گلەیی لەئیخوان.... یان پاسدانی ڕاستیەکان!!

مه‌ولود باوه‌ موراد
  2021-08-20     615
پاش ڕوداوەکانی ئەفغانستان کەمنین ئەوانەی ڕەخنەی جۆراوجۆرو تانە وتەشەر  ئامیز ئاڕاستەی مەنھەجی کار و جوڵەی سیاسی ئیخوان دەکەن.
 ئیخوان ھەڵەی نیە! بەڵکو ھەرلە بنەڕەتەوە بەھەڵە کاری سیاسی کردوە و خۆی خزاندوەتە نێو کایەی سیاسی، بەھاری عەرەبی لە ٥ تا ٦ وڵاتی عەرەبی بوویە موختەبەری مێژوویی ئەزمونکردنی ئەم فۆڕمە سیاسەتکردنە. 
دەکرا پاش كۆتایی ھاتنی قۆناغی کۆڵۆنیالیزمی ڕاستەوخۆی سەربازی، یان لانیکەم پاش کۆڵۆنیالیزمی ئینتدابی لەوڵاتانی ئیسلامیدا  کۆتایی بەخۆی بھێنایە لەدوراییە سیاسیەکەیەوە، وەک زەرورەتی مێژوویی قۆناغەکە.
ئەم مۆدێلەی ئەم کۆمەڵە بونیادیناوە بەھۆی ھەبوونی دووخەسڵەتی کاریگەر و سەرنجڕاکێش کەئەوانیش «ئاوێتەکردنی جوڵە وکاری سیاسیە بە کاری بانگەواز + بەکارھێنانی تەکنیکی ڕێکخستن» کە ئەم دوو فاکتەرە گەرەنتی مانەوە و بەردەوامی  ھەرکۆمەڵەیەک دەکەن بەپیرۆزی و زیندویەتی. 
ھەرئەم دوو ڕەگەزە یارمەتیدەری ئاسان تەقلیدکرانی ئیخوان و خێرا بڵاوبوونەوە و کشانی بووە بەرەو زۆربەی وڵاتان و گەل و نەتەوەکانیتری جیھانی ئیسلامی، بانگەواز پیرۆزیەت و سومعە و ڕەمزیەتی دینی کردوە بەبەری جەماعەتەکەدا و تنظيميش بەردەوامی و مانەوە و ئاسان کۆنترۆڵکردنی ڕیزەکانی ئینتماکردوان و ئیدارەکردنیانی پێبەخشیوە!!
ئەوە بەڵگەنەویستێکی سادەیە کە سیاسەت بەشێکە لەسروشت و جەوھەری ئینسان، وەک زەرورەتی  ڕێکخستن و ئیدارەی ژیان، لەمێژووی دروستبوونی کۆمەڵگەی بەشەریەوە تاقیامەت بەردەوام دەبێت، ئامرازێکی سروشتیی فیترەتی مرۆڤە بۆ ئەو حەقیقەتەی خودا ناویناوە ئیستخلافی بەشەر لەسەر زەوەی، بەجیا لەدین و نەژاد و نیشتمانی.
مێژوو ھەزاران فۆڕمی جۆراوجۆر و ھەمەچەشنی حیکایەتی سیاسەت و حوکمڕانی لە ھەموو جوگرافیا و ئاوەدانیەکانی ئەم سەرزەویە ھەڵگرتووە.
پەیوەستبوونی سیاسەت و دین نوێ نیە، مرۆڤ ھەرجۆرە دینێکی ھەبووبێ سیاسەتیشی بەوە تایپە ڕەنگ کردوە، بەڵام پرۆسەکە خۆدایی نیە، مرۆڤکردە، بۆیە بێخەوش نابێت لە تێکەڵبوونی بە بێماناییە زۆرەکانی ھەژموونی سیاسەت و مەرامەکانی لەسەر پەلکێشکردنی دین بۆناو دنیا پڕ شەڕ و گەندەڵی و تەماحەکەی خۆی.
بۆیە ئەرکی خەڵکی دیندارە کە ڕێگربێت لە داخزانی ئەم پەیوەندیە بەرەو ئەمجۆرە تێکەڵکردن و تێکەڵبوونە بێ سنورە، دینداری پێویستیەکی ڕۆحی مرۆڤ نیە،  بەڵکو پێویستی نەمریی مرۆڤە بەرەو کاروان و مەنزڵی نەمریی، پەیوەندی ڕاستەقینەی دین و سیاسەت بەسروشتی خودی دین و سیاسەت لە سنوری بەھاباڵاو پرەنسیپەکانی دین تێناپەڕێت!! چونکە بە دڵنیاییەکی گومانبڕ  مرۆڤەکان بە ئەنقەست یان نیازپاکی ئیستغلالی سیاسی دین دەکرێت!
*ھەڵەی ھەموو ئەو نووسینانەی ئیسلامیە شاگەشکەبووەکان و ناسیۆنالیستی عەرەبی و سوننەی ترساو  و خوساو بەدەست ئەمریکا و کێشەی مەزھەبیەوە، دەربارەی تالیبان و پاش ٢٠ ساڵ سەرلەنۆی گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات  نووسیویانە، بەئاشکرا و بەئەنقەست لەبەرچاو نەگرتن و ژێرلێوکردنی فاکتەرگەلێکی سیاسی کە کاریگەری یەکلاکەرەوەی لەسەر پرۆسەی ئەم گۆڕانکاریە ھەبووە، وەک: فەتوایی سیاسی تالیبان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ دیزاینکردن و سیناریۆکانی گەڕانەوەی ئاشتیانە و پابەندیەکانی ھەردوولا.
ڕۆڵی دورایی کۆمەڵایەتی پێکھاتەی پشتۆن لەکۆمەڵگەی ئەفغانیدا وەک گەورەترین پێکھاتەی خێڵ کە زیاتر لە٥٠٪‏ی دانیشتوانە و زیاتر ٢٥٠ ساڵە حاکمی ئەفغانستان لەپشتۆنە جگە لەچەند بڕگەیەکی کورتی نەبێت ، تەنانەت  ھەموو زۆربەی سەرۆکە شیوعیەکانی وەک: محمد داود و نورمحمد تەرەقی و حەفیزە اللە ئەمین و بەبراک کارمل و نەجیب اللە ھەرلەوان بوون!  
مێژووی سەرھەڵدانی ئەمڕەوتەیە و بەم شێوازە نوێیەی گوزارشت لەدەسەڵاتی پشتۆنیەکان دەکات، نەک ھیچ ڕەوت و ئەزموون و قوتابخانەیەکی جوڵانەوەی ئیسلامی لەجیھاندا، ھەر لەبەرئەوەشە کەمترین لێدوانی فیکری و بۆچون و جیھانبینی خۆیان لەسەر حوکمڕانی دەوڵەتداریی دەردەبڕن.
 جگە لە ھۆکاری شکستی گروپ و حزبەکانی موجاھدین پاش وەدەرنانی سوپای سۆڤیەت لە ڕێکنەکەوتنی ناوخۆییان و دامەزراندن و بونیادنانەوەی وڵات و دەستەبەرکردنی ئیستقراری سیاسی بۆ ھاوڵاتیان، پەیوەندی بە پشتۆنەکانی پاکستان و ڕۆڵی ململانێکانی ئەمریکا و پاکستانەوە ھەبووە بەتایبەت ھاوکاری دولایەنەی موخابەراتی عەسکەری پاکستان و دەزگای ھەواڵگریەکەی لەدروستکردن و پاریزگاری و پاراستنیان لەم ھەموو ماوەیەدا.... ژێر لێوکردنی ئەمڕاستیانە بەجۆرێکە ھەستدەکەیت ئیسلامیەکان توشی عوقدەیەکی گەورەی سایکۆلۆژی حەز و ئارەزوی گەشتنە دەسەڵات و حوکمڕانی بوون تا ڕادەی عەوداڵ بوون و ئومێدگرێدان بەھەموو شتێکەوە و چاوپۆشیکردن لەھەمووشت. 
لەم نێوەندەشا بەربوونە گیانی ئەزموونی سیاسی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین و خەڵکە بەریئەکەی کە لەڕووی سیاسەت و سیاسەتکردنەوە مێژوویەکە بەھەڵە سەریان پێوەناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سڵیان لەھیچ قوربانیدانێک لەمپێناوەدا نەکردوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×