سیاسەتی تورک بەرامبەر کورد

ئارام مەجید عەلی
  2021-06-10     629
لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەویدا هیچ نەتەوەیەک نابینین هێندەی تورک ڕقی لە نەتەوەی کوردبێت،وەک بڵێیت چارەنووس ئەوانی بۆ دژایەتی و سڕینەوەی ئێمەی کورد خولقاندبێت،ئەم سیاسەتە ڕقاوی و دژایەتیەی تورک ویراسیەو تێکەڵ بەخوێنیان بووە بوەتە یاسا و شۆڕ بووەتەوە بۆ نێو کەلتور و فەرهەنگیان ئەمەش لە مستەفا کەمالەوە دەست پێدەکات بۆ نەتەوەپەرستانی تورک و ئەردۆگان.

تورک هەمیشە چاوی لەخاک و پێگەی کوردستان بووەو هەمیشە لەهەوڵی دەست بەسەراگرتنیدا بووە،لەناواخنی یاساو سیاسەتیاندا نەمان و سڕینەوەی نەتەوەی کوردی لەخاکەکەی بەگرنگتر زانیووە، بەڵام لەداگیرکردنی پێگەو خاکی کوردەوە دەستیان پێکردووە،چونکە وای دەبینن بوونی کورد یەکسانە بەلاوازبوونی خۆیان،لەمێژوودا هێندەی تورک ترسی لەکورد هەبوو هەرگیز نیوهیندە ترسی لە دوژمنەکانی خۆی نەبووە، ئەوان هەمیشە لەهەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد و لەهەوڵی داگیرکردنی خاکەی بوون و هەمیشە چاویان لەو پێگە ستراتیجیە بووە، ئەم چاو تێبڕینەیان گەشتبویە ئەو ئاستەی کە
مستەفا کەمال دەیگوت(ئەوەی دەست بەسەر کوردستاندا بگرێت،دەتوانێت هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە).

لەڕاستیدا کۆنترۆڵکردنی باکوری کوردستان و هاتنی تورکیا بەم سیاسەتەی ئێستای بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان،درێژەپێدەری هەمان سیایەتی کەمال ئەتاتورکە،چونکە تورک دەیەوێت وێنە گەورەکە لەسیاسەتی خۆیدا تەواوبکات. لەمەشدا تورک دوای سڕینەوەی کورد و بزافەکەی زۆر باش لە پایەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان تێگەشتوە.

لەتەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هیچ دەوڵەتێک لەسەر زەویدا نییە هێندەی تورک لەچارەسەری مەسەلەی کورد بترسێت،وەک باڵوێزێکی ئەڵمانی دەڵێت: دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی ئەژنۆی تورکیای شکاندووە، لەبەر ئەمەش هەرگیز تورک ڕێگە نادات دەوڵەتێکی کوردی دروست ببێت، وەک وتراوە لەهەر شوێنێکی سەر زەویدا کوردێک هەبێت تورک دژایەتی دەکات.

تورک هەزار بیانویان هەیە بۆ لاوزکردنی کوردو هەرجارەو هۆکارێک دەهێننە بەرباس بۆ دژایەتی کورد،تورک لەبەرامبەر کورددا باوەڕی بەدیموکراسی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و ئازادی نییە،ئەوەی باوەڕی پێیەتی دژایەتی کوردە و نەمانی قەوارەو پێگەی کوردە،تەنانەت لەمەسەلە چارەنوس سازەکانیشدا هیچ نەتەوەیەک هێندەی تورک دژایەتی کورد ناکات، هەرنەتەوەیەکی دیکەش دژایەتی کورد بکات بێگومان تورک لەپشت ئەو کارەوەیە.

هاوکات تورکیان بونی هەرێمی کوردستان بەکارەسات بۆخۆی دەزانێت، هەمیشە لەهەوڵی ئەوادەیە وەک هەرێمێکی ژێردەسەڵاتی خۆی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت و سەیری بکات،لەم پێناوەشدا هەموو سیاسەتێکی ماڵوێرنکردن دەگرێتەبەر بۆ لاوازکردنی، هەر جارەو بەناوێک ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان داگیردەکات.
ئێستا سیاسەتی تورکیا دەست وەردانی ڕاستەوخۆیە لەهەرێم و داشی کەمینە تورکەکان دەجوڵێنێت، ئەمەش لەبڕینەوەی دارو درختەوە دەست پێدەکات بۆ بڕینەوە و گۆڕینی ئاڵای کوردستان و سرودی ئەی ڕەقیب، ئەمەش مەبەستی گڵاوی ئەردۆگان و تورکە نەتەوە پەرستەکانە،بێکومان لەبەر بارودۆخی نێودەوڵەتیش نەبێت لەئێستادا تورک تاخانەقین دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

ئەوەی گرنگە بوترێت لەم کاتەدا تورک تەواوی لایەنەکان نەکات بەگژ یەکدا و شەڕی براکوژی هەڵنەگیرسێنێت، پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان بەهەڵوێستی یەکڕێزی و برایەتی و یەکبوون و کوردایەتی وەڵامی هەوڵێکی دوژمنکارانەی تورک بدەنەوە،لەم قۆناغەدا یەکێتی و تەبایی و یەکڕیزی کورد زۆر پێویست و گرنگە، یەکێتی و یەکدەنگیمان واتای لەگۆڕنانی خەونی لەمێژینەی تورکە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×