رێگریکردن لەپەرلەمانتار

د. ئیسماعیل نامیق
  2021-07-06     516
یەک: نامۆترین فۆرمی حوکمڕانی لەجیھاندا ئەم حوکمڕانیە خۆماڵیەی کوردستانە، خەڵک پەرلەمانتار ھەڵئەبژێرێت، پەرلەمانتار متمانە بەوەزیری ناوخۆ ئەدات، وەزیری ناوخۆ پاسەوان دائەمەزرێنێت، پاسەوان رێگەنادات پەرلەمانتار بچێتە پەرلەمان و سوکایەتی پێئەکات!! نەک ھەر ئەوە بەڵکو رێگە نادات سەرۆکی پەرلەمانیش بچێتە ئەو شارەی کەپەرلەمانی لێیە!! ئەمە چ حوکمڕانییەکە؟ لەمێژوودا چی لەسەر بنوسرێت و لەزانستی یاسادا چۆن بخوێنرێت؟!!

دوو: بەردەوامی رێگریکردن لە کازم فاروق عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و دامەزراوەی پەرلەمان، ھەروەھا ئەبێتە عورفێکی خراپ رەنگە لەداھاتوودا بەرامبەر خودی سەرۆکی پەرلەمانیش بەکاربھێنرێت.

سێ: لەئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کاتێک رێگریی لەسەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان کرا بچێتە ھەولێر، گۆڕان ھەڵەی کرد  لەمامەڵەکردن لەتەک ئەم رووداوەدا، چونکە بەناردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ھەولێر و رێگریی کردن لێی و زەقکردنەوەی ئەم رێگرییە خەڵک نائومێد بوو لەھەڵبژاردن و  گەیشتە ئەو قەناعەتەی کەدەنگدان ھیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت،  ئەمەش ھۆکاری سەرەکی نزمی ئاستی  رێژەی بەشداریی خەڵک بوو لەھەردوو ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٨، دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەش ھەر ئەمەیان ئەوێت. لەبەرئەوە گۆڕان نابوو ئەوکات سەرۆکی پەرلەمانی بناردایە، ئاگاداریش کرابۆوە کەنەڕوات، ئێستاش نەوەی نوێ نابێت ئەم ھەڵەیە دوەبارە بکاتەوە، چونکە بەردەوام پیشاندانی کازم فاروق بەم شێوەیە، متمانەی خەڵک بەھەڵبژاردن سفر دەکات.

چوار: ئەم وێنەیەی کازم فاروق زۆر ئازار بەخش و نائومێدکەرە، دڵنیام سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر ئێستاش ئازار ی پێ نەچێژێت لەداھاتوودا ئازاری پێ ئەچێژێت!!

پێنج: ئەزانم پاساوی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ئەوەیە کەئەم رێگریکردنە بەبڕیاری پەرلەمانە و لەدەسەڵاتی ئەودا نیە، بەڵام ھەر لەبەرئەوەی رێگەی داوە ئەم بابەتە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگدانەوە، عەیبەکە روبەڕوی ئەو دەبێتەوە، ئێستاش نەبێت لەداھاتوودا، چونکە ئەمە شەرعیەتدانە بەھەر رێگرییەک کەپارتی لەرابردوودا کردوێتی و لەداھاتووشدا رەنگە بەرامبەر خودی سەرۆکی پەرلەمان بیکات!! جا ھیوادارم بەڕێزیان ئاگاداری مەترسی ئەم رێگریکردنە بن و بەزوترین کات وا چارەسەری بکەن، کەدیموکراسی و سیستمی سیاسی و یاسایی دروست ئەیخوازێت، نەک بەو شێوەیەی حیزبێکی سیاسی یان ئەم و ئەو گەرەکێتی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×