بۆ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: ئەگەر 'سیدة الرئیس'ی یەکێتییش بیت!

شه‌ریف عەلی
  2021-09-29     1925
ڕۆژانە ھێندەی کاتم ھەبێت گوێ لە ھەواڵەكان دەگرم. ھەمو ڕۆژێک تۆ چەند بارەی دەکەیتەوەو دەڵێیت: ''ئیتر دژی بەرپرسی نابەرپرس دەبم و، دژ بە ھەر بەرپرسێک دەوەستمەوە کە یاسا پێشێل بکات و، دەبێت ئیتر یاسا سەروەر بکرێت!''. 


لە ڕوی دەربڕینەوە، وتنەوەی ئەو ئاماژانەی سەرەوەت: گونجاوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کەمێک بە کردەوە وابیت!
ـ
لە ململانێی تۆ و خوشکەزاکانت لە لایەک و، لاھور و براکانی لەلایەکی تر، ئاگادارم. تا ئێستا ھاوکێشەکە بە قازانجی تەکەتولی تۆ و خوشکەزاکانت بوە. لە داھاتودا چی ڕودەدات: ئەوە مەسەلەیەکی ترە. بەڵام گرنگ ئەوەیە لەم ساتەدا تۆ خاوەن دەسەڵاتی ڕەھای یەکێتییت. ڕاستە «بە پلە» ئەندامی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییت. بەڵام «بەکردەوە» ڕۆڵی ھێرۆ ئیبراھیم دەبینیت، بەو مانایەی دەسەڵاتت زیاترە لە دەسەڵاتی خوشکەزاکانیشت لە ھەرێمی یەکێتیی دا. واتە: ئێستا تۆ بەکردەوە سەرۆکی ھەرێمی یەکێتییت کە خەونی مێژینەییتانە!
ـ
ئەو چەند دێڕەی سەرەوە بۆ ئەوەبو، خوێنەر لێدوان و وتە ڕۆژانەییەکانت، لەگەڵ «بە کردەوە» دەسەڵاتی ڕەھای ئێستای تۆ لە ھەرێمی سەوز، پێکەوە گرێ بداو، بەراوردێکی نێوان وتەو کردەوەکانی تۆی پێ بکات!
ـ
ڕونە ھەفتەی ڕابردو، ئێوەی یەکێتیی لە بەردەم چەندان کەناڵی میدیایی دا، شەقکاری بەشێک لە مامۆستاکانی زانکۆی سلێمانیتان کرد. 
یەکێتیی-ئاسا بە دار و عەسای دەست، لە بەردەرگای کاک قوبادی ئێوەی سۆشیەڵ دیموکرات!! لە خوار مل و پەراسوەکانیانەوە تا ئەژنۆی چەندین مامۆستای زانکۆی سلێمانیتان، بریندار کرد!
مامۆستاکانی زانکۆی سلێمانی داوای ئەوەیان دەکرد وەک ئەو حەوت سەد مامۆستایەی زانکۆ کە زەوی تاپۆکراویان پێدراوە، ئەوانیش بێبەش و بێ ماف نەکرێن و، جیاکاری نەکرێت!!!
ـ
جیاوازی نێوان ئێوەو پارتیی بەرانبەر مامۆستایان ئەوەیە: پارتیی لە دەموچاوی مامۆستایانی دەدا. بەڵام ئێوەی یەکێتیی لەبەر ئەوەی «سیاسەتزانن!!!!» بە عەسا دەتاندا لە خوار ملی مامۆستایانی زانکۆ تا سەر پێیان!! خۆ ئەوەش جۆرێکی ترە لە داھێنانی سۆشیەڵ دیموکراتیزمی یەکێتیی!! بۆ ئەوەی لێدانەکە بە ڕوی مامۆستاکانی زانکۆوە دیار نەبێت! ئای لەو زیرەکییەتان!
ـ
ئەو ڕوداوە کە یەکێک لە سەروەرییەکانی تری ئێوە یەکێتیی بو، لە ناو نوسەران و مامۆستایان و کەسانێک کە پەرۆشی نەتەوەونیشتیمانەکەیانن، تێڕامانی لەسەر کرا. یەکێک لەو کەسانە من بوم!
ـ
بەڕاشکاویی و ڕاستگۆیانە پێت بڵێم: لە ناو ئەو ٤٥٥ مامۆستا مافخوراوەی زانکۆی سلێمانی بە تایبەت و، لە ناو خەڵکی سلێمانییش دا بە گشتی، دەنگۆیەک ھەیە کە ئەو ٨٢ دۆنم زەوییەی کە موڵکی زانکۆی سلێمانییە دراوە بە کۆمپانیایەک بە ناوی: کۆمپانیای دایک و، دەشوترێت: ئەو کۆمپانیایە ھی تۆیە!!
ـ
من نازانم ئایا کۆمپانیای دایک ھی تۆیە یاخود نا. ناشزانم بە پێی کام یاسا ئەو زەوییەی موڵکی زانکۆی پێ دراوە!! بەڵام بەپێی ڕاگەیەنراوی بەدواداچونی ھەفتەی پێشوی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان بێت، ئەو ٨٢ دۆنم زەوییەی موڵکی زانکۆی سلێمانی بە نایاسایی دراوە بەو کۆمپانیایە!!
ـ
ھەرچەندە، کاری نایاسایی لە ئێوەی بەرپرسانی کورد ناوەشێتەوە، چونکە ئێوە لە ''ئەیبرەھام لینکن، گاندی و، ماندێلا'' پاکتر و دڵسۆزترن و، گەر ئێوە نەبن: ئاسمان بەسەر کورددا دەڕوخێ، خۆر بەسەر ئاسمانی کوردستان دا دەتەقێتەوە، ئەستێرەکان دەکەونە خوارەوە، ڕوناکی کۆتایی دێ و، بۆ ھەمیشە تاریکیی نیشتیمان دادەپۆشێت. ھەربۆیەشە ئێوەی بەرپرسەکانی حیزبەکانی کورد و نەوەکانتان، نەک ھەر لە زەوییەکانی موڵکی زانکۆکانی کوردستان، بگرە لە ھەمو خاکی کوردستان و، لە تەواوی میللەتی کورد، پیرۆزتر و مەزنترن. چونکە ئێوە: بە توانای خۆتان پێگەشتون و، تەواوی خاکی کوردستانتان لە دەست داگیرکەران ڕزگار کردوە! چونکە ئێوە لە تورەمەی ئەستێرەکانی ئاسمانن و ئەرستۆکراتن و، میللەتیش کۆیلەی زەوین!
ـ
ئێستا بەڕێزت کە ڕۆژانە دەیانجار دەڵێیت: ''ئیتر دەبێت یاسا سەروەر بکرێ و، لە ھیچ بەرپرسێک نایاسایی قبوڵ ناکەن!''، و، بە کردەوەش: خاوەن دەسەڵاتی ڕەھای ھەرێمی سلێمانیت و، سیدة الرئیس ی 'خودا بتپارێزێ!'ی ھەرێمی یەکێتییت، چی دەڵێیت: لەسەر ئەم بابەتە کە زوڵمەو لە ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی سلێمانی کراوە!؟
ـ
ھەرچەندە، لە مێژوودا، کەسانێک ھەبون کاتێک بونەتە خاوەن دەسەڵاتی ڕەھا: بەکردەوەکانی پێشوی خۆیان دا چونەتەوە! 
بەڵام کوردیش دەڵێت: ''تەماح سەری پیاو دەخوات!''. کەوابو، چی دەبێت گەر لە بری ٨٢ دۆنم زەوی، سێ دۆنمێکی بدرێت بەو ٤٥٥ مامۆستایەی زانکۆ و وەک حەوت سەد ھاوڕێکەیان، ئەوانیش ھەمان مافی خۆیان وەربگرن و، جیاکاری نەکرێت. خۆ ھێشتا ھەر بە نزیکەی ٧٩ دۆنمێکیشی بۆ کۆمپانیاکە دەمێنێتەوە! 
یاخود، گەر مەبەستت بێت: نوێنەرەکانیان دەبینیی و بە پێنج خولەک ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەیت!
ـ
ڕاستە ئێستا تۆ «سیدة الرئیس»یت و دەسەڵاتی ڕەھات لە ھەرێمی یەکێتیی ھەیە. ڕاستە ئێستا ھەزاران پڕۆفیسۆری بڕوانامە حیزبیی و جەنەراڵی حیزبیی، لە چواردەورت دان! بەڵام لە یادت بێ: سێ مانگ لەمەوبەر لاھور و براکانی «سید الرئیس»ی ئەو دەڤەرە بون! وەک ئێستای تۆ ھەزاران لەو جۆرە پڕۆفیسۆر و جەنەراڵانە لە دەوری بون! واتە: ھاوکێشەی ژیان وایە کە دنیا دەوران دەورانەو، تا سەریش بۆ ئێوەی یەکێتیی و پارتیی، نابێت!
ـ
 ھەرچەندە ئەکرێ بەخێرایی وا لەم چەند دێڕەی من بگەیت کە دژ بە تۆیە. بەڵام ئەگەر تۆ و سەرکردەکانی حیزبەکەت کەمێک ھوشیارانە لێی تێ بگەن: ئەم چەند دێڕە بە قازانجی ئێوەیە!
ـ
حەقبێژیت دەوێ؟! گەر ئێوە و پارتیی بە سەدان وێبسایت و کەناڵی ڕاگەیاندنی تر بکەنەوەو، سەدان ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆی بڕوانامە حیزبیی و جەنەراڵی تر، بکڕن و، خەڵک ھان بدەن بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن، ھیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕدرێت کە میللەت بە چاوی خۆی دەیبینێ و، ئازاری پێ ئەچێژێ و، تا سەر میللەت ئەوەی پێ ھەرس ناکرێت!
ـ
بەیتێکی حاجی قادری کۆیی ھەیە، کە بەداخەوە د.بەرھەم لە ٢٠٠١ ەوە، ئەوە ڕێک بیست دانە ساڵە ھەر ئەو دێڕەی لەبەر کردوەو، ھەمیشە لە وتارەکانی دا دەیڵێتەوە. خۆزگە تەنیا یەکجار د.بەرھەم بەکردەوە ئەو بەیتەی حاجی قادری  لە خۆی دا جێبەجێ دەکردو، ڕاستگۆیانە 'نەک بە شێوەی کاتیی و لە پێناو پلەو بەرژەوەندی خودی'، بەرەی گەلی ھەڵدەبژارد. ئەو وتنەوەیەی د.بەرھەمیش وەک مەسەلەی 'یاساسەروەرکردنەکە' وایە کە تۆش ڕۆژانە دەیڵێتەوە! حاجی قادر دەڵێت:


مەرگ و ژین میسلی سێبەرو تاوە، 
 ئەوەی باقی بمێنێت ھەر ناوە !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×