خاڵی یەكبوون یان خاڵی لێكترازان

مامۆستا جەعفەر
  2021-10-09     409

بە درێژایی مێژووی گفتۆگۆی نێوان نوێنەرانی گەلی كورد  و رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا، ئەوان سەبارەت بە ناوچە كوردستانیەكانی  دەرەوەی قەوارەی  هەرێم ( كەركوك ، خانەقی ، شنگال.....تاد. ) بەرچاوروون و یەكدەست و یەك هەڵوێست بوون و ئێمەش سەرمان لە خۆمان تێكداوە!

ئەوان لەسەر هەولێر و سلێمانی و دهۆك ، لەم قۆناخەدا ، هیچ كێشەیەكیان نییە، ئەگەر هەر  داواكاریەك پێشكەش بكەن . ئەوان تەنیا ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنووری هەرێم  بە جەوهەری كێشەكان دادەنێن! 

زۆربەی سیاسی و سەركردە عەرەبە بڕیار بەدەستەكان ، ئەم ناوچانە بە خاكی پیرۆزی باوباپیرانیان دەزانن :  بەسەرزارەكی هەموویان نەفرەت لە سیاسەتی سەدام حسێن  دەكەن ،كەچی بە دڵ و بە گیان پشتیوانی لە سیاسەتی : دێهاتی كورد چۆڵ كردن و بەعەرەبكردن و پاكتاوی نەژادی پەیڕەوی دەكەن. ئامادەی سادەترین سازشكاری و سازان و لێكتێگەیشتنێك نیین.

 ئەی سیاسەتی كوردی پاش ٢٠٠٣ چۆن بووە ؟
كاتێك تەرازوی هێزی سیاسی و دبلۆماسی و عەسكەری بەقازانجی كورد شكایەوە ، دەنووك لەسەر (چی) دانرا؟
 ساڵی ١٩٧٠ شاندی كوردستان  پێداگری تەنیا لەسەر كەركوك كرد.
ساڵی ١٩٧٤ بەهەمان شێوە لەسەر هەموو خاڵەكان رێكەوتن ، شاندی كوردستان ، لەسەر ئەوە رازی نەبوو ، كەركوك بە هاوبەشی ئیدارە بكرێت ...

هێزە سیاسیەكانی كوردستان پێویستە سەرلەنوێ لەسەر  یەك خاڵ یەكبگرن : ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنووری  هەرێم بۆ سەر هەرێم بگەڕێتەوە . 

یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی ،  دەبێ لە سەر ئازادكردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بێت ، نەك دابەشكردنی پلە و پۆست بێت لە بەغدا. با هێزە براوەكان ، زۆربەی  پلە و پۆستەكان ، رادەستی ژمارەیەك كەسایەتی تەكنۆكرات بكەن و خۆیان تەنیا بەدواداچوون بۆ جێبەجێ كردنی پلان و بەرنامەی هەڵوەشاندنەوە  سیاسەتی شۆڤینی و  فاشی رژێمی پێشوو بكەن ، كە تائەمڕۆش  لە كەركوك و خانەقی  و شنگال و مەندەلی و.. پەیڕەوی دەكرێت

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×