گەنج‌و لاوانی هەرێم هاوارێکن کەس نایبیستێ

نەوزاد جەمال
  2021-10-09     513

نەوزاد جەمال


ڕۆژانە لەسەر شەقام و بۆنەو شوێنەگشتی و هۆڵی وەرزش یان زانکۆ و قوتابخانەکانەوە، رووبەڕوو لەگەڵ گەنجە تازەپێگەشتووەکاندا دەمەتەقێ دەکەم. بەڕووخسار و زمانی جەستەیاندا بێزاری، توڕەیی و نیگەرانی لەکاربەدەستان ڕەنگدەداتەوە. لەنیگاو دەنگیاندا نائومێدی لە دۆخەکە دەخوێنمەوە.


دواجار، کۆچکردنی بەکۆمەڵی گەنجولاوان دەبێتە ڕۆژەڤی میدیاو قسەوباسی خێزان و ماڵەکان. ئێمە لەبەردەم لێشاوێکی سەرهەڵگرتن یان سەفەربەرێکی(سەردوەختی جەنگی جیهانی یەکەم و دەسەڵات عوسمانی و رووس بەزۆرەملێ و پیاوانیان دەکردە ئامرازی شەڕ) ترداین. بێدەنگانە رۆژانە سەدان گەنج ئاودیوی "چارەنووسی نادیار" دەبن. ئەوان، بۆ خۆشی و ڕابواردن ناڕۆن، بەڵکو لە بەدبەختی و خراپی گوزەرانیان هەڵدێن.
ئاخر، کێ هەیە بپرسێت بۆچی ئەم گەنجان ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە؟ لەم وڵاتەدا بەرپرسی بەرپرسیار هەیە پرسیارێکی وابکات؟ سەرتان لە گەنجەکان شێواندووە. تۆمەتباریان دەکەن بەوەی ئینتمایان بۆ نیشتمان نەماوە. ئەوان لەنیشتنمانێکدان بە بەرچاویانەوە کڕینونفرۆشتنی پێوەدەکرێت. ئەگەر هیچ گەرەنتی گوزەرانی شیاونەبێت، ئینتما جگەلە دروشمێکی خۆهەڵخەڵەتێنەر چییە؟ کێ کەمێک ئەقڵی لەسەردابێ، خۆی دەکاتە قوربانی ئاغاگەلێک کە لەپاڵەوە سامانی ئەم وڵاتە دەبەن و خەڵکیش بەنۆکەر دەبینین؟
من ڕۆیشتنی گەنجان بە 'ئاکت'-کردە-ی ڕەتکردنەوەو ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتەکان دەبینم. ئەوان لەپێناو باشترکردنی ژیانیان، خۆبەئاوادا دەدەن. پێویستە، ئەو دیدە سەقەت و کۆنەباوە قسە لە کۆچکردنی گەنجان دەکات فڕێدەین کە گەنجان تاوانباردەکات کە هیچیان لەباردا نییەو پێناکرێت، بۆیە ڕادەکەن.
نەخێر، خۆخستنە مەترسییەوە بەڵگەی زیندووە کە ئەوان ژیانی باشتریان دەوێ. شەڕ بۆ ئێستاو داهاتوای خێزان و کەسوکاریان دەکەن. چیتر نایانەوێ وەک نەوەکانی پێشتر، دەستەوسانبن و تەسلمیی یاریکردن بە قەدەرو چارەنووسیان بکرێت. لەکاتێکدا ئێوەی کاربەدەست و بەرپرسی حزبەکان، رابوردووتان شێواند، ئێستاتان وێرانکرد، خەریکە داهاتووشمان لێدەبەن. چونکە، لەئێستاوە ڕۆڵەو نەوەکانتان بۆ داگیرکردنی داهاتوومان ئامادەدەکەن.
 گەنج ناوێکە بۆ چالاکی نەک پاسیڤێتی. ئاماژەیە بۆ ڕەتکردنەوەو زیندوویەتی و بوێری نا بەڕووی  دەسەڵاتداراندا. بەڕۆیشتنی گەنجان بەجۆرێک وەستانەوەیەکە دژ بە ستەم، دیلکردن و خنکاندنی دەنگەکان و دەستبەسەرکردن و دەمکوتکردن و زیندانیکردنی بەردەوام.
ئاخر، لەوڵاتێکدا مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین نەک هەر لە گۆڕەپانی شارەکاندا بڤەیە، بەڵکو لەتۆەڕەکۆمەڵایەتیەکانیشدا قەدەخەیە. ئیتر، بۆ بەگەنجان دەڵێن مەڕۆن! دەتانەوێ گەنجان وەک قوڕی نێودەستتان کەرەسەو ئامرازی شەڕەکانتان بن. لەناکۆکی بەرژەوەندیخوازانەتاندا بەناوی کوردایەتی و کوردستانەوە بەکوشتیان بدەن. یان چۆنتان بوێت بێئیرادەو بێمێشکیان بکەن تاسەرتان بۆ نەوی بکەن. یان بە بەڵێنی فێڵاوی دەنگتان پێبدەن. یان شەوانە لەکەناری شەقامەکان بیرەخراپەکانتان بخۆنەوەو بەجگەرەکوشندەو نێرگەلە تریاکاوییەکانەوە بێهۆش سەربنێنەوە.
گەنجێک لەوڵاتێکدا کە هەموو کەرت و بوارێکی قۆرخکرابێ، چ ئاسۆیەکی بۆ ژیانی شکۆمەندان دەبینێت؟ هەر لە گردو شاخ و دۆڵ و بێستان و هاوینەهەوارەوە تا پۆشاک و خۆراک و دەرمان و ئاسمانیشتان داگیرکردووە. ئیتر ئەوێکی تازەپێگەیشتوو چۆن بەژینی دیلایەتی رازیبێت؟
تەنها لەکاتی دەنگداندا، ئەوانتان لەبیرە. ئاخر بەکۆکردنەوەی کۆمەڵە گەنجولاوێکی خزم و کەسی بەرپرس و دەستوپێوەندەکانتان، دەتانەوێ پیشانی بدەن چی بۆ گەنج دەکەن. بڕۆنە گوندو گەورەدێ و شارەدێ و شارۆچکەو شارەگەورەکانەوە، بزان رێژەی گەنجانی سەرهەڵگرتوو چەندە؟
لە هەواڵەکانی میدیادا تەنها ئەوەندە دەبیستین کە کۆمەڵێک خنکان یان گیریان خواردووە یان بێسەروشوێن بوونکە  ئەمە هەر نیوەی راستییەکانە. تراجیدیای سەرهەڵگرن و رۆیشتن بۆ ئەوروپا-لای من کە ئاکامێکی نادیارە- دیاردەیەکی کاتی و راگوزەر نییە.
بەداخەوە، بەرپرسەکانی حکومەت پێیانوایە، بەهەڵبژاردن یان هاتنی موچە، ئیتر چارەسەردەبێت. بەڵکو، کۆچ وەکچۆن دیاردەیەکی ڕەگداکوتاوە، ئاوەهاش کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی دەنگی ناڕەزایەتییە. ئایا، ئێوە درک بەو تراجیدیایە دەکەن کە جوانترین و گەورەترین سامانی نیشتمانی نەتەوەیتان لە دەستدەچێت؟
دەوترێ بەکارهێنێەرانی مادی هۆشبەر زیادیانکردووە. لەولاوشەە وڵاتتان لە نێرگەلە، لەمەشروبی پڕکراو لەڤۆلیم و هۆشبەر یان خواردنەوەی وزەبەخشتان پڕکردووە! هیچ دەروویەکتان نەهێشتۆتەوەو نەوەکانی خۆشتان بەئۆتۆمۆبیلی مۆدیل بەرز و گەشتوگەڕان و پەخشان و تەخشان سامان ڕادەبوێرن.
باسی هەڵکشانی رێژەی جیابوونەوە دەکەن. بەڵام ناپرسن جیابوونەوە ئەنجام و لێکەوتەی هۆکارگەلێکە نەک ئەوەی کەجیابوونەوە خۆی هۆکاری کێشەکان بێت. گەنجی تەمەن بیستساڵ یان سەرووتر کە زانکۆی تەواوکردبێت، نەکارێکی شیاو، نە شوێنی نیشتەجێبوونی هەیە. بەکرێکارێتی و شاگردێتی چۆن دەتوانی گوزەرانی خیزانێک دابینکات؟ ئاخر، پێداویستییەکانی خێزانێکی ئەمڕۆ بەخێزانێکی شوانکارەو کشتوکاڵی یان ڕەوەندو کۆچەری سەدەیەک لەمەوبەر بەراورد ناکریت.
پرسی گەنجان ئەوەندە تاڵە کە دڵئێشە دروستدەکات و کەسیش گوێ بەسۆیی دایکوباوکان نادات. هەژدەساڵ پەروەردەو بەخێوکردن، دواجار ڕۆڵەکەی دەبێتە خۆراکی مافیاو چەتەو ماسی دەریاو جەنگەڵکەکان.
منیش گەنجێکی هەژدەو نۆزدەبام، کۆڵەپشتم هەڵدەگرت و ملی رێمدەگرتەوە. بێئاوڕدانەوە کە چی بەجێدەمێنت، سەری خۆم هەڵدەگرت. بەڵام، خەفەت لەوەدەخۆم ئەورپا بە بەهەشتەکە دابنرێ و دوای گەیشتن پێت بەهۆی سووکایەتی و پەڕاوێزخستنەوە داڕوخێن. یان، خۆیان بەباشی نەزانن بۆ کوێ دەڕۆن، تەنها بیر لەوە بکەنەوە کە ئێرە بەجێبهێڵن.
 ئەو گەلەی گەورەترین سامان و گەوهەری خۆی (گەنجولاوەکانی) لەبیرکردبێت، دڵنیابە ئاکامی هەر تیاچوونە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×