رێگای بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان

ئاسۆ عەلی
  2021-09-16     409
بە رێگای کارەکەمەوە زۆر جار چاوم دەکەوێت بەو سەربازە دێرینانەی کە لە کوردستانی باشوور یان رۆژئاوا کاریان کردووە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە یاخود شەرڤانان. کاتێك دەزانن من کوردم دەست دەکەن بە گێرانەوەی بیرەورەیەکانی خۆیان لە چیرۆکی نزیکایەتی و دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ ئەو هێزانە. یەکێكیان پێی وتم "کورد نزیکترین دۆستی ئێمە" لە شەڕی دژ بە تیرۆر. یەکێکی دیکە پێی وتم کە ئەوان لەگەڵ هێزەکەکانی پێشمەرگە "وەك ئەندامانی یەك خێزان کارمان دەکرد" لەبەرەکانی جەنگ. یەکێکی دیکە باسی ئەوەی کرد کە "کورد ناوبانگی زۆر باشی هەیە لە ناو ئەفسەرانی پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگریی)". ئەمانە نموونەی بیرەورەیەکانی ئەو جەنگاوەرە دێرینانەی ئەم وەڵاتەیە لە کوردستان. گرنگی ئەم ئەزموونە دۆستانەیەی ئەو سەربازانە ئەوەیە کە ئەوان کاربەدەست و بڕیار دروستکەری ئایندەی ئەم وڵاتەن نەك لە بواری سەربازی بەڵکو سیاسی یش. و تا ئەو شوێنەیە کە کەسیەتی تاکەکانی دەسەڵاتە فاکتەرە لە چی و چۆنبوونی بڕیارەکان، ئەوا ئەم ئەزموونە کەسییانەی ئەو سەربازانە لەگەڵ هێز و خەڵکی کورد بریتی یە لە سەرمایەیەکی سیاسی ئایندەیی بۆ پرسی کورد. ئەمە مەسەلەیەکی گرنگە بۆ ئایندەی پەیوەندی ئەمریکا لەگەل کورد.
بەڵام رەفتاری حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە گرنگە لە کاریگەری خستنە سەر ڕادەی ئامادەیی ئەمریکا بۆ پالپشتیکردنی میللەتی کورد. لێرەدا، دیمۆکراسیبوون و پاراستنی ئازادەیە مەدەنی و سیاسی یەکان  لە لایەن دەسەڵاتی کوردی یەوە زۆر گرنگە بۆ پشتگیریکردنی هەڵویستی پشتیوانی ئەمریکا بەرانبەر بە کورد، کە وڵاتێکە مەسەلەکانی دیمۆکراسی و ئازادەیە کان فاکتەری گرنگن لە دروستکردنی و بەردەوامی دان بە سیاسەتە دەرەوەیەکانی. دەزانم سیاسیەتی دەرەوە بیریتی یە لە بوارێکی دەستبژێری سیاسی بەو واتایەی کە ڕای گشتی کەمتر قسە و کاریگەری هەیە بە سەرەوە. بەڵام کاتێك دێتە سەر مەسەلەی دروستکردنی پابەندبوونی سیاسی و سەربازی بە وڵاتێک یان حکومەتێك، سەرۆکی ئەمریکا پەنا دەباتە بەر خستنە ڕووی فاکتەری دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ وەك زەمینەیەك بۆ شەرعیەت دا کەیسەکە بۆ ڕای گشتی وڵاتەکە و دەزگای یاسادانانی کۆنگریس. لەم سەردەمەدا، خەڵكی ئەم وڵاتە دەیەوێت بزانێت کە حکومەتەی بۆ چ وڵاتێك یان هاوپەیەمانەتیەك یارمەتی سەربازی و دارایی پێشکەش دەکات و ئەو وڵاتە یان هاوپیەمانەتی یە تا چەند نزیکە لە بەها سیاسی و یاسایەکانی ئەمریکاوە.  لەوێش دا، کاتێك ئەو وڵاتە یان حکومەتە نا دیمۆکرات بێت بێگومان ئاستەنگ درستکردن یان بەردەوامی دا بە پابەندبوونە دروست دەبێت. نموونە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر سعودیا بەرچاوە. هەر لە سەرەتای دەستوردانی ئەو وڵاتە لە یەمەن لە دژی بزوتنەوەی حوسیەکانی هاوپەیەمانی ئێران، ئەمریکا هاوکاری سەربازی و بگرە سیاسی خۆی پێشکەش بە دەستوەردانەکە کرد. بەڵام لە دوای کوشتنی رۆژنامەنوس و ئۆپۆزیسیۆنی سعودی  جەمال خاشقچی لە لایەن کاربەدەستانی کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەوە لە تورکیا، هەڵویستی دەمەزراوەکانی بڕیاردروستکردن لە ئەمریکا بە ئاراستەیەکی نیگەتیڤ گۆڕا. سەرئەنجام، ئەمریکا یارمەتی یە سەربازیەکانی بۆ پرۆسەی دەستوەردانی سعودیە لە یەمەن راگرت وەك یەکەم هەنگاو لەو هەنگاوانەی کە چاوەرێدەکرێت ئەمریکا لە دژی ویستەکانی سعودیە بیانهاوێژێت لە کەمکردنەوەی پاڵپشتی سەربازی و سیاسی. جا ئەمە بۆ وڵاتیكی سەربەخۆ و خاوەن هێزی ئابووری وەك سعودیە راست بێت، بۆ هەرێمی کوردستان کە خاوەنی هیچ لەوانە نیە ئەمریکا دیکە زۆر بە ئاسانی دەتوانن پشتگیری لێ بکێشنەوە کاتێك ئەو بەهایانەی تێدا پراکتیزەنەکرێت کە لای ئەمریکا گرنگە بۆ دروستکردن و مانەوەی پەیوەندی دۆستایەتی.
 لەم چوارچیوەیە دا، بەرتەسکردنەوە و هێرشکردنە سەر ئازادی یەکان لە کوردستان وەك گرتن و زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکەوانە مەدەنیەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بە هۆکاری سیاسی و نایاسایی بە تایبەت لە زۆنی زەرد زیانی دوورمەودا بەڵام کوشندە دەدات لە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا. دەستگیریکردن و زیندانیکدنی پۆلێك رۆژنامەڤان و چالاکەوانی سیاسی لە دهۆك و هەولێر و رفاندنی و کوشتنی هەندیكی دیکە لە ڕابردوو دا لێدانە نەك هەر لە دۆزی دیمۆکراسی لە هەرێمەکە بەڵکو دۆزی کورد لە سیاسەتی ئەمریکا پەراوێز دەخات، کە خۆی بە خاوەنی دۆزی دیمۆکراسی دەزانێت لە سەرانسەری جیهان. ئەو پێشێلکاریانە بریتی یە لە سەرکێشکردنێکی تەواو بە هەڵوێستی پشتیوانی ئەمریکا بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان. رەنگە دەسەڵاتدرانی هەرێم متمانە بخنە سەر شەری دژە تیرۆر وەك گێرەنتی بەردەوامی پشتیوانی ئەمیرکا. ئەمە رەنگە لە کورت مەودا و بواری یارمەتی یە سنووردارە سەربازیەکانی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە راست بێت. بەڵام بێگومان لە دوور مەودا دا و لە بواری فروانی سیاسی، تاکە گێرەنتی بریتی یە لە دیمۆکراسیبوونی دەسەڵاتی ئەو هەرێمە یە. حکومەتی ئەمریکا زۆر بە نزیکی ئاگاداری ئەو پێشێلکارایانە. ئەو راپۆرتە ناوبەناووانەی کە لەسەر دۆخی سیاسی و رەفتارەکانی حکومەتی هەرێمی و حزبەکانی هەرێم  دەنوسرێن بۆ حکومەتی ئەمریکا هەیمشە پێشێلکاریەکان رووبەرێکی گەورەی لێ داگیردەکەن دەبنە ئەرشیف وەك سەرچاوەی دادەنرێن لە کاتی هەڵوێست یان بریار وەرگرتن لەمەڕ هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەمەش نەبێت، رۆژنامەنوسان و دەزگا راگەیاندنەکانی ئەم وڵاتە زۆر چاوکراوەن لەوەی کە تیشکیان بخەنە سەر دۆخی هەرێم هەر لە کاتێك کە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەبێتە هەواڵێك لەم وڵاتە. بۆ نموونە، لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان لە ٢٠١٧، مەسەلەی شکستەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە پێشلێکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی تا دەگاتە نەکردنی دەستاودەستکردنی دراو و ئالوگۆری ئابووری بە ئەلیکتۆرنی کەوتنە بەر سەرنجی رای گشتی ئەم وڵاتە لە رێگای رۆژنامەنووسەکانەوە. رەنگە، پشتگیرینەکردنی ئەمریکا بۆ سەربەخۆی کوردستان هۆکاری زیاتری هەبوو، بەڵام بێگومان دۆخی خراپی دیمۆکراسی و حکومڕانی هۆکارێك بوو. بەکورتی، تاکە گەرێنتی بۆ بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە دوورمەودادا بریتی یە لە راستیکردنەوەی دۆخی سیاسی و یاسایی لە هەرێم بە پەرەپێدانی ئازادیە سیاسی و گشتی یەکان بە تایبەتی رۆژنامەوانی و جیاکردنەوەی دامەزراوەی دادوەری لە دەسەڵاتی حزبیی.  رێگای بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بە دیمۆکراسی دا دەڕوات.



نوسەری ئەم بابتە لێکۆلەرە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست - زانکۆی باشووی ئیڵەنۆیی
asoaliepost@gmail.com
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×