مناڵانی کورد لە تاراوگە... یان تیژیان بکەن یان گێژ!!

دلێر محەمەد نوری
  2021-07-05     1072
مناڵان بە تایبەتی مێینەکان خەمە گەورەکەی کوردانی تاراوگەیە. پەروەردەکردنی مناڵان بەو جۆرەی دایکان و باوکانی ئەیخوازن جەنگی دۆڕاوی باوانی کوردە دژ بە پەروەردەی باو یان پەروەردەی گشتی لە نێو قوتابخانە و سێکتەرەکانی دیکەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان. بنەماڵە کوردەکانی تاراوگە هەمیشە لە لێکدانەوە و دڵەڕاوکێ و ململانێدان لە گەڵ کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان. هۆکاری ئەم ململانیانەش‌ بانتایی جیاوازیی بیرکردنەوەیە لە نێوان حەزی باوانی کورد بۆ پاوانکردنی پەروەردەی مناڵان و پەروەردە باو و پەیڕەوکراوەکانی ئەو وڵاتانەیە. کێشەی سەرەکی باوانی کورد لە گەڵ ئەو پەروەردە باو و سەپاوەی وڵاتانی ۆژئاوا فەراهەم کردنی ئازادی سێکسییە بۆ مرۆڤەکان و ئازادی هەڵبژاردنی دڵخوازی  خۆیانە بە یەکسانی بۆ نێر و مێ. کە ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگی پێست و ئایین و نەتەوەیە. وەک ئەوەی کچە کوردێک هاوژینێکی سوروسپی ئەوروپی یان ڕەش پێستێکی ئەفەریقی هەڵبژێرێت، یان کوردێک تورک یان فارسێ یان عەرەبێک یاخود موسوڵمانێک مەسیحییەک یان بێدینێک بە هاوژینی خۆی هەڵبژێرێت. قوربانی سەرەکی و لە پێشینەی ئەم ململانێیەش بە زۆری کچانی کوردن. دەنا هیچ کات ئەو فۆکسەی لە سەر مێینەکانن لەم هاوژین و هاوسەر و هاوڕێ هەڵبژاردنە، هەمان فۆکسی سەر‌نێرینەکان نین. هەر بە هۆی ئەم سێکس فۆبیایەی باوانی کوردە کە وا دەکات، بە ئایینی کردن و دواتریش بە ڕق و کینە پەروەردە کردنی مناڵانی کورد لە لایەک یان بە نەزانکردن و خۆڵکردنە چاوی مناڵانی کورد لە لایەکەی دیکەوە، لای هەندێک دەبنە کەرەستەی دەستی باوانی کورد لەم ململانێیەدا. ئەمەش لە پێناو بە دوورگرتنی مناڵان لەو پەوردەیەی لە سنوری قوتابخانە و سێکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ڕۆژئاوادا، مناڵانی پێ گۆش ئەکرێت.
پێم وابێت لەوە ڕونتر نیه کە ئازادی سێکسی بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە تەمەنێکدا به یاسا، لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ڕێکخراوە. ئەمەش لە پێناو بە پۆڕنۆکردنی کۆمەڵگا نیە، وەکو زۆرێک لە کوردان بۆی ئەچن، بەڵکو دابینکردنی یەکێ لە پێداویستییە مرۆڤایەتییەکانە، لە تێرکردنی حەزی سێکسی، وەک هەر پێداویستییەکی دیکەی وەک هەوا و ئاو و خۆراک. ئەمەش بە پشت بەستن بە ڕوانگە فەلسەفی و زانستییە سەلمێنراوەکانە کە چەندین دەیەیە ئەم کۆمەڵگا ڕۆژئاواییانە پێی گەیشتوون. جا با ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکی تۆ شتێکی دیکە بفەرمێت.  دیتنی خێزانە کوردەکان بۆ ئەم پڕۆسەیە، تەنها دیتنی دیوە پۆرنۆکەی دیاردەکە و تانە و تەشەرە کۆمەڵایەتییەکەیەتی، کە ئەمەش دواجار کێشە و گرێی بنەماڵە کوردەکان خۆیانە کە دەیسەپێنن بە سەرمناڵەکانیان. ئەو مناڵانەی کە هیچ کات لەو هەڵسوکەوتەی باوانی خۆیان تێناگەن. چونکە ئەو بوخچەی شەرم و عەیب و حەرامەی باوکان و دایکان بە سەرشانیانەوەیە و لە وڵاتی دایکەوە لە گەڵ خۆیان هێناویانە و بە نیازن لێرە بیکەنەوە و بە مناڵەکانیان بیفرۆشنەوە،  هیچ مناڵێک لێرە ئامادەی کڕینی نیە بە پوولێک، مەگەر لە ژێر فشار کۆمەڵایەتی و ترسی ئایینی نەبێت. ئاشکراشە هەر شتێکی بە فشار بوو، کە فشار نەما!! چی ڕوو دەدات!؟
مناڵان لێرە لە کۆتاییەکانی قۆناغی سەرەتاییەوە، وردە وردە زانیاری سێکسییان پێدەدرێ. زانیارییەک کە لە سنوری ناسین و جیاوازی کۆئەندامەکانی سێکس و زاوزێ لە لای هەردوو ڕەگەز تێناپەڕێت. لە سەرەتای قۆناغی ناوەندیشدا وردە وردە زانیارییان لە بارەی جووت بوون و کردەی سێکس و چۆنێتی خۆپارێزی لە سکپڕبوون و نەخۆشییە سێکسییەکانی پێ دەدرێت. تا دوا قۆناغی ئامادەیی ئیتر مرۆڤێک دێتە بەرهەم ورد و درشت لە بارەی سێکسی خۆی و بەرانبەرەکەی، کێشەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و سێکس. چۆنێتی خۆپارێزی لە بەرانبەر هەڕەشە و تەنگ پێهەڵچنینی سێکسی، سەرجەم یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە ئازادی پراکتیکەکردنی کردەی سێکس، دوور لە فشار و چاودێری یاسا و ڕێسا ئایینی و و فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان. جا لێرەوە کڕۆکی ترسە گەورەکەی خێزانی کورد لە مناڵ، بە تایبەتی لە کچی خوێنەوار سەرچاوە ئەگرێت.‌ بنەماڵە کوردەکان ئەیانەوێت بێنە ئەوروپا و سود لە هەموو لایەنە ئەرێنییەکان (هەڵبەتە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەمانە تاکە شتی ئەرێنی ئەوروپان) ببینن، هەر لە ئارامی و خزمەتگوزاریی ژیانی و تەندروستی تا دەگاتە کۆکردنەوەی پارە و خۆ دەوڵەمەندکردن. بەڵام ئەوان ژیانکردن بەو ستاندارەی کە کۆمەڵگاکان لێرە کاری پێدەکەن لە بارەی پەروەردە و پێگەیاندنی مناڵ بە مۆتەکە و  نەرێنیترین لایەنی ژیان لە تاراوگە دەبینن.
کەم نین ئەو خێزانانەی کە لە دوای خۆدەوڵەمەندکردن و بوون بە خاوەنی ڕەگەزنامەیەکی ئەوروپی وڵاتە و وڵات ئەگەڕێن بە دوای وڵاتێگی ئەوروپی کە کەمترین کۆنترۆڵی دام و دەزگای میری هەبێت بە سەر ژیان و پەروەردەی مناڵەوە، بۆ نموونە گواستنەوە لە ئەسکەندەنافیاوە بۆ بەریتانیا لەم ساڵانەی دوایی بوو بوو بە دیاردە.  یان گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایک بۆ چەند ساڵێک لە پێناو چاوترساندن و تەمێ کردنی مناڵ و پڕ چەککردنی بە ڕەوشت و سنورەکانی شەرم و عەیب و حەرام و دواتر گەڕانەوە بۆ ئێرە. بۆ ئەوانەشی کە هانایان بۆ ئەو دوو ڕێگایە نەبردووە و لە وڵاتی یەکەمی ئەوروپایان درێژە بە ژیان دەدەن، ئەوا شێوازی دیکە خۆپارێزی لەو کولتورەی ئەوروپییەکان بەکار دەهێنن.
بنەماڵە کوردەکانی تاراوگە بە تایبەتی  ئەوانەی مناڵی کچیان هەیە، زۆر بە دیقەت و قۆناغ بە قۆناغ لە یاسا و ڕێسا و عورف و تەقالیدە ئەوروپییەکان ئەکۆڵنەوە و ئەپرسن. بۆ هەر یەکێ لەو یاسایانەی لە گەڵ ڕەوشتی عەیب و شەرم و حەرامە نایەنەوە، ڕێگاچارەی گونجاوی (بە بۆچوونی خۆیان!!) بۆ دەدۆزنەوە. بە گشتیش ئەم ڕێگاچارانە لە ژێر دوو ناونیشان کۆدەکرێنە، کە ئەوانیش بەو پێیەی من تێبینیم کردبێت:-
١/ بە نەزان کردن و بە گێل کردن و گیرۆدە کردنی مناڵ. بنەماڵەکان بە گشتی چاک ئەزانن پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە ڕۆژئاوا تا چ ئاستێک وشیاری مناڵ بەرز ئەکاتەوە؟ چۆن سنوری نێوان ئازادی مناڵ و دەسەڵاتی باوان دەکێشێت؟ چون گیانی گومان و پرسیار لە مناڵدا ئەگەشێننەوە لە بارەی هەر شتێکەوە؟ ماف و ئازادییەکانیان چین و کەی ئەتوانن کامەیان پیادە بکەن؟ هەر بۆیە بنەماڵەکان بە هیچ جۆرێک ئارەزوو ناکەن بە تایبەتی کچەکانیان چاویان بەو جۆرە بکرێتەوە. هەر بۆیە زۆرێک بنەماڵە کەمتر بایەخ بە خوێندنی کچان دەدەن و لە جێگەی ئەوە هەوڵ دەدەن لە تەمەنی هەرزەکاری و کەف و کوڵی سۆزداری گیرۆدەی پرۆسەیەکی هاوسەرگیری پلان بۆ داڕێژراوی بکەن. هەر دوای چەند مانگێک لەو پرۆسەیەش کچەی لە خوێندن دابڕاو سکی پێش خۆی دەدات لە چاوەڕوانی مناڵ و ئیتر بێ ئیش و بێ کار و بێ بڕوانامە ئەکەوێتە مناڵ بەخێوکردن و لە باشترین حاڵەتیشدا کرێکاری لە دوکانێکدا بکات یان دەبێت بە بۆی لە ڕێستورانتێکی لا کۆڵاندا. کە دەکرا باوک و دایک سەری ئەو زێرابی عەیب و شەرم و قسە و تانەی کۆمەڵایەتییەیان هەڵنەدایەتەوە و لێ بگەڕانایە کە ئەو مناڵە سوودی لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرتایە بۆ پاشە ڕۆژی خۆی. کێ ئەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لای تۆ و هاوزمانەکانت نەنگییە و جێگەی باسە، دوو دەیەی دیکە نابێت بە شتێکی ئاسایی و دەستی تۆش و نەوەکەت لە بنی هەمانەکەوە نایەتە دەرێ!؟
٢/ بە توند و تیژ کردنی مناڵان دژ بە کولتوری ڕژئاوا.
گەلێک بنەماڵە، هەر لە مناڵییەوە کار لە سەر ڕەشکردنی کۆمەڵگای ئەوروپی ئەکەن لە بەرچاوی مناڵەکانیان. بەوەی ئەوروپییەکان بەدڕوشتن، پیس و پۆخڵن، بەرازخۆرن، ڕێز لە یەک ناگرن و گەورە و بچووکی نافامن لە خێزاندا، ڕەگەزپەرستن دژ بەوانەی سەریان ڕەشە، ڕقیان لە موسوڵمانان دەبێتەوە و...هتد. لە لایەکی دیکەشەوە هەندێک خێزان بە بێ ئەوەی خۆیان لە بنەچەدا ئایینیان بۆ گرنگ بێت، لە پڕێکدا و لە گەڵ هەڵکشانی تەمەنی مناڵەکانیان، جەخت لە سەر بە ئایینی کردنیان ئەکەن و بە زۆرەملێ دەیاننێرنە قوتابخانە ئایینییەکان تا هاوکێشەکانی نێوان گەرمی ئاگری دۆزەخ و ئەو گوناهانەیان بۆ لێک بدەنەوە کە لە دەوروبەریان ئەنجام دەدرێت. سەیر لەوەدایە دایک سفور و لە سەر تەلە و باوکیش بە دزی مناڵەکانی ئەخواتەوە و لەولاشەوە هانا بۆ ئایین ئەبەن وەکو قەڵغانێک بۆ پاراستنی مناڵ لە تەوژمی بەها ڕۆژئاواییەکان و گۆشکردنی بە پەروەردەیەکی دۆگمایی ڕۆژهەڵاتی. بەمەش مناڵ بە یەک دونیا گرێ و گۆڵە و ڕق و کینە و بوغزەوە، دەخەیتە بازاڕی ژیانەوە، بەرانبەر بە کۆمەڵگایەک کە بڕیارە تەواوی ژیانی لێی بژی. هەر ئەم مناڵانەشن لە زۆربەی دۆخەکان دەبن بە میوانی بەردەوامی زیندانەکان یان چالاکوانی توندڕەوی ئایینی یاخود نامۆ بە ژیانی کۆمەڵگایەک کە تیا لە دایک بووە و گەورە بووە.
لە بەر ئەوەی من خۆم باوکم و خاوەن مناڵیشم لە ئەوروپا، زۆر باش لە باوکان و دایکانی ئەوروپا تێدەگەم، ئەوانیش وەک من بوخچەیەکیان لە بەها ڕۆژهەڵاتییەکان لە گەڵ خۆیاندا هێناوە بۆ ڕۆژئاوا و ئاسان نیە هەرس کردنی ئەو هەموو بەها پێچەوانەیە. بەڵام عەزیزم ئێمە کە هاتین دەبوو بپرسین و بزانین کە بۆ شوێنێک هاتووین و ئەو شتانەی ئێمە باوەڕمان پێیانە زۆربەیان قەدەغە و بێزراو و یاساغە لێرە. هەر وەها ئەشبێت لەوە تێبگەین کە دواجار مناڵەکانمان لە ناوەڕۆکی ئەو بوخچەیەی سەر شانی ئێمە تێناگەن مەگەر یان گێژیان بکەین یان تیژ!! بەمەش لە هەردوو باردا ئێمە ڕاستیمان لێ شاردنەوە و ژیانێکی بە ئازارمان بۆ هەڵبژاردن کە مەبەستی مناڵ خستنەوەمان دواجار ئەوە نەبوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×