هەڵبژاردن تەواو بوو ئەی ئێستا چی؟

دانا میرزا ڕەفیق
  2021-10-15     634
لەم جۆرە وڵاتانە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کارێکی ئاسانە، بەڵام قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن کارێکی ئاسان نیە و زۆرجار نەتیجەکەی هەر قبوڵناکرێ. بۆ نمونە هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەللاوی کورسی باشی نەهێناوە، نەتیجەی هەڵبژاردنی قبوڵ نیەو دەڵێ تەزویر زۆرکراوە. لەمە خراپتر هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری نەک تەنها قبوڵی نیە دەڵێ بە هێزەوە مامەڵە دەکەین. ئیدی ئەمە عەقڵیەتی سیاسی عێراقە. دەبێت چاوەڕێی چی بیت؟!!!


چەند خاڵێک لە سەر هەندێک لە لایەنەکان:


1) ڕەوتی سەدر توانی پلەی یەکەم بە دەست بهێنێت. خەڵک متمانەی پێداون و دەبێت خۆیان حوکمەت پێکبهێنن. گەر ئەم کارە نەکەن ئەوە هەڵەیەکی گەورەیەو بێئومێدکردنی دەنگدەرانیانە و خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی. ئەمانە لەسەر کەس ماڵ نین. نەسەر بە ئێرانن نە سەر بە ئەمەریکان. ڕەنگە ئەوە یەک لە هۆکارە سەرەکیەکان بێت کە وای لە خەڵک کردبێ دەنگ بدەن بە سەدریەکان. سەدریەکان ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان. بەڵێنی قورسیان داوە  یەک لەوانە (تەنها چەک لە دەستی حوکمەتددا بێت). ئەگەر ئەم کارە بکەن و بتوانن تەواوی چەکدارەکان چەک بکەن ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆیان. بەڵام ئەمە کارێکی زۆر قورس دەبێت، وە ئەگەریشی زۆرە کە شەڕ دروست ببێت. سەرکەوتن گرنگ نیە دەبێت بزانی چۆن تەعامول لە گەڵ سەرکەوتن دەکەیت تاوەکو بتوانیت ئەوەی بەدەستت هانیوە لە دەستی نەدەیت و لە داهاتودا دەنگ و کورسی زیاتر بەدەست بهێنیت. پێم وایە دەستیان داوەتە بەردێک کە توانای هەڵگرتنیان نیە. چونکی هەر لە ئێستاوە چەقۆیان دەرهێناوەو زمانی زبر بەکار دەهێنن. موقتەدا سەدر دەڵێ (ستەملێکراو بە سەر ستەمکاردا سەرکەوت). لەم کاتەدا ئەم جۆرە لێدوانانە باش نیە.


2) مالیکی و سەرکردەکانی حیزبی دەعوە هەناسە بڕکێیانە، لە 2003 وە زیاتر ئەمانە حوکمی عێراق دەکەن. ئێستا بۆ ئەمان زۆر قورسە کە واز لە دەسەڵات بهێنن. سەرکردەکانی دەعوە ئەوە باش دەزانن گەر لە دەسەڵات دوور کەوتیتەوە زۆر بەزحمەت دەگەڕێتەوە. لەم کاتەدا ئەمە سروشتی ئەم ناوچەیەیە. بە شوێن ڕێگا چارەیەکدا دەگەڕێن. پێم وایە هەوڵەکانیان نەزۆک دەبێت گەر سەدرییەکان عاقڵ بن. 


3) هاوپەیمانی فەتح (حەشدی شەعبی)، ئەمانە لە مالیکی (دەوڵەتی یاسا) زیاتر تەنگەتاو بوون. (فەتح - سەدر ) چەقۆ لەیەک دەسون، هەموو هەوڵێک ئەدەن، بگرە هەموو تەنازولێکیش ئەکەن بۆ ئەوەی سەدریەکان نەتوانن حوکمەت دروست بکەن. 


4) هاوپەیمانی تەقدوم (محمد حەلبووسی) توانیان 38 کورسی بەدەست بهێنن. سونەکان ئەم جارە بەهێزتر دەرئەکەون، بە تایبەتی ئێستا کە ماڵی شیعە پەرت و بڵاوە. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هەوڵی ئەوە نادەن لە گەڵ لایەنەکانی دی هاوپەیمانی دروست بکەن بۆ ئەوەی سەرۆکی حوکمەت لای ئەمان بێت چونکی ئەمە شتێکە کە نابێت (Not possible).


5) پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی هێناوە. ئەمە ژمارەیەکی دیارە لە عێراق. دەتوانرێت سودی باشی لێببینرێت. هەندی کەس دەڵێن نابێت هێلکەکانت بخەیتە نێو یەک باسکێتەوە. تۆ ناتوانیت لە هەموو بارودۆخێکدا ئەمە بە کاربهێنیت. گەر پارتی دیموکراتی کوردستان قورسای تەواوی خۆی بخاتە لایەک بۆ نمونە سەدریەکان و ببێتە شەریکی ڕاستەقینە لە حوکمەت، ئەوە من هیچ کێشەیەک نابینم لەوەدا. لە دوای ڕوخانی سەدامەوە کورد بە گشتی هێلکەکانی نەخستوەتە یەک باسکێتەوە وەکو بینیمان بە خراپ هانیویەتی و هێلکەکانی شکاوون. گەر بڵێم هیچیان بە ساغی دەرنەچوون زیادە ڕۆی تیا نیە. هەم شیعەیان گرتبوو بە نیوەناچڵی هەم سونەشیان گرتبوو بە نیوە ناچڵی. 


6) یەکیەتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو کۆمەڵ هیچ کامیان بە تەنها ناتوانن دەورێکی ئەوتۆیان هەبێت. بە تایبەتی یەکگرتوو کۆمەڵ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×