ئاوی زێی بچوک گیراوەتەوە، خەڵکی قەڵادزێ خەریکە بخنکێن

سەربەست حسێن
  2021-09-12     342

ئاوی زێی بچوک گیراوەتەوە، خەڵکی قەڵادزێ خەریکە بخنکێن. خەڵک هاواری لێ هەڵساوە. ناهەقیشیان نییە.

٣٠ ساڵە بودجە دەخورێ، دەبرێ، دەدزرێ، ئەم زاتانە ئەقڵیان پێ نەشکا، ئاو چ پێویستەکی ژیانە. خەتاکە دەخەنە سەر ئێران، بەنداوی لە سەردەشت دروست کردوە. وایان لێ کردوین، رقمان لە پێشکەوتنی خەڵکی تر بێت؛ «ئێران لە سەردەشت، بەنداوی لەسەر زێی بچوک دروست کردوە. بۆیە ئاومان نییە». دەستی خۆش بێت. «تورکیا زنجیرە بەنداوی (گاپ)ی لەسەر دیجلە دروست کردوە، بۆیە ئاومان نییە».  دەستی خۆش بێت. ئەمانە وڵاتی خۆیان ئاوەدان کردۆتەوە. تۆ بۆ نەتکرد؟

ئایا ئێمە قبوڵمانە خەڵکی دیالە بڵێ ئاومان نییە چونکە کورد بەنداوی دوکانی هەیە؟ ئایا ئێمە کە بەنداو دروست ناکەین، لەبەر ئەوەیە، تا برا عەرەبەکانمان، لە خوار چەمەکەوە تینو نەبن؟

هەمو شتێک کە بەسەرمان دێت، خەتای ئەوانە. هی خۆمان نییە. بۆ ئەوەی ئێمە لە چەمەکان ئاو بخۆینەوە، دەبێ ئێران و تورکیا، لەناو خاکەکەی خۆشیاندا، ئاو گل نەدەنەوە. دنیا بەو نەفامیە ئیش ناکات.

دەبوایە لە جیاتی تەخشان و پەخشانی بەشە پارەی ئەو دەڤەرە، کاری ئاوا کرابایە. دەڤەرێک، هێشتا نەیتوانیوە دو چوکڵە بۆ پردێکی دەروازەی قەڵادزێ تەواو بکات و بیخاتە ئیش.

کێشەکە بەوە حەل دەبێت، لە دیوی سنوری خۆمانەوە، لە سەروی گوندی (گەناو)ەوە، تا خوار گوندی (نورەدین)، زنجیرەیەک بەربەست، لەسەر چەمەکە، بۆ گلدانەوەی ئاو، دروست بکرێت. بە پێی فەرمانگەی ئاماری قەڵادزێی ساڵی ٢٠٢٠، لەناو شاری قەڵادزێ، ٨٤٤٩١ كەس  ژیاون. بە پێی ژمارەی نەتەوەیەکگرتوکان، هەر تاکێک لانی کەم، ڕۆژانە، پێویستی بە ٢٠٠ لیتر ئاو هەیە. گەر بمانەوێ ئیحتیاتی ئاوی ٣ مانگی هاوین بخەین، پێوییتمان بە نزیکی ١،٥ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە. ئەگەر هەر حەوزێک ٢٠٠ مەتر پان و ١٠ مەتر قوڵ بێت، ئەوا پێویستمان بە حەوزێک، یا چەند حەوزێکە، کە کۆی درێژیەکەی بکاتە نزیکەی ٨٠٠ مەتر. واتە لە گەناوەوە تا نورەدین، پێویستمان بە ٨٠٠ مەتر درێژی، لە سەر چەمەکە هەیە. تەنها بەربەستی تا ١٠ مەتر بەرز.

سەرەتای ساڵی دوهەزارەکان، ئەمەم بۆ حوکمڕانی ئەوسای قەڵادزێ باس کرد -کە هاوڕێی خۆمە-، وتی «من کوا ئەو بودجە و تەکنەلۆژیایەم بەدەستەوەیە. ئەمە ئیشی حوکمەتانە».  جوان شەرحم کرد کە کەرەستەی ئاڵۆزی ناوێ.  تەنها بەو بەرد و چیمەنتۆیانەی ناوچەکە دەکرێ، کە ڕۆژانە دەکرێن بە بلۆکی بێ کەڵک. کڕێن و تەکنەلۆژیای ناوێ، تەنها بە بازوی ئەو گەنجانەی دەڤەرەکە دەکرێت، کە بێ ئیش لە چایخانەکان نێرگەلە دەکێشن. نە ئەو کردی و نە ئەوانەی دوای ئەو.  هەر لەو ساڵانەدا، کاتێ کاک (فاتیح) وەزیری شارەوانی بو، ئەو کات، نەمدەناسی، بەڵام دیاربو ئەندازیارێکی دڵسۆزە، دەیەوێ شوێندەستی دیار بێت. وتی تۆ ئەندازیاری، ئەزمونی ئیشکردنی دەرەوەت هەیە، سەرەکیترین ئەرکمان چی بێت باشە؟ وتم، گلدانەوەی ئاو. بەنداوی بچوک. ئامادەیم دەربڕی کە بێ پارە، ئیشی لەسەر بکەم. کردم. بەڵام ڕەنگە ئێستا ئەو بیرۆکەیەم لە یەکێ لە کارتۆنەکانی پر لە کەلاکی پڕۆژەی مردوی وەزارەت، سیسرک بیخوا.  ئەم چیرۆکە درێژە. لێرە، وازی لێدێنم. لە باسەکە لام دەدات.

ناهێڵن خەڵک ببینێ کە؛ ئێران و تورکیا، کاتێ بەنداو لە سنوری خۆیان دروست دەکەن، تاوانیان نەکردوە. خزمەتی خەڵکی خۆیان کردوە. بۆ تینوکردنی تۆ نەیانکردوە. دڵسۆزیە بۆ خاک و خەڵکی خۆیان.

ڕاستە، یاسای نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕێنەدان بە وڵاتێک ئاوی ڕوبار، وەک چەک، دژ بە وڵاتێکی دراوسێی، بەکاربهێنێ. بەڵام ئەی تۆ، بۆ کارێکی وات نەکرد؟ تا تۆش ببی بە خاوەن ئەو چەکە. ئەو بەنداوی دروست کردوە. تۆش دروستی بکە. ئەگەر ئەو لە هاویندا لێت بگرنەوە، تۆ لە زستاندا پڕی بکە.

سەیرەکە لەوەدایە، هەمو ئەو بەنداوانەی ئیران و تورکیا کردویانە، لە بەشە کوردستانەکەن. لە ڕوی ئایندەی کوردستانی گەورەوە، خزمەتە. سامانە. کەچی ئێمە دژیانین. سەیرە، داگیرکەر، لە حوکمی کورد زیاتر، خزمەتی بە نیشتمانەکە کردوە. ئینگلیز بە پاچ و خاکەنازەکانی ١٩٥٣ی خەڵکی دوکان، ئەم بەنداوە گرنگەی بۆمان دروست کرد. - کەچی، مامۆستاکانمان مێشکیان پرکردین بە جوێن دان بە ئینگلیز- دەسەڵاتی کورد، پاش ٧٠ ساڵ بۆ خۆیی پێ ناکرێ. هەمو ئەو زاتانەی خەڵکی دەڤەرەکەن و، لە ناوچەکە، یا دەرەوەی ناوچەکە، سەرەپەتی دەسڵاتیان بەدەستەوە بوە، بەپێی پلە و پایەو درێژی (مەنسولیەت)یان، بەرپرسیارن لەم بێباکیە.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×