گرێی "پاترۆنایز" لە هەناوی کوردستاندا؛ ئایا لەنێوبردنی پەکەکە چارەسەرە؟

سیروان بابەعەلی
  2021-06-13     590
هەزاران لاپەڕە نووسراون سەبارەت بە خەون و خواستی تورك بۆ:  زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیی؛ پەرەپێدانی هەژموونی ڕامیاریی و هەواڵگریی تورك لە کەرکوك؛ دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچەکانی موسڵ (کە ١٩٢٦ خرایە سەر ئێراق، لەبەرانبەر پێدانی ١٠٪ی نەوتی موسڵ بە تورکیا بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ)... بڕواناکەم کوردستانییەکی بەئاگا هەبێت لە خواستە لەمێژیینە و بەردەوامەکانی نەژادپەرستانی تورك تێنەگەیشتبێت. بۆیە ئەم نووسیینە تایبەت نییە بەو بابەتە.
لەلایەکی دییەوە، سەدان دێڕ سەبارەت بە پەروەردەی بەکۆیلەکردن و دەسەنەخۆریی نێو بنەماڵە بەهەژموونەکان و پارتە ڕامیارییە کوردییەکان نووسراون؛ بڕواناکەم کوردستانییەکی بەئاگا هەبێت لە واتای ڕامیاریی ئەو تێرمانە لەسەر زەمیینی کوردییدا تێنەگەیشتبێت. بۆیە ئەم نووسیینە تایبەت نییە بەو مژارەیش.
ئەم نووسیینە تایبەتە بە کێشەی خۆ-لێ-بەخاوەنکردن، بە ئینگلیزی "پاترۆنایزینگ/ patronizing"، لەنێوان تورك و کوردستانییانی باشوور، هەروەها پارتی کوردیی باشوور و هاووڵاتییان.
وشەی "پاترۆنایز" لە زمانی عەرەبییدا کراوە بە (موناسەرە/مناصرة/ پاڵپشتیی) کە وەرگێڕانێکی، لەڕووی واتاوە، هەڵەیە و مەبەستەکە ناپێکێت. خۆی وشەکە ڕێك پەیوەستە بە چەمکی "کۆندێسێنشن/ condescension"؛ ئەمەی دوایی، دابەزاندنی ئاستی لایەنی بەرانبەر تا ڕادەی مل-پێ-کەچکردن دەگەیەنێت. "پاترۆنایز" و "پاتریارکیی/ باوکسالاریی" لەڕووی وشەسازیی (مۆرفۆلۆژیی)یەوە هەمان سەرچاوەی لاتینییان هەیە.
لەوێوە، ئەوانەی کە پاترۆنایزی ئەوانی دی دەکەن، یاخود خۆیان لێیان بەخاوەن دەکەن، بەناوی دڵسۆزیی و پاڵپشتییەوە، لەڕێگەی نەرمونیانیی و گفتی شیریین و پێشکەشکردنی مشە-وە، لە کەوڵی برای گەورە، یاخود، هاوڕێی بەئەزموون و زانا و زەنگیین یان بەهێزدا، وردە وردە بەرانبەرەکەیان ژێردەستە و گوێ لەمست و بەرزەفت (کۆنترۆڵ) دەکەن.
ئەو دیاردەیە لەنێو کۆمەڵگە خێڵەکییەکاندا زۆرتر باوە؛ لە پاترۆنایزی باوك بۆ منداڵ، براگەورە بۆ براو خوشکی بچووك دەست پێدەکات، تا دەگاتە وەستا بۆ کرێکار و شاگرد، بەڕێوەبەر بۆ فەرمانبەر، پلەدار بۆ بێ پلە، سەرۆک-خێڵ بۆ ئەندامانی خێڵ، سەردار بۆ دارودەستە، سەرۆک-پارت بۆ ئەوانی دی، تا دەگاتە لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەت.
لەوانەیە وەك تاکەکەس، کەسێتی سەددام حسێن، یەکێك لە هەرە زەقتریین نموونەی خۆ-لێ-بەخاوەنکردن (پاترۆنایز)ی مێژوو بێت. وەك دەوڵەتیش، زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پەرە بەو ڕامیارییە دەدەن؛ تورکیا، قێزەونتریین نموونەیە کە، نەژادپەرستانە نەژاد-تورکەکانی جیهان، هەورەها داگیرکارانە هەموو ئەوانی دی پاترۆنایز دەکات.
کۆمەڵگە گەشەکردووەکان خۆشنوودن کە ئەو دیاردەیەیان دەمێکە تێپەڕاندووە؛ بۆ نموونە، گەر تاکەکەسی کۆمەڵگەی ئۆروپیی، بەگشتیی، ڕووبەڕووی ئەو جۆرە دڵسۆزییە ببنەوە، یەکسەر ئیستێك بە خاوەنەکەی دەکەن. لەنێو ئینگلیزدا زۆر باوە کە لە دۆخێکی وادا کەسێك بەڕووی ئەوی تردا بێتەوە و بڵێت: "دۆنت پاترۆنایز می/ خۆتم لێ بەخاوەن مەکە!".
ئەم بۆریس جۆنسن-ەی کە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرەکوەزیری دەوڵەتی بریتانیایە، برایەکی پچووکی هەیە ناوی جۆ جۆنسن-ە؛ ئەم جۆ-یە سەرکردەیەکی هەمان پارت بوو، ئەندامی پارلەمان بوو، وەزیری خوێندنی باڵا بوو، ئەستێرەی لە درەوشانەوەدا بوو؛ بەڵام لە تەنگژەی برێکسیتدا، دژی دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئۆروپا بوو؛ هەروەها چەند جیاوازییەکی تری بیرکردنەوەی لەگەڵ کاکیدا هەبوو. بۆیە کە ساڵی ٢٠١٩ بۆریس بووە سەرەکوەزیر، گوتی:"چەند حەوتوویەکە گیرم خواردووە لەنێوان لایەنگریی بۆ خێزان و خواستە نیشتمانییەکانم؛ دەترسم بەهۆی ئەوەوە نەتوانم وەك پێویست ئەرکەکانم ڕاپەڕێنم، بۆیە دەست لەکار دەکێشمەوە". ئەو هەر لە سۆنگەی ئەوەوە، ساڵی ٢٠١٨ دەستی لە ئەندامێتی پارتی پارێزگاران کێشابووەوە. بەوشێوەیە جۆ ملی بە پاترۆنایزکردن نەدا، وازی لە پلەو پۆست و پاشەڕۆژی گەشی ڕامیاریی هێنا و گەڕایەوە بۆ کارکردن لە بواری زانستیی و ئاکادێمییدا.
من سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی پدك، بەڵگەم لەلا نییە، بۆیە نایشزانم ئایا پەکەکە ڕاست دەکات و پلانی هەواڵگریی تورکە، یان پدك ڕاست دەکات و هێرشی پەکەکەیە؛ بەڵام بە خوێندنەوەی بارودۆخەکە و ڕەوشی پەکەکە، مرۆڤ زوو بۆی دەردەکەوێت کە تورکی داگیرکەر نەبێت، هیچ کەس، بەتایبەتیی پەکەکە، بەرژەوەندیی لە دروستکردنی ئاوا بارودۆخێکدا نییە.
لەڕاستییدا پێشتر پەکەکە کەسانی نێو ڕیزەکانی پدك-ی کردبووە ئامانج، لێ ئەو کەسانە هەمیشە پەیوەستیی و تێکەڵییەکیان لەگەڵ هەواڵگریی دەوڵەتی تورکدا هەبوو؛ پدك-یش خۆی ئاگادر بوو و پرسەکەی نەدەبزواند؛ ئەدی هۆکارچییە ئێستا ئەم نەگبەتانە شەهید دەبن و کوژرانیان دەبێتە پاساو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیی و کوژرانی سەدانی تر و کاولکردن و سووتاندنی زیاتری کوردستان؟!
ئەگەر بیانوو و پلان نییە، با پەکەکە هەڵەیەکیشی کردبێت، چییە ئەگەر لەپێناوی نەپژاندنی خوێنی سەدان کوردستانیی و خەنی-نەبوونی تورکی داگیرکەردا، لێی خۆش ببن؟  مەگەر ئەمەریکییەکان، بە هەڵە، دەیان کەسی چەکدار و بێچەکی کوردیان نەپێکا؟! (بە وەجی بارزانیی-شەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣، کە کوڕی مەلامستەفا و ئەفسەرێکی پلەبەرزی پدك بوو!).
پەکەکە ساڵی ١٩٨٤خەباتی چەکداریی دەست پێکردووە، لێ دەسەڵاتدارانی کورد و کوردستانییانی بەئاگا دەزانن کە تورکیا و ئێراق زۆر لەمێژە بە هەماهەنگیی کار بۆ چەپاندنی کورد و لەنێوبردنی شۆڕشەکانی کوردستان دەکەن.
_ ساڵی ١٩٧٨، ڕۆژنامە تورکییەکان کردیان بە هەڵا کە تورکیا و ئێراق بەنهێنیی ڕێکەوتوون تا کەسانی لەڕووی ڕامیارییەوە یاساخ، بەیەکتریی بدەنەوە.
_  ساڵی ١٩٧٩، ئێراق و تورکیا ڕێکەوتن کە تورکیا بۆی هەبێت تا قووڵایی ٢٠ کم لەنێو خاکی ئێراق ڕاوەدووی پێشمەرگە بنێت.
_ ساڵی ١٩٨٢، دوای کودەتای تورکیا، کەنئان ئێڤری سەردانی ئێراقی کرد، هەردوولا جەختیان لەسەر ڕێکەوتنەکەی ساڵی ١٩٧٨ کردەوە و بڕیاری ڕۆنانی "ناوچەی مەرگ"یان لە سێگۆشەی سنووریی نێوان ئێران و تورکیا و ئێراقدا دژی کورد دا.
_ ساڵی ١٩٨٣، تورکیا، بە قووڵایی ٣٠ کم، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی لەنێو خاکی باشوور ئەنجام دا و زیاتر لە ٥٠ گوندی کوردانی خاپوور کرد.
_ ساڵی ١٩٨٤، کە پەکەکە خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند، ئەوان هەر لە ڕێگەی ڕێکەوتنە کۆنەکانەوە لە دژایەتی کورد بەردەوام بوون.
_ لە ساڵی ١٩٩٣-ەوە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئێران وتورکیا و سوریا و پاشان چوارقۆڵیی بە بەشداریکردنی ئێراق دژی کوردی هەر چوار پارچە دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٩٦ درێژەی کێشا.
_ ساڵی ١٩٩٥، سەددام حسێن هەمدیس بە فەرمیی ڕێگەی بە تورکیا دا، کە لە "باکوری ئێراق" دژی شۆڕشی کورد ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات؛ ئەمجارە ڕێکەوتنەکە ڕووبەری ٥٠ کم قووڵایی خاکی ئێراقی گرتەوە. شایانی باسە، مەبەستی ئێراق لەو ڕێگەپێدانە، بۆ دژایەتی قەوارەی هەرێم بوو، نەك لێدانی پەکەکە!
_ لە ساڵی ١٩٩٢-ەوە کە پدك-ینک دەسەڵاتیان وەك بزنس، ففتی ففتی بەش کردبوو، بەتەواوەتی بەرژەوەندییەکانیان بە بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی تورکیاوە بەست و لەگەڵ تورکدا ئۆپەراسیۆنی "سەندویچ"یان دژی پەکەکە ئەنجام دا.
_ لە ساڵی ١٩٩٤ بەدواوە، لە ئەنجامی شەڕی براکوژییدا، بە ئامانجی پاراستنی قەڵەمڕەو، پدك بەتەواوەتی خۆی دایە دەست تورکیا و ئەو دەوڵەتە پاترۆنایزی کرد.
_ هەرچەندە ساڵی ٢٠٠٣، پارلەمانە بڕست-لێبڕاوەکەی کوردستان، دەنگی بە دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمەکە دا، پدك وەك گەورەتریین هێزی دەسەڵات، هیچ هەڵوێستێکی کردەکیی لەو ڕووە نەنواند.
_ کە ساڵی ٢٠٠٧، بەشیر ئاتاڵای وەزیری نێوخۆی ئەردۆگان و جەواد پۆڵانیی وەزیری نێوخۆی مالیکیی، ڕێکەوتنی ئاسایشیان واژۆ کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بێزارییەکی نەنواند، لە کاتێکدا باش دەیزانی کە ئەو ڕێکەوتنە پێش ئەوەی دژی پەکەکە بێت، دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لەپێناوی بەهێزکردنی حوکومەتی ئێراقییدایە.
_ ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٤، بەرەی تورکمانیی، بە هاندانی دەوڵەتی تورك، هەڕەشەیان لە حوکومەتی ئێراقیی کرد کە چەکداریان بکات "ئەگینا چەك لە تورکیا وەردەگرن". مەبەستی سەرەکیی ئەو پلانەی تورکیا بۆ دژایەتی کورد بوو، بە تایبەتیی لە کەرکوك؛ پاشان دەرکەوت کە هەڕەشەی بەرەی تورکمانیی سەرکەوتوو بوو.
_ پارلەمانی ئێراق، لە ساڵی ٢٠١٦دا، بڕیارێکی دژی مانەوەی سوپای تورکیا لەنێو خاکی ئێراق دەرکرد و بە "داگیرکەر" ناوی برد؛ بەڵام هەر لەو ساڵەدا، تورکیا هەڕەشەی لە حەشدی شەعبیی کرد کە ئاگایان لە تورکمانەکانی تەلەعفەر بێت؛ هەروەها، تورکیا لەسەر داوای پدك، بەناوی شەڕ لە دژی داعش، سەربازگەیەکی لە بەعشیقە کردەوە و مەسعود بارزانیی-ش بۆ پیرۆزبایی سەردانی کرد. هەر لەو ساڵەدا لە سوریایش، مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیامی بۆ تورکمانەکانی سوریا نارد کە دەوڵەتی تورك هەمیشە پشتیوانیانە!
_ ساڵی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورك، بە فەرمیی، پاڵپشتیی خۆی بۆ تورکمانەکانی کەرکوك دەربڕیی و چەند هەڕەشەیەکی نەرمی ئاڕاستەی دەوڵەتی ئێراق کرد.
وەك دەبینن، هیچ کام لەو ڕووداو و هەڵوێستانەی سەرەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە پەکەکەوە نەبووە و نیازی زۆر گەورەتری دوژمنانی کورد  و داردەستەکانیانی لە باشوور سەلماندووە... گەر پەکەکە نەمێنێت، هیچ لە هەڵوێستی دوژمنان دژی باشوور و پارچەکانی تر ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگرێکی زۆر گەورەی بەردەم دوژمنانی کوردستان لادەچێت.
کەواتە دەتوانرێت بە ئاسانیی جەختی ئەو ڕاستییە بکرێتەوە کە تورکیا ٢٧ ساڵی ڕەبەقە پاترۆنایزی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. ئەو پاڵپشتییە نیازپیسە تەنانەت لە ئامۆژگارییکردنەکەی کاتی ڕیفێرێندۆمیشدا بەڕوونی هەستی پێدەکرا. ئینجا، لەبەرئەوەی پدک گەورەتریین و بەهەژموونتریین پارتی ڕامیاریی باشووری کوردستانە، ئەو پاترۆنایزکردنە ڕۆچووە نێو میرییەوە و ینك-یش وەك بەرژەوەندخوازێکی کاڵەك-خۆر و ڕابەرێکی تری گەندەڵیی هەرێم، سڵی لە تێوەگلان نەکردەوە... کۆنتراکتی پەنجا ساڵەی نەوت، بازرگانییەکانی بەرپرسان لە تورکیا، سووڕانەوەی ئاشکرای دەزگە هەواڵگریی و تیرۆریستییەکانی تورك لە باشوور، خەواندنی پارەیەکی زۆری هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێم لە بانکەکانی تورکیا...هتد، نموونەی زیندووی پاترۆنایزی تورکن بۆ کورد.
دواجار، لە هەمووی کارەساتبارتر، پاترۆنایزی پارتی ڕامیاریی کوردییە بۆ ئەندام و لایەنگرانیان.
خۆشبەختانە، ینك، تا ئێستا دژی شەڕی پەکەکەیە؛ ئەو هەڵوێستە، تەنانەت گەر، وەك پارتییەکان دەڵێن، ئێرانیشی لەپشت بێت، هەڵوێستێکی زۆر نیشتیمانییانەیە. لە سۆنگەی ئەو گوتارەوە، هەموو کادر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆزی ئەو پارتە دژی ئەو شەڕەن... تراژێدیاکە ئەوەیە، گرێی "پاترۆنایزکردن" کارێکی کردووە، گەر هاوسەرۆکی پاترۆنایزکەر، ئەو گوتارەی نەبوایە و دژی پەکەکە بوایە، تەنها ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو پارتە نەدەدۆزرایەوە کە دژی پەکەکە نەبێت.
ئێستا، پدك بە ئاشکرا جاڕی شەڕ دژی پەکەکە دەدات، کە تاوان و ناپاکییەکی نیشتیمانیی گەورەیە؛ هەموو کادر و ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە، بە دەم و دەست، دژی پەکەکە سوور دەبنەوە و جوێن دەدەن، هەڕەشە دەکەن... کۆمێدیاکە ئەوەیە، ئەو پاترۆنایزکردنەی بنەماڵەی بارزانی کارێکیان کردووە، گەر سبەی، وەك سەردەمی شەڕی مەخمور و کۆبانێ، بە باشە باسی پەکەکە بکرێتەوە، تەنها لایەنگر و ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو پارتە نادۆزرێتەوە، وتەیەکی نەشیاو بە پەکەکە بڵێت.
هەتا پاترۆنایزکردن لە نیشتیمانی ئێمەدا لەبرەودا بێت، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی کوردیی، هیچی باشتری لێ چاوەنواڕ ناکرێت.
تاکەکەسی کۆمەڵگەی کوردیی ئاتاج (موحتاج)ی بەئاگاهاتنەوەیە؛ گەر ئەو تاکەکەسە پێشڤەچوونی پرسی نیشتیمانیی دەوێت، پێویستە لەڕووی دەروونییەوە بەئاگابێتەوە و خۆی ئازاد بکات؛ واتە خۆخاوەن و ئۆتۆنۆم بێت و لە پاترۆنایزکردن و دەسکەلابوون ڕزگاری ببێت!

-----
نوسەری ئەم بابەتە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم لەدەروونناسیی، بەکارلیۆس لە کۆمەڵناسیی، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەولەتییەکانە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×