ئەوروپاو کۆرۆنا... کوردستان‌و کۆرۆنا

مه‌ریوان وریا قانع
  2021-07-27     557

کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستاندا ڕووی لە ھەڵکشانێکی گەورە و خێرایە، ھێدی ھێدی نەخۆشخانەکان پڕ لە نەخۆشی کۆرۆنا دەبن، ژمارەی ئەوانەش بەھۆی کۆرۆناوە دەمرن ڕووی لە زیادبوون و ھەڵکشانە، کەچی بەشێکی ھێجگار گەورەی خەڵک تەواو بێباک و بێخەمن و نایانەوێت خۆیان بکوتن. بە دەیان شێوە ئەرگومێنت بۆ خۆنەکوتان دەھێننەوە. لەناو ئەوانەدا ھەندێک لەو کەسە نزیکانەی من ڕۆژانە دەیانبینم و لەگەڵیاندا ھەڵسوکەوت دەکەم. لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیشدا خۆپاراستن لە کۆرۆنا یان بە تەواوی غائیبە، یان کەسانێکی کەم، ھێجگار کەم، لە خەمی خۆپاراستندان. 

لە ئەوروپا دۆخەکە تەواو جیاوازە، نەک تەنھا زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا خۆیان دەکوتن و خۆیان کوتاوە، بەڵکو ھەندێک لە حکومەتەکان پلانی ئەوەیان ھەیە خۆکوتان بکەن بە ئیجباری و خەڵک ناچاربکەن خۆیان بکوتن. ھەر دوێنێ لە فەرەنسا یاسایەک بۆ سەپاندنی خۆکوتان دەرکرا و زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگای فەرەنسیش ئەو یاسایەیان قبووڵە. لەبەرامبەر ئەم بە ئیجباریکردنی خۆکوتاندا بە یاسا تەنھا نزیکەی ١٦٠ ھەزار کەس لەو وڵاتەدا چوونە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزاییدەربڕین. ئەم ژمارەیە لە پەیوەندیدا بە کۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەوە ژمارەیەکی ھێجگار کەم و پەراوێزییە، زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی فەرەنسا پاڵپشتی یاساکە دەکات. ژمارەی دانیشتیوانی فەرەنسا  نزیکەی ٦٦ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی ئەوانەی تا ئێستا دووجار خۆیان کوتاوە 44,4% دانیشتوانە، کە دەکاتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن مرۆڤ .

لە دانیمارک کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦ ملیۆن کەس دەبێت، زیاد لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە، ڕێژەی 50,6%، کە دەکاتە سەرو سێ ملیۆن مرۆڤ، دووجار خۆیان کوتاوە. خەڵکی وڵاتەکە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بڕیارێکدا نییە ھەمویان ناچاربکات خۆیان بکوتن، لە دانیمارک کەمترین ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری خۆکوتینی ئیجباری ھەیە. 

لە بەلجیکا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی  54,1% دانیشتوانی وڵاتەکە خۆیان دووجار کوتاوە، کە دەکاتە نزیکەی ٦ ملیۆن و نیو  مرۆڤ. لە بەلجیکا پسوڵەیەکیان بۆ ئەو کەسانەی دووجار کوتراون دروستکردوە کە ڕێگایان پێئەدات بتوانن بچنە ئاھەنگە کراوە و داخراوەکانەوە. بڕ و ڕادەی ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە دروستکردنی پسولە و ناسنامەی تایبەت بۆئەوانەی کوتراون و لەوێشەوە ھەبوونی مافی زیاتر بۆ سەردان لە ئاھەنگ و شوێنەگشتییەکان کەمەکێک زیاتر لە دانیمارک ڕووبەڕووی ناڕەزاییدەربڕین بوەتەوە.  

لە ئەڵمانیاشدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٨٤ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی 49,5% دانیشتوانەکەی دووجار کوتراون، کە دەکاتە نزیکەی ٤٢  ملیۆن مرۆڤ. لە ئەڵمانیا دەوڵەت دانیشتوانەکەی ناچارنەکردوە خۆیان بکوتن و بیر لە دەرکردنی یاسایەکی لەو بابەتەش ناکانەوە. بەڵام ھاوکات ئەوانەی کە خۆیان کوتاوە ئازادیی زیاتریان ھەیە لە سەردانی شوێنە گشتییەکان و ئاھەنگ و بۆنە  گشتیە جیاوازەکاندا.

لە بریتانیاش، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦٨ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی زیاد لە 55% دانیشتوانی وڵاتەکە، کە دەکاتە زیاد لە ٣٧ ملیۆن مرۆڤ، دووجار خۆیان کوتاوە. بریتانیا تا ئێستا خۆکوتانی نەکردوە بە کردەیەکی ئیجباریی،  بەڵام بیر لە دروستکردنی پسولە یان شوناسێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە کوتراون، تا بتوانن ئازادتربن لە جوڵە و چوونەدەرەوەیاندا لەوانەی کە خۆیان نەکوتاوە.  
لە ئیتالیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦١ ملیۆن مرۆڤە ڕێژەی ئەوانەی دووجار خۆیان کوتاوە 48,4% دانیشتوانە، ئەمەش نزیکەی ٣٠  ملیۆن مرۆڤە.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتالیدا خەڵکانێکی زۆر گوێیان بە ڤایرۆسەکە نەئەدا و فەیلەسوفێکی وەک ئاگامبن یش سڵی لەوە نەکردەوە ڤایرۆسەکە وەک ئامرازێک ببینێت بەدەستی دەوڵەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر و فراوانتری کۆمەڵگا و سنووردارکردنی ئازادییەکان. ئەوەبوو ڤایرۆسەکە دۆخی تەندروستیی ئیتالیای تەواو وێرانکرد و ئەو وڵاتەی کرد بە یەکێک لە وڵاتە ھەرە زیانلێکراوەکانی جیھان. بەڵام لە ئێستادا ناسنامە و پسولەی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دروستدەکرێت کە خۆیان کوتاوە بۆئەوەی ئازادتر بن و بتوانن بچنە شوێنە گشتییەکان، تەنھا کەمینەیەکی زۆر بچووک دژایەتی دروستکردنی ئەمجۆرە پسولەن. لە ئیتالیادا. ڕێژەی ئەوانەی ناوی خۆیان بۆ کوتان دەنووسن لە زیادبوونێکی گەورەدایە. 

ھەرچی ھۆڵەندایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاد لە ١٧ ملیۆنە و تا ئێستا ڕێژەی 59% دانیشتوانەکەی کە دەکاتە نزیکەی ١٠ ملیۆن و نیو کەس دووجار خۆیان کوتاوە. دەوڵەتی ھۆەڵندی کوتانی نەکردوە بە ئیجباری. بەڵام شارەزایانی ئەم بوارە قسە لەوەدەکەن کە ڕەنگە کەسانی ناو ھەندێک کەرتی تایبەت لە وڵاتەکەدا ئیجبار بکرێن خۆیان بکوتن، بۆ نموونە، ئەوانەی ڕۆژانە لە نەخۆشخانە و سێنتەرەکانی تەندروستیدا کاردەکەن و بەرکەوت و پەیوەندیان لەگەڵ نەخۆشدا ھەیە، بۆئەوەی مەترسی گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ نەخۆشەکان بنبڕبکەن ڕەنگە ئەمانە ناچاربکرێن خۆیان بکوتن.

ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتوانی وڵاتە ئەوروپییەکان خۆیان دووجار کوتاوە و زۆریش لەو ڕێژە و ژمارانە گەورەتر یەکجار خۆیان کوتاوە، بەبێ ئەوەی ئەو قسە و باسانە بکەن کە خەڵکێکی زۆر لە کوردستاندا دەیکەن. مەسەلەی کوتانی دووجارەی تەواوی دانیشتوانیش مەسەلەی کاتە، لە چەند ھەفتە و مانگی داھتوودا ئەم دۆخە مەیسەردەکرێت. لە ئەوروپادا سێ گروپی زۆر بچووک و پەراوێزیی خۆیان ناکوتن و گومانیان بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە و فاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسەکە، ھەنە. یەکەمیان گروپە دینییە توندڕەوەکانن کە پێیان وایە ھەم بەڵاکە خوادا ناردویەتیی و ھەم خودا خۆشی بڕیارئەدات کە کێ بمرێت و کێ نەمرێت. ئەمانە بە تایبەتی گروپە دینییە مەسیحییەکانن. دووھەمیان گروپی چەپگەرە پەڕگیر و ڕادیکاڵەکان، ئەوانەی باوەڕیان وایە دەوڵەت دەیەوێت لەڕێگای ئەم ڤایرۆسەوە ئازادییەکانیان لێبسێنێتەوە و کاپیتالیزم لەوەدا سەربەکوێت ھەمووان بکات بە کۆیلە. سێھەمیان گروپی ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانن کە بەردەوام باس لە تیورەی موئامەرە و پیلانگێڕیی دەرەکیی و ناوەکیی دەکەن. بەڵام ھەر سێ گروپەکە گروپی بچووک و کەم کاریگەریی و پەراوێزین. 

بەڵام لە کوردستاندا زۆرینەیەکی گەورە بێباکانە بەناو ھەڕەشەی کۆرۆنا لە تەندروستیی تاکەکەسیی و گشتییدا تێدەپەڕن و وەک ئەوە ھەڵسوکەوت دەکەن ھیچ ھەڕەشەیەک لەئارادا نەبێت. بێباکیی و گوێنەدانێکی کەم وێنە لائارادایە. کاتی ئەوە ھاتوە چارەسەرێک بۆ ئەم گوێنەدان و بێباکییە بدۆزرێتەوە. 

سلێمانی
٢٧-٧-٢٠٢

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×