بۆتۆکس و فیلەرو سلیکۆن

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2021-11-06     999

من ئەمەم کە هەم، ستراکچەری بونەکەی من ئەم فۆرمەیە لە جەستە کە تێیدام، کاری ئەم جەستەیە لە چ شوێنێکی مندایە تا بیناسم یاخود پێناسەی بۆ بکەم لە ناو خۆمدا، ئەو کارەی بە جەستە دەکرێت دەبێتە خۆراک بۆ ناوەوەی من یاخود تێکەڵکردنی شوێنی منەکانن لە بنەرەتدا، ئەگەر من کارێکی دی بە جەستە بسپێرم دور لە کارە سروشتییەکەی خۆی، فراوانکردنی پانتایی ستراکچەرە دەرەکیەکەی ناو من نابێت بەسەر بونیادەکەی ناوەودا، ئایا ئەوە بونی منە لە ناوەو ئەم وێنەیە بۆ من پەسەند دەکات یان عەقلە دەرەکیەکەیە دەیسەپێنێ بەسەرما لە بێ ئاگایی خۆمدا؟

سەرەتا دەبێت ئەوە شی بکرێتەوە مرۆڤ بۆ جەستەی خۆی دەستکاری دەکات، جیاکردنەوەی ویستی خۆی لەگەڵ ویستی دەرەکی، گرنگترین رەهەندی ئەو ویستەیە، کاتێک کەسانێک دێن بە ناوی مۆدێل، ئەکتەرو کەسایەتی ناسراو فۆرمی ئافرەتی ویستراو هەڵدەبژێرن و دەیکەن بە بەری جەستەی خۆیاندا، ئەمە لە لایەن سەرمایەداریەوە دەقۆزرێتەوە بۆ بە کاڵاکردنی ژنان لە رێگەی فراوانکردنی ئەو فۆرمە ویستراوەی مۆدێلەکە، بێ گوێدانە ئەوەی ویستی ئەو مۆدێلە یان ئەو پۆرنە ویستێکی مادییەو زێدەکردنی داهات و پارەیە بۆ خۆی، نمونە کیم کارداشیان لە فلیمێکی پۆرنەوە دەبێتە سوپەر ستاری جەستەیەکی شازی پۆرنی، بەمەش سەرنجی پیاوەکان رادەکێشێت و زۆرترین بینەرو هەواداری دەبێت، سەرمایەداریش ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ بە کاڵاکردنی شێوازی جەستەکەی کیم کارداشیان بۆ جیهان و تێگەیاندنی ژنەکان بەوەی ئەگەر ویست لەوەیە خۆشەویست بیت و خەڵک سەرسام بن پێت و هەوادارت هەبێت جەستەی خۆت بگۆرە بۆ ئەم شێوازە، بێ ئاگا لەوەی کیم ئەم جەستەیەی بۆ کاری پۆرن پێویست بو بە واتا سەرەتا ئەوەی چوە خەیاڵی پیاوەکان شێوازو ستراکچەری ئەم لەش و لارە بو بۆ پۆرنکردن.

سیمیلا بون بۆ ئەم جەستەو روخسارە لە خاڵێکدا خاوەنەکەی دەگەیەنێتە ئەو پرسیارەی ئایا ئەوەی من لە جەستەم کردم بۆ کێ بو و بۆ چی بو، ئایا ئەم خواستە هی خۆم بو یان هی عەقلی دەرەکیم بو؟ لە پاش بۆتوکس و فیلەرو سلیکۆنی جەستەکە دەبینێت هەوادار و سەرسامیبوانی زۆر بون، بەڵام ئەوەی نەپرسی ئاخۆ ئەم هەوادارانە هی لاشەی ئەون یان لاشەکەی کیم کارداشیانە، واتا ئەوانەی کە سەرسامن پێی بەڕاستی بونیادی خۆیان دەوێت یان لاشە وێناکراوەکەی کارداشیانیان دەوێت بۆ پۆرنکردن.

لەوێدا تێدەگەین بۆتۆکس و فیلەرو سلیکۆن چ نەهامەتیەکن لە ناو بونیادی مرۆڤداو چۆن مرۆڤ بە کاڵا دەکرێت بێ ئەوەی خۆی بزانێت تا لە خاڵێکدا بونی خۆی تەواو وندەکات و ناچاری تەسلیم بەو بە کاڵابونە دەبێت ئەگەر خۆشی ویستی لێ نەبێت لە ناوەوە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×