یەکێتی لەمیانەی گێژاوی نەخشەی سیاسی بافڵ و لاهوردا!

عوسمانی حاجی مارف
  2021-08-11     976
یەکلاییبونەوەی ڕەوتی کێشەکانی نێوان سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی بە قازانجی بافڵ، هەر ئەوە نیە کە بافڵ لەو کەینوبەینەدا بە هەرجۆرە نەخشەو پلانێک کە دایڕشتبوو توانی کۆتایی بە دەورو دەسەڵاتی لاهور بهێنێت، بەڵکو باڵادەستیی بافڵ لەو شوێنەوە دیاری دەکرێت کە توانی لایەنگری زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی، لایەنگریی پارتی و ئێران و تورکیاو ئەمریکا… بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا ئەم لایەنگریەش بۆ بافل ئاماژە بەوە ئەدات کە پێشوەخت بافڵ دڵنیا بووە لە لایەنگری و پشتیوانی ئەو لایەنانە بۆ ئەنجامدانی کودەتاکەی، لەبەرئەوە ئەنجامدانی یەکلاییکردنەوەی وەلاخستنی جێگەوڕێگەی لاهور لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا کارێکی سەخت و گران نەبوو بۆ بافڵ، بۆیە توانی بە ئاسانی بە ئەنجامی بگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەی خودی بافڵ و ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی دەیانەوێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە هۆکاری لێپرسینەوە لە لاهورو دەستەوتاقمەکەی و سزادانیان بە لێسەندنەوەی پۆستەکانیان، لەسەر کاری ناشایستەو تاوانکاریە، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەوەی لاهور لە دنیای واقعدا هەر تاوانکاریەکی کردبێت و ئێستا بەو بیانوەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، نابێت نەک ئەو هۆکارە سیاسیانە فەرامۆش بکەین کە جیاوازیەکانی باڵەکانی یەکێتی تیا دەرگیربون، بەڵکو چارەنوسی دەسەڵاتی یەکێتی لە نێوان ململانێی سیاسی باڵەکاندا و ئەوەی کە کام باڵ دەتوانێ کێشە سیاسیەکان بە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کاتەوە، هۆکاری سەرەکی پرسی لادانی لاهورە، چونکە گەر باس لە گەندەڵی و تاوان و کاری ناشایستەیە، ئەوە مێژووی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی وەک هێزێکی ناسیۆنالست و میلیشیا، بەهەمان ئاستی لاهور ناتوانن لەو گەندەڵی و تاوانکاریانە بێبەری بن، بۆیە کێشەکان پرسی سیاسی جدی و چارەنوسسازن بۆ هەر باڵێکیان، هەر بۆیە لەم ئاڕاستەیەوە چەند پرسیارێک پێویستیان بە ڕونکردنەوە هەیە:
هۆکاری لایەنگری بۆ بافڵ لە نێو هاوکێشەی سیاسی ئێستای کوردستان و ناوچەکەدا چیمان پێ دەڵیت؟ ئایا بژاردەی سیاسی لاهورو  باڤل کامیان بە دەستکەوتی ئەرێنی بۆ بەرزکردنەوەی جێگاو ڕێگای یەکێتی ئەژمار دەکرێت؟ لە کۆتاییدا نەخشەو سیاسەتی کامیان دەستکەوت دەبێت بۆ بەرژەوەندی هاولاتیانی کوردستان؟
هەڵبەتە لە بیرکردنەوەی هەرکەسێکدا لە بەرامبەر ئەم بارگرژیەی نێوان سەرکردایەتی یەکێتی دەکرێ پرسیاری تر هەبن لە بابەتی ئەوەی ئایندەی یەکێتی نیشتمانی، ئەو یەکێتیەی کە بۆ خۆیان پێی دەڵێن، (سەفین لە بن دێت یەکێتی لەبن نایەت) بەرەو کوێ دەڕوات!؟
ئەتوانین لەسەر هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین، یەکەم: بەردەوامی لە گێژاوو ناجێگیری سیاسی لەتەواوی دەسەڵاتی ٣٠سی ساڵەی حزبەکانی کوردایەتیدا، کەلە ئاکامی دەخالەتی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەداو کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بەڕێوە چووە، کاریگەری ڕاستەوخۆی بووە لە بەردەوامی نائەمنی و ناسەقامگیری سیاسی.
دووەم: سەرگەردانی و پاشکۆبونی حزبەکانی کوردایەتی لە ناو ئەو هەلومەرجە نالەبارەو گەمەکردن بە ئایندەو چارەنوسی کوردستانەوە، ململانێ و شەڕی نێوان خۆیان ڕۆڵێکی گەورەی لەسەر سەرگەردانی و نادیاری دۆخی کوردستان داناوە. سیاسەتی چاوەڕوانی هەمیشە سایەی کردووە بەسەر هەر نەخشەو سیاسەتێک کە لە دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستاندا پێی هەستاون.
سێیەم: دابەشبوونی کوردستان بە زۆنی زەردو سەوز دیارترین نمونەی ناجێگیری و سەرگەردانی و پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیاییە، بۆتە بەشێکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، کە ڕۆڵی جدی لەسەر بێئیرادەیی و شکاندنی شکۆی جەماوەری کوردستان بینیووە.
چوارەم: کێشمەکێش و شەڕ بۆ باڵادەستی هێزو پاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز، گرێکوێرەی هەمیشەیی نێوان زۆنی زەردو سەوز بووە، کە پڕە لە دیاردەی چەندەها پلانگیری و تاوان و کاری ناشایستە لەبەرامبەر یەکتردا.
پێنجەم: قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابوریەکانی  بەرهەمهێنان و بازاڕو بازرگانی و قاچاغچێتی.. لەدەستی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە و حزبەکانیاندا.
خالی شەشەم دەمانگەیەنێت بە کێشەکانی ئێستای ناو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، ئەویش جێگاوڕێگاو سیاسەتی یەکێتیە کە لەدوای ٣١ئابی ساڵی ١٩٩٦ هاوسەنگی هێزەکەی داشکانێکی گەورەی بە خۆوە دیوە، بەهەر دژایەتی و پلانگێریەکی تر لەبەرامبەر پارتیدا ئەنجامی دابێت، نەک نەیتوانی ئاستی هاوسەنکیەکەی بخاتەوە جێگای خۆی، بەڵکو لە هەر هەوڵێکیدا هەنگاوێکی تر پاشەکشەی زیاتر بە هاوسەنگی هێزەکەی کراوە، بەجۆرێک ئەم واقعیەتە لەریزەکانی یەکێتیدا رەنگی داوەتەوە کە جیاوازی سیاسی و دودڵی خستۆتە ناو سەرکردایەتی یەکێتیەوە، کە چۆن مامەڵەی کێبڕکێی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزەکەیان لەبەرامبەر پارتیدا بکەن، تا ئەو ئاستەی بە ئاشکرا مەیلی ڕادەستکردنی تەواوی یەکێتی بە پارتی لە ناو بەشێکی سەرکردایەتیەکەیاندا خۆی نیشانداوە.
لە هەمانکاتدا مەیلێکش هەیە بەتەواوی توانایەوە هیچ کات دەستبەرداری پێداگری و سوربون و بەردەوامی لە دژایەتیکردنی بارزانی و پارتی نەبووە.
کێشەکانی سەرکردایەتی یەکێتی بە کێشەی خانەوادەیی و تاوان و کاری ناشایستە پێناسە ناکرێت. دەکرێ ئەو کێشانەش هەبن، بەڵام مەسەلەی سەرەکی کێشەی سیاسی ناو خانەوادەی بۆرژوا ناسیۆنالستی کوردە، لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئایندەی باڵادەستی و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا. ئاکامی قەیران و بنبەستی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە بەرامبەر ئەو ئاڵوگۆرو پێشهاتانەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوڕوی بۆتەوە.
بەگشتی بزوتنەوەی کوردایەتی بە تەواوی حزبەکانیەوە لە ناو چوارچێوەی ئەم گێژاوە سیاسیەی ناوچەکەدا نەیانتوانیوە و ناتوانن سیاسەتێکی یەکدەست و ڕۆشن و کارساز نەک بۆ کوردستان بخەنە ڕوو، بەڵکو لەبەرامبەر پاراستنی هێزەکانی خۆشیاندا، جگە لە چاوەڕوانیەک بۆ ئایندەیەکی ناڕۆشن چارەیەکی تریان نەبوەو نیە. بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرترین خاوەنداریەتی خۆی لە داگیرکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بەدەست هێناوەو خاوەن دەسەڵات و نفوزێکی زیاترو باڵاترە، بەڵام بەئاشکرا ڕاڕایی و دودڵی خۆی لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا نیشان ئەدات و خۆی ڕادەستی شەپۆلی ئەو گێژاوە سیاسیە کردووە. لە هەمانکاتدا لە هەوڵیدا بۆ پاراستنی نفوزو دەسەڵاتەکەی لە کوردستاندا، هێزەکانی تر لە بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان ناچار بە پاشکۆ بون دەکات بە ئایندەیەک کە خودی بارزانی و پارتیش ناتوانن پێشبینی بکەن چیان بەسەر دێت.
ئەم واقعیەتە کاریگەری تەواوی لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکان داناوە، لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر باڵەکانی ناو حزبەکانیش بەجێهێشتووە. بە جیا لە پاشەکشەیەکی بێوێنە لە مەوقعیەتی گۆڕان و ئیسلامیەکان، باشترین نمونە بنبەست و گێژاوێکە کە بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی پێوەی دەناڵێنن. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد مەیلێک لە ناو یەکێتی بۆ خۆ ڕادەستکردن بە سیاسەت و جێگەو ڕێگایەک کە پارتی لە ئێستادا بەدەستی هێناوە، ناچاریەکە لە ئاکامی ئەو گێژاوە سیاسیەی سایەی کردوە بە سەر ناوچەکەدا. لە هەمانکاتدا بە خاڵێکی زۆر لاوازتر بۆ ئایندەی  مەوقعیەتی یەکێتی تیا پێشبینی دەکرێت. باڵێکی ناو بنەماڵەی یەکێتی و باڵێکی زۆرینە لە سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان ڕادەستی ئەو شەپۆلەی نەخشەو سیاسەتەکانی بارزانی دەکەن کە بۆخۆشیان نازانن لە کام زۆنگاودا بەجێ دەمێنن.
باڵی لاهور بەهەر کێشەو پلانگیریەک کە هەوڵی دابێت باڵادەستی خۆی لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا بسەپێنێ، بەدوای نەخشەو سیاسەتێکەوە خۆی دەناساند بە ڕادەستکردنی یەکێتی بوو بۆ ناو شەپۆلێکی ترو گیرسانەوە لە زەلکاوێکی تردا، بۆ ناو شەپۆلی گێژاوی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بە شێوازێک کەوتە بەرامبەر مەیلی ڕادەستکردنی یەکێتی بە سیاسەتەکانی پارتی، کە سەری خۆی و باڵی ئەو مەیلەی لە کەشتیەکەیدا بوون، پێشوەخت و پێش شەپۆلەکە نوقمی زەلکاوەکەی کردن، چونکە مەوقعیەتی مەیلی سیاسی لاهورو هاوپەیمانەکانی لەناو هاوکێشە سیاسەکانداو هاوسەنگی هێزەکەی جێگای ئەوی تیا نەدەبوەوە و لەو ئاستەشدا نەبوو حساباتی جدی بۆ هەلومەرجەکەو قەوارەی بەرامبەرەکەی بکات. هەربۆیە جێگای متمانەی خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەبوو، ئێران زۆر بە هەرزان و خۆرایی فرۆشتی.
لاهور خۆی کردە قوربانی نەخشەو سیاسەتێکی ناڕۆشن و بێتوانا لە مامەڵەی سیاسی کێشەکانی ناوچەکەدا، کە مەیلی سیاسی بەرامبەرەکەی توانی بەکڵاو بیگرێت و پەروباڵی بکات، لەقەفەزی تاوانباری بێ دەرگادا دەست بەسەری بکات.
پێموایە لێرەدا بەو ئەنجامە دەگەین کە تەواوی دۆخی نالەباری ناوچەکەو مەوقعیەتی لاهور لەو نێوەدا پێشوەخت و پێش مەیلەکانی تر شکستی بەنەخشەو سیاسەتەکانی خۆی هێنا.
ئێستا ماوە بڵێین بەدوای شکستی لاهور، قەیران و بنبەستی سیاسەت و ڕۆڵی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکان و باڵەکانیان بە شوێنی خۆیان ماون و لە تونێلێکدا ئەو سەری دیار نیە گیریان کردووە، هەربۆیە کۆتایی لاهور کۆتایی کێشەی ئایندەی ناڕۆشنی سیاسی کوردستان نیە، وە هیچ پێداویستی و داخوازیەکی خەڵک وەڵام ناداتەوە. کۆتایی قەیران و بنبەست و کێشەی حزبەکان و دەسەڵاتی سیاسیان نیە. دەکرێ لە ئێستادا وەها دەرکەوێت یەکیتی کێشەیەکی ناوخۆیی خۆی لە ئاستێکدا یەکلایی کردبێتەوە، بەڵام جێگاو ڕێگایەک کە یەکێتی لە ناو هاوکێشە سیاسیەکاندا نیشانی ئەدات بەردەوام بەرەو دابەزینی هاوسەنگی هێزەکەی دەیبات. بۆیە دەستەوەستان و بێچارەیی لە بەرامبەر قەیرانەکان و هەولومەرجی سیاسی ناوچەکەدا، جگە لە پاشکۆ بون بە سیاسەتەکانی پارتی لە ئێستادا ئاسۆیەکی تری لەبەردەمدا نیەو خەریکە لەهەر هەنگاوێکدا پارچەیەکی لە سەفین دەکەوێتە خوارەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×