لەسێبەری ڕوداوەکانی سلێمانی دا

مه‌ریوان وریا قانع
  2021-07-23     897
گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا: دەسەڵات و لێپرسینەوە
دەسەڵات، ھەموو دەسەڵاتێک، بە دەسەڵاتی دایک و باوکیشەوە لەناو خێزاندا، بەردەوام  پێویستیی بە چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن ھەیە. دەسەڵات بەبێ چاودێریکردن و بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە دەسەڵاتێکی ترسناکە، دەشێت تاوانی گەورە و ھەمەجۆر ئەنجامبدات، لە تاوانی ڕۆژانەیی و سادەوە تا بە کوشتنی دەستەجەمعی دەگات. لە پەیوەندیدا بە حوکمڕانیی و دەوڵەتدارییەوە ئەم لۆژیکی لێپرسینەوە و چاودێریکردنە لە پێداویستییە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانە. تەنھا لێپرسینەوە و بەرپرسیاررکردن و سزادانی یاسایی و دەزگایی دەتوانێت ڕێگە لە خراپەکاریی ڕەھای دەسەڵاتداران بگرێت.  دەسەڵاتدار بەبەردەوامی پرۆژەی دروستبوونی بوونەوەرێکی ترسناکە کە دەتوانێت خراپەکارێکی گەورە و کەموێنەی لێدەربچێت، کەسێک بدزێت و ببڕێت و بکوژێت. ئەوەی دەتوانێت ڕایبگرێت و سنوورێک بۆ تاوانکارییەکانی دابنێت، توانا و کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنە، تا بە سزادان و گرتن و لابردن دەگات. ھەموو ئەمانەش ھەم پێویستیان بە یاسا ھەیە، ھەم بە توانای پیادەکردنی ئەو یاسایانە، ھەم  بە چەندان دەزگای تایبەت  کە توانای ئەو چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان ھەبێت. وەکچۆن پێویستیان بە توانایەکی یاسایی بەھێزی سزادان ھەیە، لە لابردن و گۆڕینی دەسەڵاتدارانەوە بۆ زیندانیکردن. 
دەسەڵاتداران بە دەستەواژەی ”ئینسانی باش“ و ”بەڕەوشت“ و ”خاوەن وژیدان“ ناناسرێتەوە، بەوەش نا ئایا دیوانە شیعریەکەی مەولانەیان لەبەرە، کتێبەکانی ھیگڵ و سارتەریان خوێندۆتەوە، یان تۆماس مان و گابرێل گارسیا مارکیز دەناسن. دەسەڵات خۆشی بە دەستەواژە ئەخلاقییەکان پێناسەناکرێت. ئەوەی پێویستە شوێنی ئەم زمانە ئەخلاقییە بگرێتەوە گەشەدانە بە زمانی دروستکردنی  توانا و میکانیزمە تایبەتەکانی لێپرسینەوە و چاودێریکردن، زمانی بەرپەرسیاربکردن و سزادان بەرامبەر بەو بڕیارانەی ئەدرێن و بەو کردەوانەی پیادە دەکرێن. ئەوەی دەسەڵاتدار دیندارە یان بێدین، خوێندەوارە یان نەخوێندەوار، قوتابخانەی فرانکفۆرت دەناسێت یان نا، شەقاوەیە یان نەرم و نیان، بەڕەوشتە یان بەدڕەوشت، لەوە ڕزگاریناکات ببێت بە بوونەوەرێکی تەواو ترسناک و وێرانکەر، کوشتنی مرۆڤ و کوشتنی مێشولەیەکی لا وەک یەکبێت. ئەوەی ڕۆحی شەڕانگێز و تەماحە گەورەکانی ناو دەسەڵات کۆنترۆڵ و چاودێردەکات، دین و شیعر و ئەدەبیات و فیکر و ئەخلاق نییە، بەڵکو بوونی میکانیزمی کۆنکریتی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانە.  بەحکومی ئەوەش کە دەسەڵات بە بەردەوامی ھێزی ڕێکخستن و داڕشتن و دروستکردن و تێکدانی لە کۆمەڵگادا ھەیە، بۆیە زەرورەتی گەمارۆدانی بە میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن، وانەی یەکەمی قسەکردنە لەسەر دەسەڵات. 
ئەوەی لە ئەزموونی سی ساڵەی حوکمڕانیکردنی ھەرێمدا غائیبە ئەم توانای چاودێریکردن و لێپرسینەوە و سزادانەیە لە دەسەڵاتداران، تەنانەت لە سادەترین شێوەشدا. ئەوەی غائیبە ئەو زمانە سادەیەی لێپرسینەوە و سزادانە لە قسەکردندا لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران. لە ئێستاشدا ئەوەی دەیبینین درێژەپێدان و بە کەماڵ گەیشتنی پرۆسەی بە خێزانی و بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتە لە غیابی تەواوەتی ھەر توانایەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزاداندا. لەمەش ترسناکتر ھێنانەپێشەوەی قسەوباسێکی بێبنەما و پڕمەترسییە لەسەر ”دروستکردنی مەرجەع“ بۆ دەسەڵات.  ”مەرجەع“ مانای بەخشینی دەسەڵاتێکی ڕەھا، دەسەڵاتی ناو دەسەڵاتەکان، بە کەسێک، بەبێ ئەوەی ھیچ بوونەوەر و یاسا و دەزگایەک توانای ئەوەی ھەبێت لە سادەترین بڕیار و کردەوەکانی ئەو کەسە بپرسێتەوە. ئەمەش پرۆژەی دروستکردنی مەترسییەکە لە شێوە و بە قەبارەی مەترسیی گێژەڵوکە و لافاو و بورکانە وێرانکەرە سروشتییەکان. دروستکردنی مەرجەع پرۆسەی بە تسونامیکردنی تواناکانی دەسەڵاتە لە کردەی وێرانکرندندا. 
سلێمانی
٢٣-٧-٢٠٢١

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×