سێ شوێن

هاوکار حسێن
  2021-10-21     576
مەحوی وتەنی، هەندێکجار "خەیاڵی پوچی دونیا" وەها دڵ و دەماغی ئینسان دەپێچێت، قەدر و قیمەتی بڕێک لەو سەروەتە مەعنەویانەی بیردەچێتەوە کە بە هیچ دراو و درهەمێک چنگناکەون. پێموایە سێ شوێن هەن کە لازمە جارجار مرۆڤ بۆ چەند خولەکێک سەردانیان بکات، تا بیریبکەوێتەوە چەند بەختەوەرە، لێ بەخۆی نەزانیوە. بەڵێ سێ شوێن:
زیندان
کاتێک دەبینیت ئینسانێک لەناو ژورێکی تاریک و تەنگەبەردا رۆژ، هەفتە، مانگ و ساڵ بەڕێدەکات، کە زیندانییەک دەبینیت بە قاتێکی خەتخەتەوە لەو دیو ژورە شیشبەندەکەوە دانیشتوە و هەمو سپەیس و دونیاکەی روبەرێکی سێ بەچوارە، کاتێک هەستدەکەیت لەشوێنێکیت زەمەنیش دەبێتە یەک رەنگ، ئاخر یەکێک لەشتە هەرە ناخۆشەکانی زیندان ئەوەیە کە تێیدا کات هیچ قیمەتێکی نامێنێت، هەڵبەزودابەزی نامێنێت و دەبێتە راستەهێڵێکی درێژی تاقەتپڕوکێن. ئیدی گرنگ نیە شەوە یان رۆژ، شەممەیە یان پێنج شەممە، چونکە دیمەنی پێشچاوی تۆ هەر تەختەخەوێک و چوار لادیوارەکەیە، بۆیە کە دێیتەدەر لە زیندان، یەکسەر بە خۆت دەڵێیت: "خودا شکور، کە دەتوانم بەو شەقامە پانوبەرینانەدا بڕۆم، لەم شار بچمە ئەو شار، کەی لە ماڵ بێمەدەر و کەی بڕۆمەوە".
نەخۆشخانە
ئەو لەحەزەیەی سەر بەقاوشی نەخۆشخانەیەکدا دەکەیت و بۆنی دیتۆڵێکی تیژ پێشوازیت لێدەکات، ئەو کاتەی تەپەتەپی پێی پزیشکێک و تیمەکەی بەر گوێت دەکەوێ کە بیمارێک بەناڵەناڵ لەسەر قەڕەوێڵەیەک بەکێشدەکەن، ئەو کاتەی نەخۆشێک دەبینیت لەسەر قەرەوێڵەیەک بە رەنگێکی هەڵبزڕکاوەوە پاڵکەوتوەو چاوە ماتەکانی بڕیونەتە بنقوژبنی سەقفی ژورەکەی، ئەوەی تەنیشتیشی لەتاو ئازار هەر دەڵێت: "پاڵمخەنەوە، راستمکەنەوە"، هەر لەوێدا بیرتدێتەوە کە تۆ چەکێکی وەها بەقیمەتت لە بەرگدایە، سەربەسەر هەمو دراوی نەختینەی بانکی دەولی دێنێت: چەکی لەشساغی. کاتێک دێیتەدەرەوە بەخۆت دەڵێیت: "خودا شکور کە هێشتا بە پێیەکانم دەڕۆم و شەو بەبێ ئازار سەر دەخەمەسەر سەرین".
گۆڕستان
ئەگەر ژیان گەمەیەکی ئیجباری بێت و هەموان درفەتێکیان هەبێت بۆئەوەی وازیی خۆیانی تێدابکەن، ئەوا گۆڕستان شوێنی ئەوانەن کە بەهەر هۆیەک بێت لە یارییەکە کراونەتە دەرەوە. جا داماو ئەو کەسە نیە کە چۆن و لە کوێ ئەژیت، ئەوانەن کە کراونەتە دەرەوە، هەر دەبێت واش بێت، چونکە یاریگاکە پڕدەبێ. لاموایە سەردانی گۆڕستان بۆئەوە نیە دەستبەرداری ژیان بین، بۆئەوەیە دەست بەژیانەوە بگرین بەو جۆرەی هەرکەس دەیەوێت، کاتێک دەچیتە گۆڕستان و ئەو حەشاماتە دەبینیت بێدەنگ لەژێر زەویدا پاڵکەوتون، جارێکی دیکە بۆیان نیە سەر بەدەرگای ژیاندا بکەنەوە، بەخۆت دەڵێیت: "خودا شکور کە هێشتا هەناسەدەدەم".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×