دەستور یان بژێوی خەڵک؟!

شێرزاد خدر حەیدەر
  2021-05-29     530

   لە کوردەواری وتەیەکی باو هەیە دەڵێت "ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک" ڕێک بەم جۆرە ئەگەر سەیری باردۆخی هەرێمی کوردستان بکەین ، دەبینین باردۆخ و گوزرانی خەڵک لەوپەری خراپی دایە و دەیان قەیران و گرفت بەرۆکی خەڵکی گرتوور ، کەچی دەبینیت لەوسەرەوە بەرپرسانی حکومی حیزبی کۆڕوکۆبنەوەی خۆیان ناکەون ئەویش بۆ چارەسەری بژوێی خەڵک نا بەڵکو بۆ کۆمەڵیک بابەت ، کە تەنیا مەبەست لێی کاتکوشتن و سەرقاڵکردنی ڕایگشتی و نێودەوڵتیە بەوەی کە ئەوان سەرقاڵی پرسێکی زۆرگرنگن کە نوسینەوەی دەستورە بۆ هەرێمی کوردستان.!  
   هێنانەوەی بەرباسی نوسینەوەی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان  لەم کات و ساتە دوای چەندین ساڵ بێگومان بێ هۆکار هەر وا سادە نیە ، بەڵکو کۆمەڵێک فاکتەری شارەوە هەیە کە بووتە پاڵنەر بۆ ووروژاندنەوەی ئەو پرسە دوایی بە بنبستگەیشتنی لە ساڵانی ڕابردوو ، کە دەکرێت بەشێکیان پەیوەندی بە گوشاری نێوەدەڵەتی هەبێت لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کەمێک ڕاستکردنەوەی ئەو خواروخێچیەی لە 30 ساڵی ڕابردوو لە حکومڕانی کوردی لە هەرێم دا هەبووە ، هەروەها هۆکاری ناوخۆیش پەیوەندی دارە بەو مانۆڕ و ململانێ سیاسیەی کە لەناو باڵە جیاوازەکانی هەردوو حیزبی باڵەدەست لە هەرێمدا هەیە ، بەڵام ئەوەی گرنگ و جێی بایەخەی بۆ خەڵک بە گشتی ئایە ئەم بابەت لە ئێستادە چ سود و قازنجێکی هەیە بۆ باشترکردنی باردۆخی میللەت و چارەسەری دەیان قەیرانی دەستکرد لەم هەرێمە.
   دەستور لە بنەڕەتدا بوونی وەک بناغەیەک وایە بۆ هەر کیان و دەوڵەتێک و هەرێمێک و گرنگی زۆر هەیە ، بەڵام کاتێک هەرێمێکی سێ پارێزگایی بەسەر دوو زۆنی تەواو حیزبی و دابەشکرابێت و تەواوی دامودەزگای حکومی و کەرتی تایبەت و بازاڕ لەلایان حیزبەوە کۆنترۆڵکرابێت و چەندان قەیرانی جۆرا و جۆر بۆ خەڵکەکەی دروستکرابێت لەو کات و ساتەدا بوون و نەبوونی دەستور چ ئاهێک بەر ژیان و بژێوی ئەو خەڵکەدا دێنتەوە!؟
   لەکاتێک ئەو حیزبانەی بانگەشەی نوسینەوەی دەستور لەم کاتە دەکەن خۆیان  پابەندی ئەو دەستور و پڕەنسیپانە نابن کە خۆیان بۆ حزیبەکانیان نوسیانەتەوە و شانازی پێوە دەکەن ، ئێستا دێن دەستورێک بۆ هەرێمێکی پڕ لە ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری  لە چوارچێوەی عێراقێکی پڕ لە ناسەقامگیری دەنوسنەوە و پێیەوە پابەند دەبن .! بێگومان  نەخێر ئەگەر نەک دەستور بەڵکو لە ئاسمانەوە خودا پەیامبنرێت بۆ ئەم دەسەڵاتە کە لەگەڵ بەرژەوندیەکانیان لە قاچاخچێتی و گەندەڵی و تاڵانکردنەکەیان یەک نەگرێتەوە هەرگیز پێیەوە پابەند نابن.
   بۆیە دەبێت ئەوە لای هەموو کەسێک ڕوونبێت ، کە باسکردنی ئامادەکردنی دەستور و هەر بابەتیکی تر کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی ئەم هەموو قەیران و گرفت نەبێت کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە ، ئەوا تەنیا بۆ کات بەفیڕۆدان  و سەرقاڵکردنی ڕایگشتی و داپۆشینی ئەو هەموو گەندەڵی و دزیەی هەیە لە موڵکی گشتی و سەروەتی ئەم میللەتە  بەم بابەت و هەڵا میدیا دەستکرانەی بۆ دەستور دروستکراوە ، بەجۆرێک ئەم هەڵا و فەوزا میدیایە دەستکردە لە ڕێی پەرلەمانتار و کادیری حیزبی گەرمکراوە وەک بڵێی ئێمە لای کاکی پەرلەمانتار و کادیری حزبی خەڵک ژیانی لەوپەڕی باشی دایە و تەنیا خەمی ئەوەیەتی کە ئایا سیستەمی حکمڕانی لە بەپێی دەستور پەرلەمانی بێتت یان سەرۆکایەتی  !! بێگومان ئەوەی دەیبین لە لێدوان و وڵامدانەوەی لە نێوان پەرلەمانتار و کادیری حیزبە جیاوازەکان هەیە لەسەر ئەم بابەتە ڕێکخراوە و هیچ پەیوەندیەکی بە خەمی خەڵک و بوونی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان نیە.
   بێگومان بوونی دەستورێکی ڕێک و گونجاو بۆ ئێستا و داهاتووی هەرێم  کارێکی گرنگ و جێی بایەخە ، بەڵام ئەوەی زۆرگرنگتر و  چارەنوسازترە بۆ خەڵک بەەگشتی لەم کات و ساتە ، چارەی بنبرکردنی گەندەڵی و باشکردنی بژێوی خەڵک ودابینکردنی دەرفەتی کار و بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و سوتەمەنی و ڕێگاوبان و دەرهێنانی هێزی سەربازی لەدەستی حیزب و چەندان کاری تر کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە باردۆخی ژیانی خەڵکەوە نەوەک خۆسەرقاڵکردن و هێنانەوە پێشی  چەند پرس و بابەتێکی لە بیرکراو لە پێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی بنەماڵەیی و و گەمەی سیاسی حیزبی بۆ لە بیربردنەوە و داپۆشینی چارەی کێشەکانی خەڵک.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×