دۆخی ئێستای یەکێتی و چارەنوسی کوردستان

جەواد سەعید
  2021-07-18     1694
دوای نەخۆشکەوتنی مامجەلال و ڕەوانکردنی بۆ ئەلمانیا، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێی نایە ناو قۆناغێکی سەختی ساغکردنەوەی خاوەنداریەتی، هیچکام لە جەمسەرەکانیش، بۆ ئەو مەبەستە، پڕۆژەی بەڕێوەبردنی یەکێتییان نەخستە سەر مێزی گفتوگۆکانیان بۆئەوەی یەکێیتی بەرەو ئاراستەیەکی تەندروست و هاوسەنگ ببەن، بەڵکو هەریەکە لە دیدی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، یەکێتییان بەکاردەهێنا. مامیش لە دوورەوە، لە شاری بەرلین لەسەر تەختی نەخۆشخانە بێ ئاگا لەوەی لەناو یەکێتیی چی دەگوزەرێ و چۆن ناو و پێگەکەی بەکاردێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکان.
دواجار بەبێ چارەسەکردنی کێشەکان، یەکێیتی، بڕیاری بەستنی گۆنگرەی دا، کۆنگرەیەک کە هیچ کام لە جەمسەرەکان نەیانتوانی خاوەنداریەتی یەکێتی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن بەڵکو لە دەرەوەی جەمسەرەکان گەنجێک بە خۆی و کامیرەیەکەوە و بە دروشمی دژایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بەکاری فلیم سازای لەبری چاکسازی زۆرینەی دەنگەکانی ئەندامانی کۆنگرەی بۆ خۆی مسۆگەر کردو بەڕەکەی لەژێر پێی هەمووان دەرهێنا.
کاری تۆمارکردنی ژیانی شەخسی نەیارو ئەندامانی حزب، قێزەونترین کاری حزبایەتییە، ئەگەرچی ئەنجامی هەبوو و کۆنترۆلی تەواوی ئۆرگانەکانی پێکرد، بەڵام بەمە هیچ مەبدەئو ئینتیمای حزبی و نەتەوەییی و نیشتیمانیی نەهێشت جگە لە وەلائی شەخسی و کۆیلایەتی نەبێت. دروشمی دژایەتی پارتییش لە چوارچێوەی جنێو دەرنەچوو، بە عەمەلی هیچی لێ سەوز نەبوو جگە لە کولاندنەوەی برینە کۆنەکان، هەنگاونان بەرەو لەتکردنی کوردستان و بەهێزتربونی پارتیی نەبێت.
دوای کۆنگرە، جەمسەری ماڵی مامجەلال و جەمسەری هاوڕێکانی مام، پەراوێزخران. جەمسەری هاوڕێکانی مام خۆگونجاندن و بێدەنگیان هەڵبژارد، کوڕانی مامیش بەگلەیی و گازاندەو ڕەتکردنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی حزب، لەگەڵ وەزعەکە دەڕۆیشتن، تاکو گوێیان لە دەنگی شکاندنی ئێسکیان نەبوو، بەخەبەر نەهاتن، بۆیە لەکاردانەوەیەکی توند و خێرادا هەموو دەسەڵاتەکانی یەکێتییان خستە ژێر دەستی خۆیان و تەواوی دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری و ئیدارییان لە ئامۆزاکەیان سەندەوە. ئامۆزاکەشیان بێ هیچ کاردانەوەیەک ئاڵای سپی هەڵکرد، تەنانەت بە دانیشتنیش وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی سوپاسگوزار بوو!
ئەبێ لاهور شێخ جەنگی چی کردبێ ئاوا بەبێ دەنگی وازی هێنا؟ ئایا هەر دەستبەسەرداگرتنی داهاتی سلێمانی و قۆرخی بازاڕ و کۆنتڕۆلکردنی دەزگا ئەمنییەکان و ئۆڕگانەکانی یەکێتیی بوو، یان شتیتر؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی یەکێتییەکان چاوەڕوانی وەڵامەکەی دەکەن.
لە ئێستادا تەواوی دەسەڵاتەکان لای باڤل تاڵەبانی ( کوڕە گەورەی مام) کۆبۆتەوە و هیچ بەربەستێک لە بەردەمی نەماوە تاکو ئەوەی بییەوێ نەتوانێت بیکات، ئامۆزاکەشی جگە لە سۆزی هەندێک جەماوەرو کادیر چیتری بەدەستەوە نەماوە.
هەنوکە، کوڕانی مام، لەبەردەم قورسترین کێشەو تاقیکردنەوەدان، پیویستە چی بکەن؟ ئیدیۆمێکی ئینگلیزی دەڵێ (Either you make it or break it) واتە یان چاکی دەکەی یان تێکی دەدەی. چاککردنی ئەو دۆخە بەندە لەسەر هەڵوێست و هەنگاوە پرراکتیکەکانیان. ئەگەر چی لەدوای ٨ی مانگەوە لەیەکەم کاردانەوەدا، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی بەڵێنی ئەوەیدا کە چیتر بازار قۆرخ ناکرێ و قاچاغچییەتی ڕێگەپێدراو نییە، دوابەدوای ئەوەش وتی هێزە ئەمنییەکان بۆیان نییە بەشداربن لە ململانێ سیاسییەکان بەڵکو ئەرکی ئەوان پاراستنی شارو سەروماڵی هاوڵاتیانە. ڕۆژێک دوای بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، باڤڵ تاڵەبانی وتارێکی لەسەر گۆڕی باوکی بڵاوکردەوە کە لە ناوەڕۆکدا وتارێکی بەرپرسیارانەو کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناو یەکێتیی بوو. بەجێبەجێکردنی ناوەڕکی ئەم وتارەو بەڵێنەکانی براکەی سەرکەوتنیان بەسەر کێشەکانی ناو یەکێتیی مسۆگەر دەکات و کوردستان بەرەو دۆخێکی باشتر دەبات.
تەنیا ئەوانە بەس نین بۆ ئەوەی سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروست و خزمەتگوزار بنیادبنرێت، ئازادی ڕۆژنامەگەری و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵگا دەستەبەر بێت و ژیانێکی لایەق و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، لەتەک ئەمانەشدا پیویستە داوا لە پارتیش بکەن قۆرخی بازاڕ ڕابگرن و چیتر ڕێگا بە دزی و تاڵانی نەدەن و موڵکی گشتی هەراج نەکەن. پێویستە پەیامێکی فەرمییان هەبێت بۆ بارزانی، کە ئیتر، لەمەودوا با کۆیلایەتی و برسیکردنی کۆمەڵگا بەس بێت، یەکتر شکاندن بۆ باڵا دەستی حزب کۆتایی پێبێت، دزەکان و گەندەڵکارانی ناو حزب و حکومەت دوربخرێنەوە و ژیان و کەرامەت بۆ کۆمەڵگا بگەڕێتەوە.
دۆخی ئێستای یەکێتیی بە دڵی پارتییە، پارتیی پێیوابوو، نائارامی، نەبوونی یەک هەڵوێستی کورد، کێشەی مووچەو..هتد، خەتای ئەو کەسەیە کە ئێستا لەناو یەکێتیی دەسەڵاتی نەماوە، جا با بزانین پارتیی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت یان هەر خۆی دەقی بە دروستکردنی کێشەو ئەم جۆرە حوکمڕانییەوە گرتووە تا بەهۆیەوە کۆتایی بە هەموومان دێت؟
لەسەردەمی ئیمارەتی بابان، ئەورەحمان پاشا، داوای لێکرا ببێتە والی بەغدا، لە وەڵامدا وتی “ ئاوی سازگاری کوێستانەکانی کوردستان بە دنیا ناگۆڕمەوە”، بەڵام چارەنوسی ئیماراتەکەو کوردستانیان بەیەکتر شکاندن و کوشتنی براکانەوە گۆڕیەوە! لە ئێستاشدا والی بەغدا بە ڕەزامەندی کورد دادەنرێ بەڵام لەناو خۆماندا لەبەر خەریکی یەکتر شکاندن والییەکی حەکیممان بۆ دیاری ناکرێ.
لە حالی ئێستادا، بارزانی بەتەنیاو دوور لە هاوڕێ دێرینەکانی سەیری ڕووداوەکان دەکات، دۆخی کوردستانیش تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت. جا ئایا بارزانی لەمەودوا هەر سەیرکەر دەبێت یان چارەسەرکەر؟ ئایا دەچێتە لای براو برازاکانی بۆ تەگبیرێک لە حاڵی کوردان یان چاوەڕی دەکات تا ئەزمونی کوردستانیش بەهەمان دەردی ئیمارەتی بابان ببرێت؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×