بیرکردنەوە لەمێژوو: ئەمین زەکی بەنموونە (١)

نەوزاد جەمال
  2021-07-10     490
بەم دواییە، چاپێکی نوێی 'خولاسەیەکی تەریخی کوردو کوردستان' محەمەد ئەمین زەکی بڵاوبووە. جیاوازی ئەم چاپە لەوانەی پێشوو ئەوەیە کە لەلایەن چەند توێژەرێکەوە پێداچوونەوەو پەڕاوێزی بۆ نووسراوە. دانانی پەڕاوێزو هەندێک راستکردنەوەو کاری ئیدیتکردنە. لێرەدا تەنها ڕانانێکی کتێبەکە ناکەم، بەڵکو لەم سووکە توێژینەوەدا شرۆڤەیەکی ناوەڕۆکی کتێبەکەش دەکەم.
یەکەم: سەرنج لە کتێبەکە
لەگەڵ ئەوەی ئەم چاپە نوێیە بەرهەمی کاری پێکەوەیی و بەراوردکاروی و هتد.. رەنجێکی فەرهادی لەگەڵدا کێشراوەو جێگەی دەستخۆشییە. بەڵام، بەداخەوە کتێبەکە هەر بەو زمانەی کە نزیکەی سەدەیە لەمەوبەر پێینووسراوە، بەهەمان ڕێنووسی کە پیتی عەرەبی و ناوەکان عەرەبین چاپکراوەتەوە. بۆنموونە، ناو نووسەرچ بە'محەمەد ئەمین زەکی'(کوردی)دانراوە، لەکاتێکدا ناونیشانی کتێبەکە بە فۆنتی عەرەبییە!
هێشتا بەشێکی ناوی شوێن و ناوەکانیر پێناسەنەکراون. لەم ڕووەوە، ئەم چاپەش دەستگیرۆیی خوێنەری ئاسایی (نەک توێژەر) ئەم سەردەمەی نەکردووە. چونکە، وەرنەگێڕدراوەتە یان باشتر بڵێین نەخراوەتەسەر زمانی ئەمڕۆ. ڕستەو ووتەی فارسی یان تورکی وەک خۆیەتی. ئەگەر ئامانج لەچاپدانەوەی کتێبەکی کلاسیک، ئاشناکردنی خوێنەری سەردەمەکەیە –لاوان- بەمێژووی کوردو ناسینی دەقەکانی ئەمین زەکیە، دەبایە بەشێوازی ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە. بۆنموونە 'شەکسپیر' کام ئاخێوەری ئینگلیز-جگەلە پسپۆڕە کەمینەکان لێی تێدەگات؟ دەقەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆ و بە دەقە کلاسیکیە کوردییەکانیشەوە، لەمڕۆدا بەبێ ڕاڤەو وەرگێڕان تێگەیشتن ئاسان نییە. بەپێچەوانەوە رەنگی کەسێک بۆ جوانی دەقێکی کلاسیک لەماڵەکەیدا هەڵبگرێت، بەڵام بۆ خوێندنەوە مەیلی نەبێت.
باشتربوو ئیدیتکەرانی کتێبەکە لەو ڕووەوە، ناونیشان و خاڵبەندی و دانانی ناونیشانی لاوەکی لە لاپەرەی جیاواز و هتد... کارئاسانیان بۆ خوێنەران بکردایە. بەتایبەت کە نووسینی سەدەیەک لەمەوبەر لەڕووی میتۆدییەوە سەرەتایی بووە.

دووەم: ئەمین زەکی سەر بەکام مۆدیلی نوووسینەوەی مێژووە؟
دەکرێت دووشێوازی لەنووسینەوەدا جیابکەینەوە:
نووسینی مێژوو لەڕوانگەو گۆشەنیگای دەربار، بنەماڵەو میرانەوە(ئەشراف) کە مۆدیلی نووسینی شەرەفخانە. شۆڕبوونەوە لەدەرەختی بنەماڵەکانەوە بۆ هەناوی مێژوو راستی کورد، دیدێکی جیاوازە. بەڵام، هەموو راستییەکان دەرناخات. چونکە یەکڕە هەندانەیە. لەم سۆنگەوە، 'شەرەفنامە' مێژوو نییە بەو واتا زانستییەی کە هەیە، بەڵام زانیاری مێژوویی گرنگی لەخۆگرتووە.
یان لەسۆنگەی ڕووداو و بەسەرهات و دەستنیشانکردنی هۆکارو پاڵنەروە بکەرەکانی پەرەسنەندکانەوە کە ئەمین زەکی ڕەچاویکردووە. بەڵام لە هەندێ جێگەدا بۆ ڕوۆچوونە نێو میژوو رەگوڕیشەی کوردوە باس لە کەسایەتی و میرنشینەکان دەکات.
بۆیە، لەسەرەتای 'بەرگی دووەمدا' نووسەر راشکاوانە ڕازی خۆی دەردەبڕێت: "کورد بەپێی شوێنەوارناسەکان لەگەڵ گەلی تورک و عەرەب جیاوازیان نییە. هەروەها، ئامانج لەنووسینی ئەم بابەتە بەزۆر رێکخستنی(هەڵبەستن) رابووردیەکی کۆن بۆ میژووی گەلی کورد نییە. بەڵکو دەمانەوێ بیرو دیدگەی هەندێک زانای شوێنەوارو مێژوو بخەینە سەرکاخەز (ج٢- ٥٦١). کەواتە، بەجۆرێک گواستنەوەی دیدی ئەو شارەزایانەو هەندێکجاریش رەخنەو شەنوکەوکردنیانە.
لەباسی 'سەلاحەدین' و 'دەوڵەتی ئەیبوی'دا درێژەی دەداتێ و هەندیکجاریش  لەژیر کاریگەری گوتاری ئیسلامی باودا، قسە لەسەر پێگەو رۆڵی ئەو وەک قارەمانی ئیسلام و باس لەخەسڵەتە باڵاو ئاکارەکانی دەکات(ج٢- ٨١٥). هەر لەو وەسفانەی کە لە کتێبە مێژووییەکاندا 'رابەرو سەرکردەیەکی بەبەزەیی و سەرڕاست و راستگۆو لێبوردەو دادوەر و خاکەڕاو خاکی و پابەند بەئایین و خواپەرستیەوە' باسدەکاتەوە (ج٢- ٨١٦/٩). بۆیە، لەمەدا لایەنگیری پێوە دیارە.
بەڵام لەژێر لاباسێکی وەک 'موتالەعەیەکی عموومی'دا، هەڵسەنگاندن بۆ دەورانی ئەیوبی و هۆکاری سەرکەوتن و شکستەکانیشی دەکات. پێکهاتەی ئۆردوی – قەڵەمرەوی- ئەیووبی لەسەر دووکۆڵەکە دامەزراوە: لەشکری تایبەت(مەملوک) و لەشکری ئومەرای تابیعە-واتە ئەوانەی لەژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوی دەوڵەتدا چەکدارن. بەرای ئەو، ئەگەرچی ئەم پێکهاتەیە بۆ ئەو سەردەمە باش بووە، بەڵام لەشکری مەملوک کە کرێگرتەو بە پارەکڕدراو پەروەردەکراوە وبەبیرێکی سەربازییەوە دروستکرابوون سەرەتا وەک هەر لەشکرو سوپایەکیتر باشبوون. بەڵام دواتر بوونە سەرەخۆرەی دەوڵەتەکە (ج٢- ٨٥٥). چونکە، لەکاتی لاوازی حکومەت و ئیفلاسی داراییدا، بوونە مخۆرکەی پووکانەوەی دەوڵەتەکە(ج٢- ٨٥٦).
 ئیتر پتر لەسەری نەڕۆیشتووە کۆتایی بەبابەتەکە لەڕێی بیرخستنەوە لایەنە پرشنگدارەکانی دەوڵەتەکەوە هێناوە. بەتایبەت کە کاریگەری لەسەر ئەورپا هەبووە. بۆنموونە بنەمای –ئوسوڵی- فەرمانڕەوایەتی کە دەرەبەگایەتی لەو دەسەڵاتەدا پەرەیسەند و هەر ئەو بنەمایەش لەریی هەڵگرانی/ئەهلی خاچە"وە چووە نێو ئەروپیەکانەوە. بەداخەوە لەسەر ئەم بڕگەیە نەوەستاوە چۆن پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەورانی ئەیوبیدا چۆتە قۆناخی پاش دەرەبەگێتیەوەو لەدامەزراوەی دەوڵەتدا جێکەوتووە؟ چۆن دەرەبەگەکان و بنەماڵەکان دەبنە بەشێک لە دامەزراوەی دەو:ەت و ئەندامێتی لەئەنجوومەنی باڵای دەوڵەتدا (ج٢- ٨٥٦). جگەلەوەی، باسی خزمەتکردنی بێکۆتای ئیسلام، لەسەر ئەوە نەوەستاوە ئاخۆ چ کەڵک و سوودی بۆ کۆمەڵی کوردەواری هەبووە؟

سێیەم: نەبوونی مێژووی ڕەخنەیی
مێژوو هەر گێڕانەوەی زنجیرەی ڕووداو دیاریکردنی ساڵ و شوێن و کەسەکان نییە. چونکە، بەوە دەبێتە سەربووردەیەک. مێژوو شەنوکەو و لەبێژنگدان و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییە. بۆیە، لەو کتێبەدا نووسەر لەزۆر شوێن و بۆنەدا، ووتەیەک یان خوڵاسەو دەستنیشانکردنێک دەکات. لێرەوە، هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، خەسڵەتێکی ئەو دەقە. بۆنموونە لەباسی ئەو رووداوانەی کە جوڵانەوەو میرنشین و دەسەڵاتە کوردیەکان چۆن لەناوچوون و هۆکارەکانیان چیین، لێکدەداتەوە. پێیوایە هەموو میرنشین و دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانی کورد، ئەگەرچی لەململانێ و دژیەکبوون. بەڵام لەرووی ئامانجەوە یەکبوون. بۆیە، هۆکاری شکستەکانیان یەکسەر ناخاتە ملی بکەری دەرەکی. بەڵکو لەپاڵ هۆکارە دەرەکییەکاندا، هۆکاری خۆیی و ناوخۆیی زەقدەکاتەوەو دەیکاتە پرسیارو جیگەی پەندو وانەفێربوون. بۆیە، دەگاتە ئەنجامێک: هیشتا ئەوان-کوردان- بۆ ئەو تەرحە-پرۆژەی دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایەتی کورد- پێنەگەیشتوون و هێندەش لەبارودۆخ و هەلومەرجی سایسی دەوروپشتیان ئاگادارنەبوون (ج١-٣٥٧-٩).
هەر بۆنموونە، تێکشکانی 'جان پۆڵاد میرعەلی' کە دژ بە 'مورادپاشای سەدری ئەعزەم' بوو، یەکەمجار بەرەوڕووی چل هەزار چەکداری کوردبووەوە تێکشکا! هەروەها، هۆکاری شکانی 'ئەورەحمان پاشای بەبە' خالید برای هۆکار بووە. چونکە لەگەل والی بەغدا رێکەوتبوو! بۆیە، زەکی بەووشەی فەجیعە-کارەسات- باس لەم دۆخە دەکات کە سێجار لە (١٨٠٥، ١٨٠٨ و ١٨١٢) دا ئەم یەکتر شکاندنە دووبارەبوونەوە! (ج١-٣٥٨).
لەباسی راگەیاندنی سەربەخۆیی 'محەمەدپاشای' ڕەواندز، هۆکاری سەرنەکەوتنی بۆ : ١- زیادەڕەوی دەرماگیری(لوتبەرزی میر) وکەسانی ناشارەزا لەسیاسەت. ٢- رکەبەر و ئیرەیی نیوان میرانی بەبەو بادینان و جزیرە و دووروویی و پەرتەوازەیی. ٣- رێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسی دژبەیەک! (ج١-٣٥٨).
ئەوەی بەدەردی 'ئیسماعیل پاشای بادینان' چوو کە تاسەر دژایەت و دوژمنایەتی میری سۆرانی دەکرد، کاتێک لەشکری حکومەت شەڕیان دژ بە 'میر محەمەد' دەکرد، ئەو بەتیاچوونی میری سۆران شاگەشکەبوو! بەڵام، دواتر هەمان لەشکری حکومەت لە ئامیدی هاتنەسەری و بەقۆڵبەستراو بەرەو بەغدا راپێچیانکرد. لەئاکامدا هەردوو میرنیشنیەکە لە ناوچوون! (ج١-٣٥٩).
ئیدی، ئەوە مێژووە ڕاستیەکمان پێدەڵێت: 'داگیرکەران بەپشتیوانی چەکداری کورد خۆی فەرمانڕەوا کوردەکانیان لەرەگەوە هەڵکێشاو دواتر سەری گورگەبەخێورکراوەکە-بەدەستی دەوڵەتان-شیان پاندەکردەوە! وانەکە فێرماندەکات؛ نەهامەتی و بەڵای کێشەی کورد سەرکردەکانیەتی. ئەوەندەی بەدرێژای مێژوو سەرکردەی کورد زەبری کەمەرشکێنی لە پرسی رزگاری کورد داوە، هێندە دوژمن نەیتوانیوە گیانی بەرگری و متمانەبەخۆکردن و ڕەوایەتی پرسەکە لە ناخیدا لەکەداربکات!
خۆخۆری، دووبەرەکی رەگێکی خێڵایەتی و تیرەگەری و هۆزگەرییە کە رژاوەتەوە نێو بزاڤ و خەباتی رزگاری پرسی کوردەوە. بنەماڵەو خێڵ لە فۆرمی حزب و حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێیدا بە ناونیشانی جیاواز خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. ئەگەر راست بێت بڵێین "بزاڤی نەتەوەیی کورد"، ئەوا بزاڤێکە هێشتا لەبەرگی خێڵایەتیدا گینگڵ دەدات.
زەکی رای 'میجەرسۆن' وەک بشارەزایەکی بێلایەن و خاوەن روانگەیەکی بابەتیانە دەهێنێتەوە: "هەمیشە کورد سەرکێش و نەبەزو لوتبەرزو ملنەدەرو یاخی بوون لە دەسەڵات. تەنها بەهۆی شەڕو ناکۆکی ناوخۆوە شکاوەو بەهۆی ئەمەشەوە دەسەڵات و هەژموونی دەوڵەتە سەردەستەکان پەرەیسەندووە"(ج١-٣٦٠). هەر لەو سۆنگەشەوە زەکی بەئەنجامێک دەگات؛ "هۆکاری بنەڕەتی سەرنەگرتنی بزاڤی کورد پێنەگەیشتنیەتی. دوێنێش وابوو، ئەمڕۆش وایە"(ج١-٣٦٠). لێرەدا وەستان لەسەر دەستەواژەکانی "پێنەگەیشتن"و "دوێنێش وابوو، ئەمڕۆش وایە" پێویستە. چونکە، ناڕاستەوخۆ نووسەر مەبەستی لە پێنەگەیستنی هزری و روناکبیری و زانستییە.
ڕەنگە ئەویش وەک شارازەیانی بواری مێژووی سیاسەت پێیوابێت، پێش شۆڕش و جوڵانەوەی چەکداری، روناکبیری و پێگەیشتن و پەروەردەی بیرو ئاگایی پێشمەرجێکە. تۆ نەزانیت ئامانجەکەت چییەو بۆچی دەجەنگیت، ئیتر چۆن پێی دەگەیت؟ ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەی 'زەکی'دا تەواو پێچەوانەی ئەو گوتارە بەڕواڵەت نەتەوەیی نیشتمانییە سۆزخوازییە کە ئۆباڵی شکست و تێکشکانەکان دەخاتە ملی داگیرکەران و ئەوانیتر(نەتەوەسەردەستەکانی دەوروپشت).
دیاریکردنی هۆکاری خۆیی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە تێکشکانەکان، ئەو 'کراسەی عوسمانە' کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد دەیپۆشن. بەمەش خۆیان لەبەرپرسیارێتی مێژوویی و هەڵەو بڕیارە خراپەکانیان دزیوەتەوە. ناکرێت ڕابەرو پێشەوای پرسێکی نیشتمانی نەتەوەیی هاوکات خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی شکست و کەموکورتیەکان هەڵنەگرێ. بۆچی پرسی کورد بکاتە مەدالیا سەرشانی، بەڵام کە هەلومەرجەکە گۆڕا، ئیتر شانی خۆی لەموو بەرپرسیارەیتەک بتەکینێت.
هەڵبەت، دژی ئەو دیدە ڕەشبین و قەدەرییەشم کە پێیوایە کورد بە سروشتی خۆی خۆخۆرو دژیەک و ناکۆک و خائین و بەدەستکەلای ئەوتیر دەزانێت. چونکە، وەک هەموو گەل و مرۆڤێک، خەڵکانی بەرژەوەندیخوازو هەلپەرست، پرسێکی رەوا بۆ بەرژەوەندی و قازانجخوازی دەقۆزنەوە هەیە. بەڵام، هیچ گەل و نەتەوەیەک بەکوردیشەو بەسروشتی خۆی و لەناخەوە خۆخۆرو یەکترشکێن نییە. بەڵکو، ئەوە ئەنجامی ناهۆشیاریی و پێنەگەیشتن ژیرییە. سەربەخۆبوون و ڕزگاریی وەک پرۆژەیەکی هەمەکی و ئامانجێک لەسەرووی ئینتمای خێڵ و بنەماڵەو ناوچەگەرییەوە وەک وێنە گەوەرەکە ببینێت.  
 لەو سۆنگەوە، پێنەگەیستنی کورد لەڕووی ئەقڵییەوە، هەمیشە هۆکارێکە بۆئەوەی کورد سوودی لێبکرێت و سوودی بۆخۆی نەبێت! وەک ئامرازێکی سوودبەخش بۆ دەوروپشتی. بەڵام وەک چرایەک ڕووناکی بۆژیر خۆی نەبێت! بۆیە، زەکی دەڵێت، 'لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ کورد لەخزمەتی و یارمەتیدانی فەرمانڕەوای سەرڕاستی خۆی(مەبەست لەدەوڵەتانی فەرمانرەوایە) کەمایەسی نەکردووە'(ج١-٣٦٠). ئەم خەسڵەتەش بۆتە خێروبیر بۆ دەوڵەتدارانی دەورپشت. بەڵام، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ستەمی لەگەلی کورد کردبێت، کوردە بۆتە بەڵای سەریان. ئەوە، ڕاستە ئێستە کێشەی کورد لەتورکیاو ئێران و ئیراق سەرەخۆرەیە. بەڵام، کورد هێشتا درکی بەم خاڵە بەهێزە نەکردووە!

ماویەتی..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×