قەتەر، مەکۆی توندڕەوی ئیسلامی‌و بەئیسلامیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شاهین کەریمی
  2021-09-14     244

ناساندن
قەتەر، وڵاتێکی بیابانی بچووک لە کەنداو، خاوەن 2.8(ملوێن) دانیشتوو کە تەنیا ١٣٪ هاوڵاتین و 11,581کیلۆمێتری چوارگۆشەیە. نە وڵاتێکی پاشایەتییە و نە ولاتێکی دەستوورییە (خاوەن یاسای بنەڕەتی constitution بێت)، دەسەڵات لە دەست خێزانێک دایە و وڵات لەلایەن ئەمیرێکەوە بەڕێوە دەبرێت.
خاوەن پاشەکەوتێکی زۆری گازی سرووشتی و نەوتە. لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەو سامان و داهاتە بێسنوورەی لەبەر دەستیدا بووە، ڕۆڵێکی تێکدەرانە و پاوانخوازانەی لەسەر سیاسەتی دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، بەئیسلامی کردنی وڵاتان و وەرزشی نێونەتەوەیی هەبووە.
ئەم وتارە هەوڵ دەدات سیاسەت و ڕۆڵی کارەساتباری قەتەر لە وڵاتانی ناوچەکە، لە سۆنگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و ئاسۆی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەسەر ئەو خاڵانەی سەرەوە شی بکاتەوە.


پێگەی نێودەوڵەتی
ساڵی ٢٠١٣ کانادا کاردانەوەیەکی تووندی لە بەرانبەر داواکاری قەتەر بۆ گواستنەوەی بنکەی ڕێکخراوی ئاسمانەوانی(ئیکائۆ) لە کەنەداوە بۆ دۆحەی قەتەر نواند و وتی قەتەر دەیهەوێ هەموو دونیا هەڵلووشێت. هۆکارەکەشی ئەوە بوو، قەتەر دەیهەوێت خۆی بکاتە ناوەند و شوێنی ڕێکخراوە نیونەتەوەییەکان و بە لۆبیکردن، هەوڵ دەدات ئۆفیسی ئەو ڕێکخراوانە بباتە وڵاتەکەی خۆی و بایەخداری خۆی بباتە سەرەوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کەنداو
ساڵی ٢٠١٧ تەقینەوەیەکی سیاسی و قەیرانێکی دیپلۆماسی لە ناو ٦ وڵاتی کەنداو هاتە ئاراوە و قەتەر بەهۆی داڵدەدانی هێزە ئیسلامییەکان بە گشتی، ئیخوانییەکان و هەروەها دابینکردنی دارایی هێزە تیرۆریستییەکان کەوتە بەر گەمارۆی سیاسی، گواستنەوە، هاتووچۆ و بازرگانی ٥ وڵاتی‌تر. دواتر ئەم بەرەیە وڵاتانی‌تری وەک میسر، ئۆردۆن و لیبیشی لەگەڵ خۆی هاوڕێ کرد و ئەوانیش گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر قەتەریان.
لە کێشە و ململانێی سیاسی و جبهەگیری وڵاتانی کەنداو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، قەتەر نزیکایەتی و دیپلۆماسی گەرموگوڕی لەگەڵ مەلاکانی تاران هەبووە و لە ڕاستیدا وەک کۆڵەکەی پێنجەمی ئێران و فارسەکان لە هاوپەیمانی کەنداودا ڕۆڵ دەبینێ. شێخ تەمیم ئێران بە زامنی سەقامگیری ناوچەکە دەزانێت !!!
قەتەر هاوکاری سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی کردووە بۆ پووچەڵکردنەوە و بازدان بەسەر گەمارۆکانی سەردەمی ترامپ. دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژاوا و ئیسڕائیل ئەم هاوکارییەیان لەقاو داو و ئێستە لە ژێر لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری زۆرتر دایە. ئەم هەنگاوەی قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار بە گشتی، یەکەم سیاسەتی ئیسلامی و نزیکی لە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر بە عەرەبستان و وڵاتانی‌تر، دووهەم وەک دەستەوامێک بوو بۆ ئێران، کە ئەو کات کەوتە بەر گەمارۆی وڵاتانی دراوسێ(هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد) ئێران یارمەتییەکی زۆر و دەسبەجێ قەتەری دا، لە ڕووی خواردەمەنی و نان و پێداویستی ڕۆژانەوە.

ئەفغانستان
قەتەر، بنکە و نووسینگەی سیاسی بۆ تاڵەبانی ئەفغانستان کردەوە و بە کردەوە ڕەوایەتی(شەرعیەت) دا بە گرووپێکی تیرۆریستی کە پەناگەی ئەلقاعیدە بوو. ڕێکخراوی تاڵەبان ڕۆژانە لە شارەکانی ئەفغانستان، لە بەردەم خوێندنگە و ناو بازاڕ و شوێنە مەدەنییەکاندا بۆمبی دەچاند و خەڵکی بێتاوان و خوێندکاری لاوی دەکردە قوربانی تاکوو کەشی ترس و کوشتن و ناسەقامگیری بچەسپێنێت، تاکوو بتوانێ دەسەڵات و ڕەوایەتی بۆ خۆی بە زۆری تیرۆر زاڵ بکات.
بەبێ دابینی مادی و سەربازی، بەبێ ڕاهێنانی سیاسی و دیپلۆماسی و بەبێ کەناڵ و نووسینگەی ئاشکرا، کە بەشی هەرەزۆری لەلایەن قەتەرەوە دابین دەکرا، بە دڵنیاییەوە تاڵەبان ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەدەهێنا و کەشی بێمتمانەیی بەسەر حکوومەت و سپای ئەفغانستاندا زاڵ نەدەبوو.

وەرزش
لە ململانێی دیاریکردنی خانەخوێی(میزبان host) جامی جیهانی ٢٠٢٢ ، ئینگلتەرە شیاوترین وڵات بوو و خاڵ و پێداویستیەکانی لە وڵاتانی‌تر باشتر بوو، بەڵام قەتەر بە گەندەڵی، بەرتیل، فێڵ و لۆبیکردن لەگەڵ جۆزێف بلاتێر، سەرۆکی ئەو کاتی فیفا، قەتەری کردە جێبەجێکاری کاسی جیهانی. ئێستەش ڕۆژنامەکانی بەریتانیا باس لەو ئابڕووچوون و گەندەڵییە دەکەن و داواکارن ماف بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە.
ناسر خەلەفی قەتەری یانەی پاریسەنژێرمەنی فەڕانسەی کڕیوە و پارەیەکی یەکجار زۆری ژڕاندۆتە بازاڕی تۆپی پێوە. ئەمساڵ چەندین ئەستێرەی نایابی تۆپی پێی بە پارەیەکی خەیاڵی کڕیوە و ململانێیەکی نادادپەروەرانەی لە سەر زەوی تۆپی پێ درووست کردووە.
قەتەر ئەستێرەکانی وەرزشی جیهان دەکڕێ و ڕەگەزنامەی قەتەرییان دەداتێ، تاکوو میداڵ و شانازی بۆ بێنن، یانی لە ڕاستیدا بە پارە ئەو شانازییە دەکڕێت و بەتاڵە لە ململانێیەکی وەرزشی جوامێرانە.

میدیا
قەتەر خاوەن کەناڵی بەهێزی ئەلجەزیرەیە، کە بە شێویەکی پڕۆفیشناڵ کار دەکات و لە زۆربەی وڵاتان هەواڵنێر و کامێرای هەیە. بە کردەوە ئەلجەزیرە ڕۆڵی کەناڵی نافەرمی ئێخوان ئەلمۆسلەمین دەبینێت. ئەلجەزیرە، کار لەسەر ئەوە دەکات کە مۆدێلی ڕۆژاوایی، لیبڕالیزم، دیموکراسی و هەڵبژاردن پرۆژەیەکی سەرنەکەوتووە و ئیسلامی مۆدێرنکراو، دیندارانی کراواتی(بۆینباخ) شیاوی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەن.
لە هەر ڕێپۆرتاژێکدا، نوێنەر و گوتاری ئیخوانی قسەی زاڵ و کۆتایی دەکات. کاتێک تیرۆریست-چەکدارەکانی تاڵەبان چوونە ناو کۆشکی سەرۆککۆماری ئەفغانستان، جەزیرە تەنیا کەناڵێک بوو کە ڕۆڵی خۆی بینی و وەک هاوکاری تاڵەبان مۆڵەتی وەشاندنی راستەوخۆی هەبوو.
قەتەر لە ڕووی دیپلۆماسی و ساتوسەودای بازرگانییەوە، نزیکە لە حکوومەتی ئیسلامی لە تورکیە. پشتگیر و دابینکەری دارایی و سیستەمی بانکی ئێخوانی میسرە کە ئێستە قەدەغە بوون و ڕێگە دەدات هەناسە بدەن و ڕێکخستی سیاسی و مادی و دینییان بەردەوام بێت.

گرووپە ئیسلامی - تیرۆریستییەکان
قەتەر خانەخوێ، پەناگە و حەشارگەی هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکان، فەلەستینیەکان و کەسایەتی و ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی و جیهادی بووە. چەند ساڵ لەوە پێش ڕابەری ئیسلامییە تیرۆریستییەکانی چێچێن، سەلیم خان باندربایۆف، لە قەتەر کوژرا. هەروەها بەرپرسی کڕینی شت و مەکی سەربازی حەماس لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە قەتەر کوژرا.
قەتەر خاوەن کارنامەیەکی ڕەشە لە ڕووی مافی مرۆڤەوە و دەیان جار بە هۆی چەوساندنەوەی کرێکارانی بیابانی و ژیانێکی کۆیلەئاسا بۆ ئەوان، کەوتۆتە بەر ئیدانە و ئاماژەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ.

کوردستان
قەتەر دۆستی کورد نییە و هاوسۆزی بۆ پرسی کورد نەبووە. یەکەمین وڵات بوو کە لە پاش ڕێفڕاندۆم و گەمارۆی هەوایی عێراق بۆ سەر کوردستان، فرینی لە فڕۆکەخانەی هەولێر وەستان.
قەتەر هەروەها، سەرچاوەی سەرەکی مادی هێزە دینییەکانە لە ئاستی جیهاندا، وە هەروەها لە کوردستان.
لە کوردستان دەیان ڕێکخراوەی سیاسی-دینی هەن کە بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەن. لە ڕاهێنانی دینی و کۆرسی حەدیس و قورعانەوە بگرە هەتا پارەدان بە خێزانەکان بۆ سەرپۆشکردن و باڵاپۆشکردنی کچان، لە سازدانی نوێژی جەماعەت لە رێپێوانەکانی خەڵک بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری، لە وەڕێخستنی دەیان کەناڵی تەلەفزوێنییەوە بگرە هەتا سەدان و هەزاران لاپەڕەو و گرووپی دینی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە سەدان ئەپی مۆبیل و ماڵپەڕی ڕەنگاوڕەنگ، لە درووستکردنی زانکۆ و برەوپێدانی کولتووری ئیسلامی لە زانکۆکانەوە بگرە هەتا سەرکردن بە هەر کون و قوژنبێکدا بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی چەقبەستووی کۆن، هەموو بە دابینی مادی و بازرگانی قەتەر و دەوڵەمەندە عەرەبەکان لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
گوتار و میتۆدی قەتەریزم-ئێخوانیزم، لە ڕێکخراوە و حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بۆ لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی لەرزۆکی مەدەنی-سیکۆلار، لە میدیای کوردی و هەروەها لە دەرچووی (خروجی outcome) کولتووریی لە کوردستان زەق و تاڵە. هاوڵاتی گوێڕایەڵ بۆ قەتەریزم، زیاتر لەوەی هەوڵەدای کۆمەڵگەی هاوچەرخی پێشکەوتوو بێت و نیگەرانی پرسی نەتەوەیی بێت، دەبێتە ئامێرێک بۆ جێبەجێکردنی قەتەریزم و ئێخوانیزم، بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دینی کە بە درێژایی مێژوو وەڵامی خۆی وەرگرتووە. واتە کۆمەڵگەیەکی دامەزراو لەسەر هەڵاواردنی دینی و ڕەگەزی، کە دادگای سەربەخۆ، هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی، پەروەردەی زانستی و مافی ژنان و منداڵان تێیدا بزڕە.

کۆتایی
کەڵەکەبوونی سامانێکی زۆر کە بەرهەمی پیشەسازی و پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە لەگەڵ مەیل بۆ حکوومەتی دینی و فرتوفێڵی دیپلۆماسی و لۆبیکردن، دیمەنێکی دڵخۆشکەر ناخوڵقێنێت.
سیاسەت و دیپلۆماسی قەتەر، پلان و سامانخەواندنی(سرمایەگزاری investment) لە وڵاتان، سەلامەت و بنیاتنەر نییە. هەوڵ و سیاسەت و بەرنامەی قەتەر ئەوە بووە کە بە شێوەیەکی نیوە ئاشکرا-نیوە شاراوە و بە ئەسپایی، بە کاری خێرخوازی، زانستی و نیمچە مۆدێڕن، بە زمانی نەرمتر بەڵام کاریگەرتر، ژێرخانێکی چەند لایەنە بۆ ئامانج و سیاسەتەکانی خۆی لە وڵاتان درووست بکات.
ئامانج و دەرهاویشتەی کۆتایی سیاسەت و سامانخەواندنی قەتەر دەستکاری کۆمەڵگەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە ڕووی دینی، سیاسی، کولتووری، پەروەردەیی و سەربازییەوە. میتۆد و سیاسەتی قەتەر نە لە ئەخلاقی مرۆیی و مۆدێڕن و ستانداردی دیپلۆماسی کراوە بەهرەمەندە، نە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بەرهەم دێنێت و نە دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی. دەسەڵاتێک کە لە مۆدێلی قەتەریزم-ئێخوانیزم بەرهەم دێت، شەرعیەتی خۆی سنووقی دەنگ وەرناگرێت، بەڵکوو لە حەدیس و سەرچاوە و فەرموودەی دینی دێنێت.
لە بابەت کوردستانەوە، بێخەم بوون لە ڕۆڵی تێکدەرانەی تۆڕی بەهێزی ئیسلامی بە ڕابەری قەتەر و بە نوێنەرایەتی ئیخوان لە کوردستان، خەسارێکی گەورە و کارەساتێکی مەزنە بۆ کولتووری کوردی، بۆ مۆدێرنە و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها پرسی نەتەوەیی کورد، بۆ مافی ژنان و پەروەردەی زانسییانە و سەردەمییانەی منداڵی کورد.
گوێخەواندنی دەسەڵات لە کوردستان، بێهەڵوێستی وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە، ناوشیاری توێژی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و نووسەر، ئاساییبوونەوەی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە و باڵاپۆشکردن لای جەماوەر، پاسیڤبوونی کەسایەتی و حیزبە سیکۆلارەکان، گشت یارمەتیدەرن بۆ ئەو پرۆژەی بە شێوەی نەرم و بەرەبەرە خەریکە کۆمەڵگەی کوردی هەڵدەلووشێت.
دەستەمۆ نەبوونی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ قەتەریزم-ئێخوانیزم، پێویستی بە وشیاری کۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی وردتر و هەوڵی زۆرترە.


کاریکاتۆر: جامێل لۆنیس

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×