بۆچی ئەمریکا تاڵیبانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵات!؟

شه‌ریف عەلی
  2021-08-15     2281
بەپێچەوانەی دیدی حەمەی حاجی مەحمود و کەناڵی ڕوداوی پارتیی و خودی پارتیی کە ئاھەنگیان بۆ سەرکەوتنی بایدن دەگێڕاو، کار گەشتە ئەوەی لە دھۆک تەقەی خۆشیشی بۆ بکرێت. ھەمیشە دیموکراتەکانی ئەمریکا ئیسفەنجییانە مامەڵەیان کردوە. بەتایبەت لە دروستکردن و خولقاندن و ئاڕاستەکردنی ئیسلامی سیاسیی دا. ئیسلامی سیاسیی بەو فۆرمەی کە دینی ئیسلام وەک ئاینێکی توندڕەو بە جیھان بناسێنن. کە پێچەوانەی ئەو ئاینە میھرەبانە بێ کە خۆمان و باوک و باپیرانمان لە قبوڵکردنی فرەیی و لە کوردەواریی دا پێی شاد بوین.
ـ
لە سەردەمی جیمی کارتەری دیموکراتەکان دا، دیموکراتەکانی ئەمریکا پیلانێکیان بۆ سی-ئای-ئەی داڕشت کە خومەینی بخەنە سەر حوکمی ئێران. ئەوەش لە پێناو چەندین ئامانجی نزیک و دور دا. وەک خولقاندنی شەڕ لەگەل سەددام و پاشەکشەپێکردنی سەددام لە نزیکبونەوە لە بەرەی سۆڤیەت. ڕێگربن لەوەی چەپەکانی فارس حوکمی ئێران بگرنە دەست و ببنە ھاوپەیمانی سۆڤیەت-چین و چەند ئامانجێکی تر.
ـ
کاتێکیش جەنگی عێراق و ئێران دروست بو. سەددان بەڵگەنامەی نھێنیی بەریتانیاو سی-ئای-ئەی ھەیە کە بەریتانیا و ئیسرائیل بایی ملیۆنان دۆلار چەکی پێشکەوتویان بە نھێنیی بە ئێران فرۆشتوە. کە لە بابەتی 'دبلۆماسییەتی کوردی لە دیدی بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیا و سی-ئای-ئەی دا' بە داتا زیاتری لەسەر ئەخەمەڕو.
ـ
لە سەردەمی کلنتنیش دا، دیسانەوە دیموکراتەکان ڕێگایان بە فراوانبونی ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان دا. دیارترین بەڵگەنامەی نھێنی سی-ئای-ئەی کە لەم بارەیەوە باسی عێراق بکات. بەڵگەنامەیەکی ساڵی ١٩٩٧ ە كە ئاماژە بەوە دەكات: ''لە کاتێکدا دەسەڵاتی سەددام ڕوخێنرا، پێویستە بەشێوەی سنوردار ڕێ بە بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکانی سەر بە ئێران بەتایبەت حیزبی دەعوەو بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان 'کە ناوی عەلی باپیریش وەک سەرکردەیان ھاتوە کە ئێران دروستکەر و ئاڕاستەکاریانە' کە دەسەڵاتیان پێ بدرێت. چونکە ئەم میلیشیایانەی سەر بە ئێران باشترین ئامرازن بۆ لاوازکردنی ئابوری عێراق، بەوەش زەمینەی ئەوە دەخولقێ کە ھێزەکانی ئەمریکا ھەتا چەندێک بیانەوێت دەتوانن لە عێراق دا بمێننەوە''. لە بابەتی 'دبلۆماسییەتی کوردی لە دیدی بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیاو سی-ئای-ئەی دا' زیاتر دێمەوەسەر ئەم باسە!
ـ
پاش شای و لۆغانێی حەمەی حاجی مەحمود و پارتیی بۆ ھاتنەسەر کاری بایدن! بە بیانوی ئەوەی بایدن وێنەی لەگەل مام جەلال و مەسعود بارزانی ھەیە. کە پێموایە: ''بەوە دەوترێت سیاسەتکردن بە ورگ، نەک بە عەقڵ!''. ئەوەتا دیسانەوە لە سەردەمی بایدنەکەی کاکە حەمە و پارتیی دا، ھەمان نمایشی جیمی کارتەرانە دەبینینەوە، بەڵام نەک لە ئێران، بەڵکو لە ئەفغانستان!
ـ
بایدنی دیموکراتەکان ھەستا سەرکردەکانی تاڵیبانی لە وڵاتانی کەنداوەوە بردەوە سەر حوکمی ئەفغانستان. ئەگەر ئامانجەکانی ئەمریکا، دروستکردنی شەڕی ناوخۆیی بێت لە ئەفغانستان. یان بە شەڕدانی دەوڵەتی تاڵیبان بێت لە دژی ئێران، یا دژی پاکستان، یان دژی ڕوسیا! یاخود ھێشتنەوەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بێت بەدەست ئەم ھێزە دواکەوتوانەی لادەر لە دینی ئیسلامیی، کە لە فۆرمی 'ئیسلامیی سیاسیی' دا خۆیان وێنا دەکەن. بەڵام ھیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت کە زلھێزەکان مێژوویەکی دێرینیان لە دروستکردن و ئاڕاستەکردنی ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسیانەدا ھەیەو، ھەر چەند ساڵ جارێکیش لەلایەن سەرۆکێک لە سەرۆکەکانی حیزبی دیموکراتەکانی ئەمریکاوە، زیندودەکرێنەوەو ئاڕاستە دەکرێنەوە!
ـ
ئەمەی لە ئەفغانستان ڕودەدا، شکاندنی ئەمریکا نییە. چونکە ئەمریکا خۆی تاڵیبانی زیندوکردەوەو سەرکردەکانیانی لە کەنداوەوە بردەوە سەر حوکمی ئەفغانستان. بەڵکو ئەمەی لە ئەفغانستان ڕودەدا: تەنیا ھێنانەدی چەندین ئامانجی تەکتیکیی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ڕێگای حوکمی تاڵیبانەوە!
ـ
ڕاستە ھێشتنەوەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ئەم گروپە دواکەوتووانەوە، لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی بەشێک لە زلھێزەکانە. بەڵام دەیان ساڵی تر خەڵکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی دەست ئەم گروپانە دەبن و، شەرمەزاریشە بۆ ھێزە 'بە ناو' نەتەوەیی و سیکۆلارەکانی نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، کە ھێندە لە گەندەڵیی و بەدڕەوشتی سیاسییەوە تێوەدەگلێن تا گیرۆدە دەبن، کە زەمینەی ھاتنەوەسەر حوکمی ئەم ھێزە توندڕەوانە، ئاسان دەکات!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×