(ئاسمان، بۆ ئێمە ئازارێکی تری خوداییە..)

ئەنوەری ڕەشی عەوڵا
  2021-06-15     438

لە باخی خەراباتی خۆیدا، بە دڵپێدانەوە، داریوش ئەم سکاڵاو دادو بێداییە وجودییانەی بیر دەهێناینەوە، کە هەریەکەمان بەجۆرێک خۆمان لێ نەناس دەگرت. یاخود نەماندەویست، نەغمەی ئەو هەقیقەتە تاڵانە بژنەوینەوە کە هەمو رۆژێک بەریدەکەوتین.

بەراورد بە دنیای ئێمە، کە ئەوپەڕی پاکوتێ بو لە پەرشوبڵاوییەکی بێ سەمەرەدا. کەچی دنیای ئەو دەروێشە تاک و تەنهایە، بە دەرەختێکی سەرسەوزی پەلوپۆداری بەردار دەچو، لە کاتی زیکر لەگەڵ وێڵ باکاندا.

داریوشێک لەحاڵەتێکی دەرونی وەهادا، لە تەنیاییەکی قوڵدا سەوز سەوز بچێتەوە، لە رێی شیعرەوە، دەبو زمانی وێڵباکانی زەمزەمەو زیکر کردبا، هەتا گەڵا بە گەڵای درەختی خەمەکانی پێ بدوێنێتەوە.

لە رێی هەڵبژاردن و تەماسی روحی بە شیعرگەلێکەوە، زانینمان لەو قەلەندەربونەیدا، وەک ئینسانێکی وێڵگەرد، چ ئەزمونێکی دەرونی، لە رێی هونەرێکی راقی بە ئێمە نیشاندایەوە..؟
بۆ ئەو سەرگەردانی و گەڕۆکییەشی، بڕوانە.. دەست وەردەداتە چی، چی بە مەرج دەگرێ بۆ رێدەربردنی خۆی:

(كێو ئەیەم بەشانما
بەرگی هەر جەنگێک ئەپۆشم
شەپۆلی دەریا ئەگرم
شیری بەرد ئەدۆشم
مانگ بۆ ماڵەوە ئەبەم
" با " بە نیشانە ئەگرم
هەمو خاکی ئەم زەمینە
بست بە بست ئەپێوم
گەر چاوەکانت ڕازی بن
لە هیچ کارێ دەربەست نیم)

وەها زمانی هەڵهێناوەتەوە، وەک بڵێی: مەحاڵ، بە واقیع دەکا، گەر چاوەکانی یاری لێ دیاربێ.

داخوا عارفێکیش هەروا، بە ئیمکانیەتێکی روحییانەی وەهاوە، لە زیکری مەعشوقەکەیدا نییە..؟

لەو دۆخەدا، داریوش بەر لە هەرشتێک بەدەرگایەک دەچو، لە هەر بەرگ و باخ و خەڵوەتێکی عیشقێکدا بوبین، جێی هاموشۆی دڕدۆنگییەکانی هەمومانی تیا دەبوەوە.
چون دەنگی داریوش لە هەناوی ئەو شتانەوە دەردەهاتن، کە کەنارخراون، دەبو ژیانیان بەبەردا بکرێنەوە.

بە بەهای نوێی هونەرییەوە، دەربکەوتنایەتەوە، بۆ ئەوەی بەهادارانە بە هەناسەیەکی نوێی ژیانمەندییەوە، بژین.

بێ هیچ هەڵە تێگەیشتنێک، بێ ئەوەی ویستبێتی، خۆی سەپاند، بە روحێکی باڵای هونەرییەوە، کە پەنجەمۆری دەرونی داریوش، خۆی پێوەبو.
گەر وانەبا، داریوش وەک هەر گۆرانیبێژێک وەرزێک دەهات و دەچو، ئەوجا ون دەبو.

هەڵبەت ئەو رێ هونەرییەی داریوش گرتیەتە بەر، راستە رێیەک نەبو. لێخوڕە دەشتە، نا....!بەڵکو پێچاوپێچ، پڕ لە بەرزی و نزمیی بو.

بۆیەکا گەر کەسێ ویستبێتی موسافیری دنیای ئەو بێ، چێژ ببینێ، نابێ بپەشۆکێ، کە لەیەککاتدا کارە هونەرییەکانی، وێنای کەسایەتییەکی یاخیبو.. کەسایەتییەکی خەرابات نشین.. کەسایەتییەکی دۆڕاو نائارامی بۆ کردبین.

لە توێی درکاندنی گوزارشتەکانیەوە، ئێمەی بە ئاگا هێنا، بەوەی، دەبێ گوێیەکی نوێ لە خۆماندا شک ببەین، هەتا گوێمان لە ئاوازێکی تر، نەغمەیەکی تر، زەمزەمەیەکی تری سترانبێژێکەوە بێت.

ئا لەوێڕا دەیبینین چەنێ بە روحێکی باڵاوە، لە هونەرەکەی خۆی ڕوانیوە، هەر ئەوەش ماڵە راستەقینەکەی ئەو بوە.

ئەمە بەو مانایە نییە، دور لە نەڕەنەڕی ساواک و ناسیۆنالیستەکان، ژاوەژاوی ئایدۆلۆژیستەکان، قوڕو لیتەی مەزهەبییەکان، چنگیان لەگەڵی گیر نەکردبێ..

لەو ماڵە هونەرییەیدا لە رێی غەزەلەکانیەوە، لەو ماڵە هونەرییەیدا دەتوانین هەستی پێبکەین، لە باخی یاخیبونەکانی خۆیدا، چ شەیدایانە نەغمەی ئەو وێڵگەردی و دەروێشی و  پەتیارەیی خۆی چەنێ ئوستادانەو بوەیهیمیانە، چڕیوەو دەگێڕێتەوە.

دەی ئەگەر ئەو گوێیە شک ببەین، ساناتر دەیژنەوین، ساناتر دەیبینین، ساناتر دەیبیستین، ئەوجا لەگەڵیدا وەسڵ دەبین.

لەوێڕا تێدەگەین، بە چ راددەیەک بە دنیای شەڕو ئاشتییەکانی ناو دنیای شیعرەوە پەیوەستە.

لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە... تێدەگەین، ویستوێتی کوڕێکی جوانخاسی غەزەلخوێنی چ ماڵ و عەرشێکی هونەری بێ. لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە، تێدەگەین، لە کوێوە ئازاری دەستەجەمعی ئینسانی ئێمەی ناسیوەو سەر لە نوێ، بە لەونی خۆی دواندونی.

بۆیە کەم و زۆر لە دەیەی هەشتاکاندا، ئازارەکانی ئەو ئینسانە بە ئاوازێکی تایبەت، کە لە روحی خۆیەوە بڵاچەی دەکرد، ئەو هەیەجانە دەرونییە، بە گیانی هەر کەسێکی هۆشمەنددا کەم و زۆر گەڕاوە.

ئەوەی بەشێوەیەک لە شێوەکان دڵی بۆ ئازادی لێیدابێ، ناتوانێ بەر تەلیسمی وەسوەسەکانی داریوش نەکەوتبێ.

واتا ئەو کەسایەتییە گەر بە نەفرەتلێکردنیشەوە بوبێ، لە یادوەری هەموماندا بونی هەبوە.

ئەمەش ئەو تەلیسمە بو، کە داریوش هەڵگری بو. ئەمە هێماو سیماو پەنجەمۆری هونەرییانەی ئەوبو..

تا ئەو راددەیەی، سیمای هونەرییانەی داریوش، بۆ روحە یاخیبوەکان، رۆڵی وەک رۆڵی، پینک فلۆید وەهابو لە رۆژئاوا، بە تایبەتتر بۆ ئینگلیزەکان .

سەبارەت، بە جەمعێک لە چەپگەرای رادیکالیش، تیایاندا جێکەوتبو، کە هەمو شتێکیان بە قەپانی ئایدۆلۆژییەکەیان دەکێشا. لە دەستیان بهاتایە بە جەوهەری هەمو شتێکدا رو دەچون، بۆ ئەوەی ماسکەکانیان لەسەر رو لاببەن، ئەمە توێکارییەش، بە غەیری ئایدۆلۆژییاکەی خۆیان نەبێ، کە جێی گومان و تێڕامان نەبو، ئەگینا سەرسەختانە، بەریان دەدایە وێزەی هەمو شتێک، کە تەنها لە رەنگی خۆیان نەبێ. بۆیە نەیاندەتوانی بەس رەخنەیان بۆ دەرەوەی خۆیان نەبێ. رەخنەش نەبو، بگرە نەفرەت بو.

بە غەیری، ئەوەی تەڵقین دادرابون، بە ئەفیونی ئایدۆلۆژییەک،  گوێیان بە شتێک بدایە، تەنها بۆ ئەوەبو، لەسەر ئەو یەقین و باوەڕەوە گوێی لێدەگرتیت، هەتا بزانێ بە چرپای ئایدۆلۆژییەکەی بیپێوێت.

هێندە رودەچون بە گێژەنی ئایدۆلۆژییەکەیاندا، هەتا دەگەیشت بەوەی:

" هیچم لێت ناوێ یان هەمو شتێکتم لێت دەوێت ".

هەمیشە بەرژەوەندی بێ قەیدو شەرتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش بۆ پێداگیری و دەمارگیرییەکانیان پاساویان بوە، بەو ئەخلاق بڵندیی جەنگاوەرانەوە، دەهاتە پێش، تەنها بۆ ئەوەی  قڕو قەپت پێبکەن. چون خۆی یەکەمین کەسە، قڕوقەپی پێکراوە، لەو نێو میتۆدی ئایدۆلۆژییەکەیدا، کە دنیا هیچ نییە، جگە لەوەی چاوی عەقیدەکەی پێیدەبینێ.

لە جەوهەردا ئەمەش وەک صەدەقەڵلاهو عەظیمی موسڵمانان وەهابوە لە بەرامبەر سەنگەسارکردنی شەیتاندا.

هەر بۆیە، لە دواجاردا دنیای هونەری داریوش، بۆ پێودانگە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکەی ئەوان، تەنها دەیتوانی وردەبورژوایەکی ناڕازی بێت بە دنیای سەرمایەداری و هیچ بە دەستەوە.
ئا...بۆ چەپێکی ئاوا رادیکال، داریوش هەر مناڵێکی لاساری دنیای سەرمایەداری زیاتر نابێ. ئیتر لە دۆخە شەرمهێنەرەدا، زۆرجار هونەر کورت دەکرایەوە بۆ ئەم ئینشاو مەحفوزاتانەی لە رێی حزبەوە دەرخواردیان دەدرا.

هێندەی لە بیری عەقیدەکەیاندا بون، با بەو راددەیەش لە بیری ئەوەدا بن، ئاخۆ کەسێک بێ پشتوپەنای حیزب و گروپەکان دەتوانێ رۆڵێکی هەبێ؟ بە داخەوە لە بری ئەم ئەندێشەکردنە، بۆ ئەوان داریوش لەو مناڵە لاسارانە دەچو، ناخودئاگا بەر ئەفیونێکی سەرمایەداریی کەوتۆتەوە، گەرچی دژیشی دەبێ. لەوە بترازێ، هەرچی بڵێی، ناتوانن بیبیستن. بەر ئەفیونی ئایدۆلۆژیا کەوتون بە قەولی مارکۆز.

ئەوی وردە بۆرژوا،  ئاڵتەرناتیڤی بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە پێ نییە. کەوابێ لە روی پراکتیکییەوە، هەر دەکاتە سڕرکردنی گیانی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەم رێگەیە ئاو دەکاتەوە بە ئاشی سەرمایەدارییدا. ئەمەش بە پاساوی ئەوەی، لە میتۆدی هونەری داریویشدا هەمو هاوکێشەکان، هەمو شتێک ، دواجار خەراباتێکن.

بەم هەمو لێکدان و لێدەرکردن و دابەشکارییانەی، وجودییەکانی ئەو حەلە، سیاسییەکان و ئەهلی قەڵەم، و عاشقان، داریوش بەو هەمو لێکدژییەوە دەنگێک بو، نەدەتوانرا نەبیسترێ. رەنگێک بو نەدەتوانرا نەناسرێتەوە.

بە هەمو ئەو تەفسیر و روانگە جودایانەوە، گیانە تەنیا و ئیعتیرازییەکەی داریوش لەوە رەنگاو رەنگتر بو، جێی راستڕە و میانڕە و چەپڕەو، ئیماندار و بێ ئیمان و خەراباتیەکیشی تیا نەبێتەوە. چون بەر لە هەرشتێک خەمی ئەو خەمێکی ئینسانی بو.

"هەرچیەکم دروست کرد
دواجار شکا
شکا... شکا
من هەمیشە دۆڕاوم
دۆڕاوم.. دۆڕاوم.. دۆڕاوم."

ئەهلی دەسەڵات توانای ئەوەیان نەبو، لێیان نەدەوەشایەوە، بچنە ژێر باری شکست و دۆڕانەکانیانەوە، هەمو ئۆباڵەکانیان دەنایە ئەستۆی نەیارەکانیان و بە تایبەت سەرمایەداری.
ئەزمونی داریوش، لە پارادۆکسیەتێکدا لە جستوجۆدا بو، نەدەتوانرا  بە راستەو پرگاڵ، صرات مستقیمی هیچ ئایدۆلۆژییەتێک  بپێورێت و بە هەر عوزرو بەهانەیەکەوە بێت، ئازادییەکەی زیندانی بکرێ.

دەنگی ئەو گەرچی سرک بو، روحی تێدابو، بەپێی توانایەک کە هەیبو، عاشقانە گوزارشتی لە خەمە وجودییەکانی ئینسان دەکرد.

بە هەر یاخیبونێکەوە کە هەیبو، لەو ژاروژەنگەی رۆژگاردا، لە داچۆڕانیدا، سەر بە ژیان بو. چەنێ نائومێد بوایە، بۆ ژیان دەجەنگی و ژیانی نەدەکوشت.

زۆرێک لەو جەبرە عەقیدەیی و ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی و شاهانەیی ئەودەم، کە لە دەستیان دەهات بتکەنە خانی خانان یاخود تۆزی بانان، بەو هەژمونە ئایدۆلۆژییانەوە کە لەگەڵ خۆیاندا، بە جەبرەوە دەیانگێڕاو دەیانسەپاند، کەوتنە کەناری روداوەکانەوە.

کەچی داریوش گەرچی تاک و تەنهاش بو، بە بڵندیی خۆیەوە مایەوەو وەستا.

چون لە رێی خوێندنەکانیەوە، پێوەی دیاربو، خۆی تەرخان کردوە،  وردە وردە... تەییار و گورجوگۆڵ، بە هەر هەلاکەتێکەوە کە دەیچەشت، ژیانی لە هونەردا، دەژیاندەوە.

هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی مەرگدۆستدا، لە نێو ئەو پاشەڕۆکانەدا، ئەو باوەش کردنەوەیەش بە ژیاندا هەڵوێستێکی کەم نەبو.

رۆژان و ساڵان رێکردن بەنێو چرکە چرکی دڕکەزیی و ئازارەکانی زیندەگیدا، هەریەک بەجۆرێک سەر هەڵدەگرێت، ئا لەوێدا باوەش کردن بە مەحەببەتدا، دەبێتە فەزیلەتێکی دەرونی بۆمان، پێموابێ ژیانیش بۆ نوێکردنەوەی خۆی؛ ئەمەی لێمان دەوێت.

یانی دەبو هێندە ژیریت لە خۆتدا شک ببردایە، هەتا عارفێکت لە روحتدا کەشف بکردایە. تاوەکو بەرگەی ئەو هەمو جەور و خواروخێچیانەی وجود بگرێ و بە خۆی بڵێ: " ژیان نەدەبو ببێ، بەڵام بەهەر داڕمان و دزێوی ئافەریدەکارەکانیەوە هەیە "

چون داریوش وەک کەسایەتییەک، تیشکێکی زیندوی هونەر بو، نەیدەتوانی هونەرمەند نەبێ. یانی عیشقی بۆ دنیاکەی خۆی نەبێ. بێپەروا بۆ ئەو سەر و سەودایە دەژیا.
ئەزمونەکانی ئەو دەورانە، پێی قەبڵانین، پێی سەلماندینەوە، حەماسیەت هەر شەرعیەتێکیشی هەبێ، هەر رەوتەنیە..و عیشق بە هەر سەرشێتییەکیشیەوە کە هەیەتی، هێشتا ئارامگرتوترە.

گوێ گرتن لە داریوشێک کە عاشق و دەروێشی دنیاکەی خۆیەتی، بە هەمو خەمگینییەکیەوە، ئارامیهێنە.

فڕێت ناداتە، شەرەنگیزییەکانی ژیانەوە، بەڵکو بە حەسرەتێکەوە، کە هەست کردنە بە لێپرسراوییەتێکی ئینسانیانە، بەیانی دەکا، مرۆڤ چۆن لە نێو خەراباتەکانی عیشق و تەنیایی و ژیاندا سەرمەستانە ونبوە. لە بێدەنگی شتەکاندا نقومە،  کە خۆیان کشاندوە بەسەر هەمو نهێنییەکاندا.

نهێنی نیگا بێدەنگەکانیش

"بێ دەنگیتم نەزانی
سەیرکردنم تێنەگەیشتی
من هیچم نەوت
  و
تۆش هەرگیز نەتپرسی "

بەڵام هەر ئەو مرۆڤەشە، لە هەر چوارچێوەیەکدا بێت، بۆ هەناسەدانەوەیەکی تر، کۆڵ نادا، چون مەحکومە بە ژیانی خۆی. هەیە ئەو مەحکومیەتەی ژیانی... پێ بەتاڵ بەتاڵە، بۆیە هیستریایانە، لەوەش یاخی دەبێ، هەتا ئەوپەڕی دەست چونە خۆ. واتا خودکوژی. یانی یاخیبونیش لە خودی خۆت...

ئەم تێکشکاندنەوەیەی هەمو شتێک، ئەوەی هیچ دەرەتانێک نەماوە بۆ چاککردنەوەی، بە خاتری هاندانەوە، بۆ هەڵبونەوەی هیوایەک، دەبو هاندەری ئەوە بیت، بە خەڵکی بڵێی گرێ و گۆڵەکانی خۆت ببینە، شەرمی لێ مەکە.

بەڵام کە هەمو شتێک بەرەو وێران بون بڕوات، هیدایەت کردنەوەی ئەویتر زەحمەت زەحمەتە.

بۆ ئەم هەقیقەتە تاڵەش، با گەشتێک بکەین بە: گۆرانی ساڵی دو هەزاردا..(مانفێستی هەرەسهێنانی ئینسان.)

"سەرچاوە: بۆنی گەنم- کتێبی کۆمەڵە شیعری داریوش، وەرگێڕانی لە فارسییەوە:پشکۆ ناکام"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×