لەئاڵاکەی تارانەوە بۆ بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر: ھەرێم لەبەردەم ئاڵنگاری نوێدا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-08-11     809
ھەڵکرنی ئاڵای کوردستان لەپێشوازی سەرۆکی ھەرێم ودواتر ڕونکردنەوەکەی قسەکەر بەناوی وەزارەتی دەرەوە کەئەوە ھەڵەیەکی پڕۆتۆکۆلی بوەو ڕوداوەکەی ھەولێر ھاوکات لە گەڵ سوێند خواردنی سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەو پەیامی تایبەت بەخۆیان ھەڵگرتووە. ڕەنگە باس لەبەسەر چونی قۆناغێك ودەستکردن بەقۆناغێکی نوێ بێت لەپەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران وھەولێر؟ئەگەر بەییاننامەکەی دیموکرات دەربارەی تیرۆرکردنی باباخانی وەك زانیاری وەربگرین، وە بسەلمێت کردەکە کاری دەزگا ھەواڵگرییەکانی تارانە، دەتوانیین بەشێ لەسیماکانی ئەم قۆناغەوئایندە وپەیام وئاماژەکان، بەم جۆرەی خوارەوە کورتبکەینەوە:
١— دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی ومامەڵەی تاران لەگەڵ ھەولێرکەقبوڵی دۆخی پێشوتر ناکات وداوای خۆیە لایکردنەوەی ھەولێر دەکات لەنێوان تاران وواشنتۆندا.بەتایبەتیش دوای جێبەجێکردنی بڕیاری چونەدەرەوەی ھێزەشەڕکەرەکانی ئەمریکا. ھەڵکردنی ئاڵاکە واتە ئامادەیی ئێران بۆلەخۆگرتنی ھەرێم بەمەرجی خۆڕێکخستنەوە بەگوێرەی ئەندازەو پێوەرەکانی تاران، بەدەر لەوە ئەوەی تائێستاکراوە بەھەڵە دادەنرێت وڕەوایەتی لەھەندێك دانپیانان ومامەڵە وەردەگیرێتەوەو ستراتیژێکی نوێ کاری پێدەکرێت. ھاوکاتبونی ڕوداوەکەی ھەولێرو بونی شاندی ھەرێم لەتاران وڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەش بەسەریەکەوە بۆنی ئەمەیان لێدەکرێت.
٢- ئیحراجکردنی ھەولێرو پارتی، کەنابێت پێتان وابێت ھەرێم سەبارەت بەتاران ونفوزو بەرژەوەندی وئازادی جوڵەی ئەو دوزۆن وسیاسەتی جیاوازە، ھەرلەوێشەوە جورئەت بەخۆیان بدەن بکوژانی قادری قادری فەرماندەی سەربازی دیموکرات دەستگیر بکەن ودادگاییان بکەن وسزای لەسێدارەدانیان بۆدەربکەن، یاخود میوانداری سەرکردەژانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لەشاشەکانی نزیك لەخۆیان بکەن ودوای بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن. یاخود پێیان وابێت ڕوداوەکانی ئەم دواییەی نێوماڵی یەکێتی کار لەئامادەیی کۆماری ئیسلامی لەھەرێم دەکات، چونکە ئەوە تارانە لەھەرێم سنور بۆخەڵك وھێزەکان وڕێاساکانی گەمەکە دادەنێت نەك بەپێچەوانەوە. ڕەنگە ھەڵبژاردنی ھوتێلی گوڵی سلێمانیش، لەم ڕوەوە ماناوئاماژەی تایبەت بەخۆی ھەبێت.
٣- ئاماژەدان بەدۆخێکی نوێ سەبارەت بەئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لەھەرێمدا، پێدەچێت، تاران لەبیری ئەوەدا بێت لێکتێگەیشتنەکانی رابردوی نێوان ھەرێم وخۆی دەربارەی ئەوان ھەڵبووە شێنێتەوە؟ لانی کەم سەرلەنوێ بونیان بکرێتە ئشکالیەت وبابەتی گفتوگۆی نوێ. واتە لەبری ئەوەی کارتی فشاربن بەدەست ھەرێمەوە، کەپارتی ھەندێ کات بەوھەناسەوە مامەڵەی دەکرد، وەبابەتی چاوتێبڕینی ھەندێ ھێزی نێودەوڵەتی بن لەھەندێك چرکەساتدا کەدەخوازرێت تاران بخرێتە ژێر فشارەوە، ببنە کارتی بەدەستی تاران وئامرازی فشار بۆسەر ھەرێم وحسابی نیمچە بارمتەیان لەگەڵدا بکرێ؟ ھەرلەم چوارچێوەشدا وەرزێکی نوێی پاکتاوکردنیان دەستپێبکات. لێرەشەوە بژاردەی قبوڵکرنی مانەوەیان بەھەندێ کۆت وبەندی نوێ وسازشی ھەرێم لەھەندێ دۆسیەدا تا داوای دەرکردنیان لەڕێی تاران خۆی وبەغداوە، لەبەردەم تاراندا کراوە بێت. ھەرئەمەش بکرێتە بیانویەکی نوێ بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا ھێزەکانی حەشدی شەعبی فشاربخەنە سەرھەرێم وببنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ ی. بەم جۆرەش بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر دەبێتە تەواوکەری پەیامی ھێرشی کاتیوشاو درۆنەکانی ھەندێ گروپی چەکداری عێراقی بۆسەری؟ ھە ھەرلەم نێوەندەشدا دەکرێت بیرمان بۆبەیەکەوە گرێدانی ئەگەری پاکتاوکردنی قەندیل وجوڵانەوەی کوردی ڕۆژھەڵات لەچوارچێوەی ڕێکەوتنێکی ھەرێمایەتیدا بچێت، لەپێناو ڕازیکردنی تاران ولاوازکردنی ھەرێمدا، ئەوکاتە دەرگای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆش زۆرتردەکرێتەوە.
بەکورتی ئاماژە سەرەتاییەکان بۆوە دەچن، ھەرێم لەقۆ غی داھاتودا ڕوبەڕوی ھەل ومەرجێکی سەختر ببێتەوە گۆڕەپانی ھەندێ یاریکردنی لەبەردەمدا بچوکتر ببێتەوە؟ فشاری زۆرتری بخرێتە سەرو بخرێتە بەردەم ھەڕەشەی جددیترەوە. کارکردن بۆ توندتر نەبونی ئابڵۆقەکان، کە تێگەیشتنی پەکەکە بۆدۆخی ھەرێم دەخوازێت، لەپێناو رونەدانی شتی نەخوازراو لەم ڕوەوە، ناوخۆیەکی کۆکراوە، ئامادەگی جددی لە بەغدا( ئەگەر دوای ھەڵبژاردن وتەنانەت لەساتێکی دیاریکراودا یارییەکە لەوێش تێکنەچێت ودەسەڵات کۆنتڕۆڵ نەکرێت وسەرۆکێکی وەکو رەیسی کەڕەمزی یەکگرتنەوەی شۆڕش ودەوڵەت وھەماھەنگبونەوەی توانا ئینقیلابییەکانە، بەسەڵاحیەتی مورشیدەوە جڵەوی دەسەڵات لەبەغدا بەدەستەوە نەگرێت) خێراکردن لەھەنگاوەکانی چاکسازی بۆ ڕێگە گرتن لەھەرەسپێھێنانی ئابوری وگێرانەوەی پێشمەرجەکانی بەھێزکردنەوەی ھاوچارەنوسی لەنێوان ھێزەکان وگەلی باشوردا جوانتر ئیدارەدانی پەیوەندییەکان ولەوانەش لەگەڵ تاران بەلەبەرچاوگرتنی گۆراوەکان، بەشێکن لەپێویستیەکانی روبەروبونەوەی ئەگەرەکانی داھاتوو. ھەموو ئەمەش ئەگەری ئەوە ناسڕێتەوە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بەجۆرێکی دراماتیکی وابچنە پێش، ڕێسای نوێی گەمەی سیاسی بێنە پێشەوەو ھەرێم لەبری کەوتنە بەردەم ھەڕەشەی لەقاڵبدان ولەناوچون، قوڵایی ستراتیژیی نوێی بۆ پەیدا ببێت وکوردیش دەرفەتی نوێی بێتە پێش وپەیوەندییەکانیش لەگەڵ تاراندا، لەبەرگێکی نوێدا، پەرەسەندنی گەورە بەخۆوە ببینن. لەھەموو حاڵەتێکدا بوونی خۆمان و خۆئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ، بەشێکن لە زەرورەتی قۆناغەکە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×