لە پشــت کۆدەتاکەی پاڤێـــــڵەوە چ باســە؟!

عومەری خەتات
  2021-07-11     3101
ئاڵۆزییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕووداوێکی ســادە نین وناکرێت بە ئاســانی بەســەرماندا گوزەر بکەن. لابردنی هەرسێ بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری لەگەڵ دەزگای گومرگی فرۆکەخانەی ســلێمانی کە ســەر بە باڵی لاهور شــێخ جەنگی بوون لە لایەن باڵی پاڤێــــڵ تاڵەبانییەوە، پێویســت دەکات لە ئاستێکی فروانتر تــا لۆکاڵدا بیخوێــنینەوە بۆ ئەوەی تووشی جۆرێك لە بەدحاڵی بوون و هەڵسەنگانی عاتیفی نەبیــن.


بە پێچەوانەی بەشێك لەو هەڵسـەنگاندنانەی کە تا ئێســتا بڵاوکراونەتەوە و ئەو کێشــانە بە کێشەی "پاوانخوازی دەسەلات" یان "کۆدەتای پارتی"، ئەرگومەنت دەکەن، من پێموایە ئەوەی کە لە زۆنی ســەوز دەگوزەرێت پەیوەندییەکی کەمیــان بە شەڕی دەسەڵاتی ناو باڵەکانی یەکێتی یان ســیناریۆی کۆدەتای پارتیــەوە هەیە بە راســتەوخۆیی، ئەگەرچی ئەم ئەرگومەنتــانەش بە جۆرێك ڕاستی تێــدایە بەڵام ئەرگومەنتی ئەســـڵی مەسەلەکە نیــن!


مەســەلەی شەڕی پاوانخوازی و شەڕە تەکەتول لە ناو حزبەکانی بزووتنەوەی کوردیەتی بە تایبــەتی یەکێتی هەمیشە هەبووە و ســیمایەکی دیاری ناو ئەم هێزە بووە. ســیناریۆ و کۆدەتاکانیشــیان لە دژی یەکتر بە درێژایی بوونیــان لە شاخ و لە شــار هەمیشە ئامادەبووە و هەریەك لەم هێــزە "برایــانە" هەمیشە لە پلانی بەردەوامدا بوون بۆ بێــهێزکردنی ئەوی دی! 


ئەمەی ئێســتا گوێڕاکێشـــان و دوورخســتنەوەی باڵی لاهورە لەلایەن ئەمریکاوە تا ئەوەندەی کۆدەتایەکی پارتی بێت! (بێگومان ئەم کارە بە قازانجی پارتی تەواو دەبێــت) ئەمەش لە چوارچێوەی گوڕانکاریەکانی ڕێخســتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەن ئەمریکاوە مانا پەیدا دەکەن!


لە مانگی یانزەی پاردا و لە ووتارێکی کورتدا ووتم:
" دەهۆڵکوتـــانی ڕاگەیاندنەکانی پارتی بۆ شەڕ و هەڕەشەکانی بارزانی بۆ بە شەیتـــان کردنی پەکەکە، پێش ئەوەی شەڕەنگێزیەکانی پەکەکە وهەوڵی ئەوان بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێم و حساب نەکردن بۆ "ئەمنی قەومی" کوردی بێت، داوایەکی ژێربەژێـــری ئەمریکایە لێی کراوە و چرایەکی ســەزە بۆ لێدانی قەندیل!." 


"لێدانی سەربازی لە پەکەکە لێــــدانە لەو پرۆژە سیاسیەی ڕۆژئـــاڤا و ناچارکردنی پەیەدەیە بە سازشێکی تاڵ! واتە ڕێگەی بێهێــــزکردنی ڕۆژئاڤا و هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی خۆســەریی دیموکراتی بە قەندیلدا تێدەپەڕێت!"


ئەم ئاڵۆزییانەی ناو یەکێتی نیشتیمانی لێرەدا مانا پەیدا دەکەن! 


ساڵانێكە لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردســتاندا دوو باڵی سیاسی لە کاردان، باڵی بنــەماڵەی تاڵەبانی بە هێرۆ و هەردوو کوڕەکانی و کۆنە کادرە سیاسی و سەربازیەکانیــان لەگەڵ باڵی لاهوری شێخ جەنگی بە خزمەکانی خۆی و بەشێکی زۆری سەرکردایەتی تازەی ناو یەکێتی. بوونی ئەم دوو باڵە، بریتی نییــە لە دژایەتی دوو فیکرو دوو بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و چینایەتی جیاواز لە ناو یەك جەســتەی سیاسیدا، بەڵکوزیاتر جیــاوازیــیە لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و شەخسیدا و دوور و نزیــك پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردســتانەوە نییە!


هەرچی باڵی هێرۆ و کوڕەکانی و بەشێکی زۆری کۆنــە یەکێتیــەکانە بە جۆرێك بەوە تەســلیم بوون کە بنــەماڵەی بارزانی "براگەورەن" و هەموو هەوڵێکیـــان بۆ ئەوەیە کە ئەم شێوازی شەراکەتە سیاسی و ئابوورییە کە هەیە لەگەڵ برا گەورە تێك نەچــێت و بەمەش بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانیــان پارێزراو بێت. 


باڵی لاهوری شــێخ جەنگی، ئەم برا گەورەییەی بنەماڵەی بارزانی قبوڵ ناکەن و ئەگەر دژایەتی ئاشکرای پارتیش نەکەن ئەوە هاوکاریشــیان ناکەن بە تایــبەتی لە مەسەلە سەربازی و ئەمنیــەکاندا وبە تایــبەتر لە کەمپینی شەڕی پەکەکەدا! غەریب نییــە کاتێــك سەرۆکە فاشــیستەکەی تورکیا لە رێی هەردوو وەزیری ناوخۆ و دەرەوە، پێش ماوەیەك ڕایگەیــاند کە زۆنی ســەوز لە لایەن پەکەکەوە داگیر کراوە! لیرەدا پەیــامەکە ئاشکرایە و مەبەست لە باڵی لاهورە کە گوێرایەڵێکی باشی تورکیــا نییە وەك بنەماڵەی بارزانی! 


پلانەکەی ئەمریکا وەك پاڵپشتێکی سەرەکی دەوڵەتی تورکیــا ئەمەیە: ئەبێت قەندیل لە پەکەکە پاکبکرێــتەوە! ئەم پلانــە دەمێکە چووەتە قۆناغی جێبــەجێ کردنەوە. بەڵام تورکیــا بە بێ هاوکاری کۆمەکی هێزە دەســەلاتدارەکانی زۆنی ســەوز و زەرد بە تەنهــا ئەو کارەی بۆ ئەنجام نادرێت!


بۆ بنەماڵەی بارزانی، پەیوەســتبوون بەم پیلانەی ئەمریکاو تورکیــاوە لێی ئاســانتر نییــە، ئەوان لەوەتەی دروســت بوون، خانەیەکی سەرەتانیــن و لەم ناوچەیە چێندران، ئەرکی ئەوان کلکایەتیە بۆ ڕژێمە سەرگوتکەرەکانی ناوچەکەو پاراستنی ئەجێنداکانیــانە لەپاڵ لێدان لە هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی ناوچەکە!


مەسەلەکە بۆ یەکێتی جیاوازترە، یەکێتی حزبی پەیوەندییەکانی خێڵ نییە وەك پارتی و مێژووە سیاسی و تەرکیبــە کۆمەڵایەتییەکەشی جیاوازترە. ئەگەر باڵی کوڕەکانی تاڵەبانی لەبەر هێشــتنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانیــان براگەورەیی پارتییــان پێ ئاسایی بێت، ئەوا باڵی لاهور ئەم براگەورەییەی بنەماڵەی بارزانی قبوڵ ناکەن! هەر بۆیە کاتێك لاهوری شێخ جەنگی، رۆژی ٢٢ی مانگی شەش لەگەڵ "ماتیۆ تولەر" باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و "ڕۆب واڵەر" کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێــتەوە، بە ئاشکرا لەوێــدا ڕایدەگەێنێــت کە ئەوان شەڕی پەکەکە ناکەن! ئەم وەڵامەی لاهور دەبێــتە تێـــکدانی بەشــێك لە پیلانی ئەمریکا بۆ لێــدان لە پەکەکە، هەر بۆیە داوای ئەمریکا ئەوەیە کە دەبێــت لە لاهور بدرێت و ئەم ئەرکەش دەسپێردرێــتە کوڕەکانی تاڵەبانی!


بە گشــتی، ئەگەر پیلانی شەڕی پەکەکە بەو جۆرە بچــێتەپێش کە ئەمریکا دایڕشــتووە، ئەمە مانای کەوتن، یان لاوازکردنی هێزی سەربازیی پەکەکە و لە گەڵیشــیدا خســتنەسەرچۆکی پەیەدەیە لە رۆژئاڤا! 


رۆژئاڤا ئەو سەرئێشــە گەورەیەیە کە بۆ لیبرالیزمی نوێ دروســت بووە. پرۆژەی خۆســەری دیموکراتی وەك پرۆژەیەکی ســیاسی پشــت دەبەســتێت بە خســتنەگەڕی ئیرادەی ســیاسی خەڵك لە خوارەوە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێــنەرانی خۆیان. ئەم جۆرە لە دەسـەڵاتی چەپییــانە لەگەڵ ڕۆحی سەرمایەداریی نیولیبراڵدا دژایەتی هەیە. فشــاری بەردەوامی ئەمریکا بۆ جێخســتنی ئەنەکەســەی ســەر بە تورکیا لە رۆژئاڤا، فشــارێکە لەســەر پەیەدە بە جێخســتنەوەی پرۆژەی خۆسەری دیموکراتی بە ســیستەمێکی پەرلەمانی دزو تاڵانکارو دژە خەڵكی هاوشێوەی هەرێمی کوردســتان!


ئەم کۆدەتایەی پاڤێڵ دوو شتی مسۆگەر کرد: یەکەمیان: وەڵامێکی ئەرێنییە بە ئەمریکاو پارتی و تورکیا بۆ هاوکاریکردنی شەڕی پەکەکە. دووهەمیان: توانی تەوریسی سوڵتەی یەکێتی لەدەست لاهور  دەربکێشێت و بیخـــــاتەوە سەر خۆیان.


کۆتا هەواڵ: 
بە پێی زانیــاری چۆلەکەکان، باڵی پاڤێــڵ و قوباد ووتوویــانە ئەبێــت لاهور ناوچەی ســلێمانی چۆڵ بکات!






زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×