نامەیەک بۆ خوا و ... کانی ....!

چیا عەباس
  2021-08-13     728
نوسەری ناوداری میسری توفیق الحکیم لە هەفتاکانی سەدەی پێشو نوسینێک بە ناوی ( نامەیەک بۆ خوا ) بڵاودەکاتەوە، تێیدا نوسیویەتی:
" خوای خۆشەویست، دەزانم تۆ بونت هەیە و زۆر نزیکی لێمان، باوەرم بە گەورەیی و بەهرمەندی و رەحمەتتان هەیە، بەڵام گەورەم بچێک گلەییم لێت هەیە، بەناوی گەورەتانەوە قسە دەکەن، ناو و ناوبانگت دەشێوێنن، ئەو چەند فلسەی هەمانە لە سەر ئێوە سەرفی دەکەن، من دەزانم ئێوە زۆر دەوڵەمەندن و هەرچی خەزێنەی کەونە لە بەر دەستداندایە، ئێمەش هەژار و ئێوەش دەوڵەمەند ....  بەرێزتان قبوڵ دەکات مانگانە لە موسڵمان و مەسیحی ٨٠٠ ملیۆن جونیە باجمان لێ دەسەنن تا مزگەوتەکانی بەرێزتان پاک و روناک راگرن و جەنابی بەگی موسڵمانیش دەچێت لە مزگەوت کەیفی پێوە دەکات ..... تاد".
هەڵسەنگاندنێکی ورد و واقیعی بۆ رەوشی ئێستای هەرێم مرۆڤ تێدەگات لە چ دۆخێکی ئاڵۆزی هەڵتۆقاوی دەیان ساڵی رابوردودا گیرساوەتەوە.
لە سایەی ئەم دۆخەدا گەلێک راوچی قولاپی بەختیان لە سوچێکی زۆلگاوەکەیدا گیرکردوە و خێر و بەرەکەتێکی زۆریان بردوە، سەرکردە و شۆرشگیری دێرزەمانیان تێدایە کە زۆر زیادە لە پشکی شایستەیان راو کردوە، بەتەنیشتی ئەمانیشەوە گەلێک هەڵتۆقیوی نوێ بە دەوری زۆلگاوەکە فرکەفرکیانە و بەهۆی تێرنەبونیانەوە دەستیشیان بە سوچێکی کەوا و سەڵتەی دێرزەمانەکانەوە گرتوە.
بەشێک لە هێز و کاراکتەرە سیاسیەکان، تایبەت ئەوانەی لە مێژو هەڵگەراونەتەوە و پەچەی شەرمیان فرێداوە، هەنوکە بێ خاوەن و سەرلێشێواو لەبەر دەروازەی قەزا و قەدەردا هەڵکروزاون، لە گەڵ ئەوەشدا شیر و تیر لە یەکتر دەسونەوە، هەر یەک بۆتە حزبی ناو حزب: تاقم و دەوروبەری خۆی، میلیشیای خۆی، راگەیاندن و وتەبێژی خۆی، بازرگانی و کۆمپانیای خۆی، هەندێکیشیان زانکۆ و نەخۆشخانە و نوێنەرانی خۆی و .... هەیە، تێشیاندایە بیرێکی لە ئایندەی خۆی کردۆتەوە و تێگەيشتوە تاسەر ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، بۆیە گیرفان و جزدانیشی لە دەرەوەی وڵات بەرێگەی چەند کۆیلەیەکەوە بۆ رۆژەکانی "تەنگانە" چەورتر دەکات. ئەمانە حزبیان کردۆتە خەیمەی ئەم هەریسە و بازاری عەکازە، بە شان و باڵاشیدا دەخوێنن، فرمێسکی تیمساح ئاساشی بۆ دەرێژن، دڵخۆشن لە بێ خاوەنیدا دەتوانن بە راست و چەپدا جۆرەها سەما بەرپا بکەن.
مایەی سەرنجراکێشانە هەمویان هەمان قەوان دەچرنەوە:
کار بۆ مافەکانی میللەت، چاکسازی، خۆشگوزەرانی هاوڵاتی، ئازادی و دیموکراسی دەکەن، ٣٠ ساڵە ئەم بابەتانەیان کردۆتە پێشەنگی ریکلام بۆ مەیانی سیاسی و حزبیان، کەچی ئێستاش بۆ چارەکە و نیو موچەی هاوڵاتی روخساری کروزانەوەیان لە بەغدا نمایش دەکەن، جورئەتی ئەوەیان نیە دەستێک بە گیرفانی خۆیاندا بکەن. ئەم بابەتانەیان کردۆتە بنێشتە خۆشەی زاریان، لە سەرجەم ئەو کێشە و قەیرانانەی هەرێم و تەنانەت لە ناو ئەو هێز و حزبانەی دەوروبەری زۆلگاوەکەش بە زمانی درێژ و دەستنوسی خۆش و دەنگی بەرزی مسکێنەکانیان باس و نمایشیان دەکەن، گەر پێنج لە سەدی رۆبن هودیان بکردایە دەشیا لای مەردەم متمانەیەکی لەرزۆکیش سەری هەڵدایە.
ئەمجۆرە فرۆشیار و هەڵتۆقیوانەی بازاری مەیانەکە و ناو و دەوری زۆلگاوەکە، وەک ئەوەی مەردەم نەیان ناسێت و کونەیان نەزانێت دەڵێن:
کاتێک خۆپیشاندان بۆ مافەکانت دەکەیت و دەنگت لێمان بەرز دەکەیتەوە تەقەت لێدەکەین و لەوانەشە بکوژرێیت، مرۆڤ کوژەکان رۆبۆتی ئێمەن لە سەروی یاساوەن و نەکەن دەستیان بۆ بەرن. 
کاتێک داوای ئازادی دەکەیت و چالاکی سەردەمانە ئەنجام دەدەیت دەتگرین و لە سوچی زیندان قایمت دەکەین، دواتر چی رودەدات لە دەستی خودایە. ئێمەی شۆرشگیران و نەوەکانیشمان هەمو سەردەمێک مافی خۆمانە ئەم وڵاتەمان چۆن بوێت وا بەرێوەی ببەین، گەر تۆزێک ئاقڵ و گوێرایەڵ بیت و لە دەرگاکامان بدەیت لەوانەیە خێرێکت پێ بکەین.
شارەزا و خاوەن ئەزمونەکانیان باش تێگەیشتون قەیران و کێشە و ستەم و دزی و.. پێویستن بۆ سەپاندن و سەلماندنی دەسەڵات و هێزیان، بێجگە ئەمانە شتێکی ئەوتۆ لە هەبگەیاندا نیە تا پێشکەشی خاک و نەتەوەی بکەن، گرنگە مەردەم برسی بێت تا بۆ پارویەک نان لە دەرگایان بدات.
لە نێو هێزەکانی کوردستان تەنها پارتی جێگیری و ئارامی پێوە دیارە، ئەمە مانای ئەوە نیە پارتی هێزێکی نمونەییە، بەڵام بە بەراوردکردن لە گەڵ هاوشەریکەکانی لێهاتوتر و شارەزاتر گەمەکان دەکات، هۆکاری بنەرەتی ئەمەش بونی مەرجەعێکی هەرەمی چەسپاوە، ئەم مەرجەعە دەسەڵاتی ئیدارەدانی تۆکمەی حزبەکەی هەیە، ئەوە لاوازی و بێدەنگی هاوپەیمانەکانی پارتیە کە بتوانێت تەواوی جڵەوی تەوەرە نیشتمانی و نەتەوەییە گرنگەکان بگرێتە دەست. ئەم دەسەڵاتە جێگیر و رەهایە هێزەکانی تری ناچار کردوە لە ریزدا سەرە بگرن تا لە قاپیەکەی بدەن.
ئێستا لایەنێکی یەکێتی پێوستی بەوە نەماوە سەرە بۆ لێدانی قاپیەکەی پارتی بگرێت، چونکە سەرەرای گلەیی و بۆڵەبۆڵکردن ساڵانێکە پارتی لە ماهیەت و نیەت و داواکاریەکانیان تێگەیشتوە، زۆر ورد مامەڵەیان لە گەڵ دەکات و درێغیشی لێ نەکردون.
نێو ئەو لایەنەی یەکێتی کاراکتەر هەن کە ساڵانێکە سەر و ژێرزمانیان دژایەتیکردنی پارتی بو، کەچی ئێستا ئارەزومەندانە و خۆبەخشانە لە بەرامبەریدا دەکروزێنەوە، نە ئەوەی پێشو و نەئەوەی ئێستاش، منیش پارتی بم بە ساردیەوە هەر دەستێک بەسەر شانیاندا دەنێم.
لەم کەش و هەوایەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە تواناترین و لێهاتوترین ئارایشتەکەری دۆخەکە و دەهۆڵ لێدەرەکەیەتی، زۆر چاوقایمانە باسی گۆرانکاری و چاکسازی لە حوکمرانیدا دەکەن، وەک حزب خاوەنی چەند زمانێکن، زۆربەی هەڵتۆقیوەکانی زۆلگاوەکە لەم هێزە کۆبەنەوەتەوە، ئەم گۆڕانە بەئاسانی روی شەنی لەو شوێنە دەکات بۆن و مەرامی شیرینی لێ دێت. ئەم هێزە ژێربەژێرە خاوەنی زۆربەی خەسڵەتە رەسەنەکانی سەردەمی لەدایکبونی نەماوە، بۆیە دەبینرێت بەرپرس و هەڵسوراوە هەڵتۆقیوەکانی بە چەندین زمان خۆیان نمایش دەکەن، کە مەبەستی سەرەکیان پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانیانە، ئەمانیش فێربون تا زۆرترت دەسکەوێت هێشتا هەر کەمە.
ئەولادەکانی گۆڕانی ئەم زەمانە چاوچنۆکانە رو لە هەمو لایەک دەکەن، پارتی ئیجازەیەکی بچوکی زۆر سنورداری مار و دوپشکی لە حکومەتدا پێداون، جێگای چاخورادن و دەمەتەقێکردنی بۆ جوملە راوێژکار و کارمەندەکانی سەر کاغەزی ئەم هێزەیان دابین کردوە، کەچی مێشێک میوانیان نیە و هەر هەڵپەیانە، خۆشیان وەک فریادرەس عەرز دەکەن.
هیچ کێشەیەکیان نیە کێ دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانیە نوێکەیان لە گەڵ یەکێتی، هەر کەسێک بێت قبوڵی دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە زۆر تەعەدا و کاری قێزەوەنیان بەرامبەر گۆڕان کردوە، لە پێناوی مانەوەیان لە دەسەڵاتی گۆڕاندا پرەنسیپە رەسەنەکانی بزوتنەوەکەیان بەلادا داون، بۆیە زۆر شتیان قبوڵکردوە و تا ئەم چرکەیەش قبوڵیان دەکەن، وەک هێزێکی سەرلەقێنەری بێ ئیرادەیان لێهاتوە.
جیاوازی هێزە ئیسلامیەکان کە بە ناو لە بەرەی ئۆپزسیۆندان لە گەڵ دو بەشداربوەکە لە حکومەتدا ئەوەیە کێشەی ناوخۆییان کەمە، مەرجەعی چەسپاوی ئاینییان هەیە، لە بواری سیاسیدا هەر هەمان قەوانی چاکسازی و عەدالەت و راستگۆیی و دەستپاکی دەچرنەوە، مەردەم هیوادارە گەر دەسەڵاتیان هەبێت هاوشێوەی برا موسڵمانەکانیان لە وڵاتانی دەر و دراوسێ نەبن.
لە سیاسەتدا شتێک نیە موتڵەق بێت، بینینی رێژەیی خەسڵەت و نیەتی کاراکتەر و هێزەکانی گۆرەپانەکە زۆر بەرچاو رەوشن دەکات، چی بکرێت و لە گەڵ کێ بکرێت و چۆن بکرێت، رەنگبێ ئەمە تەواوی تابلۆی مەبەست نمایش نەکات، بەڵام بێگومان هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×