پەیڤێك بۆ چلەی فوئادە رەش

د. رەئوف عوسمان
  2021-10-24     1200
پتر لە چل رۆژە تێكۆشەرێكی گومناوی ئەم شارە خڵتانی خوێن كرا و تا ئێستاش چۆنێتی مردنەكەی بە پەردەپۆش كراوی و نەزانراوی جێ‌ هێڵراوە و ترس و بیمێك دایپۆشیوە!!
لە هەر شوێنێك لەم دەڤەرەدا، برسێتی، نەخوێندەواری، مەزڵومیەت سەری دەرهێنا بێت، ئەم فوئادە لەوێ‌ بوە و زۆر بە بێدەنگی كاری تیا كردوە و عەدالەت و ئازادی خواهی بۆ خواستوە.
فوئاد لە سۆلیدارێتیەكەیدا چی بۆ ئەم خەڵكە نەكرد؟
جارێك قوتابخانە داڕوخاوەكانی چاك دەكردەوە بۆ مناڵە روتەڵە دێهاتیەكان، بۆ ئەوەی ئەمانیش وەكو باوكیان بێ‌ سەواد نەبن، چونكە لای ئەم، نەخوێندەواری ماكی دواكەوتنی میللەتە، فوئاد خەستەخانە داڕوخاوەكانی بۆ لادێكان دەخستەوە گەڕ، مەكینەی درومانی دەدایە كابانە هەتیوبار و رەشپۆشەكان بۆ كاركردن و پشت بەخۆ بەستن. لە خۆرئاوای كوردستاندا لە كۆبانی و شارە دێكاندا خولی كۆمپیوتەری بۆ دەكردنەوە و بە دەیان لاپ تۆپی بۆ پەیدا دەكردن.
فوئادە رەش لە نێو خێزانێكی تێكۆشەری سلێمانیدا چەكەرەی كرد و گەش بوەوە و چاوەكانی هەڵهێنا، هێند بە ئەسپایی و نهێنی كاری دەكرد كەس پەیی پێ‌ نەدەبرد، ئەو دوور بوو لە شاتەشات و خۆهەڵكێشان و شۆڕشگێڕێتی موزەیەف، لە رۆژگارە تاریك و ئەنگوستە چاوەكانی سەردەمی بەعسا، فوئاد چرایەكی نێو ماڵە نهێنیەكانی شار بوو، سێبەرێكی خەستی زۆر چالاكی كار و راپەڕاندنی ئەركە قورسەكان بوو، فوئاد جێی متمانە و بڕوای هەموو ئەوانە بوو كە لە نزیكەوە دەیانناسی، هێند چاو نەترس بوو كۆی لە پاتە خۆر و سیخوڕەكان نەئەكرد. ئەم هەرگیز بە تەمای سوپاسنامە و بوخورد بۆ سوتاندن و پیاهەڵدانی كەس نەبوو، لەهەمان كاتیشدا منەتی بە هیچ خەڵكێكی باڵا دەست و بەرپرس نەبوو، دەزانن بۆ؟ چونكە خۆی لە كەس بە كەمتر نەدەزانی و ماڵ و سامانی ئەم دنیایەش لای ئەو، ئەوەندە بایەخی هەبوو كە بیخاتە خزمەتی میللەتەوە، نەك ژمارەی بانكیی پێ‌ قەبە و زل كات!!
پێوانەی خەڵك و جووڵانەوەی مێژوو بۆ مرۆڤ، تەنیا و تەنیا، راستگۆیی، دڵسۆزی و خۆدوورگرتن لە سامان و پلە و پۆستی بێ‌ ئەنجامە. هەزار درود بۆ گیانی پاكی فوئادە رەشی مرۆڤ و تێكۆشەر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×