وانەکانی ئەفغانستان… بۆ ئەوانەی عەقڵ میوانیانە!

ئالان م. نوری
  2021-09-18     306

(2 لە 3)



وانەکانی بەشی یەکەم
وانەی یەکەم: شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان ئەو هەموو ماوەیە بەردەوام نەدەبوو ئەگەر تێچوونی گیانیی هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەوەندە کەم نەبوایە و ئەو پارەیەی بۆ بەردەوامی ئەو شەڕە تەرخان کرا ئەوەندە زۆر نەبوایە کە دامەزراندنی زیاد لە 300 هەزار بن دیواری ئەفغانی لە سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا و گرێبەستی زەبەلاح بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بیانی لە بواری ئەمنی و لۆجستیدا لە ئەفغانستان و لەوەش زەبەلاحتر بۆ کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و پێویستییە سەربازییەکان لەلایەن مۆڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمرییکا و ئەورووپای لی نەکەوتایەوە.
وانەی دووەم: توندڕەوی و بێڕەحمی و "عەدالەت" لە دابەشکردنی زوڵم و زۆر و تێکەڵکردنی دەمارگیریی خێڵەکی و نەتەوەیی و جێندەری لەگەڵ ئیمانداریدا، ئەگەرچی بەڵایەکی کەمتر بوو لە بەڵای باندە چەکدارەکانی دیکەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەستدرێژییەکی قێزەون بوو بۆ سەر کۆمەڵگا و بۆ سەر ئایین لە هەمان کاتدا. منداڵیی پڕ نەهامەتیی ئەنجامدەرانی هەرگیز نابێت بە پاساو بۆیان.
وانەی سێیەم: دژایەتیی تاڵیبان بۆ ئەمریکا، لەسەر بنەمای عەقیدەی ئایینی، خەیاڵێکە کە واقیع نایسەلمێنێت. تاڵیبان وەک هەموو بزوتنەوە (خۆچوێنەر بە فاشیزم)ەکانی جیهانی سێ‌، کە بێ ئەوەی ناچار بن توند و تیژن، قیبلەنمای عەقائیدی و سیاسییان تەنها تینوێتییە بۆ دەسەڵات و چی دی نا.
وانەی چوارەم: تاڵیبانی خۆچوێنەر بە فاشیزم و توندوتیژ بە بێ ناچاری، 20 ساڵ لەمەوپێش لای هێزە خاوەن تەئسیرەکان لە ئەمریکادا، وەک شەریکی پرۆژەیەکی ستراتیژی، قەبووڵ بوو، تەنها بە مەرجی ئەوەی  بیانتوانییایە کۆنترۆڵی هەموو ئەفغانستان بکەن… پێدەچێت لەمەودواش  ئەو بۆچوونە سەردێڕی هەڵوێستی ئەمریکا بێت بەرامبەر بە تاڵیبانی 2.0.

 

ئەمریکا پێویستی بە شەڕی داگیرکردنی ئەفغانستان نەبوو
مەکینەی پڕۆپاگاندەی ئیعلامیی مۆڵگە پیشەسازییە سەربازییەکەی ئەمریکا، بەیاریدەی هاوپەیمانە شەڕانگێزەکانیان لە هەردوو حیزبی دێمۆکرات و کۆماری، سەرکەوتوو بوون، لە ماوەی ئەم 20 ساڵەی رابوردوودا، لە سەپاندنی گێڕانەوەیەک بۆ چۆنێتیی هەڵگیرسانی شەڕ لە ئەفغانستان، کە بریتییە لە سەرگورووشتەی ناچاربوونی ئەمریکا بۆ پەلاماردانی ئەفغانستان لە شەڕێکی رەوادا. چونکە پاش تاوانەکانی بن لادن لە نیویۆرک و واشیننتۆن، تاڵیبان ئامادەنەبوون رادەستی بکەن بۆ دادگایی کردنی لە ئەمریکا.
ئەم گێڕانەوە زاڵە ئەوە فەرامۆش دەکات کە تاڵیبان ملکەچی ئەو داوایە بوون و تەنانەت وازیشیان لە مەرجی ئاگادارکردنەوەیان لە بەڵگەکانی تاوانبارکردنی بن لادن هێنا و تەنها پێشنیاریان ئەوە بوو کە لە بریی رادەستکردنی بە ئەمریکا، بیدەنەوە بە سوعوودییە (بن لادن هاووڵاتیی سوعوودی بوو) و ئەوانیش بە پێی ئیلتیزاماتی نیودەوڵەتییان بەرامبەر بە ئەمریکا، رادەستی ئەمریکای بکەن.
تاڵیبان کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمریکادا بوون، و پارەیان خەرج دەکرد تا دەنگیان بگاتە کۆشکی سپی و نزیک ببنەوە لە بەرپرسانی ئەمریکا، رۆژێک لە رۆژان بە خەیاڵیاندا نەدەهات وەکو دوژمنی ئەمریکا بناسرێن. ئەوان تەنها بەدوای دەرچەیەک لەم قەیرانە دەگەڕان کە ئەمریکا رازی بکات و ئەو وێنەیەی بۆ خۆیان دروستیان کردووە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا بپارێزێت. بۆ بەختی ئەوان، ئەمریکا بڕیاری شەڕی خۆی دابوو، بێ گوێدانە ئەوەی هەڵوێستی تاڵیبان چییە….بەڵام بۆچی؟ ئەم سووربوونە لەسەر شەڕ و کاولکاری لە پای چی؟

 

خودی جەنگ وەک ئامانجێکی ستراتیژی
لە شەڕی رزگارکردنی کوەیتەوە، ساڵی 1990، ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی لە سەردەمی سەرۆکە کۆمارییەکاندا، نمایش کردنی کرداریی توانا کاولکارییەکانی سوپای ئەمریکا لەلایان ببوو بە ئامانجێکی سەربازیی عەقیدەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان، بەدەر لەوەی ئایا ئامانجە سیاسییەکانیان لە کێشە دەرەکییەکان بە ئامرازەکانی دیکەی فشار دێنە دی یان نا!
لە پرۆسەی رزگار کردنی کوەیت دا، رۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشی زەمینی، سەددام حسێن لە رێگەی نێوەندگیری سۆڤێتی ئەوسا، یەفگینی بریماکۆڤ، ئامادەیی دەربڕی کە بەبێ‌ هیچ قەید و مەرجێک هەموو هێزەکانی دەستبەجێ‌ لە کوەیت بکشێنێتەوە و تەنها داوای ئەوە بوو لە کاتی کشانەوەدا لە هێزەکانی نەدرێت. بەڵام ئیدارەی (بوش)ی باوک، بێ گوێدانە ئەو کاولکارییەی بەسەر کوێتدا هێناناین و ژیانی ئەو دەیان هەزار سەربازە عێراقییەی کە لە پرۆسەی هێرشی زەمینیدا لەناویان بردن، بێ هیچ پاساوێکی ستراتیژیی تەقلیدی، ئۆفەرەکەی سەددامیان رەت کردەوە.
بەهەمان لۆژیکیش ئەفغانستانیان داگیر کرد. چونکە ئەوەی رایانگەیاندبوو بە ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەبێ داگیرکردنی ئەفغانستان بەدی دەهات… لەوەش بەڵاتر ئەوەیە کە بڕی نمایشی هێزە کاولکارییەکەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان هێشتا بە دڵی بڕیاردەرانی کۆشکی سپی نەبوو، چونکە ئەفغانستان بینا و دروستکراوەی ئەوتۆی تێدا نەبوو کە بە شێوەیەکی نمایشکاری وێران بکرێن.
ئەم خولیای رازی کردنی حەزی کاولکارییە، دوو ساڵ دوای ئەوە، لە کاولکاری و داگیرکردنی عێراقدا بۆیان هاتە دی.
ئەم بیرۆکەیە لە کۆبوونەوەی لێپێچینەوەی  لیژنەی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئەیلولی 2006 دا، دەربارەی شەڕی ناوخۆی عێراق، بە راشکاوی فوئاد عەجەمی،  پسپۆڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی و، کەسایەتیی نزیکی ئیدارەی جۆرج بوش ی کوڕ، درکاندی، کاتێک وتی بەدەر لە ئەو هۆیانەی دامانڕشتبوو بۆ شەڕ لە عێراقدا، ئێمە پێویستمان بە کردەیەکی سەربازیی گەورە بوو لە ناوچەکەدا.‌چونکە ئەوەی لە ئەفغانستان نمایشتمان کرد، بەس نەبوو!

 

سەردەمی داگیرکردن بۆ نمایش و شانازی بە بونیادنەنانی دەوڵەت بۆ داگیرکراوان
سەرەڕای ئەوەی شەڕە دەرەکییەکانی ئەمریکا لە دوای سەربەخۆبوونی، لە ناوەڕۆکدا شەڕی ئیمپریالیی تەقلیدی و فراوانخوازیی ئیستیطانی بوون لەسەر حسابی جوگرافیای مەکسیک و لە دەستوەردانی راستەوخۆدا لە ئەمریکای ناوەڕاست، لە بیستەکانی سەدەی پێشوودا، کە بە شەڕەکانی مۆز ناسراون، بەڵام لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا ئەمریکا هەوڵی ئەوەی دا کە وێنەیەکی جیاواز لە ئیمپریالیزمی تەقلیدی نمایش بکات. لەو دوو شەڕە جیهانییەدا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەستەوە بە بونیاد نانی دەوڵەتان و سیستەمی دێمۆکراسییەوە، بە تایبەتی لە بەڕێوەبردنی سیستەمی داگیرکردنی یابان و بەشی رۆژئاوای ئەڵمانیادا، بە کردەوە شێوازێکی هەڵسوکەوتی جیاواز لە ئیمپریالیزمی تەقلیدیی  پیادەکرد.هەر ئەو ئیدارەیەش رۆڵێکی بەرچاوی دی لە رزگار بوونی یابان و ئەڵمانیای رۆژئاوا لە میراتی فاشیزم و بووە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی ئەو دوو وڵاتە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. ئەمە وای کرد کە، بۆ چەندەها ساڵ‌، بیرۆکەیەک لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەمریکادا زاڵ بێت کە پێی وایە وڵاتەکەیان وڵاتیكی زلهێزی بێهاوتای "خێرخواز"ە، بە رادەیەک کە تەنانەت ئەگەر داگیریش بکات، ئەوا دەوڵەت بونیاد دەنێت و دێمۆکراسی و خۆشگوزەرانی دەچەسپێنێت، پاشان داگیرکراو بەجێدێڵێت!
ئەم جۆرە لە ئیدارەدانی داگیرکاری بەند بوو بە هەژموونی بیری (کێینز)ی لە فەلسەفەی بەڕێوەنردنی ئابووری و ئیدارەدانی گشتیدا لە ناو خودی ئەمریکا. بەڵام ئەم هەژموونە لەگەڵ‌گەڕانەوەی باڵی راستڕەو بۆ دەسەڵات لە ئەمریکادا بە هاتنە سەرکاری رۆناڵد رێیگن، لە ساڵی 1981 ەوە کۆتایی هات. لەوکاتە بەدواوە هەر هەوڵێک بۆ رێکخستن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بنەماکانی ئابووری، لەڕیی مێکانیزمەکانی کاری دەوڵەتەوە، بوو بەو قەباحەتانەی نابێت باسبکرێن. لە بریی مێکانیزمەکانی کارتێکردنی دەوڵەت، پشت بە مێکانیزمە "سیحرئامێز"ەکانی بازاڕ بەسترا. گەرچی لەپاڵ ئەو گوتارەشدا بەخێوکردنی قۆرغکارە گەورەکان بە شیری "قوتار کردن لە باجی دارایی" و تەخشان و پەخشانی دەوڵەت بە قازانجی ئەوان هەر بەردەوام بوو و برەوی پێدرا. ئەم جیهانبینییە جێی هەژموونی کێینزییەتی گرتەوە و لە هەردوو ئیدارەکانی کۆماری و دێمۆکراتەکاندا بوو بە فەلسەفەی کارپێکراوی دەوڵەت، ئەگەرچی لای کۆمارییەکان گەلێک بە شێلگیرانەتر پیادە کرا.
لەسەر ئاستی هەڵوێستی نێودەوڵەتیش "بونیادنانی دەوڵەتان" وەک سیاسەتیکی گێل و گەمژە ناسێنرا کە دەبوو هەمووان خۆیان لێی بە دوور بگرن. بەو پێیەش تەنها ئەرکی ئەمریکا لە هەر وڵاتێکدا کە داگیری بکات، بەوە پێناسە کرا کە کەرتی تایبەت لە "بەندیخانە"ی یاساکانی ئەو وڵاتە رزگار بکات و لێ بگەڕێت ئەو کەرتە تایبەتە کارە سیحرئامێزەکانی ئەنجام بدات! حکومەتی ئەمریکا ئەم خورافاتەی تەنانەت لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیشی، لەو وڵاتانەدا کە داگیری کردن، پەیڕەوکرد. بەو پێیە ئەرکەکانی ئیدارەی داگیرکردن (لە هەر شوێنێک سوپای ئەمریکای بۆ چووبێت)، و پێداویستییەکانی هێزە داگیرکارەکان بوونە بازاڕێکی گەرمی کەرتی تایبەت و بازرگانەکانی جەنگ.
لە ئەفغانستاندا، مۆڵگەی پیشەسازی سەربازیی ئەمریکا، خۆشحاڵ بوو بە چەمکی داگرکاری خۆلادەر لە بونیادنانی دەوڵەت، چونکە بە هۆی هەژموونی ئەو چەمکەوە، لە هەر 20 دۆلارێک کە سەرف کرا لە ئەفغانستان، تەنها یەک دۆلاری چوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و دەوڵەتسازی. ئەمەش وای کرد کە 19 کەی تر ببێتە وزەی گەڕانی چەرخی پیشەسازییەکانی ئەوان. هەروەها ئەو مۆڵگە پیشەسازییە سەربازییە خۆشحاڵ بوو بە بەتایبەتکردنی گەلێک جۆمگەی لۆجستی و ئەمنی و سەربازی لە ئەفغانستاندا، چونکە کوژرانی بەکرێگیراوانی کەرتی تایبەت بە قوربانییانی فەرمیی سوپای ئەمریکا حساب ناکرێن، و کوژرانیان لە بریی هێزە فەرمییەکانی ئەمریکا ژمارەی قوربانییانی هێزە فەرمییەکەی لە ئەفغانستان  بە رێژەی زیاد لە 50% کەم کردەوە. ئەمە وای کرد کە شەڕە درێژخایەنەکەی ئەفغانستان ببێتە هەواڵی لاپەڕەکانی ناوەوەی گەورە رۆژنامەکانی ئەمریکا. کوژرانی بە تێکڕا، تەنها 12 سەربازی ئەمریکی لە مانگێکدا بواری سڕکردنی هەست و هۆشی هاووڵاتییانی ئەمریکای بۆ ماوەی 20 ساڵ رەخساند! بابەتەکە ئەوەندە بێ بەها بوو لای زۆرینەی ئەمریکییەکان، کە هەموو خولێکی هەڵبژاردن سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا پەیمانی کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەدا، کەچی کە دەچوونە کۆشکی سپییەوە بە گوێیاندا دەچرپێنراکە بابەتەکە ئەوەندە گرنگ نییە لای ئەمریکیەکان و بۆ ئەوەی هێز کەم بکەینەوە، دەبێت لە پێشا هێز زیاد بکەین! بۆ ئەوەی زوو رۆڵەکانمان بکێشینەوە لە ئەفغانستان، دەبێت هاتنەوەیان دوا بخەین! ئەمە ببووە مایەی گاڵتەجاڕیی لای رای گشتی ئەمریکا.
دەرەنجامی ئەم خۆشبەختییەی مۆڵگای پیشەسازیی سەربازی و بازرگانانی جەنگی ئەمریکا، حاڵەتێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەی کە لە یابان و رۆژئاوای ئەڵمانیا بەدی هات، رووی دا. داگیرکردنی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان مایەی نە دەوڵەت و نە دێمۆکراسی و نەخۆشگوزەرانی بوو بۆ گەلی ئەفغان، بەڵکو بە پێچەوانەوە، یەکێک لە خراپترین چاوگەکانی گەندەڵیی لە جیهاندا دروستکرد. لەم چارەنووسەشدا، عێراق، بە هەرێمی کوردستانە حەیاتەکەیەوە، دەستەخوشکی ئەفغانستانە!
خەڵکی ئاسایی ئەمریکا ئاگادار نەبوون کە ئەو تریلیۆنانەی سەرفکران لە ئەفغانستان چ دەعبایەکی لێ دروست بوو، چونکە ئەفغانستان و سەر ئێشەکانی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانی ئەمریکا دەرنەدەکەوتن. ئەوەندە نەبێت هەنێک جار کە کوژراوانی سوپای ئەمریکا لە هێرشێکدا زیاد لە رادەی چاوەڕوان کراو دەبوو، خەڵک کەمێک بە ئاگا دەهاتن. هەموو جارێکی وەهاش پێیان دەگوترا خەمتان نەبێت هێزەکان لەوێ‌ زیاد دەکەین و مانەوەی هێزەکانمان درێژتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی هێز کەم بکەینەوە ورۆڵەکانمان زوو بکێشینەوە...خەڵکیش بە خۆشحاڵییەوە دەگەڕانەوە دۆخی گێلی!
گێل کردنی عەوام لە ئەمریکا، مانای وا نییە کاربەدەستان، بە تایبەتی ئەندامانی کۆنگرێس، ئەوانیش گێل کرابوون وراستییەکانیان نەدەزانی. کۆنگرێسی ئەمریکا ساڵانە 4 راپۆرتی تایبەتی (موفەتیشی گشتی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەفغانستان) یان پێ دەگەیشت و ئەو راپۆرتانە بەردەوام هۆشداریی ئەوەیان دەدا کە ئیدارەی ناوخۆیی ئەفغانستان زۆر لاواز و گەندەڵە و پارەیەکی زۆری گرێبەستەکانی سوپای ئەمریکا بە هەدەر دەبرێت. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چاک دەیانزانی ئەو بونیادی "حوکم" ەی قوتیان کردبۆوە لە ئەفغانستان شتێکی بێ‌هودە و بوودەڵ بوو. بەڵام بەرژەوەندیی مۆڵگەی پیشەسازی سەربازی وای دەخواست خۆیان بدەن لە گێلی، چونکە سەرکەوتنی شەخسیی سیاسەتمەداران لە ئەمریکا، بە شێوەیەکی گشتی، بەندە بەرەزای ئەو مۆڵگا پیشەسازی سەربازییە لێیان.

 

وانەکانی ئەمەی لە سەرەوە باسکراوە:
وانەی پێنجەم: لە رووی ئامانجە ستراتیژییەکانییەوە، ئەمریکا دەیتوانی خۆی لە داگیرکردنی ئەفغانستان لادات و دەست لەو هەموو کوشتار و وێرانکاری و تێچوونە ئابوورییانەی کە هەردوو گەلی ئەفغان و ئەمریکا دووچاری هاتن بپارێزێت، بە بێ ئەوەی هیچکام لە ئامانجە بانگەشە بۆکراوەکانی پشتگوێ بخات، تەنانەت ئەگەر بڕوا بکەین بە نیگەرانیی ئیدارەی ئەمریکا لە پێشێلکارییەکانی تاڵیبان بۆ مافی مرۆڤ بە گشتی و، مافی ئافرەتان بە تایبەتی، و رەواندنەوەیی ئەم نیگەرانییەش وەک ئامانجێکی ستراتیژیی ئەوکاتی ئەمریکا دابنێین، ئەوا تاڵیبان، کە ئامادە بوون هەموو شتێک بکەن لە پێناوی رەزامەندیی ئەمریکادا، لەلایان شتێکی قورس نەبوو کە "بۆیان دەرکەوێت" مەزهەبی فەرمییان مەزهەبی (حەنەفی) ە و. مەزهەبەکەیان ناگونجێت لەگەڵ‌زۆربەی ئەو نەریتە خێڵەکییانەی کە خۆیان بەرگی قەداسەتی ئایینییان بە بەردا کردوون.
وانەی شەشەم: داگیرکردنی ئەفغانستان، پاشان عێراق، لە لایەن ئەمریکاوە، دابڕانێکی ترسناکە لەو رێباز و تێڕوانینەی بۆ بەرپەرسیاریی، وەک هێزێکی داگیرکەر، لە هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، بۆخۆی نەخشاندبوو. ئەم دابڕانە لەسەر بنەمای بڕوابوون بە مێکانیزمە "سیحرئامێز"ەکانی چەمکی "ئازادیی ئابووری"یە، لە جۆرە کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵاتداران تێیاندا باندی چەکدارن و دوژمنن بە بیرۆکەی ملکەچیی هەموان بۆ یاسا.
وانەی حەوتەم: هەڵگەڕانەوەی ئەمریکا لە چەمکی داگیرکاریی بەرپرس لە بونیادنانی دەوڵەت و دێمۆکراسی لە جوگرافیا داگیرکراوەکاندا، بەندە بە کوودەتایەکی فیکری لە فەلسەفەی ئابووریی حکومەتی ئەمریکادا، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی رۆناڵد رێیگن ەوە دەستی پێکرد. لەو کاتەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەوڵەت خۆی بە کێشە دادەنێن و کارەکانی بە بەفیڕۆدانی سەرچاوە ئابوورییەکان دەزانن، تەنها کاتێک نەبێت کە واز لە ئەرکەکانی بەرامبەر کۆمەڵگا بێنێت و، لە ئاراستەکردنی ئابووری بگەڕێ و، ببێتە خزمەتکاری قۆرغکارە گەورەکان و، لە کۆت و بەندی دێمۆکراسی رزگاریان بکات!
وانەی هەشتەم: ئەم ئاراستەیەی لە هەشتاکانەوە باوە، مایەی خۆشحاڵیی مۆڵگای پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکایە، چونکە بە هۆیەوە زۆربەی بودجەی جەنگ و داگیرکاریی سەربازی بەرەو کڕینی کاڵاکانی ئەوان دەچێت و قازانجیان هێندەی تر زیاد دەکات، تەنها شتێک کە مابێت مسۆگەری بکەن ئەوەیە کە ژمارەی قوربانیان لە سوپای فەرمی ئەمریکا کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی باسی کێشانەوەی هێز لە بیر خەڵک ببرێتەوە و بودجەی شەڕ‌ کەم نەکرێتەوە. جەنگ و داگیرکارییەکی لەم جۆرە بۆ ئەوان تا درێژتر بخایەنێت خێری زیادترە. لە ئەفغانستانیشدا 20 ساڵیان بەم جۆرە راکێشا!

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×