کۆمەڵێک ڕاستی دوای هەڵبژاردن

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-10-12     453
-کەمترین ڕێژەی خەڵکی موستەحەق بە دەنگدان بەشدارییان کرد، واتە خەڵکی کوردستان گێل نیە و باوەڕی بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن نیە. ئەوانەشی بەشدارییان کردووە، زۆرینەیان سوودمەندبووی شەخصین. کچێکی گەنج ووتبووی “چۆن ئەو پەنجە و نینۆکە جوانانەم بە مەرەکەبی ئەو فاشلانە تێکئەدەم”.

-ژمارەیەکی کەم هێشتا پێیان وابووە ڕێکخراوێکی وەکو نەوەی نوێ دەتوانێت شتێک بکات بە شتێک، بۆیە لەسەر بنەمای گۆڕانکاری دەنگییان پێداوە، ئەمەش هەر زیندووییەتییە، هەبوونی خراپ نیە. من وەک خۆم کێشەم لەگەڵ نەوەی نوێ نیە، بەڵام دڵنییام سەرۆکەکەیان هیچی لە بارزانی و تاڵەبانییەکان زیاتر و کەمتر نیە، کتومت ئەوانن و خراپتریش.

-جەماوەری یەکێتیی لەسەر ئەو بەزم و ڕەزمە ناوخۆییە و ئەو بێنەوبەردە شەخصی و خێزانییە، سزای لیستی یەکێتییان داوە و دەنگییان پێنەداوە. کەواتە جەماوەری یەکێتی خەڵکی زیندوو و هۆشیارن. گەر بافڵ و قوباد دەیانەوێت یەکێتی بکەنەوە بە یەکێتییەکەی مام جەلال، دەبێت بە زووترین کات لەگەڵ ئامۆزا لاهوڕیان ئاشت ببنەوە و سەرۆکایەتی یەکێتی بدەنەوە دەستی، چونکە جەماوەری یەکێتی لە کۆنگرە ئەوی وەکو سەرۆک پەسەند کردووە.

-جاران گۆڕانێک هەبوو گەل بە لێشاو دەنگ و متمانەی پێبەخشی، بە خۆشمەوە، بەڵام ئەمجارە وەکو کەفەژیلکە توایەوە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەلی کورد بە دوای گۆڕانکاری ڕاستەقیینەوەیە، زانییان بزوتنەوەی باوکی هەژاران لە ڕاستییدا بزوتنەوەی گۆچانبەدەستێک و دوو براکەیە (قاسم و دارامەندەر) بۆیە سزای گەورەیان دا. گەل دەتوانێت دز فەرامۆش بکات و حیسابی بۆ نەکات، بەڵام هەرگیز لە ساختەچی و دەستبڕ خۆش نابێت.

-کۆمەڵێک کەس بە زەبری تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی و شاسوار و بە کۆڵی سیستمی کۆتا جاری پێشوو چوونە پەرلەمان، بەڵام ئەمجارە بە هەموویان هەزار دەنگییان نەهێناوە، بە کاندیدە بەناو سەربەخۆکانی تەڤگەریشەوە کە خودی پەکەکە پشتیوانی لێنەکردن.

-جەماوەری پارتی کۆمەڵێک خەڵکی چەقبەستوو، تێر و پڕ و مورتاحن، هەموو دنیا ببێت بە حیزب ئەوان هەر دەنگییان بۆ پارتییە، کۆمەڵێک خەڵکی تازەش کەوتنە ژێر سیحری “هەموومان پارتی بونێک قەرزدارین” تێکەوتن و دەنگییان بە پارتی دا.

-پەکەکە و کەجەکە لە گۆترەکارییەکەیاندا هەڵەی گەورەیان کرد و یەکێتی ئەوەنەبوو ئەوان دەهۆڵی بۆ بکوتن و دەنگی بۆ کۆبکەنەوە، باشتر بوو دەنگ بۆ ئەو دوو سێ داماوەی تەڤگەر کۆبکەنەوە کە سەریان پێتاشین و ئاوێنەکەشیان دایە دەستییان.

-ئێزیدییەکان و شەنگالییەکان خەڵکێکی مۆدێرن و بە ئەمەک نین، ناتوانن لەگەڵ بارودۆخدا بگۆڕێن و حەقی حەقدار نادەن، پارتی کاتی خۆی بۆ داعشی بەجێهێشتن و بە هەزارانیان تیاچوون، پەکەکە فریایان کەوت و لە ئیبادەی جەماعی ڕزگاریکردن، کەچی هێشتا دەنگی ئەوان بۆ پارتییە و مەحما خەلیلیان هەڵبژاردووەتەوە، پارتەکەی خۆشیان ‘پادێ’ بە قەدەر گۆڕانی دووبراکەش دەنگی نەهێناوە.

-ڕاستە گەلی کورد زۆرینەی موسڵمانە و ڕۆژی پێنج جار نوێژ دەکەن و ڕەمەزانیش بە ڕۆژوو دەبن، بەڵام گەلێکە چەقبەستوویی ئایینی سیاسیی تێپەڕ کردووە و هەرگیز هیچ حیزبێکی ئیسلامی ناکات بە سەردار و سەروەری خۆی. نەک کۆمەڵی دادگەری، هەر ناوێکی تر لە خۆیان بنێن، خەڵک دەنگییان پێنادات، چونکە دەیانناسن و دەزانن لە ژێر ئەو هەموو پەردە و غیلافەوە، کۆمەڵێک داعش مەزهەب و فیکر خۆیان مت کردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×