لەکـــــام زانکۆ و کۆلــــێژە بخوێنم؟

ســــەرکۆ یونس
  2021-11-06     544
ساڵانە لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە زیاتر لە(100)هەزار قوتابی و خوێندکار، ڕەوانەی زانکۆوپەیمانگاکانی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت دەکرێـــن.

چەند ساڵێکە بەهۆی کۆرۆناڤایرۆس و قەیرانەداراییەکانەوە، خوێندن نەلەکاتی خۆی دەستپێدەکات و نەپرۆگرام تەواو دەکرێت، هەرچۆنێک بێت دیزەبەدەرخۆنە دەکرێت و ڕێژەیەکی گەورەی خوێندکاران نمرەی بەرز بەدەستدەهێنن و داواکاری و حەزەکانیان بەهۆی سنورداری توانای زانکۆکانەوە نایەتەدی.

دوای کێشمەکێشێکی زۆر، وەزیری خوێندنی باڵا وەک خەمخۆرێکی نەتەوەیی و بەگشتی و بۆ خوێندکارانی کەمدەرامەت بەتایبەتی، کاری خۆی ئەنجام داو ڕەخنەو سەرنج کێشەکانی سیستەمی زانکۆلاین و وەزارەتەکەی خستەڕوو، تاڕادەیەک چارەسەری کێشەی زۆرێک لەخوێندکارانی کرد وسەنگوپێگەی کەسێتی خۆی بەهێزتر کرد، کەجێگای دەستخۆشیە.

ئەوەی کەلێردەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین، ئایا کوڕو کچەکانمان، لەکام زانکۆ وکۆلێژ وپەیمانگای شارەکانی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن؟

هەرێمی کوردستان، لەئێستادا بەبارودۆخێکی نائاسایی ئابوری و هەندێجار سیاسی و نەبوونی هەلیکار لەهەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و نائومێدی هاوڵاتیانی هەرێم و کۆچی بەردەوامی گەنجان و لاوان وخێزانەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپی وچەندین کێشەی تری وەک گرانی نەوت و غازو پێداویستیەکانی تری ژیانی ڕۆژانەدا گوزەر دەکات.

پێمان وایە، بۆ هەموو ئەو خوێندکارانەی کە دایک و باوکیان سەرچاوەی داراییان کەمە یان لاوازە، جامووچەخۆری حکومی بن یان بەڕەنجی شانی خۆیان نان و بژێویی پەیدا بکەن، باشترە ئەم کوڕو کچانە، لەنزیکترین شوێن لەشارەکەی خۆیان یان نزیکترین زانکۆ لەشوێنی نیشتەجێبونیانەوە درێژە بەخوێندن بدەن، چونکە ئەزمونی دە ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە دامەزراندن و دەستکەوتنی هەلیکار نی یە و نەماوە..
جا بۆ ئەوەی لەلایەک بڕوانامەکە بەدەستبهێنن و لەلایەکی تریشەوە نەبنە بارگرانی بەسەر داهاتی کەمی دایبابانەوە، ژیرترین بڕیار با ئەو بڕیارە بێت کەلەزانکۆ وپەیمانگای شارەکەی خۆی بخوێنێت.
لەلایەکی ترەوە، بۆ هەندێک لەخوێندکاران، لەبەرئەوەی هەمان بەش و کۆلێژ لەزانکۆی شارەکەی خۆی هەیە و هەمان بڕوانامەیە، باشتر وایە بارگرانی دارایی نەخەنە سەر دایکوباوکان، وەک خەرجی هاتوچۆ و مانەوە لەبەشی ناوخۆیی و خەرجییەکانی ڕۆژانەی تری خوێندکاران، کەڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە.

ناکرێت باوک بەکرێکاری و دایک بەنانکردن، داهاتێکی کەمیان دەست بکەوێت و جەنابیشت بەبیانوی خوێندنەوە مانگانە خەرجییەکی زۆر بخەیتە سەرشانیان، هەرچەندە دڵنیام باوک و دایکان لەپێناو دڵخۆشی کچ و کوڕەکانیان ئامادەی هەموو قوربانییەکن...
ئەوەشمان لەبیرنەچێت، خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەشارێکی ترو ناوچەیەکی تر، ئەزموون و کارامەیی بۆ فێرخوازان بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری ودارایی و تاڕادەیەک تێکچونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی واباشترە دوور نەکەونەوە، چونکە بەدەستهێنانی خودی بڕوانامەکە هەر بۆ لایەنی ئابورییە لەداهاتوودا.

بۆیە ڕووی دەممان لەو کوڕوکچانەیە کەهەستی بەرپرسیارییەتیان هەیە و نابنەبارگرانی بۆ سەرشانی دایکوباوک وبەخێوکەرەکانیان، چونکە کۆتایی تونێلەکەیان لێ دیارە، دوای تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان، بەداخەوە زۆربەیان بێکار دەبن و کاریان دەستناکەوێت وبازاڕی کار لەهەرێمدا لەگەڵ زۆربەی پسپۆڕییەکانی ئێستا یەکناگرنەوە، هەندێ بەش و کۆلێژ نەبێت کەسنوردارن.
ئەم پرۆسەیە، هەر بەردەوام دەبێت و نابێت بوەستێت هەربۆیە بەهیوای ئەوەی بازاڕی کاری هەرێم، لەئایندەدا توانای وەڵامدانەوەی خواستی دەستی کاریان هەبێت و کەرتەئابوریەکانمان ببوژێنەوە، چیتر کوڕان وکچانی خاوەن بڕوانامەکانمان لەماڵەوە بێکار دانەنیشن، چونکە بەڕاستی بێکاری دەردێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەندێجار سیاسی کوشندەیە، کەدەرئەنجامەکانی دەیان دەردو دیاردەی نەخوازراوی بێ چارەسەر، دێنێتە ناو کۆمەڵگاوە.

*ئابووریناس

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×