پ ک ک بە پلەی یەک چارەسەرخواز و ئاشتیخوازە

ڕێبوار ڕەشید
  2021-06-04     1035
لە مێژووی ئازادیخوازییدا هیچ شتێک هێندەی سزادانی داگیرکەرێک مووچڕکی خۆشیی بەدەنەی مرۆڤ دا ناگرێت. بە دڵنییاییەوە هەواڵی خۆش بە هەزارانن، بەڵام کام هەواڵ دەتوانێت لەوە خۆشتر بێت کە داگیرکار و نیشتیمانفرۆشێک بە سزا دەگەیەنرێت؟ ئاخر ئەوانەن کە سەرچاوەی خۆشییەکان زەوت دەکەن و خودی مرۆڤایەتییمان ڕیشەکێش دەکەن. تۆڵەستاندنەوەی هەموو  ئەو ئازار و زیانانەی تاک بە تاکی کورد چێژتوویەتیی و لێێ کەوتووە، هەموو گیراوێکی سیاسیی، هەموو چرکەیەکی شکەنجەدان، هەموو ترساندن و ڕاوەدوونان و دزیی و تاڵانیی و سووتاندن و وێرانکردنێکی موڵکی شەخسیی و گشتیی و هتد تەنیا لە شکاندنی داگیرکەردا دەتوانێت تۆڵەی بسەندرێتەوە.
هەر لەبەر ئەوە هەمیشە جێی خۆشحاڵییە کاتێک دەبینین و دەبیستین کە هێزی پاراستنی گەل (هـ پ گ HPG) گورزی باش لە داگیرکەران دەدات، و هەر دەبێت ئەو چاوەڕووانییەشمان لەو پاڵەوانانە لە کچان و کوڕان هەبێت.
هێزی پاراستنی گەل (هـ پ گ) هێزێکی جەوهەریی پشتبەخۆبەستوو و بەمەشق و بە ئەزموون و بە دیسپلین و بە پرینسیپە و لە چوارچێوەی بڕیاری سیاسیی و ستراتیژییدا هەڵ دەسووڕێت. هێزێکی لە سەداسەد کوردستانییە کە پێڕەوی مافی خۆپاراستن و ئازادییبەخش دەکات و هەر لەبەرئەوەیش ئەرکی سەرشانی هەر کوردستانیەکە لەو پەڕی توانای خۆیدا هاوکاریی و هاوپشتی بێت و خاوەن لێی دەر بکەوێت.
بە داخەوە، هەندێک لە ئێمەمانان لە ناوەڕاستی ئەو تێکۆشانە ئازادیخوازییە گەورەوگرانەدا ڕێنومای ستراتیژییمان لێ دەشێوێت. زۆر کەس لە ئێمە تەنیا لایەنە چەکدارییەکە دەبینن. لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئاگروئاسنی دوژمندا واق وڕماو دەمێنن. هەناویان شل دەبێت و ورەیان دەڕووخێت و بێ کاریگەر دەمێننەوە کاتێک هێزی داپلۆسێنەری داگیرکەر و نیشتیمانفرۆشان دەبینن، و هاوکات زێدەخۆشحاڵ دەبن و لە خۆ بایی دەبن کاتێک کە دەبینن کوردی سەربڵندیش دەتوانێت دەست بووەشێنێت و تۆڵە بستێنێتەوە.
ئەمە کێشەیەکە لە ناتێگەیشتن لە خەباتی ئازادیخوازیی سەرچاوە دەگرێت.
پ ک ک زۆر پێش ئەوەی ڕێکخراوێکی چەکداریی بێت، ڕێکخراوێکی سیاسیی ئازادیخوازە. ڕێکخراوێکە کە لە ڕاستییدا نەفرەت لە چەک و توندوتیژیی و زەبر دەکات و عاشق بە چارەسەری سیاسیی و دیموکراسیی و ئاشتیخوازانەیە. پ ک ک  دەیەوێت کێشە سیاسییەکان لە بناخەوە چارەسەر بکات و لەبەرئەوە لە لێگەڕانێکی بەردەوام دایە، بە مێژوودا دەچێتە خوارێ و هەوڵ دەدات لە تەواوی پێوەندییەکانی دەسەڵات بتوێژێتەوە. هەر لە سەر ئەو بناخەیەش بە دوای چارەسەری جیددیی قووڵ و یەکجارەکییدا دەگەڕێت. پ ک ک ڕێکخراوێکی ئایینیی یان میتافیزک نییە و باوەڕی بە قەدەرگەرایی/ چارەنووسنووسراویی نییە. پ ک ک نە پۆپۆلیستە و نە یەکدەندەیە و نە سێنتیمێنتاڵە.
پ ک ک لە چوارچێوەی دیالێکتیکدا باوەڕی بە گۆڕان و بە پێویستبوون بە گۆڕان هەیە و جیهانبینیەکی پۆزەتیڤ و گەشبین و ئاسۆنمای هەیە. پ ک ک باوەڕی بە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی و حەز و توانای مرۆڤ بۆ پێکەوەهەڵکردن و تەباییە. لە سەر ئەو بناخەیە کێشەکان بە شەخسیی و لە چوارچێوەی ڕک و کینە و تووڕەیی شەخسییدا نابینێت و بەو پێیە کێشەبەند و کێشەساز نییە بەڵکو سەرنج و دیدێکی چارەسەرئامێزی هەیە.
بەڵێ، چارەسەری قووڵ و یەکجارەکیی دەتوانێت وەکوو ئیتیوپیا و خەیاڵپڵاوێک بگاتە گوێ، بەتایبەتیی کاتێک کە داگیرکەران لە دونیایەکی خەرافیات و زەبرگیر و لە جیهانبینیەکی دژمرۆڤیانە و دڕندانەدا دەژین.
لە دامێنی ئەو خەباتە ئازادیخوازییە کوردستانییەدا کە پ ک ک رێبەرایەتیی دەکات خەباتی چەکداری تەنیا لایەنێکی ئەو تێکۆشانەیە کە بێگومان لە چوارچێوەی تێرووانینی ستراتیژییکدا هەوڵ دەدات بەهێزی بکات و سەردەمیی بکات.
ئەوی لە ڕاستییدا پ ک ک بەهێز دەکات و بە داخەوە هەندێکمان پەلەمانە و لێی تێ ناگەین هێزی ڕەووشتیی، حەزی دڵخوازانە، باوەڕی خۆبەخشانە، متمانە بە هێزی گەل، پشتبەستن بە خۆ و بە گەلی خۆیەتی. باوەڕی ئەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە دۆخی تەندروستدا ئازادیخواز و ئازادیپەروەرە.
ئەوی لە ڕاستییدا پ ک ک بەهێز دەکات توانای ڕێکخستنی سیاسییەتی، توانای گەیاندنی پەیامی ئازادییە بۆ ناو قووڵایی تاریکیی ترس و وەحشەتی مێشکی کوردی ئاسایی لە دوژمنێکی دڕندە و کۆنەپەرست. باوەڕ و توانا و حەزی پ ک ک یە بۆ پەلکێشانی ژنان بۆ ناو ژیانێکی ئازاد، بۆ خۆبەباڵاگرتن لەگەڵ پیاواندا و بۆ تەی کردنی ئەو زەمین و ژیانەی لە مێژوودا پاوانی پیاوان بووە.
ئەوی پ ک ک بەهێز دەکات باوەڕیەتی بە ژینگەپارێزیی و بە خۆبەڕێوەبردنی مینیمالیستیی. پ ک ک تەنیا ڕێکخراوێکی جیهانییە کە توانیبێتی پرینسیپی مینیمالیزم پیادە بکات. بەشێک لە هاربوونی دەسەڵاتی عەشیرەتگەرا و چەتەگەریی ناوخۆ لە بەرامبەر پ ک ک دا مینیمالیزمبوونی پ ک ک یە کە بەرامبەر بە بخۆریی و زێدەخۆریی و گەنخۆریی و مەسرەفگەرایی و هەڵلووشینی شێتانەیان وێستاوەتەوە.
ئەوی پ ک ک بەهێز دەکات ڕێپێوانی بەردەوامی ئازادیخوازانە کە تا ئەوڕۆ  بە سەدان ملوێن کیلۆمیتری لە کوردستان و لە جیهاندا پێواوە. هاواری نەپساوە و ماندوونەناسی ئازادیخوازانە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی.
ئەوی پ ک ک بەهێز دەکات ئەدەبیاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و پەروەردەی مرۆڤیانەیە، زمانە سیاسیی و پاراوەکەیەتیی کە خاوێنە، بێگرێیە، ڕاست و ڕەوان و ڕوون و ڕاشکاوە. زمانێکە نەک هەر جێی سێکسیزم و جوێنفرۆشیی بە ژنانی تێدا نابێتەوە بەڵکو ژنخۆشەویست و ژندۆستە. زمانێکە بۆ سووکایەتیی و نزمکردنەوە و بچووککردنەوە و نابیناکردنی ئەوی دیکە نییە، زمانێکە بۆ پەنهانکردن و شاردنەوە و داپۆشین نییە.
ئەوی پ ک ک بەهێز دەکات ئەو باوەڕە مەتینەیە کە دۆخی ئەوڕۆی کورد و کوردستان دەتوانرێت بگۆڕدرێت و حەتمەن پێکەوە دەتوانین بۆ باشتری بگۆڕین.
بێگومان دڵت خۆش بێت و زۆریش شاناز بە کاتێک کە هێزی پاراستنی گەل داگیرکاران سزا دەدەن، بەڵام بەر لەوەش هەر دڵخۆش بە و شاناز بە چون سەدان هۆ هەن کە لە ڕاستییدا هەوێنی ئەو سەرکەوتنە چەکدارییە مەیدانیانەن.
تۆش بە پێی توانای خۆت لەو خەباتەدا بەشدار بە، دڵنییابە پشکی تۆ لەو تێکۆشانەدا ئەوەندە گرینگە کە دەبێت بە هۆی ئەوەی زۆر زووتر ئەم داگیرکارە کۆنەپەرستە دڕندانە ببەزێنین. بەشداریی سەربەرزانە و خۆبەخشانەی تۆ لانی کەم ژیانێک دەپارێزێت و لە کوردستانێکی ئاوەدان و سەربەخۆ و ئازاد نزیکترمان دەکاتەوە.
ڕێبوار ڕەشید
2021/6/3



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×