جگە لە پارچە پارچەکردنی فەرمانبەران...بەتەمای چین؟

ئالان م. نوری
  2021-07-05     649
 رۆژی 6/29 کۆبوونەوەی بانگهێشتی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ئەنجامدرا و تا دوای نیوەشەوی خایاند. تەوەری باسەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە میراتی حکومەتە پێشووەکانی هەرێمی کوردستان و پاکتاوکردنی میلاکی فەرمانبەرانی هەرێم و "پاشەکەوتە" نایاساییەکەی مووچەی فەرمانبەران و کێشەکانی کەرتی نەوت و غازی هەرێم و، گوێی شەیتان کەڕ بێت، پرسی گەندەڵی.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بە گشتی، وەزیرانی حکومەت ئەم خاڵانەی خوارەوەیان روون کردەوە:

یەکەم: ژمارەی مووچەخۆرانی حکومەت گەیشتۆتە ملیۆنێک و 250 هەزار مووچەخۆر. لەوانە فەرمانبەران 751 هەزار کەس+ خانەنشینان 242 هەزار کەس+ چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەم ئەندامان 19 هەزار کەس+ قوربانییانی رژێمی سەددام 98 هەزار کەس. ئەمە لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 دا دامەزرا، تەنها 140 هەزار فەرمانبەر هەبوون.
گەر بزانین رێژەی زیادبوونی دانیشتوان لە عێراقدا بە گشتی (بە کوردستانیشەوە) لە دەوروبەری (2.9%) یە لە ساڵێکدا، پاشان ئەگەر ژمارەی فەرمانبەران هاوشانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان زیادی بکردایە، ئەوا دەبوا ئێستە لە کوردستاندا 330 هەزار فەرمانبەر هەبوایە. کەچی وەک دەبینین، ژمارەکە گەلێک زیادتر لە دوو ئەوەندەیە. زیادەکەش زوربەی لەو هێزە چەکدارانەن کە بە ناوی "‌‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان" ناونووسکراون و شەڕی تاڵی براکوژی و هەڵهاتن لە بەرامبەر داعش لە شنگاڵ و "بەرەنگاری"ە پڕ شەرمەکەی لەگەڵ سوپای عێراق و لە دەستدانی سەدان هەزار کیلۆمەتر لە چاوترووکاندنێکدا، هەموو ئەمانە دۆست و دوژمنی تێیگەیاند کە ئەم هێزە زل و زەبەلاحەی نزیک بۆتەوە لە نیو ملیۆن مووچەخۆر، لەوەڕگای چەکداری حیزبە و بە ئەمری حیزب دەجووڵێت و بۆ بەرژەوەندی شەڕە قۆچی حیزب نەبێت، بە دەگمەن بەکار دێت.
جگە لەوە گەر بزانین کە نیوەی راستی دانیشتوانی عێراق (بە کوردستانەوە) لە خوار 21 ساڵانن و گەر بزانین کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 5.2 ملیۆن کەسە ، ئەوا بە ژمارەی مووچەخۆراندا دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستاندا لە هەر دوو کەسێکی باڵغ یەکێکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان مووچەخۆری حکومەتە! بێگومان زۆرن ئەو خێزانانەی کە ئەمە واقیعی ئەوان نییە. هەر بۆیە رێژەی فەقیرحاڵی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا، لە دوا سەرژمێری بانکی نێودەوڵەتیدا ساڵی 2012 ، بریتی بووە لە  8.7%‌ ی دانیشتوان، واتە ئەگەر ئەو رێژەیە بۆ ئێستا قەبووڵ بکەین، کە بێگومان ئێستە زیاترە، ئەوا نزیکەی نیو ملیۆن لە دانیشتوانی هەرێم لە خوار هێڵی فەقیرحاڵیی عێراقدا دەژین. ئەو هێڵی فەقیرحاڵییەش لە هێڵی راستەقینەی هەرێمی کوردستان خوارترە، چونکە تێچوونی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا لە ئەودوای عێراق گەلێک زیادترە.
ئەم تەخشان و پەخشانکردنەی مووچە، بەو شێوە ناعادیلانەیە، سەرچاوەی سەرکیی پێگەی پتەوی گەندەڵییە کە بە ناخی کۆمەڵگای کوردستاندا رۆچووە.

دووەم: پەیوەندیدار بە خاڵی پێشوو، وەزیری دارایی روونی کردەوە کە پاکتاوکردنی لیستی مووچەخۆران لە ناو خودی سیستەمە سیاسییەکەی هەرێمدا بەربەستی بۆ دروست دەکرێت، کارێکی گران و ئاڵۆزە و کاتێکی ئەکجار زۆری دەوێت ...لەبەر ئەوە بە قسەکانی وەزیردا دیارە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی خنکێنەر و فشاری حکومەتی عێراقیش، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نین لەوەڕاندنی قەوم و قیلیان لەسەر ورگی دارایی و موڵک و ماڵی گشتی کۆتایی پێ بهێنن.

سێیەم: کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵی زۆر ناسکە و حەز ناکات بەرپسیارێتیی سیاسەتەکان و ئاکامی گەندەڵیی کابینەکانی پێشوو لە ئەستۆ بگرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی 1992 ەوە، بە هاوبەشی و بە دژایەتی یەکترەوە، پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی هەموو حکومەتەکانی نزیکەی 30 ساڵی رابوردوون و هەریەکە بە تەنهاش، لە شەڕی براکوژییەوە تا ئەمڕۆ، ئاغای بێ رکابەری (زەردستان) و (سەوزستان) ن.
جا هەرچەندە جیهانبینی و فەلسەفەی بەڕێوەبردنی ئابووری شتێک نین، چ ئەمان و چ‌"موعارەزە" خۆشمەشرەبەکەیان، بایەخی ئەوتۆی پێ بدەن کە هەوڵبدەن لەڕیی جیاکارییان لە یەکتر، لەو بوارانەدا، سیاسەت و حیزبایەتی بکەن، بەڵام لە راستیدا لە رووی پراکتیکەوە لەم 30 ساڵەی رابوردوودا هێڵە گشتییەکانی "بەڕێوەبردن"ی ئابووریی ئەم هەرێمە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و، بەشدار پێکردنی "موعارەزە"ش، وەک گوڵدانی سەرمێز، تەنها لەوەڕگەیەکی بچووکی بۆ ئەوانیش تەلبەند کردووە و هیچی دیکە.
راستە لەسەر ئاستی شەخسی کەس لە کابینەیەک بەرپرس نییە لە کەسانی کابینەی پێشوو، بەڵام ناکرێت لە هەمان کاتدا گۆڕینی کەسەکانمان بە گۆڕینی سیاسەت پێ بفرۆشن!

چوارەم: وەزیری (سامان و سروشتییەکان)، نەک هەر رەتی کردەوە لە وەزارەتەکەیدا گەندەڵی هەبێت، بەڵکو بە "أغلظ الأيمان"یش سوێندی خوارد کە هەر فەرمانبەرێکی وەزارەتەکەی بگرێت بە گەندەڵییەوە، هاووڵاتی بێت یان بیانی، ئەوا دەیکات بە 100 پارچەوە!!
بە جیا لەوەی کە ئەگەر بەڕێزی دەیەوێت ئەو دونیا لە دەست نەدات، دەبێت بە دوای مەلایەکی شارەزدا بگەڕێت تا سوێندە لە جێچووەکەی بۆ لە گەچ بگرێت، پێ دەچیت شارەزایەکی ئەوتۆی چەمکی (گەندەڵی)ش نەبێت و پێی وابێت تەنها بریتییە لە ئەو دەستە لاستیکە بۆنخۆشەی دوکانی قەرتاسییە بە بەلاش دەیدات بە ئەندامی لیژنەی کڕینی کەلوپەلی ئۆفیسی وەزارەتەکەی. جا لە بەر ئەوە، دەمەوێت لێرەوە بەڕێزی حاڵی بکەم کە خۆی تووشی چ سوێندێک کردووە: گەندەڵی واتە لە وڵاتێکدا کە دامەزراوەکان جێگیر نەبن و دەزگاکانی یاسادانان و چاودێری نیمچە خوێنەوار بن و بەپێی یاسا وەزیری سامانە سروشتییەکان هەموو دەسەڵاتێکی ئاراستەکردنی کەرتێکی ئابووریی وەها گرنگی خرابێتە ژێر دەست و خۆیشی تەنها خەبیرێکی فەننی بێت و لە دوور و لە نزیک شارەزایی سیاسەتی ئابووریی نەبێت. گەندەڵی واتە سنووری نێوان کەرتی تایبەت و دەوڵەت بە جۆرێک شکابێت کە خزمان و قەوموقیلی پلە بەرزترین خاوەن دەسەڵاتی حکومەت، گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی پەیوەندیدار بە وەزارەتەکەییان هەبێت و، مێژووی ئەو پەیوەندییەش دەوڵەمەندکردنی بێ شوماری قەوم و قیل و بەتاڵیی خەزێنەی دەوڵەت بێت. گەندەڵی واتە دەسەڵاتی سەرفکردنی قەرەبوو بۆ هەر تفەنگ بەدەستێکی حیزب کە بە وەزارەت بڵێت ئەم زەوییەی وەزارەت خستوویەتە تەندەری وەبەرهێنانی نەوت و غازەوە، " موڵکی باو باپیرمە" و هیچ دۆکۆمێنتێکیشی نەبێت. گەندەڵی واتە بەشدارکردنی کەرتی تایبەتی بیانی لە موڵکایەتیی نەوتی وڵاتێک کە دەستوورەکەی رێ بەو موڵکایەتییە نەدات. گەندەڵی واتە گرێبەستی نایاسایی لەگەڵ‌کۆمپانیایەکدا لەسەر بیرە نەوتی حازر کە کەرتی گشتی ئامادەیکردبێت، ئەمە و چەندین نموونەی دیکە کە بەڕێزی نەک ناتوانێت کەسیان بکات بە 100 پارچەوە، بەڵکو ناتوانێت لە گوڵ کاڵتریشیان پێ بڵێت.

پێنجەم: وەزیری دارایی رایگەیاند کە خۆی و زۆرینەی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە گرێبەستەکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستاندا گەلێک خراپن و پێویستیان بە چاوپێداخشاندنەوەیە. بەڵام وەزیری (سامان و سروشتی) ئۆباڵی خراپیی گرێبەستەکانی خستە ئەستۆی قەدەری ئیلاهی کە نەوتەکەمانی لە شوێنی تەختاییدا بۆ دانەناوین. وتیشی کە تێچوونی بەرمیلێک نەوتی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دۆلارێک و بیست سەنتە، کەچی لە کوردستاندا 12-14 دۆلارە. لە راستیدا، لە بەراوردێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا لە ساڵی 2016، تێچوونی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی عێراقی (کە تێکڕای گەڕان و هەڵکەنین و دەرهێنان و ئیدامە و پێشخستنی هەموو کێڵگەکانی نەوتە)بە : 7.19 دۆلار، نەک 1.20 خەمڵێندراوە. ئینجا مشتی ناو هەمانەکە لە دوای ئەم قەدەرە ئیلاهییەوە دەردەکەوێت. کۆی تێچوونی بەرمیلێک نەوتی عێراق تا دەگاتە دەستی کڕیار (بەپێی هەمان راپۆرتی ناوبراو)، بریتییە لە 10.57 دۆلار.  بەمەرجێک لە گەڵ تێچووندا 15-18% قازانج بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە گرێبەستی خزمەتگوزارییان هەیە، حساب کراوە.
لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی گرێبەستەکانمانەوە، بە گوتەی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان، رێژەی قازانجیان بۆ مەسرەف دەگاتە 25-35% (ئەگەر شایستە داراییەکانیان بە رێک و پێکی بدرێت، دەنا دەبن بە قەرز و لە سەر بەرهەمی نەوتی داهاتوو حیساب دەکرێن). واتە تێچوونی بەرهەمهێنان بە موقەددەری ئیلاهی و قازانجی کۆمپانیاکانەوە  بە تێکڕا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە، دەکاتە 17 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە جگە لە تێچوونی گواستنەوە کە بە بۆریی موڵکی تورکیا و روسیا و کۆمپانیای کاردا هەناردە دەکرێت، بە باجی تێپەڕبوونی تورکیاوە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت ئەند تووش دەکەنە نزیکەی 6.5 دۆلار. هەروەها بێجگە لە تێچوونی ئیداری و عەمبار  و دیکەوە کە بە 2 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مەزەندە دەکرێت. و ئەوەش جگە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە تێکڕا بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی هەمان کوالیتی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە باجێکی دیکەی سیاسەتی هەڵەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمە! واتە تێچوونی هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم تا دەگاتە دەستی کڕیار  35.5 دۆلارە. ئەمەش بە کورتی و کوردی ئەوە دەگەیەێت کە لەو جیاوازیی نزیکی 25 دۆلارەی تێچوونی فرۆشی بەرمیلێک نەوت کە لە نێوان عێراق و هەرێمدا هەیە، تەنها نزیکەی 6 دۆلاری ئەو قەدەری ئیلاهیەیە کە جەنابی وەزیر باسی دەکات و ئەوەی دیکەی  ئەو گەندەڵییە کە جەنابی هەڕەشە لە ئەنجامدەرانی دەکات بیانکات بە 100 پارچەوە.

شەشەم: با بگەڕێینەوە بۆ ئیتیفاقی زۆرینەی ئەنجومەنی وەزیران کە گرێبەستەکان خراپن و پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە. ئەوجا با بپرسین، نیازیانە چۆن هەمواری بکەنەوە؟ گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و غازدا دادگای ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانی ئینگلتەرا ی کردووە بە مەرجیعی یاسایی و هەر هەموارکردنەوەیەک کە بە دڵی کۆمپانیاکانی نەوت نەبێت، ئەوان بە لادان لە گرێبەستی لە قەڵەم دەدەن و لە ئینگلتەرا داوای یاسایی لە دژی حکومەتی هەرێم دەجووڵێنن، وەک پێشتر کۆمپانیای (دانە غاز) کردی و لە ئاکامدا زیاد لە ملیارێک دۆلاری لە حکومەتی هەرێم بردەوە. کەواتە بە نیازی چ جۆرە هەموارێکن کە ئەگەر بۆ ریش بچین سمێڵیشی بنێینە بان؟

پێشتر بەندە لە نووسینێکی پێشوودا ئاماژەم بەوە کردووە کە تەنها قەڵغانێک هەمانبێت لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی نەوت بریتییە لە داننان بەوەی هەرێمی کوردستان مافی یاسایی لە عێراقدا نەبووە ئەو گرێبەستانە بکات، لەبەر ئەوە تەواوی گرێبەستەکان بەهای یاساییان نییە و ئەگەر کۆمپانیاکان دەیانەوێت بە یاساغ دانەنرێن لە عێراقدا، دەبێت سەر لەنوێ لەگەڵ‌حکومەتی عێراقدا دانوستان بکەن. بێ‌گومان کارێکی لەم جۆرە هەموو موڵک و ماڵێکی کاربەدەستانی ئێستا و پێشووی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دەخاتە مەترسیی دەستبەسەرداگرتنەوە و پێگەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی هەرێم لە جیهاندا گەلێک لاواز دەکات، بەڵام ئەوە هەمووی باجی ئەو گەندەڵییە گەورەیەی دۆسێی نەوت و غازی هەرێمە کە بۆ یەکەم جار دەبێت نەک تەنها هاووڵاتییان، بەڵکو باڵادەستانی هەرێمیش لەگەڵیاندا  بە یەکەوە شانی بخەنە ژێر. ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەوا باس کردنی هەمواری گرێبەستەکان، وەک کردن بە 100 پارچەی گەندەڵکاران وایە... لە قسەی نەستەق بەولاوە چیی دی نییە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×