئەوانیش کوردانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی تورکیان لە ناوچەکانی سەری کانی و گرێ سپی و عەفرین لە سوریادا، هەروەها لە زیاد لە 50 کیلۆمەتر قوڵایی خاکی کوردستانی عێراق کە دەکرێت ئەویش، بە ناوچەی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە بژمێردرێن. بەڵام ئەی بۆچی جیهان بە هەمان شێوە لەسەر ئەم داگیرکارییانە هەڵوێستە ناکەن؟ چونکە شەڕێکی ناوخۆ لە سوریا کێشەی داگیرکاریی تورکی لە ناوچەیەکدا کە لە ژێر دەسەڵاتی مەرکەز نەماوە، ئاڵۆز دەکات و لە کوردستانی عێراقیشدا سەرەڕای بۆڵەبۆڵی شەرمنانەی هەندێک جار، هەر لە زەمانی سەددامەوە تا دەسەڵاتی ئێستای عێراق و، زۆر بە داخەوە، دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتندا تورکیا هاتۆتە ئەو ناوچەیە!
کورد وەک ئیتنییەکی ژێر دەستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرژەوەندیدایە کە لە هەر کوێیەک داگرکاری و کۆمەڵکوژیی دەوڵەت و زەود کردنی مۆرکی کولتووری و زەویی بابوباپیران هەبێت مەحکوومی بکات و هاوپشتی گەلانی دیکەی ژێردەستە بێت چونکە هۆشمەندیی نێودەوڵەتی لەرێی هاوپشتیی جیهانییەوە گەشە دەکات و بەروە ئەو دوا رۆژە دەچێت کە کۆمەڵگای رەسمی و یاسایی نێودەوڵەتی هەڵوێستی باشتری هەبێت بەرامبەر هەموو ئازار و خەون و هیواکانی هەموو ئەو گەلانە، بە کوردیشەوە.
بە یەهوودی ناساندنی ئیسرائیل و دێمۆکراسی
یەکێک لەو لایەنە گرنگانەی موعاناتی فەلەستینییان، هەوڵی بە یەهوودی ناساندنی ئیسرائیلە. کاتێک دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و فرە کولتوور، هەرچەند لافی دێمۆکراسی لێبدات، خۆی بە دەوڵەتی یەک نەتەوە یان یەک کولتوور بناسێنێت، ئەوا بێگومان مۆرکی دێمۆکراسیی لەدەست دەدات. کاتێک ئیسرائیل دەیەوێت جیهان وەک دەوڵەتی جوولەکە بیناسێت، ئەمە مانای وایە دەیەوێت جیهان لێی بگەڕێت کە  20% هاووڵاتییانی وەک مرۆڤی پلە دوو مامڵە بکات و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی مافە سەرەتاییەکانیان بچووک بکاتەوە. لە وڵاتێکدا کە فەلەستینییەکی دەربەدەرکراوی شاری حەیفای ئیسرائیلی بۆی نەبێت لە کامپەکانی پەنابەری لوبنان ەوە بگەڕێتەوە بۆ شارەکەی کە چەند سەد کیلۆمەترێک دوورە لێی، بەڵام بۆ جوولەکەیەکی دانیشتووی سووخالین ی روسیا لە نزیک سنووری یابانەوە هەبێت هەرکات ویستی بچێت لە حەیفا نیشتەجێ ببێت و خانوو و کاری بدرێتێ، لە وڵاتێکی وەهادا دێمۆکراسی مانایەکی ئەوتۆی نییە .ئەی ئەمە بە کورد چی؟...کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کەم تا زۆر بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕیون. لە کوردستانی عێراق بۆ نموونە دەوڵەت خۆی بە بەشێک لە ئوممەی عەرەبی دادەنا. کورد و هەموو نەتەوە و کولتوورە جیاکانی دیکە هەروا بەو چەند وشەیە کرابوون بە هاووڵاتیی پلە دوو. جگە لە سیاسەتی تەعریبی شۆڤێنی کە رێی بە کوردێکی دانیشتووی کەرکوک نەدەدا کە خانووەکەی فرۆشت خانوویەکی دیکە لە ناو کەرکوکدا بکڕێت، بە یاساش عەرەبێکی میسری (بۆ نموونە) بۆی هەبوو بێت و وەک هاووڵاتییەکی عێراقی لە کوێ بیەوێت خانوو بکڕێت و نیشتەجێ بێت چونکە بەشێک بوو لە "ئوممە عەرەبییە واحیدە". لە تورکیای مۆدێرنیشدا تا چەند دەیەیەک لەمەوپێش ئاخافتن بە کوردی هەڕەشە بوو بۆ ئەمنی قەومیی دەوڵەتێک کە خۆی بە دەوڵەتی تورکان دەناسێنێت.
کورد گەر دەیەوێت لە جیهانێکدا بژی کە تێیدا پێشێلکردنی ئەو مافی هاووڵاتیبوونەی پێوەی دەناڵێت لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بنبڕ بکرێت، دەبێت خۆشی لەگەڵ‌ئازادیخوازانی دونیا لە هەموو سووچێکی دونیادا ئەو پێشێلکارییانە مەحکوم بکات، بە ئیسرائیلیشەوە!
فڵان پێشمەرگە لە فەلەستین شەڕی کرد!
یەکێک لەو تەوەرانەی زۆر بێئاگایانە باس دەکرا لەم جەولەیەی شەڕی ئیعلامیی لایەنگرانی ئیسرائیل لە نێو کورداندا، ناوهێنانی فڵان پێشمەرگە و فیسار پێشمەرگە بوو کە گوایە لە فەلەستین شەڕیان کردووە، کەچی "فەلەستینییان بێ وەفان بەرامبەرمان".
دەڵێم بێ ئاگا، چونکە ئەو کەسایەتییە کوردانەی باس دەکرێن لە راستیدا وەک سەدان کادیر و پێشمەرگەی کوردی عێراق و تورکیا لە سەربازگەی لایەنە چەپە فەلەستینییەکاندا لە لوبنان مەشق پێدەکران، نەک بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل بەڵکو بۆ گەڕانەوە بۆ چیاکانی کوردستان بۆ شەڕ کردن لە یزی پێشمەرگەدا! جا هەندێک لەوانەی لە سەربازگەکانی لوبنان بوون لە کاتی مەشقدا، ساڵی 1982 بەر هێرشی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان کەوتن و بەشدارییان لە شەڕدا بە پلەی یەکەم بۆ خۆپاراستن بووە لەبەرامبەر سوپایەک کە هەڵیکوتابووە سەریان. فەلەستینییەکان تەنها بە مەشق یارمەتیی خەباتی چەکداریی کوردانیان نەداوە بەڵکو بە ئاشکرا و بە دزییەوە عەمباری چەکیان بۆ حیزبە کوردییەکان کردبۆوە و بە دەگمەن لایەنی چەکداری کورد هەبوو وەجبەی چەکی فەلەستینیی پێ نەگەیشتبێت.
لە هەمان کاتیشدا وەک هەر گەلێکی دیکەی سەر ئەم زەمینە، فەلەستینیی قین لە دڵ و دژ بە کورد و سوێندخۆر بە سەری سەددام حسێن و ئۆردوغانیش هەیە و لەبەر گەلێک هۆکار لەم زەمانەدا ئەوانە زۆرترن لە خەڵکی چەپ و ئینسان دۆست و کورددۆستی فەلەستینی. جا پێش ئەوەی بپرسیت فەلەستینییان چییان بۆ کورد کردووە؟ وەک کوردێک بزانە کە لە کاتێکدا کە بازاڕی ئەوروپی کاڵای کۆڵۆنییە داگیرکارییە جوولەکەکانی بەرەی رۆژئاوا قەدەغە دەکەن و گەمارۆی ئابووری بۆ سەر یەکە نیشتەجێ داگیرکارەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین تا بێت توندتر دەکەن، دەسەڵاتدارە نەوتفرۆشەکانی ئێمە بە ئاشکرا نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەرزان بە ئیسرائیل دەفرۆشن و ئیسرائیل لە ریزی پێشەوەی کڕیارانی نەوتە بە هەرزانفرۆشراوەکەی هەرێمی کوردستانە.
جوولەکەی کوردستانی لە ئیسرائیل و خورمایش  لە بەسرا زۆرن!
یەکێک لە هۆکارەکانی هاوسۆزی لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە کە بە هەزارەها جوولەکەی کوردستانی کە لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا بە زۆرەملێ رەوانەی یسرائیل کران، لەوێن و کولتوور و زمانی کوردییان پاراستووە و پڕ بە هۆشیان خۆشەویستییان بۆ کۆمەڵگا کوردەوارییەکان بەردەوام دەردەبڕن. ئەم قسەیە بۆ زۆربەی هەرە زۆری جوولەکەی بەزۆر دەرکراو لە عێراق و ناوچەکە راستە. وەفا و خۆشەویستی و خەمخۆری بۆیان نیشانەی بە ئەمەکی و لە بیر نەکردنی ئەو تاوانە گەورەییە بەرامبەریان. بەڵام ئەوە خۆشەویستییەکی نیوەناچڵە. ئەوانە هاووڵاتی کوردستان و عێراقن و سەد ساڵی دیکەش‌بەسەر بەزۆر دەرپەڕاندنیان تێپەڕێت، مافی گەڕانەوە و ژیانیان لە کوردستان و لە عێراقدا هاوشانی مافی ملیۆنەها فەلەستینییە کە دەربەدەر کراون و نیشتەجێیی وڵاتانی دەوروبەرن بە عێراقەوە کە بگەڕێنەوە فەلەستین. مافەی گەڕانەوە مافێک نییە دابپچڕێت، بۆ ئەم بشێت و بۆ ئەو نا. کوردانی بە ئەمەک بۆ دراوسی کۆنەکانیان دەبێت لە سەرقافڵەی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق بن کە داوای مافی گەڕانەوە و قەرەبووی جولەکە بە زۆر دەرکراوەکان بکەن، بە هەمان گوڕ و تینیش داوای مافی گەڕانەوە و قەرەبوو بۆ فەلەستینییەکان بکەن.
پێگەی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر تایبەتە و ئەزموونی ئیش و ئازار و ناسۆرییەکانی هەردوو گەلی فەلەستین و جوولەکەکانی ناوچەکەیان چێشتووە. بەو پێیە ئێمەی کوردان، گەر هوشیاری مێژووی خۆمان و ئەوانش بین، دەتوانین ببینە هێزێکی گێڕانەوەی عەقڵ و دادپەروەری لە ناوچەکەدا. زاڵ بوونی عەقڵ و دادپەروەری  تەنها رێگەی چەسپاندنی مافەکانی ئێمەشە. بۆیە لەبەر هەستی هاوسۆزیی مۆرۆڤانە نا بە تەنها، بەڵکو لە پێناوی ژیانێکی باشتر بۆ منداڵانی کورد، دەبێت فرمێسکمان بۆ منداڵانی فەلەستینی و جوولەکە بە هەمان تەرازوو...هەر یەکە و بەپیی باڵای ئازار و خەمەکانی،مابێت!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×