خەونەکانمان چونیەکن بەڵام میکانیزمی لەخەو ڕاچەنینمان جیاوازن.

هێمن ئەحمەد
  2021-06-23     968
دەخوازیت بزانیت لە ئەو تەلارەی تێیدا دەژیت لە شەوێکدا چی دەگوزەرێت بە پەنهانی؟
جارێ پێش ئەوەی بیر و هزرمان مەشوڵ بکەین و بیترنجێنینە ناو گۆشەو ژور و ڕاڕەوی ناو تەلارەکەوە،با سەرنجێک بدەینە ئەو منداڵە چڵکن و پۆشاک شڕە دەرۆزەکەرەی کە لەترسی دزینی جوتە پێڵاوەکانی،خستونیەتە ژێر سەری و لەسەر پلیکانەی بەردەم دەروازەی تەلارەکەدا،لە خەوێکی قوڵدایە.سەرماو ماندوێتی و برسێتی وەک بوخچەیەک پێچاویانەتەوە.کەچی هیچیان ناتوانن لە خەو ڕایچەنێنن.ئەو خەونێکی خۆش دەبینێت،لە خەونیدا؛دەسڕی سواڵیەکەی بەردەمی پڕ بوە لە پارە و بەردەوامیش پارەی زیاتر لەبەردەمی کەڵەکە دەبێت.بەڵام لە ناکاودا،کەسێک دەسڕە پڕ لە پارەکەی دەفڕێنێت.ئەمیش بە هۆی ئەم دۆخە دەرونیە ناهەموارەوە بەخەبەر دێت.ئینجا هەر دەرۆزەکەران نین کە بە هۆکارێکی دەرونی نالەبار بەخەبەر دێن.
هەر لێرەدا،لە کونجێکی پڕ دوکەڵ و لە دیوێکی شێدار و پۆخڵدا،کە بە ناچاری پێی دەوترێت ماڵ،بابایەکی پیشەوەر لە خەو ڕادەبێت.ئەو بە درێژایی شەو هەر خەونی بینیوە.خەونی بە پەیداکردنی بڕێکی باش لە پارەوە بینیوە.جێگەی سەرسوڕمان نیە کەسێکی وەها بەدرێژایی شەو خەونێکی لە ئەم جۆرە ببینێت!
ئەم پیشەوەرە؛پینەدۆزێکی هەژارە.مافی خۆیەتی هەموو بیرو خەیاڵی شەو و ڕۆژی لای پیشەکەی بێت.هاوژین و منداڵەکانی هاواریانە لەدەست برسێتی.خۆ درز و کونی دیواری ماڵە شەق وشڕەکەی،دەمیان لەدەمی ئەندامانی خێزانەکەی زیاتر لێکردۆتەوە.ئەوەی ئەم داماوە بەخەبەر دێنێت لەخەوەکەی،قیژە و هاواری خاوەن شوێنکارە چاو چنۆکەکەیەتی،کە پێش هاتنی هەمو سەری مانگێک یەخەی پێدەگرێت.
لێرە لە نهۆمێکی تر و لە هەمان تەلاردا،لەماڵێکی تۆزێ جیاوازتر،فەرمانبەرێک لە خەونیدا بە تەلەفۆن،هەواڵی وەرگرتنی موچەی تەواوی پێدەدرێت.ئەمیش لە خۆشیاندا لە خەو ڕادەچەنێت،بەو هیوایەی خەونەکەی بەڕاست بگەڕێت.
هەر لە هەمان تەلاردا و لە نهۆمێکی تردا،کیژۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوی خوێن گەرم،لە ژوری نوستنەکەی خۆیدا،هەموو درێژایی شەو تا بەیان،خەون بە یەکەم شەوی هاوسەرگیریەوە دەبینێت.لە خەونیدا؛هاوژینی پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن سامانە.لە سەر جێگە خەوێکی نەرمی ئاوریشمی،هەموو شەو خەون بە ڤێلا و پارە و سامان و ئۆتۆمێلە گرانبەهاکەیانەوە دەبینێت.لە ناکاودا و دەمەو بەیان،دایکی دەرگای ژورەکەی دەکاتەوە و هاوارێکی لێدەکات تا لە خەو ڕابێت چونکە دوا کەوتوە لە ڕۆیشتن بۆ زانکۆ.ئەویش بە دەرونێکی نا ئارام و سەرێکی قورسەوە ڕادەچەنێت.
لەژورۆچکەیەکی کۆنی تری ئەم تەلارەدا،گۆڕهەڵکەنێکی ڕەبەن ژیان دەگوزەرێنێت،ئەمیش لە خەونیدا پەتایەکی کوشندە لەوڵاتدا بڵاو بۆتەوە و کەسانێکی زۆری کوشتوە.ئەمیش گۆڕ بە دوای گۆڕدا هەڵیدەکەنێت و بگرە فریاش ناکەوێت،زۆر ماندوە بەڵام دەستکەوت و داهاتی چەند هێندەی پێشانە.لەبەرئەوە دەخوازێت خەون بینینەکەی بەردەوام بێت.بەڵام ئەمیش لەپڕێکدا مەلەکوتی ڕۆحکێشان دەستی دەگرێت و ڕایدەکێشێت بۆ ناو یاکێک لە ئەو گۆڕانەی کە خۆی ئامادەی کردوە.بۆیە ئەمیش بە دەم ناڵە ناڵ و قیژەوە لە خەو ڕادەبێت.
هەر لەم تەلارەدا و لەماڵێکی پۆشتەو ڕازاوەدا،پیاوێکی سەرمایەداری بازرگان دەژیت.ئەمیش هەموو شەوێک خەون بە زۆربونی سامانەکەی و فراوانکردنی بازرگانیەکەیەوە دەبینێت.هەموو دەزانین،خەون بینین بە بڕ و شێوازی بەدەستهێنانی سەرمایە،لای بابای سەرمایەدار جیاوازە لە کەسانی تر،بەڵام خۆ هەر خەون بینینە بە پارەوە.لەپڕێکدا،یەکێک لە سکرتێرەکانی هەواڵی مایە پوچبونی زۆربەی کۆمپانیاکانی پێدەدات.ئەمیش بە دەنگ و هاوارێکی بەرز لەخەو ڕادەبێت.خۆ کەسێکیش نیە بەگوێی ئەم سەرمایە دارە چاوچنۆکەدا بچرپێنێت و بڵێت"ئەرێ شەرم ناکەی تەنها بیر لە پڕکردنی گیرفانەکانت دەکەیتەوە؟خۆت و ماڵ و منداڵت ژیانێکی نمونەیی دەژین و هەمو شتێکتان بۆ فەراهەم بووە،ئیتر تکایە مرۆڤانە بیر بکەرەوە و خەونێکی مرۆڤانەش ببینە".
لە کۆتادا،دەکرێت بڵێین؛هەمووان خەونەکانمان تەریبن و لە دەوری هەمان بازنە دەخولێنەوە.تەنها ئەوەی خەون و ویستەکانمان جوێ دەکاتەوە لەیەکتر،شێواز و ئامرازی بەخەبەر هێنانەوەمانە. 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×