بایەخی ئەمەریکاو گەورەکردنی سیستەمە خۆسەپێنەکان، یارمەتییدەرێکی گەورەیە بۆ زاڵبوون‌و دەستەڵاهاوێژییان

د. رزگار ئاغا
  2021-09-19     214
                                                                                                                                 
تەوەرەی سێیەم:
بە بێ پشتییوانی حوکومەتی ئەمەریکایی، هێزە لایەنگییرەکانی دیموکراسیی پەژمووردە دەبن لە سەرانسەری دنیادا و، دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانیش زیاتر پێ دادەکوتن.
بییرۆکەکانی ئەم نووسیینە لە کتێبی " ILL Winds: Saving Democracy From Russian Rage, Chinese Ambition, and American Complacency." لە نووسیینی لاری دایمۆند، وەرگییراوە.
(١)
لە تەواوبوونی جەنگی ساردەوە، دیموکراسیی دەستکەوتی زۆر بەدەستهێنا. بەڵام چارەنووسی ئازادیی لە ئاستی جیهاندا هێشتا لە تەرازووەکەدا هەڵپەسێوراوە. بە ئازایەتیی و جورمێکی سەرسووڕ‌هێنەرەوە بە درێژایی ماوەیەک، هاوڵاتییە ئاساییەکان لە جەزائییر و سۆدان و فەنزوێڵا و هۆنگ کۆنک - بە ژمارەی زۆر و بە داهێنانیشەوە لە ئەقڵ بەدەربوون- پیشانیاندا کە پەرۆشییان بۆ دیموکراسیی لەگەڵ تەقیینەوەی بەهاری عەرەبیی لە ٢٠٠٣ دا ، یان لە هەڵكشانی نوێی تۆتالیتاریی چیین دا بە خۆڕایی نامرێت.
لە رووبەڕووبوونەوەی داپڵۆسیینی دڕندانە و هەندێکجاریش کوژەردا، سازدانی کۆککردنی بوێریی لە ناخی هاوڵاتیانی ئاسایی دا، ئەوانەی کە پارێزگاریی لە مافەکانیان دەکەن، توانرا هەموو ئەوانەش بووروژێنن کە لە دیموکراسێتییە لیبراڵییە توندرێکخراوەکان دا دەژین. لە هەمان کات دا، بای وەیشوومەی جەماوەرهاندان و، لێنەبووردنی کەمایەتییەکان و، سازبوون بۆ سەرپێچییکردنی پێوەرە دەستوورییەکان – کە بە کردەیی دیموکراسێتییان هەڵپاچیی لە وڵاتانی وەک هەنگاریا و تورکیا و بەنگڵادیش- ئێستاش نەشەمەی ئەوان خەریکە داهاتووی دیموکراسێتیی لە فلیپیین و پۆڵەندا و هیندستان دەگرێتەوە، بە تایبەتیی لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی هیندستانیی "نارێندرا موودیی" کە بەم دواییانە بۆ حوکومەتی کشمییر هەڵبژێررا.
 ئەو سستییەی لە رەوتی ئازادیی و دیموکراسێتیی دا هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە و بەردەوامە، رەنگە تاوێک بدات بەرەو شەپۆلێکی شڵەژاوی هەرەسهێنانی دیموکراسێتیی، کە گوژمی سیاسەتی جیهانیی بە شێوەیەکی یەکلاییکەرانە بگۆڕێت بەلای ئۆتۆکراسییەکان دا، کە زۆر چالاکانە لە هەوڵی پێکهێنانی ناوچەکانییەتی لە جیهان دا – دیکتاتۆرە گاڵتەجاڕ و بەهەڵپەکانی وەک رووسیا و ئێران و سعودییە و چیینن. لەجیاتی ئەمانە، ئەکرێت کۆکبوونێکی ئاشتییانەی دەسەڵاتی جەماوەرانە و رێکخسنێکی زیرەکانەی جووڵانەوە پشتییوانییکەرەکانی دیموکراسێتیی سازبکرێت، کە ببێ بە مایەی ئەوەی کە زووتر سەرۆکی ئەمەریکایی ئەبراهام لنکۆڵن ناوی ناوە "لەدایکبوونێکی نوێی ئازادیی".
خەڵک مێژووی تایبەتی خۆیان درووست دەکەن، بەڵام لە بۆشایی دا درووستی ناکەن. حوکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت ئازادیی بە دیاریی پێشکەشی هییچ دەوڵەتێک بکات – ئییتر لە پێدانی چەک دا بێت یان لە قوڵپی تێڕژانی بەردەوامی دۆڵاردا بێت. بەڵام لە هەر سەردەمێک دا بێت، ئەوەی بەهێزتریین دیموکراسیی دەتوانێت بیکات (یان شکستبهێنن لە کردنییدا) بۆ بەرگرییکردن لە مافەکان و، پشتییوانییکردنی دیموکراسێتییەکان و تۆکمەکردنی دامەزراوەکان و بەرپەرچدانەوەی داپڵۆسیین، یارمەتیی قڵپکردنەوەی ئەو هاوسەنگییە دەدات کە  بەردەوام  لە نائامادەیی کردەیی دیموکراسێتیی دا هەیە لە نێوانی دیکتاتۆریێتی و دیموکراسێتیی دا. ئەکرێت قڵپبوونەوەی ئەم هاوسەنگییە بە ئاشتیی جێبەجێبکرێت، بە بێ پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی.
لە ئێستادا، جیهان لە خاڵی وەرچەرخانی مێژوودا وەستاوە، کاتێک ئەمەریکاییەکان لەسەریانە کە بڕیاربدەن جارێک تر دەنگی دەستەجەمییان بەکاربهێنن -سەرچاوەی دیپلۆماسیی و دارایی- بۆ بەرگرییکردن لە ئازادیی و یان پاشەوپاش گەرانەوەی جیهان لەو خاڵی وەرچەرخانەی مێژوودا و بڵێن: "شەڕ شەڕی ئێمە نییە: ئێمە هەقمان نییە بەسەرەوە"، لە جیاتی ئەوە، هەوڵدەدەین بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندیی نیشتمانیی بەرتەسکانە، هەرچەندیش دزیۆ دیاربێت.
(٢)
لە دنیای جیهانگییریی ئەمڕۆدا، مۆدێڵ و پێڕەو و هزرەکان لە سنوورەوە دەپەڕنەوە بۆ وڵاتانی تر. هەر بایەکی گۆڕانکاریی هەڵبکات، برووسکە ئاسا کۆدەبێتەوە و بەوپەڕی تیژییەوە دەگاتە جێیەکی تر، ئەمەریکاش ناتوانێت بە بێدەنگیی بمێنێتەوە. خەڵک لە هەموو شوێنێکەوە سەرگەرمی ئەوەدەبن کە بیرۆکە کۆبکەنەوە لەبارەی ئەوەوە ئایا رێگەیەکی نوێ چییە بۆ حوکومڕانیی کە پشتببەستێت بەوەی کە دەیبیینن لە شوێنانی تر روودەدات - لەسەر شاشەکانی سی ئێن ئێن و جەزیرە یان لەسەر تویتەرە-.
لە ئێستادا، جیهان نوقوم بووە لە ناو کێبڕکێیەکی دڕی هزر و زانیاریی وپێوەرەکان دا. لە سەردەمی ژمارەیی (دیجتاڵیی)دا، ئەم کێبڕکێییە بە خێرایی برووسکە دەجووڵێت لە کاژێرێک دا، کە ئەوە دیاریی دەکات خەڵک چۆن بییر بکەنەوە لە سیستەمی سیاسیی و سیستەمی جیهانیی لە داهاتوودا. بە تایبەتیی لە ئێستادا -کاتێک گومان و هەڕەشەکان لە دیموکراسیی لە زیابووندان کە رۆژئاوا- ئەمە پێشبڕكێیەک نییە کە دیموکراسییەکان بیدۆڕێنن.
دۆخەکە زیاتر مەترسییدارترە، چونکە سیستەمە ئۆتۆریتارییەکان بەردەوام هەڕەشەی زیاتری راستەوخۆ دەنێنەوە بۆ سەروەریی جەماوەریی و سەروەریی یاسا لە دیموکراسێتییە قایمەکان دا. قوڵپی پارەی بیانیی و دام و دەستگا راگەیاندنە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمەریکاوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا. ئەگەر ئەمەریکاییەکان بیانەوێت بەرگریی لە بنەما سەرەکییەکانی حوکومڕانیی خوودی رۆشنکاریی و لێپرسیینەوەی ناوخۆ بکەن، ئەوا هییچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە شکۆپێدانێکی جیهانیی نەبێت.
لەمەش زیاتر، ئەگەر ئەمەریکاییەکان نیگەران نەبن لە بارەی شایستەیی حوکومڕانیی لەو دەوڵەتانەی کە داهاتێکی نزمیان هەیە، ئەوا جیهان زیاتر و زیاتردەولەتانێکی شکستخواردوو و شڵەژاو دەبینێت بە خۆیەوە. برسێتیی و رەشەکوژیی نەفرەتی دەوڵەتە تۆتالیتارییەکانن نەک دیموکراسییەکان. ھەرەسی دەوڵەتیش دیسان بەروبوومێکی تاڵی تۆیالیتارێتییە.
کاتێك، وڵاتانێکی وەک سووریا و لیبییا و ئەفغانستان مل دەنێن بەرەو جەنگی نێو خەڵکیی، کاتێک دەوڵەتە هەژارەکان لە ئەفەریقا شکستدێنن لە درووستکردنی هەلی کار و چاککردنی ژیانی گەلەکانیان بەهۆی خراپیی حوکومڕانیی؛ کاتێک کۆمەڵگەکانی ئەمەریکای ناوەڕاست دەبنە بارمتە لای تاقمی چەتە و هەرچیی و پەرچیی و تاوانکاران و فەرمانڕەوا ئۆتۆکراتەکانەوە، ئەوا خەڵک ئەقووچێنن لە دەستیان. زیاتر، بەرەو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا هەڵدێن. بە ساکاریی، جیهان زۆر بچووکبۆتەوە و تەختبووە،ھەوڵێ نەماوە بۆ رێگرتن لە دەوڵەتە گەندەڵەکان و، وەھا پیشانی دەدەن کە لەسەر ئەستێرەیەکی ترن. ئەمەریکا و ئەورووپا ناتوانن خۆیان بگرن لەبەردەم فشاری کۆچی بەردەوام زیاتربوودا بۆ ماوەیەکی درێژ- ئەم کۆچانەش بەرپەرچی سیاسیی خۆراکدەدەن- ئەگەر ئییش نەکەن لەسەر دامەزراندنی حوکومەتی باشتر و زیاتر سەقامگییرتر و زیاتر ملکەچی لێپرسیینەوە، لە وڵاتە پەشۆکاوەکان دا.
(٣)
داڕووخانی دەوڵەت، دیسانەوە مییوەیەکی تاڵی تۆتالیتارییە.
هەروەها، بەرژەوەندیی ئاسایشی زۆر سەختیش لەئارادا هەیە، هەرچۆن سترتیجێتیی ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەی ترامپ روونی دەکاتەوە، ئەوا هەڕەشە سەرەکییەکانی ئاسیاشی نەتەوەیی ئەمەریکایی لەناو دەوڵەتە تۆتالیتارییەکانەوە هەڵەقوڵێت- وەک چیین و رووسیا، بەڵام ئێران و کۆریای باکوور و هیینی تریش- وجوڵانەوە تیرۆریستییە دژ بە دیموکراسییەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامیی.
پشتیوانییکردنی پێشکەوتنی دیموکراسیی لە سەرانسەری دنایدا، ئامڕازێکی زیندەگییە بۆ بێبەشکردنی نەیارە ئۆتۆکراتییەکان لە هەبوونی ژووری کردەنیی جیۆسیاسیی کە بەردەوام سۆراخیانە بۆی. هەرچۆن رووسیا و چیین و ئێران لە هەبوونی دیموکراسێتیی کەمدەکەنەوە بە ملکەچکردنی دەوڵەتانێکی تر بۆ ئیرادەی خۆیان، ئەمەریکاش دەتوانێت پەرۆشیی و هەڵپەکانی خۆی هەبێت بۆ دەستکەوتنی هێزێکی گەورەتر لە رێی یارمەتیی دەوڵەتانی تر بۆ بونیادنانی دیموکراسێتییەکانیان بە چالاکانە و بە کشهاتووانەیە (مرنة).
حوکومەتی هەبژێراوی دیموکراسێتییانە و کۆمەڵگە کراوەکان لە هەموو مژارێک دا پشتییوانیی ئەمەریکا ناکەن. بەڵام، هییچ کۆمەڵگەیەکی ئازادیش نییە کە داهاتووی خۆی بارمتەی دەستی کۆمەڵگەیەکی تر بکات. ئەشێت کە بەرژەوەندیی نیشتمانیی زیندەگیی مسۆگەربکات بۆ ئەمەریکا بەوپەڕی رێک و پێکییەوە لە رێی دنیای فرەڕەهەندی ئازادەوە، کە نەیارە بەهێزەکان ناتوانن گەندەڵیی و رق بەکاربهێنن لە هەڵلووشیینی سەرچاوەکان و قۆرخکردنی حاوپەیمانێتیی و خاک و راڕەوە ئاوییەکان دا.
رەخنەیەکی زۆر لەم جۆرە پەیڕەوانە هەیە. رەخنەگرەکان دەڵێن پایهەڵدان بە دیموکراسیی دا، شتێکی لووتبەرزانەیە، یان ئەوە ئیشی ئەمریکا نییە. ئەمە هەڵەیە، بەڵام ئەوە ناگەینێت کە پێویست بێت لەسەر واشنتۆن نموونەیەکی تایبەتی خۆی لە دیموکراسیی پێشکەش بکات بە ئەوانی تر. هەروەها تۆکمەکردنی دیموکراسیش پێویستی بە تۆنە دەنگێکی لووتبەرزانە نییە.
وەک هەموو ئەو ژمارە زۆرە لێکچرەرە ئەمەریکایی و دیپڵۆماتکارانەی لە دەرەوەی وڵاتن، بینییم کە کرانەوە و سادەیی بایەخی گەورەیان هەیە. کاتێک کەسێک ئەمەریکا لە رۆشناییەکی هاوسەنگ دا پێشکەش دەکات، بە راستگۆییانەوە خەوشەکانی دیموکراسیی تیا دەشکێنێتەوە، پێش هەموو ئەو گومان و رەخنانە دەکەوێت کە دەکرێنە سەری. بییرۆکەیەک دەگوێزێتەوە کە ئێمە هەموومان لە گەشتێکاین بەرەو حوکومەتێكی باشتر، ئازادانەتر و، ملکەچتر بۆ لێپێچیینەوە و، هەردوو لایەنەکەش دەستکەوتی ئەو بەشدارێتییەان دەستدەکەوێت. لە هەمووی گرنگتر، ئەوە پیشان دەدات کە دیموکراسێتیی راستەقیینە ئەو دیموکراسێتییەیە کە تەنانەت ئەو کەسانەشی تێدایە کە قسە دەکەن یان لەبریتیی ئەوانە قسەدەکەن – ئازادن- کە خوازیاری رەخنەبارانکردنی حوکومەتەکەیانن.

رەخنەیەکی تریش ئەوەیە کە ئەمەریکایی و ئەورووپاییەکان نابێت، بە ئەوەی پێی - دەوترێت بەها رۆژئاواییەکان بەرگریی لە کۆمەڵگە نا-ڕۆژئاواییەکان بکەن. ئەم تەرزە لە کەلتووری رێژەیی جۆرێکی قووڵترە لەو لووتبەرزییە، لەسەر سێ ئاست دا:
یەکەم: ئاماژە بۆ ئازدایی دەکات، سەرباری ئەوەی کە زۆر بەنرخە بۆ خەڵکی رۆژئاوایی، گرنگ نییە یان خەڵکی شوێنی تر پێویستیی پێی نییە. بەڵام لە هەناوێدا مشت و مڕی هەیە لەسەر ئەوەی، کە خەڵکی شوێنەکانی تر هەمان مافی سرووشتیی مرۆڤ نییە. بەڵام لە دوای تەوابوونی جەنگی دووەمی جیهانیی، ژمارەیەک لە پەیمان و راگەیاندنی نێودەوڵەتیی دەستیانکرد بە داڕشتنی مافە مادەنیی و سیاسییەکان و ناساندنیان وەک مافی جیهانیی مرۆڤ.
دووەم: ئەم کەلتتورە رێژەییە بە شێوەیەکی هەڵە پێشنیازدەکات کە بەها دیموکراسێتییە لیبراڵێتییەکانی مافەکانی تاک و لێپرسیینەوەی سیاسیی و حوکومەتی سنووردار هەموویان ریشەیان هەیە لە رۆشنکاریی رۆژئاوایی دا، بەڵام لە راستییدا هەموو کەسێک دەتوانێت ئاماژەبکات بۆ ئەو داب و نەریتانەی کە پێوەستە بە کەلتوورەکانی تریشەوە، لە پێوەرەکانی کۆنفۆشیۆسەوە ئەوە هەیە حوکمڕانیی رەند دەسەلمێنێت و پاساو دەدات بە گەل بۆ یاخییبوون دژ بە خۆسەپێنییی، کە داب و نەریتی فرەیی و لێبوردەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە هند دا.
سییەمیشیان، بەڵگەکانی رای گشتیی، کە ویستێک پیشان دەدات بۆ هەبوونی حوکومەتێکی دیموکراسیی ملکەچ بۆ لێپێچیینەوە – کە رەگ و ریشەدارە لە سەروەری یاسادا- بە شێوەیەکی فراوان بەشنەکراوە و چڕنەبوۆتەوە لەنێو کەلتوورەکان دا.
رەخنەیەکی تر هەیە کە ئەمەریکاییەکان پێویستیان بەوەیە ئەمەریکا لە یەکەم دا دابنێن، ئەمەش بە مانای پشتییوانییکردنی هاوپەیمانە ئۆتۆکراتییەکان لەهەر کاتێک پێویست بکات- تەنانەت کاتێک خەڵکانێکی گەندەڵ و نەخوازراویش بێت وەک عبدالفتاح سیسیی لە میسر. بۆیە ستراتیجێتێکی سەرڕاست (جدي) نییە بۆ برەوپێدانی دیموکراسێتییەک کە چڕبوونەوەیەکی شارستانیانەی هەبێت بە تەنیا. بەڵام لە نێو هاوپەیمانە ئۆتۆکراتییەکانیش دا، دیپڵۆماتە ئەمەریکاییەکان دەتوانن – پێویستیشە- کە مەترسیی لەسەر مافەکانی مرۆڤ بوروژێنن، پشتیوانیی لە بەرگرییکارەکانی ئازادیی و لێپێچیینەوە بکەن و، هانیان بدەن بۆ چاکسازیییەکی بەرەبەرەیی.
ئەوەی لە کۆن دا ناونراوە هێڵی فرانکلیین رۆزەڤێڵت لە بارەی پیاوە بەهێزەکەی نیکەراگوا، سۆمۆزا، " رەنگە ئەو کوڕی سۆزانیی بێت، بەڵام ئەو کوڕە سۆزانییە، کوڕی ئێمەیە" ئەم بنەمایەیە کە هاتە ئێستا دەرکارە لە مسۆگەریی دڵنیابوون لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی دا. سۆمۆزا لە شۆڕشێکی دژە- ئەمەریکادا کەوت. هەروەها هەمان شتیش بۆ شای ئێران کە پشتیوانییکرابوو لە لایەن ئەمەریکاوە. کاتێک واشنتۆن بە شێوەیەکی کوێرانە ئەم جۆرە سیستەمانە پشتییوانیی دەکات و وا دای ئەنێت کە لە دەستی خۆیدا دەبن، زۆربەیجاران بە شێوەیەک تەوا دەبێت کە خراپە بۆ گەلەکەشیان و بۆ ئەمەریکاییەکانیش.
هەندێک لە دەڵین کە پشتیوانییکردنی دیموکراسیی لە سەرانسەری دونایدا زۆر گرانتێچووە. بەڵام هاوکارییە دەرەکییەکان بە هەموو شێوەکانییەوە ناگاتە ١٪ لە بوودجەی ساڵانەی فیدراڵیی ئەمەریکایی و، ئەو بڕەی خەرجکراوە بۆ برەوپیدانی دیموکراسیی و ئازادیی و لێپێچیینەوە لە سەرانسەری دونیادا نزیکە ١٪ی بودجەی فیدراڵیی ئەمەریکاییە.
دوایین شت، رەخنەگرەکان مشت و مڕیانە کە بابەتەکە زۆر هات و نەهاتە، یان برەودان بە دیوکراسیی هییچ جیاوازییەک درووست ناکات. بەلام مێژوو پێچەوانەی ئەمە دەڵێت. لە پورتوگاڵەوە بۆ باشووری ئەفەریقا هەتا شیلیی، ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیی روودانی وەرچەرخانەکانیان داوە بەرەو دیموکراسیی، لە رۆژگارێک دا کە پڕ لە مەترسیی و ناگەهان بووە. زۆر دوورە لەوەوە کە خەڵکانێک لە فلیپیین یان ئۆکرانیا لە دۆخێکی باشتردا بژیین – یان لە ئەمەریکاش دا لە ئاسایشێکی باشتر دا بن- ئەگەر ئەم دەوڵەتانە بەرەو خۆسەپێنیی خلۆرببنەوە. زۆر زەحمەتە خەیاڵی ئەوە بکەین کە ژیان لە سایەی سیستەمی خۆسەپێنیی هەڵوەشاودا وەک ڤەنزوێڵا و جەزائییر و سۆدان - یان لە سیستەمی هۆنگ کۆنگ ێکی داڕووخاوی شڕوپڕبووی تەنگژەکان- خراپتر بێت وەک لەوەی لە سایەی دیموکراسێتێکی راستەقیینەدا بژیین. ئەوەتا تونس تەنها مایەی ئومێد بوو لە بەهاری عەرەبیی بە ناو وەرچەرخانی دیکیتاتۆریی بەرەو دیموکراسیی، ئەو پزیسکەش بە فوویەکی ئۆتۆکراسیی کوژێنرایەوە. تەنها یەک کەس دەسەلاتی هەیە، هەرچی دەنگی دیموکراسیی هەیە بیکوژێنێتەوە! هەمان رەوشە لەدونیای گەرەڵاوژەی نادیموکراسیی دا، لە کوردستانیش دیمان دەرگای پەرلەمان و وەزیران داخران و هەموو بۆ ماڵەوە. ترسێک نییە ئەم رەفتارانە بوەستێنێت، بۆچیی؟ چونکە ئەوەی ئەو سیستەمە دەبات بەڕێوە ئەو دیوەخانانە نییە کە ناوی نراوە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران. بۆیە لە ناکاوێکا سەرۆکی تونس هەمووان دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای دەنگدەرەکانیان! کەس بۆی نییە فزە بکات!
بۆیە: هییچ مسۆگەرییەک نییە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دیموکراسێتییەک کە سەرکەوتووبێت. بەڵام بۆ خەڵکێک کە خەبات لە پێناوی ئازادییدا دەکەن، بۆ ئەمەریکا نییە پێیان بڵێت: وازبهێنن ئەوە پڕ لە کۆسپ و هات و نەهاتە بۆیان و، بۆ ئەمەریکاییەکان گونجاو نییە! هاوکارییکردنی ئەو خەڵکانە بۆ بەرگرییکردن لە ئازادییەکانیان، کارێکی گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و گەلی ئەمەریکاییش.

----------------
*نوسەری ئەم بابەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێزیینەوەی زانستیی
- سکرتێری نوسیینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجییە (JKSS)
http://kissr.edu.iq/english/academic-journals

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×