له‌ ئه‌مریكا و توركیای ناتۆوه‌، تا ده‌گاته‌ په‌كه‌كه‌ی كورد!

شه‌ریف عەلی
  2021-06-21     974

ده‌مێكه‌ پرسی په‌كه‌كه‌ له‌ باشوری كوردستان، بوه‌ته‌ پرسێكی هه‌ره‌ گه‌رمی ڕۆژانه‌. ئه‌وه‌ش به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیایه‌ بۆ سه‌ر باشوری كوردستان و دامه‌زراندنی باره‌گای هه‌میشه‌ییه‌ له‌ هه‌رێم دا. په‌كه‌كه‌ كوردن، له‌ ڕوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌وه‌ هه‌ر كوردێك مافی خۆیه‌تی له‌سه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان بێت. به‌ڵام با چه‌ند سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك له‌ ڕوی‌ سیاسیی-دبلۆماسییه‌وه‌‌، له‌سه‌ر ئه‌مریكا و توركیا، تا ده‌گات به‌ په‌كه‌كه، ‌بخه‌ینه‌ڕو.
چوار ڕۆژ پێش ئێستا، لە کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی لەسەر ھەمان بابەت قسەم کرد. تا ئێستا گه‌ر چاوپێكه‌وتنم  چ لە ئێن-ئاڕ-تی و چ له‌ کەناڵه‌كانی تر، ھەبوبێت و بمتوانیبێت به‌شداربم، ئازادانە تێفکرینی خۆمم وتوە، با بەشێکی نه‌ته‌وه‌كه‌شمان لێکدانەوەی پێچەوانەشیان ھەبوبێت!
ـ
مانگی ھەشتی ساڵی پار، دوو جار ئێن-ئاڕ-تی لەسەر ھەمان پرس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم، ئەو کات بینەران شاھیدن کە وتم: ''لە ساڵی ١٩٨٤ ەوە تا ئێستا، زۆربەی ساڵەكان لە مانگی ھەشتەوە تورکیا ھێرشی زەمینیی کردوە. تێفکرینم وایە: له‌ داهاتودا ئیتر تورکیا ھێرشە ئاسمانییەکانی دێنێت بۆ سلێمانییش. چونکە لە سیاسەت و باڵادەستییش دا ھەنگاو بە ھەنگاو دەچیتە پێش! ''.
واته:‌ هه‌روه‌چۆن له‌ ڕوی سیاسی-دبلۆماسییه‌وه،‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ هه‌مو سازشێك، سازشی دیكه‌شی به‌دوادا بێت. پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته‌. هه‌تا هه‌نگاوێكی باڵاده‌ستانه‌ بچییه‌ پێش، بژارده‌ی باڵاده‌ستتر بونت بۆ ده‌خولقێ.
-
چوار ڕۆژ پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنەکەدا دوو بەڕێز زۆر باسی بایدن و ئەمریکایان کرد کە لە ئەردۆگان و تورکیا توڕەن و پشتی کورد دەگرن و ھتد!
منیش وتم: "گلەیی کردنی ئه‌مریكا لە تورکیا جیایەو بەرژەوەندییه‌كانیشیان جیایە. ئەمریکا بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا ھەیە. تورکیا وڵاتێکە پێگەیەکی زۆر گرنگی جیۆپۆلەتیکی بە نیسبەت ئەمریکاوە ھەیە. سیاسەتی نێودەوڵەتی تورکیا لە ئەتاتورکەوە تا ئێستا وابوە كه‌ لە ڕوسیا نزیک دەبێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر لە ئەمریکا بەدەست بێنێت. ئەمریکا، تورکیا ناگۆڕێتەوە بە کورد. چونکە ئەمریکا پێویستی بە پێگەی تورکیایە. پێموایە: پێویستە پەکەکە ستایلێکی نوێی خەباتی مەدەنی-دیموکراسیی 'نەک خەباتی مەدەنی-ئایدۆلۆژیی' لە ناوخۆی تورکیا بێننەکایه‌وه‌. ده‌شکرێت پەکەکە په‌یتا-په‌یتا سێ مانگ تا شەش مانگ وەک تەکتیک و فێڵ جوڵانەوەی چەکداری بوەستێنن، چونکە تورکیا لە ڕوی فڕۆکەی دۆنەوە زۆر پێشکەوتوه‌. گرنگترین کار ئەوەیە: پارتیی-یەکێتیی-پەکەکە ستایلی بە نێودەوڵەتیی کردنی پرسی کورد بگرنەبەر. پارتیی-یەکێتیی چاویان لەسەر مناڵی بەرپرسەکانە پرسی کورد بە نێودەوڵەتیی بکەن. پەکەکەش بە ئایدۆلۆژیا سیاسەت دەکات. بە ئایدۆلۆژیا ناتوانرێت پرسی کورد بە نێودەوڵەتیی بکرێت. بۆیە زۆر گرنگە پەکەکە بە ئایدۆلۆژیا سیاسەت نەکەن و چاکسازی لە ئایدۆلۆژیاکەیان بکەن!''.
ـ
 لە ٢٠١١ ەوە تا ئێستا ھەزاران بەڵگەنامەی نھێنیی بەریتانیاو سی-ئای-ئەیم دۆزیوەتەوەو پشکنیوە. تا ساڵی ٢٠١٦ زۆرێك له‌ بەڵگەنامەی نھێنیی بەریتانیام لە چەندان کتێبم دا دەقاودەق چاپ کردوە. به‌شێكی کورد ھەڵه‌ن گەر وابزانن بە بێ ھەوڵدان بۆ بە نێودەوڵەتیی کردنی پرسی کورد، ئەوا زلھێزەکان لەسەر کورد دەکەنەوە. ته‌نانه‌ت ئەگەر لەسەر کوردیش بێنە وەڵام، ئەوا پشتگیرییەکی زۆر کەم و سنوردار دەکەن.
-
تۆی بڕوانامەدار و بە پلە سەرکردە ھەڵەیت گەر بە پێی ڕاگەیاندن لە سیاسەت و دبلۆماسییەت بگەیت. کاتێک بەڵگەنامە نھێنییەکان دەخوێنیتەوە: تێدەگەیت کە ھەمیشە تەنسیقی سی-ئای-ئەی و دەزگای ھەواڵگری بەریتانیی لەگەڵ دەزگای میت ھەیە. بگرە بە پێی بەڵگەنامەکان، ئەفسەرەکانی دەزگای میت بەشێکیان لە بەریتانیا مەشق دەکەن! تۆ ھەڵەیت گەر وا بزانیت ھەڵسەنگاندی سیاسیی بە پێی ڕاگەیاندن تەباودروست دێتەوە. تورکیا کە لە شاری سلێمانیی موشەک و بۆمبا دەخاتە خوارەوە، بێگومان ئەمریکا و عێراق ئۆکەی نھێنییان پێ داوە. کاتێک عێراق ئۆکەی نھێنیی پێداوە، واتە: ئێرانیش بەنھێنیی پێی داوە. کاتێک بەڵگەنامە نھێنییەکان دەخوێنیتەوە بەوردی لەوە دەگەیت ئەوەی لە ڕاگەیاندن دا دەوترێت ڕەنگە پێچەوانەی ڕێکەوتنە نھێنییەکان بێت! ئەوەش فەنێکی دبلۆماسییەو بۆ لە خشتەبردنە!
ـ
لە ٢٠٠١ ەوە تا ئێستا دەنوسم و، لە ٢٠٠٨ ەوە کتێب چاپ دەکەم، تا ئاستێک گەشتومەتە ئەو بڕوایەی ئەستەمە لە ناو کورد دا سیاسەت و دبلۆماسییەت بە زانستیی بکرێت. زۆرێك له‌ کورد حەزی بە عاتیفەو سۆزە لە کایەی سیاسیی و دبلۆماسیی دا. حەزی بە ھوتاف و لایڤ و دروشمە لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیه‌ڵ میدیادا. زۆرێك له‌ کورد نایەوێت لە ڕوی دیفاکتۆ و واقیعەوە لە سیاسەت و دبلۆماسییەت تێ بگات! زۆرێك له‌ کورد لە خەیاڵی خۆیدا چاوی لە ھێزێکی دەرەکییە بڕوات ڕزگاری بکات! بەڵام خۆی نە لە ڕوی دبلۆماسییەوە پرسەکەی بە نێودەوڵەتیی دەکات و، نە لە ناوخۆش دا چاکسازی گشتگیر دەکات. لە سیاسەتیش دا بە شێک لە حیزبەکان بە ئایدۆلۆژیا سیاسەت دەکەن!
ـ
به‌شێكی تاكی كورد بەشێوەکی ڕۆمانسییانە لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ کورد تێگەشتون!
ئەگەر ئەمریکات بە تەواوی لە پشتە بۆچی پەستان ناخاتەسەر حکومەتی عێراق کە موچەی فەرمانبەران بنێرێت. ئەگەر ئەمریکات بەتەواوی لە پشتە بۆچی فشار لە پارتیی-یەکێتیی ناکات کە چاکسازی گشتگیر بکەن. ئەمریکا تا سنورێکی دیاریکراو پشتیوانیت لێ دەکات و ئیتر دەبێت خۆت بوونی خۆت بسەلمێنیت. ئەمریکا ناتوانێت بەتەواوی پشتیوانی لە کەس بکات، چونکە دەبێت ئه‌مریكا خۆشی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ولاتانی تر ڕەچاو بکات و لە پێشینەی دابنێت.
ـ
کورتوپوخت، لە ڕوی سیاسیی و دبلۆماسییه‌وه‌، بە بێ ئۆکەی نھێنیی ئەمریکا و عێراق (ئێران)، تورکیا بە ئازادانە نایەت لە سلێمانیی موشەک بە ئۆتۆمبیلەوە بنێت! ڕاسته‌ به‌ زانیاری ناوخۆیی توركیا ده‌زانێت كام ئۆتۆمبێله‌ په‌كه‌كه‌ی تێدایه‌. به‌ڵام به‌و شێوازه‌ ڕێكخراوه‌ ڕۆژانه‌ییه‌، بێگومان ئۆكه‌ی ئه‌مریكا و عێراق (ئێران)ی له‌گه‌ڵ دایه‌!

-

 

نوسەری ئەم بابەتە خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×