لەغیابی سەرۆک مام جەلال هاوکێشەکان چۆن قڵپبونەتەوە؟

مەهدی خالید خەمبار
  2021-07-18     475
ئەوەی لە ئێستادا لە نێو یەکێتیدا  ڕۆدەدات هەم  خۆنوێکردنەوەی مێژوە و هەمیش گەشانەوەی ئەو ئاگرەیە لە بن لۆدە کای کۆنگرەی چوارەمدا بە دەستی ئەنقەست بەجێهێڵرابو ، هیچکام لە کۆنگرە و پلینۆمەکانی یەکێتی نەیانتوانیوە کۆی ئاریشە و مەلەفەکان چارەسەر بکەن و هەمیشە  بۆ دوای خۆیانیان جێهێشتوە . کۆنگرەی چوارەم لە بری ئەوەی بە ڕوحێکی یەکێتیانەوە تەتەڵەی ئەو خەرمانە کێشە و ملمانێ  لابەلایانە بکات کە بونەتە مۆرانەی ناو یەکێتی و نوێ بونەوە و پیادەکردنی سیستەم و میکانیزمی سۆسیال دیمکرات ، کەچی بەداخەوە زومی کۆنگرە خرایە سەر هەڵبژاردنی کەسە نیشانکراوەکان و بنکۆڵکردن و تێکشکانی ئەو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیانەی کە پێشتر یەکێتیان بەڕێوە دەبرد و هێنانە پێشەوەی ژمارەیەکی نابەرامبەر لە گەنجان کە ڕەنگە پشکی شێریان کەم ئەزمون و بێتوانا بوبێتن !
لە هەناوی شاردنەوەی دۆخی تەندروستی ڕەوانشاد مام جەلال لە سەرکردایەتی و هەڤاڵان و بەشێک لە کەسە نزیکەکانی و بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە بەرامبەر هەر بڕیارێکی ئەو حیزبە بۆ بەستنی کۆنگرە لە ئایندەیەکی نزیک و دانانی کەسێکی شایستە و پێگەیشتو بۆ شوێنگرەوەی سکرتێری گشتی یەکێتی . ئەم جۆرە ململانێیە تا دەهات باری یەکێتی و کۆنگرەی چوارەمی قورستر دەکرد ! کاتێکیش کە دەنگی یەکێتیەکانی ناوەوە و دەرەوەشیان دابەشی سەر باڵەکان کرد ، ئیتر بە مەبەستی دابەشکردنی کێکە چەورەکە کەوتنە پەلە پەلی بەستنی کۆنگرە و لەوەش پەلەتر کۆتاییپێهێنانی کۆنگرە بە مەرجی بە خاڵی هێشتنەوەی شوێن و پێگەی سکرتێری گشتی!
سروشتی بەشی زۆری حیزب و وڵاتان ئاوایە لە کاتی نەخۆشکەوتن یان مردن یا بەندکردنی سەرۆک یان کەسی یەکەم ، بە پەلە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بڕیارێکی بەپەلە دەدرێ و کەسێک هەڵدەبژێردرێت .
ئەرێ گەلۆ ئەوە چ عەسایەکی سیحری بو بردرایە نێو هۆڵی کۆنگرەی چوارەم ؟ ئەرێ کێ قەناعەتی بەوە بو کە کۆنگرەیەک بەو هەمو کێشە و کێشمە کێش  و گرێکوێرانەوەی کە ساڵانێک بو بۆ کۆنگرە کەڵەکەی سەر یەک کرابون، بتوانێت وا بەو پەلە پەلە و  بە سەلامەتی و ڕازیبونی زۆرینە کۆتایی پێبێت؟
خوێندنەوەم بۆ جیاکردنەوەی هەڤاڵانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیە دێرینە تێکۆشەرەکان و داتاشینی ئەو ناوە تازە وقەبەیە، یەکسەر وەک کۆمەڵێ لە توشبوانی پەتای کۆرۆنای  لە ( کەرەنتینە ) دانراو هاتە نێو خەیاڵم ! دەبێ خۆیان چۆن خۆیان بینیبێت؟
لە بری خۆبواردنی کۆنگرە لە خزم خزمێنە و باڵ باڵێنە و شارشارێنە و پشت بەستن بە سیستەمی ئەزمون و توانا و دڵسۆزی . کەچی بەداخەوە ئەوەی بینیمان زیاتر تۆخکردنەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیەی حیزبایەتی خێڵەکی بو،کە بەشێک لە خەڵکانی هەلپەرست و مشەخۆر بە سەر پەیژەی کەسانێکی بە ئەزمون و بەتوانادا ، سەرخران بۆ ئاستی سەرکردایەتی حیزبی شەهیدان و کرانە داوڵی ناو بێستان و چەقێنران ؟
لە گەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی بەم دۆخە ئاڵۆزی کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەری گەورە و بچوک و کۆن نوێ هەن من هەندێ لە زەقەکانیان دەخەمە ڕو:
یەکەم : بونی ڕەوانشاد مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق و فەرامۆشکردنی ناو ماڵی یەکێتی و گرینگیدانی زۆرتر بە کێشەکانی ناو ماڵی عەرەبی و دواتریش نەخۆشکەوتنیان هێشتنەوەی کورسی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی بە بەتاڵی ، یەکێتی بەتەواوی دوچاری پەرتەوازەیی بڕیار و کردار کرد .   
 دووەم :  لە کۆنگرەی چوارەمیشدا بە زەقی پشتگوێ خستن و کورتکردنەوەی دەستی ژمارەیەک سەرکردە و کادیری بە ئەزمون و خاوەن بنکەی جەماوەری و قوربانیدەر و ماندو  کە تا پێش بەستنی کۆنگرە ئەوان مەکتەبی سیاسی و یەکێتیان بەڕێوە دەبرد !
سێهەم : دەستنیشانکردنی دوو گەنجی کەم ئەزمون و نا ئەکادیمی سیاسی و دیبلۆماسی  لە دوو بنەماڵەی بەناوبانگ و سیاسەتوانی ڕەوان شادان تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد بەدەسەڵاتی ڕەهای وەک یەکەوە بە ناوی هاوسەرۆکەوە بۆ بەڕێوەبردنی حیزبێکی پڕ لە تەکەتول و خاوەن هێزی تایبەت بەڕاستی هەڵەیەکی گەورەبو    !  
چوارەم : خۆ بچوکردنەوە و دابەشبونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەڵبەند و مەکتەبەکان بە سەر ئەم دوو سەرکردە گەنجە هاوسەرۆکەدا .
لە غیابی مام جەلالدا بێ ڕۆڵی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و  سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەکتەب و کەسایەتیە نیشتیمان پەروەرەکان دەبینم!؟ ئاخۆ کەس درک بەو مەترسیە گەورەیە ناکات کە بەشێکی زۆری یەکێتەکانی دوچاری دڵەڕاوکێ وبێمتمانەیی کردوە و بەشەکەیتریشی دابەشی دوو بەرە کردوە ! ؟
ئەوەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی پێیهەڵسا ئەرک و کاری بەپەلەی ئێوەبو ! دۆخەکە ڕەنگە بە دەستبەرداربونی لاهور شیخ جەنگی لە دەسەڵاتەکانی کۆتایی نەیات و تەنها سڕکردنێکی کاتیبێت و دەبێت مەکەتەبی سیاسی لە سەر عاتیفە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم کێشە سیاسیە عەسکەریە  جەماوەریە مەترسیدارەدا نەکات !
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×