ئەمەریکا لە خۆرهەلاتی ناوەداست دەکشێتەوە

محەمەد خۆشناو
  2021-08-21     547
کار و کردەوەکانی هەنوکە ، کە لە خۆرهەلاتی ناوەراست دەگوزەرێت و بەرێوەدەچت ، ئەوەمان پێ دەلێت ، کە ئەمەریکا لەرووی سەربازی و سیاسیەوە دەروات و ئەو ناوچەیە جێدەهێلت و ئەوراقی دوژمنەکانی دەپێچێتەوە ، سیناریۆی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هەمان سیناریۆیە لە ڤیێتنام و عێراق و سۆمال و لیبیا ، وا پێدەچێت کەس لە هەلەکانی مێژوو فێرنابێت ، فەشەل هێنانی پرۆژەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ، لە بنچینەدا دەگەرێتەوە بۆ هەلەی خودی ئەمەریکا نەک توانا و سیاسەتی بەرەی دژی ئەمەریکا ، لەوانەیە «بایدن»ی سەرۆکی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بریارێکی دروستی دابێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و لە شوێنەکانی دیکە ، بەلام دامەزراوە ئەمەریکایەکان لە جێبەجێکردنی بریارەکە سەرکەوتوو نەبون ، کە دواجار بووە مایەی شەرمەزاریەکی زۆر بۆ سەرۆکی ئەمەریکا و ولاتەکەی ، بریاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە بیانۆی خۆی هەیە ، بەلام شێوازی جێبەجێکردنەکە فاشیل بوو ، «کلاوزفیتیز» ی زانای ستراتیژی دەلێت: پێویستە  هێرشبەر زامنی کشانەوە پێش داگیکردن بکات ، ئەمەریکا سوودی لە دەرچوونیان لە ڤێتنام وەرنەگرت و ، هەروەها لە جێبەجێکردنی سزادان سەرکەوتوو نەبوون ، سیاسەتەکانیان بەرانبەر خۆرهەلاتی ناوەراست و ئەوروپا سەرکەوتوو نەبوون ، دەیان ولات لە دیمەنی کەوتنی ئەزموونی ئەمەریکا لە کابۆل بەخەبەر هاتن ، پێم وایە ئەمجارە ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکانی دیکە ئەم هەلەیە و شەرمەزاریە دووبارە ناکاتەوە.
راگەیاندنی ئەمەریکا بە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان و عێراق و ، هەروەها کێشانەوەی بنکەی مووشەکی «پاتریۆت» لەناوچەی کەنداو ، شتێک نیە تەنها ئەو کۆشش و تەقەلایانەن ، کە تەئکید لە خواستی ئەمەریکا دەکاتەوە بۆ کیشانەوە لە ناوچەکادا ، کە لەسەردەمی رۆژانی«ترەمپ» ی سەرۆکی پێشوو دەستیپێکرد و ، ئێستاش لە سەردەمی سەرۆکی ئێستا بۆتە راستی و واقیع ، کە خۆی لەو گۆرانکاریە خێرا و ئەو هەلانە دەبینێتەوە کە روودەدەن ، وەکو نموونەی جارێکی تری گەرانەوەی بزووتنەوەی«تالیبان» و کۆنترۆلکردنی سەرجەم خاکی ئەفغانستان بە کابۆل-ی پایەتەختەوە.
دەرچوونی ئەمەریکا ، چەندین هۆکار و پێشهاتی جۆراوجۆری بەپێی دیدوبۆچوونی ئەمریکی هەیە ، لەکەس شاراوە نیە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی مانەوەی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبەر مسۆگەر کردنی بازرگانی پیترۆل بووە لەو ناوچەیەدا ، ماوەیەک پێش ئێستا لە ووتارێکمدا ئاماژەم بەوە کرد ، کە شەهیەی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرانبەر خۆرهەلاتی ناوەراست کەمتر بووە لەوەی پێشتر و ، وایلێهاتووە بیر لە ناردنی هێز بۆ دەرەوەی سنوورەکانی بە پێی پێوەری دیاریکراو و هۆکاری بەهێز نەکەنەوە ، بایەخی پیترۆل لەکن ئەمەریکیەکان پاشەکشەی کردووە بەهۆی دۆزینەوەی پیترۆلی تاوێری«النفگ الصخری» لە ولاتەکەیاندا و ، هەروەها ئاسایشی ئیسرائیل زیاتر مسۆگەرتر بووە لەجاران… گۆران و پێشهاتێکی دیکە کە وا لە ئەمەریکا دەکات لە ناوچەکە بکێشیتەوە ئەوەیە ، کە واشنتۆن چیتر ئەو گروپانەی کە هەمیشە بە تیرۆرستی دادەنێت وەکو « قاعدە» و « داعش» بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە ترسی نایبینیت لەسەر خاکەکەی ، کە ئەمەش لەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمەریکی بەدیار دەکەوێت ، کە تەئکید لەسەر سەرکەوتنیان بە لابردنی ترس لەسەر خاکەکەیان دەکەنەوە و ، هەروەها لەو سالانەی رابردوو  و بە پێی لێدوانی بەرپرسانیان هەنگاوە کردەیەکانی ئەمەریکا بە سەلەنوێ رێکخستنەوە بۆ ئەولەویاتی روبەرووبونەوەی واشنتۆن بۆ دوژمنەکانی دەستیپیکردووە و کراوە ، بەجۆرێک « چین» بۆتە دوژمنی ژمارە یەکی واشنتۆن ، ئەمە ئەوەبوو کە لەسەردەمی« ترەمپ» دەستیپێکرد ، کە بە بەردەوامی هێرشی دەکردە سەر چین ، زۆربەی کەس لەوبروایە دابوون ، کە لەسەردەمی « بایدن» کارەکە جیاواز دەبێت و پەیوەندی هەردوو ولات وەکو جارانی لێدێتەوە ، بەلام لە واقعدا تەنها ئەوەی جیایان دەکاتەوە بەرانبەر چین ، بریتیە لە شێوازی ئەو لێدوانەی کە هەردوو ئیدارە قسەی پێدەکەن ، بەجۆرێک لە رۆژانی « ترەمپ» دا لێدوانەکان تووند و شۆکئامێز بوون ، بەلام لە رۆژانی« بایدن» لێدوانەکان مەیلی بەرەو ئارام بوونەوە بوو ، هەردووکیان لە ئامانجەکەدا خیلافیان نەبوو.
بەدیارکەوتنی« دوژمنی» چینی لەسەر لیستی بەرنامەی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، وای لە بریاری کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرد گونجاو بێت لەگەل ئاراستەی چرکردنەوەی ئامادەبوونی سەربازی هێزەکانیان لە باشووری خۆرهەلاتی ئاسیا و ئۆقیانووسی ئارام و دەریای باشووری چین لەچوارچێوەی ئیستراتیژیەتێکی نوێ بۆ واشنتۆن
 دوا گۆران و  پێشهاتیش کە وا لە ئەمەریکا دەکات لە ناوچەکە بکشێتەوە ئەوەیە ، کە ئەمەریکا متمانەی تەواوی هەیە و دلنیایە یەک هێز لە ناوچەکە بەدیار ناکەوێت ، کە بالادەست بێت لە خۆرهەلاتی ناوەراست ، بە مانایەکی دیکە هێزێک بتوانێت بەروەرووی هێزی ئیسرائیل هاوپەیمانی ستراتیژی مێژوویی ئەمەریکا ببێتەوە.
بۆ ئەم ووتارە سوودم لە چەندین سەرچاوە وەرگرتووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×