قۆناغێکی نوێی گەمەکردن بەموعاناتی خەڵک

سۆران عومه‌ر
  2021-11-05     571
دەستورو کۆمسیۆن و ھەڵبژاردن
سەرۆکایەتی پەرلەمان - کەلاوازترین کاراکتەری ناو حزبەکانیان- لەسەر دەستی ئەوان پەرلەمان بێ ئەرزش تر کراوە، حەوت ساڵە حکومەت لەدەرەوەی یاسای بودجە دەیان ملیار دۆلاری خەرج کردووە، لەم کابینەدا تەنانەت دروست کردنی تەوالێتی قوتابخانەش ھەر لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەتە، وەک بڵێی داھاتی ئەم ھەرێمە موڵکی باوکیان بێ و بەمنەت دەیبەخشن بەخەڵک، لەکاتێک دا نیوە زیارتی داھاتی خەڵک دەبەن بۆ خۆیان! 
ئێستە ئەم پەرلەمانە ھاتووە دەستورمان بۆ دەرکات و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن دەسکاری بکات و دوو بەناوی مەسیحی و تورکمانیش زیاد بکات بۆ کۆمیسیاران و ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن!
- مەسەلەی دەستور کەپارتی دەیەوێ بینوسێتەوە بۆ بەھێزترکردنی پێگەی قۆرخکاریی حوکمڕانێتیەکەیەتی کەلەسایەی دا ھەژاری و تاڵانی زیادی کردووەو ئازادی و مافی مرۆڤ ژێرپێ نراوە، دەستور ھیچ پێویستیەک نییە بۆ ھەرێم لەم قۆناغەدا و سودیشی تەنھا بۆ ئەوەیە ئەمجارە بەناوی دەستورەو خەڵک بچەوسێننەوە لەکاتێک دا ئەوان لەسەروی پەرلەمان و یاساو چاودێریەوەن! ئەوەشی پێی وایە دادگای دەستوریمان دەبێ و دەتوانێ ڕایانگرێ، با سەیرێکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم بکات دەزانێ دادگا زۆرینەکەی کوتەکێکی دەستی دەسەلاتە بۆ سەرکوت! 
- کۆمیسیۆن لەم قۆناغەدا دەیانەوێ دوو کۆمیسیار لە بەناو مەسیحی و تورکمانی بۆ زیاد بکەن، لەو مەسیحی و تورکمانانەی کە بەداخەوە نەیان توانیوە نوێنەرایەتی حەقیقی پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی بکەن بەڵکو ئەوانە زۆرینەیان کە ئێستە لە پەرلەمانن کادری گوێڕایەڵی پارتی دیموکراتن بەناوی مەسیحی و تورکمانەوە بەکاریان دێنن بۆ زۆرینە موزەیەفەکەیان! ئەوانەشی کە کاردی پارتی نین نەیانتوانیوە لە یەک دەنگی پارتی لابدەن! ئەمەش بێ ڕێزییە بە نوێنەرایەتی حەقیقی پێکھاتەکان، کۆمیسیۆن ئەگەر سەربەخۆش بێت وەک عێراق لە دادوەرەکان پێکبھێنرێ دەزانرێ کەزۆرینەکەی ئەوانیش پارتییە! لەھەر دۆخێکدا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەو تۆمارەی ھەیەو بەو جۆرە ڕێگای گەورەی تەزویرکردن ئاسان دەکات، پێویستە سیستمی بایۆمەتری کاری پێبکرێت یان ھەڵبژاردن تەسلیم بە کۆمسیۆنی عێراق بکرێ، کاتی خۆی کە کۆمسیۆنمان دروست کرد دوای ھاتین داعش و گرتنی موسڵ بوو لەسەر داوای بارزانی بوو کە ھاتە پەرلەمان وتی؛ کۆمسیۆن دروست بکەن تاکو ڕاپرسی لەو ناوچە کوردستانیانە ئەنجام بدەین کە سوپای عێراق تێیدا ھەڵھاتون و مادەی ١٤٠یان جێبەجێ نەکرد خۆمان جێبەجێی دەکەین.
- ھەڵبژاردن پێویستی بە دەسکاری یاسای ھەڵبژاردنە بەجۆرێ ھەرێم لە یەک بازنەی ھەڵبژاردنەوە بکرێتە فرە بازنە لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا، ناحیە بێت، کورسیەکان بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەش بکرێ، ئێستە پارتی لە دھۆک و بادینان لە کۆی ٤٤ کورسیەکەی ٣٥ ی ھی بادینانە! واتە پارتی بە بادینان زۆرینەی ھەیەو حوکمی کوردستان دەکات کە جگە لەیەکگرتووی ئیسلامی لەبادینان کەس کورسی نییە! بۆیە کاتێک ئەم فرە بازنەییە بچەسپێ ئەو زۆرینە گۆڕانکاری بەسەردا دێ، ھەموو ناوچەیەک بەپێی بازنەی دیاریکراوی خۆی نوێنەرایەتی دەبێ، بۆ نمونە لەم ھەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەی چواری سلێمانی کە ڕانیەو قەڵادزێ و دوکانە ٤ نوێنەری لە بەغدا دەبێت، کەچی ئێستە بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢ نوێنەری ھەیە! زۆر شوێنی دیکەش بەھەمان شێوەیە. 
- کورسی پێکھاتەکان لە کۆی ٣٢٩ کورسی بۆ ھەموو عێراق ٩ کورسی بۆ پێکھاتەکانە تورکمانیش وەک پێکھاتە کورسی نییە! کەچی لە ھەرێم بۆ چوار پارێزگا ١١ کورسی بۆ مەسیحی و تورکمانە! ھێشتا نە ئێزیدی و نە شەبەک و نە کاکەیی کورسییان نییە! ئەم ١١ کورسیەش بەداخەوە زۆرینەیان کادری پارتین و زۆریان بەدەنگی زێرەڤانی دەرچوێنراون، لەم خولەدا تورکمانی تێدایە ١٤٠ دەنگی ھێناوە، بەداخەوە زۆریان بەکاردەھێنرێن بۆ ئەجێندای ئەو حزبە و بۆ دروستکردنی زۆرینەیەکی ساختەکار بەرامبەر لایەکانی دیکە! ئەمانە کەمترین نوێنەرایەتی پێکھاتەی خۆیان کردووە ئەوەشی حەقیقی نوێنەری پێکھاتەی خۆیەتی - تێیاندایە -بەڵام لەژێر فشاری پارتی ناتوانن تەعبیری تەواوەتی لەبۆچونی ئازادانەی خۆیان بکەن! ئەمە بێڕێزیە بە پێکھاتەکان و بەشداری پێکردنیانە لە ململانێ سیاسیەکان دا، پێویستە بەیاسا ئەمە ڕێک بخرێتەوەو دەبێ تەنھا لەناوچەی نفوزی خۆیان دەنگیان پێ بدرێت، تورکمان لەعێراق کورسی کۆتای نییە، لەعێراق کۆتا بەم جۆرەیە؛ ٥ کورسی بۆ مەسیحی دوانیان لە ھەولێرو دھۆکە و ١ کورسی بۆ صابیئەی مەندائی و ١ کورسی بۆ  شەبەک و ١ کورسی بۆ ئێزیدی و ١ کورسی بۆ کوردی فەیلی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×