کێن ئەوانەی مێژوومان بۆ دەنوسنەوە؟

کاوە مەلاحسێن
  2021-08-31     421
ڕەخنە لەنەوەیەکی دوای ڕووداو  و مێژووەکان مەگرن، کاتێک لەنێوان ڕووداوێک یاخود کارەساتێک بەسەر نەتەوەیەک هاتووە، دەوەستن و دەستەو ئەژنۆ دۆش دادەمێنن، نازانن ئەو ڕووداوە ئایە خیانەت و جاشێتی بووە یاخود خەبات و بنیادنانی هەنگاوێکی ئازادانەو ئازایانەبووە، بۆیە زۆر پێویستمان بەو مێژوونوسانە هەیە دەست لەسەر دڵیان دابنێنن و ڕاستگۆیانەو لەپێناوی بەرژەوەندی نەتەوەی و نیشتمانی مێژووی ڕووداوەکان وەک خۆی بنوسنەوە، نەک لەبەرژەوەندی حزبی و شەخسی بینوسنەوە، ئاخر چۆن دەکرێت مێژووی خوێناوی و قوربەسەری نەتەوەیەک لایەک بەخەبات و قوربانیدان ناوی بهێنن و لایەکی دیکە بەجاشایەتی.


بۆنمونە هەر بەجدی رووداوەکانی ١٩٦٦، ناچاری و هەلومەرج وای خواستووە، یاخود وەک مەسعود بارزانی لەکتێبی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەرگی سێیەم بەشی یەکەم ، شۆڕشی ئەیلول ۱۹٦۱-١٩٧٥، بەتایبەت لەلاپەرەی ۲۱۱ بەجاشایەتی و خیانەت جیابوونەوەی مام جلال و ئیبراهیم ئەحمەد و لایەنگرانی ناو دەبات، لەکاتێکدا مام جەلال لەبەرگی یەکی کتێبی دیداری تەمەن لاپەڕە ۳۲٥ لەبارەی ڕووداوەکانی ٦٦ وە دەڵێت لەوکاتەدا جەماعەتی مەلا مستەفا یەک حەملەی دیعایەی گەورەیان دژ بەئێمە دەست پێکردوو گوتیان ئەوانە جاشی ٦٦ن و نۆکەری بێگانەن، ئێمەش بێگومان حەملەیکی توندمان لەسەریان دەسپێکردوو، گوتمان ئەوان جاشی سنتۆن و ئەیانەوێت بزووتنەوەی کوردایەتی ببەستنەوە بەئیمپریالیستەوە.
لەنێو هەرنەتەو گەلێکدا شەڕی نێوخۆیی ڕوویدابێت، یاخود خیانەتی نیشتمانیی پێویستە بابەتیانەو پەنجە بخرێتە سەربرینەکە بۆ ئەوەی  نەوەی داهاتوو پەندو ئامۆژگاری لێوەربگرن و هەڵەکان دووبارە نەکەنەوە، نەک خیانەتەکان بەخەبات لەقەڵەب بدرێت و خەباتەکانیش بەخیانەت.


ڕووداوی ۳۱ی ساڵی ۱۹۹٦ لەکاتێکدا بەشێکی باشی خەڵکی لەیادیدا، لەئێستادا لای پارتێکی گەورەی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەرانی لەپەرلەمانی کوردستان بەخیانەت و جاشایەتی لێکنادرێتەوەو پێیانوایە، بارودۆخ و هەلومەرج وای خواستووە لەگەڵ ڕژێمی بەعس ڕێکبکەون و بەزەبری تانکی بەعس هەولێر  بخەنەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، لەهەمان کاتیشدا بەشێک لەپەرلەمانتاران و خەڵکی پێیانوایە، لە یادەوەری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان (۳۱ـی ئابی ۱۹۹٦) ئەو ڕۆژەیە کە هەرگیز ناکرێت لە بیربکرێت و لێخۆشبوونی نییە، چونکە لە خەیاڵی هیچ کەسدا نەبوو، کە پاش ئەنفال و کیمیاباران هیچ هێزێکی سیاسی لەکوردستان بۆ تێکشکاندنی ڕکابەرەکانی پەنا بباتە بەر سوپای دڕندەی بەعس.


ئەوەی گرنگە و کاتی هاتووە پێوستە حزبەکان و سیاسییە بەرژەوەندی خوازەکان، ڕووداو مێژووەتاڵەکان بۆ ئەو مێژوونوسانە بەجێبهێڵن وەک خۆی و لەدووتوێی لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیانەو بێ لایەنانەدا بۆ نەوەکانی دواڕۆژ بەجێبهێڵن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×