کوچك لە ئاگر گەرمتر نیە! لە پەراوێزی "کۆنگرەی ئاشتی و گەڕاندنەوە" لە هەولێر!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2021-09-26     751
لە 1918 دا، زەنگ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهان لێدرا، دوو ساڵ دوای جەنگ، لە 1920، وڵاتێك بەناوی عێراق سەرەتا لە دوو ویلایەتی عەرەبی یەکێکییان زۆرینە سوننی و ئەویتریش زۆرینە شیعە، دامەزرا. دواییش دوای پێنج ساڵ، ویلایەتی موسڵی زۆرینەی کوردنشینییان پێوە لکاند کە هچ مافێکی عەرەبی عێراقی پێوە نەبوو. دامەزراندنی تورکیا و ئێران و سوریاش، بەهەما شێوە بەشێکی نیشتمانی کوردییان پێوە لکێندرا و باوەڕییان بەخۆیان کرد کە ئەوە تەواوی نیشتمانی عەرەب و تورك و فارسەکانە. هەر چوار وڵاتەکەش سیاسەتی ئینکارکردنی کوردییان گرتە بەر.

لە 1945 زەنگی کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیش لێدرا. دوو ساڵ دوای جەنگ لە 1948، هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکو دەرهاوێشتەکانی جەنگ و لەسەر هەمان بنەمای دەوڵەتەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهان، دەوڵەتێکی دیکە بەناوی دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا. ئەگەر جووەکان مافیان بەو نیشتمانەوە نەبێت کە پێی دەڵێن ئیسرائیل، عەرەب و تورك و فارسیش هیچ مافییان بەسەر نیشتمانی کوردەوە نیە، جگە لەوەی کە لێرەدا جاوازییەك هەیە شایەنی باس کردنە، بەو جۆرە: جووەکان، سێ تایبەتمەندییان هەن، کە نە عەرەب و نە تورك و نە فارس لەسەر خاکی کورد نیانە.
یەکەمییان؛ لەڕووی مێژووییەوە، بەشێك لە جووەکان هەر خەڵكی جەروزاڵم و سامیرە و بێت لەحم و یافا و تادوایی ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیلی ئێستا بوون.
دووەم؛ بەشی هەرزۆری ئەو جوانەش هەر خەلكی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقان، لەوانەش عێراق، ئێران، تورکا، سوریا، ئەردەن، زووتر جەزیرەی عەرەبی، میسڕ و سودان تا دەگاتە مەغریبی ئەمازیغەکان و تاد، لەژێر ئەشکەنجە و بەداری زۆر کۆچییان پێکراوە بۆ ئیسرائیل، فەرهودی بەغداش وەکو نموونە.
سێیەمیش؛ مێژووێكی دینی و نەتەوەیی جووەکان بە ئیسرائیلەوە دەبەستێتەوە، چیرۆکێکی جیاوازییان لەچیرۆکی عەرەبەکان هەیە و لەڕووی دینییەوە جووەکان، ئیسرائیلی ئێستا بە خاکی بەڵێنپێدراو دەزانن.
بەوجۆرەش، هیچێك لەو سێ سیفەتە نە لەعەرەب و نەلە تورك و نەلە فارسەکاندا نیە و هیچ شتێك ئەوان بەخاکی کوردستانەوە نابەستێتەوە، بێجگە لەداگیرکاری و دوژمنایەتی.

دوای جەنگ و داڕمانی دەستەڵاتی عوسمانی بەسەر خاکە داگیرکراوەکانی گەلانی ناوچەکە، وەکو دەرهاوێشتەیەکی مۆدێرن، دوو چەمک هاتنە ئاراوە، یەکەمییان، ناسیۆنالیزم لە بەرگی عروبە و پان عەرەبیزم، دووەمیشییان، وەکو بەدیل و ڕەهەندێکی درێژکراوەی عوسمانیزم چەمکی ئیسلامیزم، هاتنە ئاراوە. لێرەوە، ئیسلامیزم شانبەشانی عەرەبیزم  وەکو دوو چەمکی مۆدێرن کەوتنە ناو ئەدەبییاتی دونیای عەرەبی، یەکێکییان نوێنەرایەتی عروبەی دەکرد، ئەوی دیکەش بەکەرەستەی مێژوو و فیکر و کولتوری عەرەبی خۆی کرد بە نوێنەری دونیای موسوڵمانەکان.

هەردوو چەمکەکە، زادەی قەیرانێکی قوڵی گەڕانن بەدوای ناسنامە، تائەمڕۆش نەیانتوانیوە خۆیان بدۆزنەوە. دوو ئایدیۆلۆژیا نەك هەر دونیای عەرەبی، بەڵکو دونیای گەلانی دیکەی موسوڵمانیشییان لەگەڵ خۆیان سەرگەردان کردووە. دوای نزیکەی سەد ساڵ، نە عروبە و نە ئیسلامیزم، کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا بوون بە دوو ڕووی یەك دراو، ئامادە نین دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و واز لەو زمانە ئایدیۆلۆژیە بێنن بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە بەتایبەتیش نەتەوەی کورد، هەناسەیەکی ئۆخەی هەڵبمژن.

یەکێك لەو چەکانەی کە هەمیشە دژ بە کورد بەکار هێندراوە، قەوانی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم بووە. بەڵام لەولایەوە، لەڕوانگەی عروبەوە، کوردستان بەشێکە لە نیشتمانی عەرەب و خۆیان بە داگیرکەر نازانن، بەڵکو کورد کەخاوەن ماڵن و کۆنترین نەتەوەی میزۆپۆتامییان، بە پاشکۆی ئیسرائیل و گەمەی ئیمپرلیالزمی دەزانن، لەهەمان کاتیشدا جووەکان بەداگیرکەر دەزانن. ئیسلامیزمیش بەهەمان زمان، دەڵێت کورد دابەشکراو دابەشتر دەکەن، وەکو ئەوەی تەنها کورد دەبێت باجی دابەشکردنەکان بدات و بۆخۆیان فریشتەی داهێنەری خودان.

ئێستاش، عەرەبەکان هەر لە مەغریبی ئەمازیغەکانەوە، کە بەداری زۆر ناویان ناوە مەغریبی عەرەبی، درێژدەبێتەوە بۆ میسری دڵی عروبە، کەلەمێژە دژ بە ئیسرائیل لە لێدان کەوتووە. لەپاڵ ئەویشدا سودانی دوێنێی ئیسلامی و دۆستی ئەمڕۆی ئیسرائیل، تا دەگاتە ئیمارات و قەتەر و سعودیەش دڵی بۆ ئیسرائیلی ئامۆزا لێدەدا. سوننەکانی عێراقیش، تازە بەتازە بەئاگا دێن و دێن لەو کوردستانەی تا دوێنێ بەبەشێك لە ئیسرائیلییان دەزانی و جینۆسایدییان تیادا ئەنجام دەدا، ئێستا کۆنگرەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیلی تیادا دەبەستن. لەسەر ئەو بنەمایەش، عەرەب و موسوڵمانەکان چۆن دەیانەوێت ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن، دەبێ بەهەمان قەبارەش واز لە داگیرکردنی کوردستان بێنن.


یۆڤال نوا حەراری، لە وتارێکی دا دەڵێت: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی رووبەر و ئابووری و سەرچاوە سروشتییەکانەوە، بەزیادەوە بەشی هەموو ئەو خەڵکە دەکات کە لەو ناوچانەدا دەژین بە عەرەب و جووەکانەوە، بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە، ئەو "چیڕۆکانەن کە باوەڕییان پێی هێناوە"، کە بریتییە لە عەرەبیزم و زایۆنیزم و ئیسلامیزم. بەو مانایەی ڕێژەی هەرە زۆری ئیسرائیلییەکان هەر خەڵكی وڵاتانی عەرەبین، ئەگەر ئاین و ناسیۆنالیزم جیایان نەکاتەوە، دەتوانن بە ئاشتی بەیەکەوە بژین. لەو سۆنگەیەشەوە، واپێدەچێت عەرەبی سوننەی عێراقیش لەوە تێگەیشتبن کە پێویستییان بە ئیسرائیلە لەبەرامبەر ئەو هێزە زەبەلاحەی ملیشیاکان و ئێران و شیعیزم. واپێدەچێت لەوە تێگەیشتبن، ئەو چیرۆکانەی جیایان دەکاتەوە دوو چیرۆکی مێژوویی وەهمین.

بەکورتی، بەشێکی زۆری عەرەبەکان ئێستا لەوە تێدەگەن دەکرێت لەگەڵ جووەکان بەیەکەوە بژین، بۆیە پێویست ناکات کورد یا حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو کۆنگرەیە خۆی پیاو خراپ بکات و ببێت بە کوچکێك لە ئاگر گەرمتر لەدژی ئیسرائیل. لەبەر سێ هۆ:
یەکەمییان، ئەوە چەندەمین کۆبوونەوەی لەو جۆرەی نێوان سوننەی عەرەبی عێراق و ئیسرائیلییەکان لە ئیمارات و قەتەر بەڕێوە بچن، بەغداش نەبای هاتووە نە باران. بەڵام چونکە ئەوەیان لەهەولێر بووە، هەموویان هاتوونەتە سەر خەت.
دووەمیشییان: لەو جۆرە کێشە و ئاریشانەدا، حەقە حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی واقیعییانە پێڕەو بکات و نەکەوێتە ناو سیاسەتی ئایدیۆلۆژیانەی تۆپیوی عروبە.
سێیەمیش: ئەگەر بەغدا ڕاست دەکات، با ئەو هەموو سەدان هەزار عەرەبەی لەهەرێم دەژین بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانییان ئاسایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕوو لە ئیسرائیل نەبن لەبەرامبەر ئەو دەیان هەزار چەکدارەی میلیشیاکان و هەژموونی تائیفەگەری لە عێراق.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×