ئەفغانستان و ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێم؟

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-08-23     495
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوای ڕوخانی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەو دەستگرتنی تاڵیبان بەسەر دەسەڵاتدا، ئەو پرسیارە وروژا: ئایە لێکچوون لە نێوان دۆخی ئەفغانستان و کوردستاندا ھەیە؟ ھەندێك بە بەڵێ و ھەندێکی تریش بە نەخێر وەڵامی پرسیارەکەیان دایەوە. لە ھەندێ کاتیشدا ھەست بە جۆرێك لە مامەڵەی پروپاگەندانە لەگەڵ پرسەکەدا دەبینرێت. بۆیە دەخوازم چەند سەرنجێك لەم بارەوە لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا بخەمە ڕوو:
١- دەبێت دوو جۆر خوێندنەوەو بەراوردکردنی دۆخی ئەفغانستان و کوردستان لە یەکتری جیابکەینەوە، خوێندنەوەیەکی پڕوپاگەندە ئامێزی لایەنگرانە، کەھەندێك ئامانجی حیزبی وسیاسی سنوردارو تایبەتی لەپشتە،
لەگەڵ خوێندنەوەیەکی بابەتی و دڵسۆزانە کە مەبەستی سود وەرگرتنە لە دۆخی ئەفغانستان بۆ راچڵەکاندنی بڕیار بە دەستان و سەرنج ڕاکێشان بۆ ناتەواویە ستراتیژییەکان لە جەستەی حوکمرانی ھەرێم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لەپێناوگەل ونیشتیمانەکەمان وئایندەی نەتەوەکەمان.
٢- بوونی لێکچوون یەکسان نیە بە دووبارەبوونەوەی ھەمان سیناریۆ وەك خۆی، لەبەر جیاوازی جیۆسیاسی و ھەل و مەرج و سروشتی ململانێکان و کلتورو چەندین شتی تر. لێکچوون لە ھەندێ ڕووشەوە جیاوازە لە لێکچوونی ھەمە لایەنە.
٣- ئەگەر گریمانەی ئەوەش دابنێین، لێکچوونی زۆریش نەبێت، بۆ ئێمە گرنگە، ئەزمونی ئەفغانستان وەك ھەر ئەزمونێکی تر ی دونیا بخوێنینەوەو وانەو پەندی لێوەربگرین و لەڕوی خۆپاراستن لە سەرچاوەکانی لاوازی وڕوخانەوە،لێوەی فێرببین و ئەزمونی خۆمانی پێ دەوڵەمەند بکەین و توانای بینینی ڕاستیەکان وەك خۆیان و بەخۆداچوونەوەمان بەھێزتر بکات. ڕوداوەکانی ئەووڵاتە بکەین بە دەرفەتی دوبارە پرسیارکردن لەخۆمان وئەزمون و واقیعەکەمان، بۆ نمونە، لە خۆمان بپرسین: چیە وا لە ئەمریکا دەکات دوای ئەو ھەموو شەڕو خەرجیە بەو جۆرە ئەو وڵاتە بەجێبھێڵێت؟
نھێنی ھەرەسھێنانی سوپاو حکومەتی ئەفغانستان بەو خێراییە پێشبینی نەکراوە لە چیدا بوو؟ ئەو ھۆکارانەی وایان لەوێ کردوو دەخرێنە ڕوو، تاچەند لە دامودەزگا سەربازی و سیاسیەکانی ئێمەدا بونیان ھەیە؟ داخۆ ھۆکاری پشت بەرھەڵستی و خۆڕاگری تاڵیبان بۆ ماوەی بیست ساڵ بەرامبەر سوپای گەورەترین زلھێزی دونیا چین؟ عەقیدەی جەنگاوەرو ماناداربوونی مردن لە ڕوانگەیەوە چ کاریگەریەکیان لەو تواناو سەرکەوتنەدا ھەیە؟ ئایا پێشمەرگەی ئێمەش ھەمان گرەوی لەسەر دەکرێت؟ ئایا ڕاستە ئیسلام لە پەروەردەو عەقیدەی شەڕ وەك سەرچاوەیەکی خۆڕاگری و مانادانێکی زۆر بە مەرگ و فیداکاری لە چوارچێوەی ھێزەکانی ئێمەدا بەو چەشنەی ڕابردوو بێ لایەن بکرێت؟ لە کاتێکدا زۆربەی ھەرەزۆری پێشمەرگە ئاین و ئیسلام ڕەھەندێکی گرنگی کەسێتی و واتادان بە ژیانیان پێکدەھێنێت؟
لە ڕوویەکی ترەوە، گەندەڵی ناو ھێزە سەربازییەکان چ ڕۆڵێك لە لاوازکردنی ئیرادەی شەڕکردنی سەربازدا دەبینێت.؟ دوورکەوتنەوەی نوخبەی سیاسی لە خەڵکی ئاسایی و زەبر کەوتن لە سەرمەشقیان چ شوێنەوارێك بەسەر ورەو ئینتیماو توانای شەڕکردنی ھێزە چەکدارەکان و بەرگری گەل لە حکومەت دەبینێت؟ ناکۆکی نێوخۆیی، گەندەڵی و لاوازی دامەزراوە نیشتیمانییەکان چ رۆڵێکیان لەوەدا ھەیە زۆرینەی گەلێك خۆیان بە خاوەنی حکومەتەکەیان نەزانن؟ ئایا لە سایەی گەندەڵی و ھەژاری وناکۆکیدا دەتوانرێت ئازادی بکرێت بە بەھایەک بۆ ھاوڵاتیان بۆ ئەوەی بەرگری لێبکەن؟ داخۆ ئەزمونێکی دیموکراسی لە سایەی دۆخێکی لەو جۆرەدا، تا چەند شانسی ئەوەی ھەیە لەسەر پێی خۆی بووەستێت؟ بوونی دەوڵەت وەك قەوارەیەکی دانپیانراوی نێودەوڵەتی ڕۆڵی لە سەرکەوتنی تاڵیباندا چیە؟ ئەو ڕەگەزو ھۆکارانە چین حکومەت و ئەزمونێك وا لێدەکات لە ناوخۆدا پشتیوانی لێبکرێت و لە دەرەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ ھێزێکی موحافیزەکاری وەکو تاڵیبان ئەم توانای گفتوگۆکرنەی لە کوێوە ھێناوە؟ چۆنا توانی ئەو ھەم و شارو ویلایەتەو نزیکەی تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات، کەچی نەیھێشت تاڵان و بڕۆیی بەرچاوڕووبدات؟ئەو نەخۆشیەی لە ڕابردوودا ئێمە بە قوڵی بە دەستیەوە ناڵاندومانە. دەتوانین لە ڕوانگەی ئەزمونی ئەفغانستانەوە ئەو پرسیارانەو چەندەھای تر لە خۆمان بکەین و بیانکەین بە ئامرازی خۆھەڵسەنگاندن و بەخۆداچوونەوەو پرکردنەوەی کەلێنەکانمان. ئەم کارە نەك ھەر باشە بەڵکو ئەرکە، ئەگەر نەیکەین کەمتەرخەمییە!
٤- باسکردن لە لێکچوون بە تایبەتیش لە ڕووی ھۆکارەکانی پاشەکشەو ئەگەری دوچاربوونی قەیران، یاخود بڵێین لە ڕووی دوچاری مەترسی بوونەوە نەك جۆری جێگرەوەکان، چونکە ھەرێم تاڵیبانی تێدا نیەو لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی نەخوازراویشدا ھێزێکی کوردی جێگەی دەسەڵاتی ئێستا ناگرێتەوە، لەبەرئەوەی مەترسییەکان سەرچاوەی تریان ھەیە، ھەر بۆیە ڕەنگدانەوەو دەرھاویشتەی جیاوازیشیان دەبێت، بە شێوەیەکی گشتیش بەراوردکردنی دۆخی عێراق و ھەرێم لەگەڵ ئەفغانستاندا، ڕەوایەتی خۆی ھەیە. چاولێپۆشینی خزمەت ناکات. ڕەوایەتیەکەشی لە چەندین شتدا رەنگدەداتەوە لەوانەش:
أ- ھەر دوو وڵاتەکە لە چوارچێوەی جەنگی دژەتیرۆری ئەمریکادا ڕژێمە پێشووەکانیان ڕوخێنراوەو بە پشتیوانی ئەو و خۆرئاواش ڕژێمێکی نوێ ھاتۆتە سەرکار.
ب- شکستی پرۆسەی دەوڵەتسازی و سوپاسازی و نەتەوەسازی لە ھەر دوو وڵاتەکەو ھەرێمی کوردستانیشدا.
ج- تەشەنەکردنی گەندەڵییەکی ھەمەلایەنەو سیستماتیزەکراو، ھەر لە گەندەڵی سیاسیەوە بگرە تا ئیداری و دارایی، ھێزە چەکدارەکانیش پشکێکی گەورەیان لەم نێوەندەدا بەردەکەوێت.
ج- بوونی ناکۆکی ناوخۆیی و پەرش و بڵاوی ڕیزەکان و دەستێوەردانی دەرەکی.
د- لاوازی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و نەبوونی دەسەڵاتێکی بە دامەزراوەیی کراوی سەراسەری.
ھ- بوونی ناڕەزایەتیەکی جەماوەر زۆر لە دەسەڵات و نوخبەی حوکمڕان.
و- کەمتوانایی لە بەرگریکردن لە خۆو پشتبەستن بە یارمەتی دەرەکی؟
٥- مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێم بوونی تاڵیبانێكی ناوخۆ نییە، بەڵکونارازیبونی لە ٦٠٪ ی خەڵکە، کەلە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا لەسۆنگەی بێمتمانەیی بە ھەڵبژاردن ونوخبەی سیاسی، بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی کردووەو دوچاری نائومێدی بووە، نایەکگرتویی ھێزی پێشمەرگەو بوونی فرەدەسەڵاتی و زۆنی حیزبی و گەندەڵیە. ڕاستە لەئێستادا ھەرڕەشەیەك مەترسی ڕوخانی قەوارەی ھەرێمی لێبکرێت دەرەکیەو ناوخۆیی نیە.بەڵام دۆخی نەخوازی ناوخۆ یارمەتیدەر دەبێت، ئەگەر گرنتیەکانی مانەوەی ھەرێ میش ئەمانەی خوارەوە بن: دەستور، بوونی ئەمریکاو ھاوپەیمانان، بە دیفاکتۆوەرگرتنی دەوروبەر، ھیچیان تا سەر مسۆگەرنین.
دەکرێت لە ھەلومەرجێکی دیاریکراودا تاڵیبانێك بە ناسنامەی مەزھەبی جیاوازەوە ھەڵبکوت ێتە سەر دەسەڵات و بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بکات و دەستور لەکاربخات ڕێساکانی گەمەی ئێستا تێکبدات؟ ئەمریکاو ھاوپەیمانان بکشێنەوە، دەوروبەریش ھەڵوێستیان بگۆڕن. بۆیە، گرەنتی گەورەی مانەوەمان خۆمانین، خەم و مەترسیەکەش لەوەدایە لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، بە ھۆی ناکۆکی، گەندەڵی، قەیرانی سیاسی و ئابوری و نائومێدی و بێمتمانەیی زۆر، بێ یارمەتی دەرەکی نەتوانرێت بەرگری لە شارەکانمان و قەوارەی ھەرێم بکەین و ناچاربین سەر لە نوێ پەنابەرینەوە بەر شاخ، چونکە واقیعی بین بەم جۆرەی ئێستا ئاسان نیە لە شەڕێکدا درۆن و ھێزی ئاسمانی تیایدا بەشداربێت، توانای بەرگریکردن ێکی زۆرمان لە خۆمان ھبێت، ھەربۆیە لە سایەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و نەبوونی عەقیدەیەکی پتەوی شەڕکردن بۆ بە شێك لە ھێزەکان و جەماوەر وزۆر شتی تر، شاخیش بۆ ئێمە بە تەواوی مانای جارانی نەماوە!
ئەگەر بەشێك لە پێویستیەکانی بەرگری لەخۆکردنیش دیبلۆماسیەت بێت، داخۆ بەناوخۆیەکی وەکو ئێستاوە، وەك پێویست کاریگەر دەبێت؟ بێگومان نەخێر. بەم قسانە دونیا لەسەر خۆمان وێکناھێنین، چونکە ھەرگیز لەململاێ ی نێوان میللەتەکەمان وبەرامبەرە دەستدرێژیکارەکاندا بێ لایەن نین، بڕواشمان بەداھاتوی بەھێزە، ڵکو ھوشیاری لە بەرامبەر خراپترین سیناریۆو مەترسیەکان دەدەین، سەرنج بۆ ئەوە رادەکێشین دەبێت بترسین لە سەرەپێچێکدا ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی لێمان بێزاربن و پێمان بڵێن: چەندین ساڵە دەمانەوێت بینای ھێزەکانیان بۆ بکەینەوەو یەکیان پێبگرینەوە، کەچی خۆیان ڕێگرن؟!! ھوشیاریمان پێدان دەربارەی مەترسی گەورەی درێژەکێشانی ناکۆکی حیزبی و دابەشبوونی ھەرێم بۆ دوو زۆن و گەندەڵی، کەچی ھیچ پێشڤەچوونێکی راستەقینە لە ھیچ کام لەم دۆسیانەدا بەدی ناکرێت و لەم ڕووەوە خاوەنی ئیرادەو بڕیار نین؟!! دڵمان خۆشنەبێت بەوەی لە کوردستاندا تاڵیبانێکی کوردیمان نیە، فیکرو ناسنامەکەی ھەر چیەك بێت، چونکە بوونی تاڵیبانێك لە نەبوونی لە ئەگەری ڕوخانی حکومەتدا باشترەو ڕەنگە دەستکەوتیش بێت (ھەڵبەت لێرەدا باسی نمونەی حوکمڕانی تاڵیبان نیە بەڵکو باس لە جێگرەوەیەکی سیاسی یاخود سەربازیی سیاسیە) چونکە لانی کەم قەوارەی ھەرێم دەمێنێت، مەترسی سەر کوردی باشور لە ئەفغانستان و حکومەتە ڕوخاوەکەی لە سۆنگەی نەبوونی دەوڵەتەوە گەورەترە، لەبەر ئەوەی لەوێ حوکمەت بمێنێت و نەمێنێت و ھەرکەس و ھێزێك بێت، ئەفغانستان وەك قەوارەیەکی سیاسی نێودەوڵەتی دەمێنێت، لە کاتێکدا لای ئێمە بەھۆی سروشتی ھەڕەشەکان و مەسەلەی کوردو دۆخی تایبەتیەوە، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکەین، لەگەڵ ڕوخاندنی حکومەت بە ھۆکاری دەرەکی قەوارەی ھەرێمیش بەم جۆرەی ئێستا کۆتایی پێبێت.
بۆیە دەبێت نەترسین لە خۆبەراوردکردنی بابەتیانەو لێپرسراوانەی دۆخی خۆمان بە ئەفغانستان، بەڵکو بترسین لەوەی لە سایەی بیرکردنەوەی جیاوازی دۆخی ئێمەو ئەفغانستان، لە ڕابردوو جیاواز نەبین و بەرپرس و بڕیار بەدەستانی ھەرێم لەمەڕ یەکگرتنەوەو بیناکردنەوەی ھێزەکان، کۆتایی ھێنان بە پاشماوەکانی دوو ئیدارەیی، زۆنە حیزبییەکان و ناکۆکییە حیزبی و مێژووییەکان، چاکسازییەکی ڕاستەقینە، بە ھەمان نەفەس و ئیرادەی لەمەوپێش مامەڵەبکەن و وانەزانن پێشبڕکێمانە لەگەڵ زەمەن و چیدی ناوخۆو دەرەوە بەرگەی درێژەدان بەم دۆخە ناگرن و تاسەر توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵیدا نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×