قسەیەک لەبارەی موڵک‌و ماڵی گۆڕان‌و موڵک‌و ماڵی کاک نەوشیروانەوە

دییە عەلی
  2021-10-22     832
لەدوای ژیانئاوایی نەوشیروان مستەفا دواتر تاپۆکردنی گردی زەرگەتە و کۆمپانیای وشە، یان گواستنەوەی ئەموالی مەنقولە و غەیر مەنقولە بۆ سەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا باس و خواسێکی زۆری لەسەرکرا، بەڕادەیەک کە بوەهۆی ئەوەی کە هەندێک لە سەرکردەکانی گۆڕان هەڵوێست وەرگرن لەبەرامبەر بزوتنەوەکەدا وە هەندێکیشیان ڕازی بوون بەو واقیعەی کە تێیدا بوون و درێژەیان بە کار و بەرنامەی خۆیاندا تا ئەمڕۆ.

زۆر گرنگە مرۆڤ واقعی بێت لە دنیادا و سیاسەتکردن واتە واقعی بوون و خۆ دوورگرتن لە خەیاڵ و فەنتازیا، بۆیە کاتێک قسە لەسەر موڵک و ماڵی نەوشیروان مستەفا یان موڵک و ماڵی گۆڕان ئەکرێت پێویستە ئاگاداری هەندێ شت بین،کە زۆر کەس ڕۆژانە بە نائاگایی یان بە مەبەست ئەم دووانە تێکەڵ ئەکات بەیەکدا بەجۆرێک بابەتەکە ئەترشێنێت کە خۆشی نازانێت چی ئەوێت و دەیەوێ بەچی بگات، تەنها ئەو ئامانجە نەبێت کە لە خەیاڵی خۆیدا دایناوە بەبێ ئەوەی حەقیقەتی بۆ گرنگبێ.

دەبێت هەموومان بزانین پێش دروستبوونی گۆڕان نەوشیروان مستەفا گردی زەرگەتەی وەرگرتووە و وە مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆ و هتد. وەرگرتووە لەگەڵ 10 ملیۆن دۆلار لە مام جەلال، ئەمانە هیچ پەیوەندیەکیان بەگۆڕانەوە نییە وەک حزب، بەڵکو پەیوەندییان بەپرۆسەی گۆڕانکارییەوە هەیە.
کاک عومەری سەید عەلیش لەم بارەیەوە هەمان ڕەئی هەبووە، شتێک کە گرنگە هەموان بیزانن ئەوەیە لەدوای دروستبوونی گۆڕانەوە، کۆمەڵێک خانووی کڕاوە کە وەک بارەگا یان مەکۆ بەکار هاتووە، هەمووی بەناوی گۆڕانەوەیە نەوشیروان مستەفا یان کۆمپانیای وشە.
بۆ نمونە مەکۆی گۆڕان لە چەمچەماڵ هەروەها مەکۆی هەولێر چەندینی تر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، ئەوانە هەر بەناوی گۆڕانەوەیە و کەس مافی نەبووە بیکات بەناوی خۆیەوە.

ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا چۆن کۆمپانیای وشە، کە خاوەندارێتی زۆربەی موڵک و ماڵەکانی نەوشیروان مستەفای دەکرد کرا بەناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە(چیا و نما).
بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە پێویستمان بەوتی وتی کاک فڵان و کاک فیسار نییە، بەو هەمووە چیرۆکەش نییە کەلێرەولەوێ بەناوی نەوشیروان مستەفاوە بڵاوکرایەوە یان دەکرێتەوە.
بەڵکو پێویستمان بەکەمێ بیرکردنەوە و لۆژیک هەیە، چونکە دەبێ لەخۆمان بپرسین ئایا نەوشیروان مستەفا کتوپڕ مرد؟ ئایا نەوشیروان مستەفا لەقانونی میرات شارەزا نەبوو؟
وەڵامی دروست ئەوەیە نەوشیروان مستەفا دووساڵ پێشتر پێیان وتبوو کەنەخۆشیەکەی بەتەواوەتی تەشەنەی سەندووە و بەرەو کۆتایی هەنگاو دەنێ. هەروەها بەتەواوەتیش شارەزای قانونی میرات بووە، ئەی کەوایە بۆچی ئەوکات کۆمپانیای وشەی نەکرد بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە؟
وەڵامەکەی دیارە، دەبێ هەموومان دانبەوەدابنێین خاوەندارێتی کۆمپانیای وشە، کەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا چووەسەر کوڕەکانی ویستی نەوشیروان مستەفا خۆی بووە، ئێستاش شەڕفرۆشتن بەکوڕەکان کارێکی ناجوامێرانەیە.
چونکە ئەوە ویستی نەوشیروان مستەفا بووە، ئیتر تۆ بەباشی دەزانی یان خراپ ئازادیت.
بیرمان نەچێت، ئەوە ئاماژەی گرنگە بەوەی کەنەوشیروان مستەفا متمانەی بەهاوڕێکانی نەبووە و ترسی ئەوەی هەبوو، لە غیابی خۆیدا گردی زەرگەتە (مەکۆی سەرەکی گۆڕان) دابەشبکەن یان بیفرۆشن، بۆیە هەتا کۆچی دوایکرد، ئامادەنەبوو کۆمپانیای وشە بکات بەناوی گۆڕانەوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×