حكومەتی ژێر عەمامە

هەندرێن شێخ راغب
  2021-10-26     487
ئەمجارەش شیعەكان براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، تاكە جیاوازی ئەوەیە شیعەی عێراقی ئێرانی پاشەكشەی كردو شیعەی عێراقی تێكەڵە هاتە پێش. 

كوردو سونە هەریەكەو لەسەروی 60 كورسیان هێناوە، بەڵام مكۆم و یەكگرتوو نین، ئەمەش لەبەرژەوەندی شیعەیە. چوار ساڵی داهاتوو كێبەركێی كورد هەر لەگەڵ شیعەیە، تەنها یاریزانەكان گۆڕاون لەناو گۆڕەپان ئەگینا كاپتنەكە هەر یاریزانی سەرەكییە. كورد چوار ساڵی لەپێشە تاوەكو سیاسەتێكی تازە لەگەڵ شیعە تاقی بكاتەوە، چونكە هەشت ساڵی رابردوو بەرامبەر شیعە دۆڕا..وەك:

پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، بودجەی لەدەستدا، موچەی لەدەست دا..پێگەی بەهێزی هەرێمی لەدەستدا، خانەقین و دووزخورماتوو لە 51% خاكی لەدەستدا، شیعە زۆر خراپتر لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو جەلالی و مەلایی لەناو هەناوی كورد زیندوو كردەوە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017..هێشتاش حكومەتی دروست نەكردووە گوتی پێشمەرگە میلیشیایە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، ئەزانی مانای چی؟ مانای ئەوەی لەبەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ نەك نابێت باسی مافی دەستوری و حەقی پێشمەرگە بكەیت، بەڵكو چەكیشت دەكەم؟؟. 

لە پۆستی سەرۆك كۆمار، تاوەكو وەزارەت و ناو پەرلەمان، تەواوی نەخشەكە پێویستی بەوەیە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت. حكومەتی داهاتووی عێراقیش هەر لەژێر عەمامەی شیعە دروست دەكرێت، بەغدا نە كڵاوی سونەو نە جامانەی كوردی حوكمی ناكات، بەڵكو عەمامەی شیعە حوكمی دەكات. لەگەڵ شیعە بزانن چیتان دەوێت، چی دەكەن. 

دەرفەتێكی دیكە بۆ كورد شكستی ئێرانە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، چونكە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ شكستخواردوو شتێكەو لەگەڵ سەركەوتوو شتێكی دیكە، ئێمە دەزانین ئێران لە دەرگا كراوەتە دەرەوە، بەڵام لەحەوشەی ماڵ دەرنەكراوە، بۆیە لە پەنجەرەوە دێتەوە ژور. ئایا كورد چۆن هاوكاری باڵانسی ئێرانی دەكات لە بەغدا؟ ئایا كورد چۆن لەگەڵ ئەمریكای دوای هەڵبژاردن گفتوگۆ دەكات؟ 

هەر لە ئێستاوە كە حكومەتیش دروست نەبووە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەكی گرنگی لەسەر عێراق و پشتیوانی كردنی عێراق دەركرد، بۆیە دوای دروستبوونی حكومەتیش ئەم پشتیوانیە بەردەوام دەبێت، بۆیە كورد دەبێ بزانێت حكومەتی داهاتووی عێراق پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە. ئاسان نیە لێی یاخی بیت.

كورد نابێت خۆی بە كەم بزانێت، بەڵام نابێت عەمامەی سەر بەغداش بە كەم بگرێت، لە هەولێرەوە چۆن دەڕواتە بەغدا، گرنگترین شتی سیاسەتی كوردیە. لەهەولێر شەلە شەل بڕۆیت، درەنگ دەگەیت. كورد دۆسیەی سەخت چاوەڕێی دەكەن لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق یەكێك لە دۆسیە سەختەكان كشانەوەی ئەمریكایە لە عێراق، ئەگەر حزب و لایەنە كوردیەكان باش خوێندنەوەیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی عێراق نەبێت، دۆخی هەرێم سەقامگیر نابێت. بەتایبەت لە روی موچەو بودجەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×